په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

پڕۆژەیاساى کارى ڕاگەیاندن لە کوردستان.


پێشەکى :


ماوەیەکى زۆرە پەرلەمانى کوردستان خەریکى تاوتوێ کردنى پڕۆژەیاساى کارى ڕۆژنامەگەریە بەمەبەستى بەیاسایى کردنى ، کە هەر لەسەرەتاى سەرهەڵدانیەوە ئەو پرۆژە یاسایە ڕوبەڕوى ڕەخنەیەکە زۆرى ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازانى کوردستان بۆیەوە تا ئەوجێگایەى پەرلەمان کەوتە تەعدیلکردنى و وە تەعدیلاتەکانیش نەیانتوانى ئەو پرۆژە یە بگۆڕن بە پڕۆژەیەک کە ئازادى ڕۆژنامەگەرى لەکوردستان فەراهەم بکات و سەرەنجام پەرلەمان دەنگى پێدا .


ئێمە ( دەستەى بەرگرى لە ئازادى ڕادەربڕین ) هەر لە سەرەتاوە خواستى هەڵوەشاندنەوەى ئەو پڕۆژەیاسایەمان بەرزکردەوە و لەو پێناوەشدا شانبەشانى ئازادیخوازانى کوردستان دەیان چالاکى جۆرامان ئەنجام دا ، بەئەرکى خۆمان زانى کە پڕۆژە یاسایەک گەڵاڵە بکەین ئازادى تەواوى ڕاگەیاندن فەراهەم بکات و جێگەى ئەو پڕۆژەیە بگرێتەوە کە جێگەى ڕەخنەى تەواوى ئازادیخوازانە، سەرەڕاى ئەوەى ئێمە پرۆژەکەمان گەڵاڵەکرد بەڵام وەک پێویست کات ڕێگەى نەدا بیخەینە بەردەست و پەرلەمانیش پڕۆژە دژى ئازادیەکەى بەردەستى پەسەند کرد .


بەڵام ئیمە هەر لەسەرەتاوە ئەوەمان ڕاگەیاند کە ئەو پڕۆژەیاسایەى بەردم پەرلەمانى کوردستان پڕۆژەیەکى دواکەوتو وە دژى ئازادیی ڕۆژنامەگەریە ئەگەر پەرلەمانیش دەنگى پێبدا دەبێت هەڵبوەشێتەوە و لە جێگەیدا پڕۆژە یاسایەک جێگیر بکرێت کە ئازادى سەد لە سەدى ڕۆژنامەگەرى و ڕاگەیاندن فەراهەم بکات .


بۆیە داوا لەتەواوى ڕۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان دەکەین یەک دەنگ بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەو یاسایەى پەرلەمان پەسەندى کرد دەنگ هەڵبڕن و ، لە هەمانکاتدا ئەم پڕۆژەیە بۆ پاراستنى ئازادیەکان و دەسەبەرکردنى ئازادیى ڕاگەیاندن دەخەینە بەردەست ، هەرکەس و گروپ و لایەن و ڕۆژنامەنووس و دەزگایەکى ڕاگەیاندن دەتوانن پێوەى پەیوەست ببن و بیکەنە پرۆژەى خۆیان و لەپێناو جێخستنیدا کارى یەکدەستى بۆ ئەنجام بدەین .


دەستەى بەرگرى لە ئازادى ڕادەربڕین
22.9.2008

 

 


پڕۆژەیاساى کارى ڕاگەیاندن لە کوردستان.


پێناسەکان :


ا- هەرێم : هەرێمى کوردستانى عیراق
ب- دەزگاى ڕاگەیاندن : سەرجەم ئەو دەزگایانە دەگرێتەوە لە بینراو بیستراو چاپکراو ،کە بە شێوەیەکى تایبەت سەرگەرمى کارى ڕاگەیاندن بێت.
ت- ڕۆژنامە: هەربڵاوکراوەیەک کە بەشێوەیەکى دەورى بڵاو ببێتەوە لەژێر ناوێکى دیاریکراودا بە ژمارەى زنجیرەیى ڕێکوپێک .
پ- تەلەفیزیۆن: دەزگاى ڕاگەیاندنى بینراو ناوخۆیى یان هەوایى ( فەزایى)
ج- ڕۆژنامەوانى: هەرکارێک بنەماکانى کارى ڕۆژنامەوانى تێدابێت ،، بەپێى بنەماکانى کارى ڕۆژنامەوانى .
ح-ڕۆژنامەنووس: هەرکەسێک لە دەزگایەکى ڕاگەیاندندا سەرگەرمى کارى ڕۆژنامەنووسى بێت ، یان لەدەرەوەى دەزگایەکى دیاریکراودا سەربەخۆ خەریکى هەمانکاربێت .
خ- وەزارەت : وەزارەتى ڕۆشنبیرى حکومەتى هەرێمى کوردستان .

ئازادیەکان:


1- هەموکەسێک مافى دەربڕینى بیروڕاى هەیە بە ئازادانە.
2-هەموکەسێک ئازادە چۆن تەعبیر لەبیروڕاى خۆى دەکات وە چۆن و کام دەزگاو کەناڵ بەکاردەهێنێت بۆ ئەو مەبەستە ، بێئەوەى ببێتە سەرچاوەى مەترسى بۆ گیان و ژیانى کەسانى تر.
3- هەموو کەس و لایەن و گروپ و ڕێکخراو و دامەزاراوە و دەزگاو حیزب و دەستەیەک بۆى هەیە دەزگاى ڕاگەیاندنى هەبێت بۆ تەعبیر لەخواست و ئامانج و بەرژەوەندى خۆى ، بێئەوەى ببێتە سەرچاوەى مەترسى بۆگیان و ژیانى کەسانیتر ، وەک لەم یاسایەدا هاتوە .
4- هیچ شتێک بە پیرۆز و قەدەغە و هێڵى سور دانانرێت لەبەردەم کارى ڕۆژنامەنوسى و ڕاگەیاندندا ، هەمووبیروباوەڕ و ئایدیا و چوارچێوەیەک قابیلى لێکۆڵینەوە و خستنە بەرباس و ڕەخنە لێگرتن و ئاشکراکردنە لەبەردەم کارى ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسیدا .
5- هەموو سەرچاوەکانى هەواڵ و زانیارى کراوەن لەبەردەم دەزگاکانى ڕاگەیاندندا بەبێ جیاوازى و قەدەغەکردن ، نابێت هیچشتێک ببێتە لەمپەرو ڕێگرى لەبەردەم دەستڕاگەیشتن بەم سەرچاوانە .
6-دەزگاکانى ڕاگەیاندن ئازادن لە بڵاوکردنەوە یان بڵاونەکردنەەوەى هەر کارێک یان بابەت و هەواڵێک کە لەگەڵ ئامانج و ستراتیژى کار و بیروباوەڕى ئەودا نەگونجێت .
7- بڵاوکراوەکان ئازادن لە هەر چاپخانەیەک بڵاوکراوەکانیان بەچاپ بگەیەنن ، وە بڵاوکراوەکان ئازادن بە دانانى ناوى چاپخانەکە لەسەر بڵاوکراوەکەیان.
8- ڕێگە بەڕێخراوە نێودەوڵەتى و مرۆییەکان دەدرێت بە لەچاپدانى بڵاوکراوەکانیان کە ناوەرۆکەکەى لەگەڵ ناوەرۆکى ئەم یاسایەدادەگونجێت ، لە هەرێمى کوردستاندا.
9- هێنان و لەچاپدانەوەى بڵاوکراواکانى دەرەوەى وڵات ڕێگەپێدراوە ، بەڕێکەوتن لەگەڵ لایەنى بەرپرسى بڵاوکراوەکەدا ، بەمەرجێک پێچەوانەى ناوەرۆکى ئەم یاسایە نەبێت ، بەبێ دەستکارى و گۆڕانکارى لەناوەرۆک و دیزاینەکەى .
10- ڕێگە بەلەچاپدانەوەى بڵاوکراوە ناوخۆییەکان دەدرێ لە دەرەوەى وڵات دووبارە بەبێ دەستکارى و گۆڕانکارى لە ناوەرۆک و دیزاینەکەى ، بەڕێکەوتن و ڕەزامەندى بڵاوکراوەکە.
11- چاپەمەنیەکان ڕێگەپێدراون بەبڵاوکردنەوەى پاشکۆى بڵاوکراوەکانیان ، کەدەبێت ناوى دەزگاى لەسەربێت و ئاماژەکرابێت بەوەى کە پاشکۆى ئەوە.
12- دەزگاکانى ڕاگەیاندن ڕێگەپێدراون بە گواستنەوە و بڵاوکردنەوەى هەواڵ و زانیارى و ڕوداوەکانى دەرەوەى وڵات بەچاوپۆشین لەسروشتى پەیوەندى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە شوێنى ڕوداوەکەوە .



ئەرک و مافەکانى دەزگاکانى ڕاگەیاندن :


13- هیچ جۆرە چاودێریکردنێک نابێت بونى هەبێت لەسەر دەزگاکانى ڕاگەیاندن لەلایەن دەوڵەت ، گروپ ، حیزب ، تاک ، دەستە ، ڕێکخراو ، سەندیکاکانەوە ...هتد
14- دابینکردن و ڕاگرتن و پاراستن و فەراهەمکردنى فەزاى ئازادى ڕادەربڕین و بڵاوکردنەوە و ڕاگەیاندن لە ئەستۆى دەوڵەتدایە.
15- ئەرکى سەرەکى میدیاکان گەڕانە بەدواى زانیارى و هەواڵ و گواستنەوەیان بۆ جەماوەر ، ئەم ئەرکەش لەئەستۆى ڕۆژنامەنووسدایە.
16- پێدان و ڕەخساندنى دەرفەت بە هاوڵاتیان تا بەئازادى بیروڕاکانیان لەدەزگاکانى ڕاگەیاندنەوە بڵاو بکەنەوە .
17-پێویستە ئەوزانیارى و هەواڵ و داتایانەى کە دەزگانى ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان دەیخەنەڕو و پێشکەشىدەکەن بە کۆمەڵگا ڕاست و دروست و باوەڕپێکراوبن لە ئاستێکى بەرزدا .
18- دەزگاکانى ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان بەرپرسیارن لە گواستنەوەى هەواڵ و زانیارى بە ڕاست و دروستى .
19- هیچ جۆرە فشارو نابێت بونى هەبێت لەسەر چاپخانەکان بەمەبەستى ڕێگرى کردن لەبەردەم لەچاپدانى چاپەمەنیەکاندا.
20- دەبێت وەزارەتى ڕۆشنبیرى کارئاسانى تەواو بکات بۆکردنەوەى شوێنى تایبەت بەفرۆشتنى بڵاوکراوەکان وە کتێبخانە و کۆشک و نوسینگە ، وەک بەشێکى تەواو کارى کارى ڕۆژنامەنووسى .
21 – هەمو دەزگاکانى ڕاگەیاندن مافى کردنەوە نوسینگەى تایبەت بەخۆیان هەیە .
22- لەکاتى دروستبونى فشار و مەترسى لەسەردەزگاکانى ڕاگەیاندن دەوڵەت ئەرکى پاراستنیانى لە ئەستۆدایە.
 


مافەکانى ڕۆژنامەگەر :


23- ڕۆژنامەنووس لەکاتى بەجێهێنانى کارى پیشەیدا سەربەخۆن و هیچ کەس و لایەن و بەربەستێک دەسەڵاتى نیە بەسەریاندا.
24- نابێت ئەو ڕاوبۆچون و زانیارى و بابەتانەى کەڕۆژنامەنووس بڵاویان دەکاتەوە ببێتە هۆى تێکدانى بارى ئاسایشى ژیانى ڕۆژنامەنووس.
25- نابێت لێکۆڵینەوە لەگەڵ ڕۆژنامەنووس بکرێت یان شوێنى ژیان و کارى بپشکنرێت تەنها بە بڕیارى دادگا نەبێت.
26- کۆکردنەوە و داواکردنى زانیارى شەغسى لەسەر ڕۆژنامەنووسان لەلایەن پۆلیس و ئاسایش و هەردەزگایەکى دیکەوە ڕێگە پێنەدراوە تەنها بەبڕیارى دادگانەبێت
27- نابێت دوکومێت وێنەى گیراو زانیارى و بەیان و کاغەزەنوسراوەکانى بندەستى ڕۆژنامەنووس بە بەڵگەى تۆمەتبارکردن لەدژى بەکاربهێنرێت بەر لە بڵاوکردنەوەیان ، دواى بڵاوبونەوەشیان تەنها ئە شتانە لەدژى ڕۆژنامەنووس بەکاردێت کە پەیوەندیان بە سکاڵاى تۆمارکراوەوە هەیە.
28- ڕۆژنامەنووس بەهیچ شێوەیەک نابێت ڕوبەڕوى لێپێچینەوە و سزا ببێتەوە لەسەر کارى ڕۆژنامەنووسى ، جگە لەوکاتانەى کە لە بڕگەکانى (ڕ ، ب ، ت )ى بڕگەى ( 41 ) و بڕگەى (46)ى ئەم یاسایە ئاماژەى پێدراوە .
29- نابێت ڕۆژنامەنووس بۆئاشکراکردنى سەرچاوەکانى فشارى بۆبهێنرێت.
30- هەرکەسێک ئیهانە یان سوکایەتى دەستدرێژى بکاتە سەر ڕۆژنامەنووس لەسەرکارەکەى یان لەکاتى کارەکەیدا ڕوبەڕوى سزا دەبێتەوە ، کە هەمان سزا دەیگرێتەوە کەبۆ دەستدرێژییکردنە سەر فەرمانبەرێک لەکاتى یان بەهۆى بەجێهێنانى ئەرکەکانى دانراوە .
31- ڕێکخراوبونى ڕۆژنامەنووسان مافی سروشتى خۆیانە و دەبێت دەوڵەت کارئاسانى تەواو فەراهەم بکات بۆ ئەم مەبەستە .
32- مانگرتن و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى دەربڕین مافى سروشتى ڕۆژنامەنووسانە لە هەرکات و جێگەیەکدا.
33- بێبەشکردن و هەڵاواردنى ڕۆژنامەنووسان بەبیانوى ئەندامەتى یان ئینتیماى ڕیخراوەى و حیزبى لەلایەن دەوڵەتەوە لەهەر دەرفەت و کارو ئیمتیازبَک کە بۆ ڕۆژنامەنووس دێتە پێشەوە قەدەغەیە و نابێت بونى هەبێت لەلایەن دەوڵتەوە .
34- ڕێگرتن لە ڕۆژنامەنووسان بۆئەنجامدانى کارى ڕۆژنامەنووسى ، خوێندن ، ۆرکشۆپ ، هەرجۆرە کارێى پەیوەندیدار بە بوارى ڕۆژنامەنووسیەوە لەدەرەوەى وڵات بەهەر بیانویەک لەلایەن دەوڵەت و یان هەرلایەنێکى دیکەوە قەدەغەیە.
35-ڕێگە بە بەبڵاوکردنەوەى ووتار دەدرێت بەناوى خوازراوەوە لە بڵاوکراوەکاندا.
36- ڕۆژنامەنووس ڕێگەپێدراوە لەیەک کاتدا لە یەک دەزگاى ڕاگەیاندن زیاتردا کاربکات.
37- ڕۆژنامەنووس ڕێگە پێدراوە ببێتە پەیامنێرى دەزگا و ئاژانسە بیانیەکان .
38- ئەگەر گۆڕنکاریەکى بنەڕتى لە بنەماى کارى ئەو دەزگایەى کە ڕۆژنامەنووس کارى تێدا دەکات ڕویدا ، یان بارودۆخى کاتى گرێبەستەکە گۆڕا ، ڕۆژنامەنووس بۆى هەیە ئەو کرێبەستە یەک لایەنە هەڵبوەشێنێتەوە ، بەمەرجێک (10)دە ڕۆژ بەر لەم هەڵوەشاندنەوەیە ئاگادارى دەزگاکە بکات بۆئەوەى مافى ڕۆژنامەنووس لە قەرەبووکردنەوە نەفەوتێت .
39- ئەگەر ڕۆژنامەنووس ڕۆژانى مۆڵەتە ئاسایەکانى خۆى هەموو یان بەشێکى وەرنەگرت ، دواى کۆتایى ساڵى داراى ، پێوستە قەرەبوو بکرێتەوە .
40- لەکاتى نەخۆشى یان پێکانى ڕۆژنامەنووس لەکاتى ڕاپەڕاندنى ئەرکەکەى یان لەپێناویدا ، پێویستى ئەو دەزگایەى کارى بۆدەکات خەرجى چارەسەرکردنى بگرێتى ئەستۆ .
 


سزاکان :


41- ڕۆژنامەنووس ڕوبەڕوى سزاو لێپێچینەوە ناکرێتەوە لەسەر کارى ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسى تەنها لەم بارانەدا نەبێت .
ا- ڕۆژنامەنووس ڕوبەڕوى سزاو رێپێچینەوە دەکرێتەوە ئەگەر بەهۆى کارەکەیەوە ببێتە هۆى هەڕەشەى ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەسەر گیان و ژیانى ئینسان .
ب- ڕۆژنامەنووس ڕوبەڕوى سزاو رێپێچینەوە دەکرێتەوە لەکاتێکدا ئەو هەواڵ و زانیارى و بابەتانەى بڵاوەى دەکەنەوە ناڕاست و نادروست بن .
ت- ڕۆژنامەنووس ڕوبەڕوى سزاو رێپێچینەوە دەکرێتەوە کاتێک ئەو هەواڵو زانیارى و بابەتانەى بڵاوى دەکەنەوە ئامانج لێیان بەهەلڕەدابردنى هاوڵاتیان و شێواندنى ڕوى ڕاستى هەواڵ و زانیاریەکان بێت لەبەرچاوى هاوڵاتیان .
42- هەربابەتێک کەبڵاودەکرێتەوە نوسەرى بابەتەکە یان سەرنوسەرى بڵاوکراوەکە لەسەرى سزا دەدرێت ، ئەگەر بەپێى حوکموکانى ئەم یاسایە ڕوبەڕوى سزا بویەوە.
43- دەزگاى ڕاگەیاندن ڕوبەڕوى سزا و لێپێچینەوە نابێتەوە ، لە جێگەیدا خاوەنى ئیمتیاز یان سەرنووسەر ڕوبەڕوى سزا و لێپَچینەوە دەبێتەوە . جگە لە و بارەى لە بڕگەى (44 )ى ئەم یاسایەداهاتوە .
44- کاتێک دەزگایەکى ڕاگەیاندن بەهۆى کارەکەیەوە ببێتە هۆى هەڕەشەى ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەسەر گیان و ژیانى ئینسان یان هاندان و بانگەشە کردن بۆ کوشتن ، لە بارەکانى سەرەتاداسزادەدرێن بە یەک هەفتە داخستن( بۆ ڕدیۆ و تەلەفیزیۆنەکان ) وە بۆ ڕۆژنامەو گۆڤارەکان ژمارەیەک و بە دووبارە کردنەوەى هەرکارێکى دیکەى هاوشێوە ڕوبەڕوى داخستنى هەمیشەیى دەبێتەوە( بۆ .
45- دەزگاکانى ڕاگەیاندنى بینراو جگە لە حوکمەکانى بڕگەى (44 و 64) توشى سزا و لێپێچینەوە دەبنەوە بە (1000000) یەک ملیۆن دینار کەمترنەبێت و (10000000 )دە ملیۆن دینار زیاتر نەبێت ئەگەر پابەندنەبن بەم خاڵانەوە .
ا- دەبێت کاتى ئەو بەرنامە و فیلمانە پێشوەخت دیارى بکەن کە ترس و دڵەڕاوکێ و پەشێوى لاى منداڵى خوار 16 سالڕ دروست دەکەن .
ب- ئەو فیلم و فیلم کارتۆن و بەرنامانەى تایبەت بە منداڵانى خوار 16 ساڵ پێشکەش دەکرێن هیچ جۆرە مۆرک و ڕەمز و ئیشارەتێکى دینى و قەومى و توندوتیژى و نازانستى تیابێت .
ت- دانانى هێماى تایبەت بە ووشیارى و ئاگادارکردنەوە لەسەر ئەو فیلمانەى کە تەماشاکردنیان بۆ منداڵان نەگونجاوە بەپێى بڕگەى ( ا + ب ) .
پ- ڕیکلام کردن بە منداڵان بۆ مەبەستى سودوەرگرتنى بازرگانى لە دەزگاکانى ڕاگەیاندنەوە قەدەغەیە .
46- کاتێک بابەتێکى کارى ڕاگەیاندن دەبێتە خەتەر لەسەر گیان و ژیانى کەسێک ( هاندان و بانگەشە کردن بۆ کوشتنى کەسێک یان ، کۆمەڵێک ) لەم کاتەدا ڕۆژنامەنووس ڕوبەڕوى سزا دەبێتەوە بە( 1000000) یەک ملیوندینار کەمترنەبێت ( 10000000) دە ملیون دینار زیاتر نەبێت ، ئەو دەزگایەى بابەتەکەى لێوە بڵاو دەبێتەوە بەپێى بڕگەى (44) ڕوبەڕى سزا دەبێتەوە .
47- ڕۆژنامەنووس ڕوبەڕوى سزا و لێپێچینەوە دەکرێتەوە بە پێى بڕگەکانى (ڕ ، ب ، ت)ى بڕگەى (41) بەبڕى 50000 پەنجا هەزار دینار کەمتر نەبێت وە لە 500000 پێنجسەد هەزار دینار زیاتر نەبێت ، ئەگەر هەر گۆڕانێک لە دراودا ڕویدا دەبێت ئەم غەرامەیەش هاوتادەکرێت بە دراوە نوێیەکە.
48- سزاکانى ئەم یاسایە ئەو بڵاوکراوانە ناگرێتەوە کە بەمەبەستى زانستى بڵاودەکرێنەوە یان بابەتى زانستین .
 


مەرجەکانى دەرچواندنى بڵاوکراوە و دامەزراندنى دەزگاکانى ڕاگەیاندن :


49- هەر کەس و لایەن و گروپ و ڕێخراو ودامەزراوە و دەزگا و حیزبێک دەستەیەک ئەگەر بیەوێت دەزگایەک یان بڵاوکراوەیەک دابمەزرێنێت دەبێت لە وەزارەتى ڕۆشنبیرى تۆماریبکات ، کەئەم زانیاریانەى تێدابێت .
ا- ناوى دەزگاکە .
ب- جۆرى دەزگاکە (ڕۆژنامە ، گۆڤار ،تەلەفیزیۆن، چاپخانە، ڕادیۆ ،کەناڵى ئاسمانى ) .
ت- زمانى دەرچواندن ( ڕاگەیاندن و بڵاوبونەوە ) .
پ- ناوى خاوەنى ئمتیاز.
ج- ناوى ستافى کاراى دەزگاکە ( سەرنوسەر ، سکرتێرى نووسین ، یان بەڕێوبەرى کارگێڕى ، بەڕێوبەرى گشتى ) .
ح- کات و شوێنى دەرچوون .
خ- شیعارى بڵاوکراوەکە (سیاسى،کۆمەڵایەتى ،ئابورى ، ڕۆشنبیرى ، زانستى ، کلتورى ، حیزبى ،....) .
ئەدرەسى دەزگاکە.
50- دەبێت هەموو ئەو زانیاریانەى سەرەوە و پاش تۆمارکردن لە ڕۆژنامەیەکى ڕۆژانە و دەزگایەکى بینرا و یان بیستراو دا بڵاوبکرێتەوە .
51- دەبێت هەر ناڕەزایەتیەک لە بەرامبەر دەستبەکاربوون دەزگاکە لە ڕۆژى ڕاگەیاندنیەوە ئەگەر بوونى هەبوو ، لە ماوەى 30 ڕۆژدا لە دادگا تۆمار بکرێت کە ئەویش بەزوترین کات وەزارەتى ڕۆشبیرى لێئاگادار بکات .بە پێچەوانەوە دەزگاکە ڕێگەپێدراوە .
52- پاش تۆمارکردن لە وەزارەتى ڕۆشنبیرى ، ئەگەر یەک مانگ بەسەر ئەو تۆمارکردنەدا تێپەڕى و وەزارەتى ڕۆشنبیریەوە هیچ لاریەک نیشان نەدرابوو ، ئەودەزگایە ڕێگە پێدراوە کاربکات .
53- ژمارەى هەربڵاوکراوەیەک (ڕۆژنامە ،گۆڤار ) دەبێت ئەم زانیاریانەى لەسەربێت .
ا- دەبێت لەشوێنێکى دیاریکراودا ئەم زانیاریانە بڵاوبکرێتەوە .
ب- ڕەمزى (لۆگۆ) ى سەرەکى بڵاوکراوەکە
ت- ناوى خاوەنى ئیمتیاز
پ- ناوى سەرنوسەر
ج- ناوى سکرتێرى نوسین یان بەڕێوبەرى کارگێڕى (ئیدارى )
ح- نرخى یەک دانەى چاپکراوەکە ، ئەگەر بۆ فرۆش بو .
خ- بەروارى دەرچون
د- ژمارەى زنجیرەى بڵاوکراوەکە
ژ- ئەدرەسى تەواوى بڵاوکراوەکە
54- نابێت لە هەرێمدا دوو دەزگا بەیەک ناوەوە کاربکەن .
55- لەم بارانەدا دەزگاکە دەبێت وەزارەتى ڕۆشنبیرى لە هۆکارى وەستاندنى لەکارکردن ئاگاداربکاتەوە بەمەبەستى پاراستنى تۆمارەکەى ، وە پێویستە لەسەر خاوەنى دەزگاکە پاساوى ڕاست و گونجاو پێشکەش بە وەزازەتى ڕۆشنبیرى بکات بۆ هەمان مەبەست .
ا- ئەگەر بەبآ هۆ لەماوەى 5 مانگدا نەى توانى دەست بەکاربکات لەپاش تۆمارکردنى .
ب- ئەگەر نەتوانرا بۆماوەى 90 ڕۆژ بۆ ڕۆژنامەى ڕۆژانە ، بڵاوکراوەى هەفتەنامە 120 ڕۆژ ، بڵاوکراوەى نیوە مانگ 180 ڕۆژ ، بڵاوکراوەى مانگانە و وەرزى یەک ساڵ . دەربچێت .
ت- ئەگەر خاوەنى ئیمتیاز یان داواکار خۆى داواى کشانەوەى تۆمارەکەى کرد .
پ- ئەگەر دوو دەزگا یەکیانگرت ، لەم حاڵەتەدا تۆمارى یەکێکیان دەسڕدرێتەوە بە ڕەزامەندى خاوەنى ئیمتیازى هەردوو دەزگاکە .

 


مەرج و مافەکانى خاوەنى ئیمتیاز :


56- هەر دەزگایەکى ڕاگەیاندن پێویستە خاوەنى ئیمتیاز و (سەرنوسەر بۆ چاپەمەنیەکان ) و ( بەڕێوبەرى گشتى بۆ باقى ڕاگەیاندنەکانیتر ) یان کەسێک کە سەرپەرشتى ئەو بابەتانە بکات کە لەم دەزگایەوە پەخش دەبن هەبێت وەک سەرپەرشتیارى تەواوى ئەوبابەتانەى کەلەو دەزگایەوە بڵاودەبنەوە و بەرپرسیارە لەبەرامبەریاندا .
57- هەربڵاوکراوەیەک خاوەنى ئیمتیاز وە سەرنوسەرى هەیە وەک سەرپەرشتیارى ئەو بابەتانەى لەوبڵاوکراوەیەدا بڵاودەبنەوە و دەبێت ئەم مەرجانەى تێدابێت
ا- زمانى ڕۆژنامەکە بە خوێندن و نوسین بزانێت .
ب- سەرنوسەر و نوسەر بەرپرسارێتى مەدەنى و سزایى ئەو بابەتەى بڵاودەکرێتەوە دەگرنە ئەستۆ .
58- خاوەنى ئیمتیاز بۆى هەیە واز لە هەموو یان هەندێک خاوەندارێتى بڵاوکراوەکە بهێنێت بۆ کەسَکیتر .
59- وازهێنەر بەر لە 30 ڕۆژ لە ڕێکەوتى وازهێنانیەوە ئاگاداریەک بە ئارەزوى وازهێنانەکەى لە بەشێک یان لە هەموو خاوەندارێتیەکەى لە بڵاوکراوەکەى خۆی و ڕۆژنامەیەکى ڕۆژانەى دیکەدا بڵاوبکاتەوە .
60- نابێت خاوەنى ئیمتیازى هیچ دەزگایەک ناچاربکرێت لە ژێر فشاردا واز لە بەشێک یان هەموو خاوەندارێتى دەزگاکەى بهێنێت .
61- ئەوکەسەى دەبێتە خاوەنى ئیمتیاز لەشوێنى کەسى یەکەم هەمان مەرجەکانى ئەم یاسایە دەبێت بیگرێتەوە .
62- هەرکەسێک بۆى هەیە لەماوەى یەک مانگدا لەڕۆژى بڵاوبونەوەى وازهێنانەکە ، ناڕەزایەتى پیشانبدات بەدادگا لەسەر وازهێنانى کەسى دیاریکراو.

 

وەڵامدانەوە و ڕاستکردنەوە :


63- ئەگەر دەزگاى ڕاگەیاندن یان بڵاوکراوە زانیارى نادروستى بڵاوکردەوە ، ئەوا ئەو کەسەى پەیوەندی بە بابەتە بڵاوکراوەکەوە هەیە یان یەکێک لە میراتگرانى یان نوێنەراێکى یاسایى ئەو ، بۆى هەیە داواى ڕاستکردنەوە یان وەڵامدانەوە لەسەر هەواڵەکە یان بابەتەکە بکات و پێویستە ئەو ڕاستکردنەوەیە یان وەڵامدانەوەیە بە خۆڕایى لەودەزگایەوە بڵاوبکاتەوە ، ئەگەر بڵاوکراوە بوو لە یەکێک لەو دوو ژمارەیەى لەدواى ڕۆژى وەرگرتنى وەڵامەکە دەردەچیێت لەهەمان شوێندا بڵاوبکاتەوە .
64- پێویستە دەزگاکە وەڵامەکە یان ڕاستکردنەوەکە بڵاوبکاتەوە ، بەپێچەوانەوە توشى سزاى قەرەبووکردنەوە دەبێتەوە بەبڕى50000پەنجا هەزار دینار کەمتر نەبێت و 250000 دووسەد و پەنجا هەزار دینار زیاتر نەبێت .
65- ئەگەر بەر لە گەیشتنى داواى وەڵامدانەوە یان ڕاستکردنەوەکە بەشێوەیەکى ڕون و دروست ، بابەتەکە یان هەواڵەکە لەلایەن دەزگاکە یان بڵاوکراوەکەوە ڕاستکرابوەوە دەتوانێت داواکە ڕەتبکاتەوە .
66- ئەگەر وەڵامدانەوەکە یان ڕاستکردنەوەکە بە ناوى خوازراوەوە ئیمزا کرابوو دەتوانێت داواکە ڕەتبکاتەوە .
67- ئەگەر وەڵامەکە یان ڕاستکردنەوەکە دواى دوومانگ لە ڕۆژى بڵاوکردنەوەى بابەت یان هەواڵەکەوە گەیشتە دەستى دەزگاکە دەتوانێت داواکە ڕەتبکاتەوە .
 


ئەرکەکانى دەوڵەت :


68- دەوڵەت بەرپرسیارە لە پاراستنى گیان و ژیان و کەرەستەکانى (کارى ڕۆژنامەنووسى ) ڕۆژنامەنووس لە کات و شوێنى ئەنجامدانى کارى ڕۆژنامەنوسیدا .
69- سەندیکا و یەکێتى و ڕێخراو نەقابە و گروپەکان بۆیان هەیە و مافى سروشتى خۆیانە خۆیان ڕابگەیەنن و کارى ڕێخراوەى و ڕێخستنى پیشەیى خۆیان بکەن و ئیدعاى و تەبلیغ و بکەن ، وە نابێت هیچ ڕۆژنامەنووسێک ناچار بکات پەیوەست بێت پێیەوە ، نابێت دەوڵەتیش یەک لایەنە تەنها یەک سەندیکا و یەکێتى و ڕێخراو نەقابە و گروپ بەڕەسمى بناسێت و شەرعیەت پێبدا .
70- هیچ سەندیکا و یەکێتى و ڕێخراو نەقابە و گروپێک بۆی نیە هیچ شتێک لە چەشنى یاسا و فشار و هەرجۆرە کارێکى ناچارى لەسەر ڕۆژنامەنووسان فەرزبکات ، لەهەمانکاتدا دەتوانێت کاربکات و ڕۆژنامەنووسان لەدەورى هەرکارێک کۆبکاتەوە کە دەیەوێت ، دەوڵەت دەبێت بوجەى بۆ دابین بکات ، ئەگەر داوایان پێشکەش بەدەوڵەت کرد بۆ ئەم مەبەستە .
71- هەردەزگا و دامەزراوەیەکى ڕاگەیاندن دەبێت بەپێى چەندێتى ( تیراژ و پاشکۆ ) و چۆنێتى (ڕۆژنامە ، گۆڤار ،تەلەفیزیۆن، ڕادیۆ ،کەناڵى ئاسمانى ) کارەکەى بەهرەمەندبێت لە بودجەى تایبەت کەلەلایەن دەوڵەتەوە بۆى دابین دەکرێت بەبآ جیاوازى . ئەگەر دەزگاکە ویستى لێى سودمەنبێت.
72- هەرپێناسەیەک بۆ سەلماندن یان ڕاپەڕاندنى کارى ڕۆژنامەنووسى بونى نیە ، ئەگەر دەزگایەک پێناسەى تایبەت بەخۆى هەبێت ئەوا شێوە و ناوەرۆک و زانیاریەکانى سەر پێناسەکە و تازەکردنەوە و وەرگرتنەوەى پێناسەکە تایبەتە بەو دەزگایەوە. نابێت دەوڵەت ڕێگە بدات یەک پێناسە بسەپێت بەسەر ڕۆژنامەنووساندا .
73- جگە لەم یاسایە کار بەهیچ یاسایەکیتر ناکرێت لە هەرێمى کوردستاندا .
74- لەڕۆژى بڵاوکردنەوەى ئەم یاسایە لە ڕۆژنامەى ڕەسمیدا جێبەجێدەکرێت .

 


ئامادەکردنى دەستەى بەرگرى لە ئازادى ڕادەربڕین