په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

   پڕم لە ماچ.


سەرهەنگ خامۆش


شەو نییه‌
لەژێر نسێى هەورە کۆچەرییەکاندا
نەتبینم
بارانێک کراسێکى سەوزت لەبەر دەکا
(با)ش بە پەنجە پڕ سەلیقەکانى
پرچى خاوت شانە دەکا
لەپڕ لێم وون دەبیت
دەبیە دەسگیرانى (ئاو)
لەگشت گوناهەکانى عیشقت دەشواتەوە

منیش بەدواى سۆراخى
مەرگێکى لە ناکاو وێڵم
بەڵام کەوشەکانم
لەسوچێکى کۆڵانێکدا جێ هێشتووە
دڵنیام دەگەڕێمەوە لایان
تا لەگەڵ تۆ
سەفەرێک بۆ ئەودیوی
سەرابەکانى غوربەت بکەم
لەوێ..سەربەسەرینى حەز بکەین
تا ڕۆحمان ئاوێتەى یەکترى دەبێ

ئەگەرچى زایەڵەى حەسرەتەکانت
تێکەڵ ڕۆحى شەکەتم دەبن
بەڵام تۆ هەر لێم ونیت
وەرە..دەست لە بەرۆکى خەم بەردە
من هەر دەگەڕێمەوە لات
بەڵام زۆر دەترسم
لەم غوربەتە
هەر بۆ پەیامەکانى فیراق بگرى
لەگەڵ وەسڵى تەنیاییتدا
لەژێر باڵى هەورە کۆچەرییەکاندا
بمێنیتەوە

نازانم پەنجەکانم
لەژێر هەورى کام ئاسمانى ئەوین هەڵواسم
بۆ بارانى وەرزى عیشق
لێوەکانیشم
بەدواى کام سۆزى بێ ئۆقرەى شەو بگەڕێن
تا بیکەم بە خانەخوێى ئازارەکانم
لەباوەشى بێدەنگترین ماچ بخەوم

بەڵام دڵنیابە
من هەر دەگەڕێمەوە لات
وەکو باران
دەبارێمە نێو باوەشى چاوەڕوانیت
پەڵە هەورێکى سرکم
پڕ لە دوورى
پڕ لە غوربەت
پڕ لە حەسرەت
پڕم لە
           م م م
                    ا ا ا
                             چ چ چ
                                     ...!!!!!!


Xamosh_s@hotmail.com