په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٢\٢٠١١

پرسیار.. گومان.. ئه‌ندێشه‌.. خۆپیشاندان.. بەرەنگاریی.. خوێن، بۆ ئازادیی..!


کامەران عەزیز  

هەڵوێستی یەکەم:

ئێمە، یاری قوڕینە نیین..!


میژوویەکە دەستەڵاتدارانی بێگانە و خۆماڵی لە سەر خوێن و پشتی ماندووی ئەم میللەتە، قاچ دەخەنە سەر قاچ و جگەرەی عەزمی مەزنی و سەرکەوتنی دەستەڵاتیان دەکێشن..چەندەها ساڵە لە سەر مەتنی کێشە سیاسی و ئابوریەکانی ئەم میللەتە ستەم لێکراوە خۆیان گەورە دەکەن..خۆیان بە دەستەڵات و سەرۆکایەتی دەگەیەنن..وە هەر بە مانەوەی کێشەکانی ئەم میللەتە بێکەسە دەیانەوێت ئەبەدیەتی دەستەڵات و سەرۆکایەتیان بۆ هەزارەها وەچەی دوای خۆیان مسۆگەر بکەن.. وە دەیانەوێت بە ئایدیا و سیاسەتی پوچی خۆیان، ئیرادەی ئەم میللەتە پوچ بکەنەوە .. وە بە هێز و جەبر و زەبری دەستەڵاتیان، دەیانەوێت جەستەی ئەم میللەتە بهاڕن و وورد وورد بکەن.. بە عارەق و شیلەی گیانیان خۆشیان بکەن..وە بەکوشتن و خوێن و سەرکوت و هەڕەشە نەرمیان بکەن..بۆ ئەوەی بیانکەن بە قوڕی دەستکرد..تا چیان بوێت بە خواستی خۆیان لێیان دروست بکەن..!


وە تا ئێستا هەر دەستەڵاتێکی بێگانە و خۆماڵی، ئەگەر بە ناوی کورد و کوردستانەوە هاتبێت.. گەر بە ناوی مافی چارەی خۆ نوسینی گەلەوە هاتبێت ..گەر بە ناوی عیلمانیەتەوە هاتبێت.. گەر بە ناوی دیموکراتی و مافی مرۆڤەوە هاتبێت..! گەر بە ناوی ئایین و خوداوە هاتبێتە سەر حوکم، هەر بۆ چەپاندن و سەپاندن و داگیرکردنی تاکەکانی ئەم میللەتە بەشمەینەتە، سەری دەرهێناوە و گەشەی کردوە..!، وە بە باوەڕ و نەریت و سیاسەتی وەهمی خۆیان، کەسایەتی و بەهای مرۆیی مرۆکانی ئەم کۆمەڵگایان بۆ زەمەنێک دەستەمۆ کردوە..! بۆ ئەوەی لە هەموو سەردەمەکاندا بە جیا لە ویست و مەهامی خۆیان..لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی دی هەڵیانبوەشێننەوە و بیانگۆڕن و دروستیان بکەنەوە..!


تا هێزی ئەم خەڵکە بەشمەینەتە لە کاتی شەڕەکانیاندا بکەن بە چەک و تفەنگ.. لە کاتی ڕێکەوتن و ئاشتیاندا بکەن بە مێزی گفتوو گۆ و ئیمزاکردن..وە لە کاتی هەڵبژاردن و نەگۆڕینی دەستەڵاتیاندا هەموو میللەت بکەنە یەک فۆرمی پڕ کراوەی یەک دەنگ و یەک بەڵێ..! وە دەیانەوێت لە کاتی گەندەڵی و دزیاندا، سەرتاپای میللەت بکەن بە ڕۆبۆرت، ڕۆبۆرتێکی بە پڕۆگرامکراو..ڕۆبۆرتێک کە دزی و گەندەڵی و نا عەدالەتی و نا ئینسانی دەستەڵاتداران نەخوێنێتەوە..ڕۆبۆرتێک کە شەو و ڕۆژ بەبێ وەستان پارە و سەرمایە تەنها بۆ دەستەڵاتدارانی سیاسی مشەخۆر و مفتەخۆری چاوچنۆک زیاد بکات..!


لە مێژەوە سارتەر گوتویەتی ( مرۆڤ مەحکومە بە ئازادی ) منیش لە سەر ئەم بۆچونەی سارتەری فەیلەسوفی چەمکی بون و ئازادی دەڵێم مرۆڤەکانی ئەم میللەتەی ئێمەش وەک میللەتەکانی دیی ژێر سایەی دەستەڵاتە دیکتاتۆر و گەندەڵەکان، لە دێر زەمانەوە مەحکومن بە(ئازادی)، بۆیە هەردەم ئامادەن هەموو ڕیگاکانی قوربانی، ببڕن بۆ بەدیهینانی ئازادی..!


بەڵێ مرۆکانی هیچ میللەتێک ئەوەندەی مرۆکانی میللەتی ژێر سایەی دەستەڵاتە کۆنەپەرست و ئایینی و بنەماڵەیی و دیکتاتۆر و گەندەڵەکان مەحکوم نیین بە ئازادی، بۆیە مرۆکانی ئەم میللەتانە هەموو سات ئامادەن گیان و ماڵ و ژیانیان بۆ چراکان و فریادڕەسەکانی سەر ڕیگای ئازادی ببەخشن..! وە مرۆکانی ئەم میللەتانە دوورترین و قوڵترین مێژووی چەوسانەوەی پڕ لە خوێنیان و بۆ ئازادی هەیە و هیچ میللەتێکی دی لە دنیادا هێندەی مرۆڤەکانی ئەم میللەتانە عەشقی ووشەی ئازادی نین..! وە هێندەی مرۆڤی ئەم میللەتانە ووشەی ئازادیان لە دژی دەستەڵاتی بێگانە و خۆماڵی بەرز نەکردۆتەوە و بەکار نەهێناوە..! چونکە لە هەر میللەتێکی دی ئەم دونیایە، مرۆڤەکانی ئەم میللەتانە زیاتر بێبەش و سەرکوت کراون ..بێماف کراون ..بێ بەها کراون و دەکرێن..!!


کۆمەڵگایەکی ئازاد و مەدەنی و دیموکراتی هەرگیز ناتوانێت دەستەڵاتێکی شێوا و گەندەڵ و نا عەدالەت قبوڵ بکات و ڕٶژەکانی تەمەنی لە گەڵیدا بگوزەرێنێت..! وە هەرگیز ناتوانێت هەستان و بەگژاچونەوە بۆ ئازادی تەئجیل بکات و بسپێرێت بە کاتێکی نادیار..! چونکە هەر کۆمەڵگایەک .. هەر مرۆڤێک ئەو کاتەی هەستی بە کۆیلەیەتی و بەندیەتی خۆی کرد ناتوانێت بۆ چرکەیەک بوەستێت.. هەرکاتێک باڵی فڕینی ئازادیی بوژایەوە و باڵی گرت، بەبێ وەستان دەدات لە شەقەی باڵ و دەفڕێت و چاوەڕوانی مۆڵەت لە هیچ هێزی ناکات..!


وە هەموو مرۆیەکی هوشیار و ئازاد گەر بتواننێت هەر شتێکی دیکەی ژیانی وەلا بنێ و لە بیر بکات ئەوا هەرگیز ناتوانێت ماف و ئازادیەکانی لە بیر بکات، چونکە دەزانێت لە بیرکردنی ئازادیەکانی، مانای قبوڵکردن و بەردەوامی ژێردەستی و کۆیلەیەتی‌یە..! بۆیە بۆ بەدیهێنانی ئازادی هەر ئێستا بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان گڕیان گرتوە و توڕەن، وە نایەنەوێت لەوە زیاتر لە ژێر باری دزی و گەندەڵی نا عەدالەتی و نا یەکسانی و بێ خزمەگوزاری ژیان بەسەربەرن .. وە نایەنەوێت لەوە زیاتر دەستەڵاتخوازان و پێگەخوازان، یاری بە چارەنوسی ژیانی سیاسی و ئابوری و ئیدارەیان بکەن ..وە دەیانەوێت ئەمجارە بۆ خۆیان ئازاد بن ..وە هەرخۆیان بڕیار لە چۆنیەتی ژیانیان بدەن..وە نایانەوێت هیچ دەستەڵاتخوازێک بۆ جارێکی دی یاری بە ژیانیانەوە بکات..دەیانەوێت ئەمجارە بەهای ئیرادەی سەربەخۆی خۆیان پیشان بدەن و نەبنە یاری قوڕینەی دەستی دەستەڵاتخوازە فرسەت تەڵەبەکان..!!

 


هەڵوێستی دووەم:

کێ پێشمەرگەیە..؟!

هەر کاتێک خەڵکی ئازادیخوازی کوردوستان ، باسیان لە پێشمەرگە کردبێت ، ئەوا زۆر بە سادەیی و سانایی باسیان لە مرۆڤی کردوە کە تەنها دوو بەرە دەبینێت..وە بەرەی سەرەکی لە بیر و هۆشیدا هەیە، بەرەی داگیرکار و داگیرکراو..بەرەی چەوساوە و چەوسێنەر، بەرەی زۆردار و زۆر لێکراو ، بەرەی عەدالەت و ناعەدالەت ، بەرەی ئازادی خوازو بەرەی سەرکوتگەر، بەرەی تێر و بەرەی برسی..! بەرەی هەژار و بەرەی پارەدار..!


پێشمەرگە لە دیدی هاوڵاتیاندا ئەو مرۆڤەیە کە لەم ژیانەدا یەکەمین و گەورەترین هیواو ئومێدی تەنها ئازادی و رزگاری و خۆشگوزەرانی میللەتەکەیەتی و، بێجگە لە تموحی مەعنەوی کە دەیەوێت و بەتواناتر بیت..چاوی تیژتر بێت..خوێنی زیاتر بێت..خۆڕاگری و بەرگری زیاتر بێت..تا بتوانیت بەردەوامبێت لە هەوڵ و تێکۆشان بۆ پاراستن و بەرگری لە کۆمەڵگاکەی..هیچ تموحێکی مادی و ئابووری لە ژیانیدا نی‌یە!!


وە خەڵکی کوردستان پێشمەرگە و ڕۆڵەکانیان لە یەکدی جیا ناکەنەوە، وە پێشمەرگە هەرچەند لە ڕووی بایەلۆژی و خوێنەوە ڕۆڵەی هەموو میللەت نی‌یە بەڵام هەموو میللەت بە ڕۆلەی خۆیانیان دەزانن.! بۆیە پێشمەرگە زۆر بە ئاسانی بە بێ پرس..بەبێ ترس..دەتوانێت لە نێو میللەتەکەیدا بێت و بچێت..!! هەموو سات دەرگای ماڵی ماڵاکانی میللەتەکەی بۆ ئاواڵایە..! پێشمەرگە شەو و ڕۆژ..بە سەرما و گەرما..خۆی وون ناکا..هیچ کارێکی نهێنی و شاراوەی نی‌یە لە میللەت، چونکە پێشمەرگە بەشێکە.. ئەندامێکە لە جەستەی میللەتەکەی..، پێشمەرگە دەینەمۆی هێزی بەرگری و ڕاپەڕین و ڕووبەڕووبونەکانە لە گەڵ دەستەڵاتدا..هێز و دەینەمۆی بیرە جیاوەزەکانی یەک میللەتە..هێزی دێنەمۆی پێشکەوتن و گۆڕانکاریەکانی وڵاتە گەر پێشمەرگە دابەش بوو ناو و نیشانی سروشتی خۆی لە دەست دەدات و دەبێتە میلیشیای حیزبی ..دەبێتە چەتە و چەکداری مافیایی..!!


وە میللەت ناتوانیت واز لە پێشمەرگە بهێنیت و پێشمەرگەش ناتوانیت هەرگیز واز لە میللەتەکەی بهێنیت، بە جیابونەوەی میللەت و پێشمەرگە هەردوو تووشی بێهێزی دەبن و بەرەو مەرگ دەچن..!! کەواتە پێشمەرگەو گەل تەواوکراو و هاوخەم و هاو هیوای یەکن..!


پێشمەرگە هەرگیز ناتونێت لە نێو گەڕەک و دێ و شار و وڵاتەکەیدا، لەبەر جیاوازی سیاسی و بیروڕا، هاوڵاتەکیەک ئازار بدا ڕاپێچی زیندانی بکا یان خەڵتانی خوێنی بکا ..چونکە خۆی بۆ ئازادی خەبات دەکات..! وە پێشمەرگە هەرگیز نەک ناتوانێت بەرەنگاری هەستان و ڕاپەڕین و شۆڕشی گەل و میللەتەکەی ببێتەوە، بەڵکو دەبێتە هێزی پشتیوان و بزوێنەر و قوربانی و خۆی لە پێناویدا بەخت دەکات.. وە پێشمەرگە نە دەتوانێت پرچی کیژیکی عاشق بە دەستیەوە بئاڵینێ و بەرەو شوێنی ونبونی ببات..وە نە دەتوانێت گوللە بە سەر سنگی گەنجێکی ئازادیخوازەوە بنێت و شەهیدی بکات، جوونکە پێشمەرگە خۆی عاشقی ئازادی‌یە..،وە هاوپشتی هەموو ئازادیەکانە..ئازادی پرسیار و گومان..ئازادی بیروڕا..ئازادی رەخنە..ئازادی بڕیار و خۆپیشاندان و هاوارکردن دژ بە نا عەدالەتی و ستەم..ئازادی ڕەتکردنەوەی هەر دەستتەڵات و سەرۆکێکی نەویسترا و نەخوازراو ..ئازادی چٶنیەتی ژیان کردن...هتد..!!


وە پێشمەرگە دژی بڵاوکردنەوەی هیچ ڕۆژنامەیەکی هەواڵی‌ و فکری و سیاسی نی‌یە، وە پێشمەرگە هەرگیز ڕۆژنامەنوس و نوسەر تیرۆرناکات .. زیندانی ناکات .. ئازاری نادات چونکە پێشمەرگە خۆی هەڵگری هەواڵ و موژدەیە..هەڵگری بەیان و پەیامە و دەیەوێت بە ئازادی پەیامی میللەتەکی بە دەست بگات..وە پەیامەکانی خودی خۆشی بە میللەت بگەیەنێت ..!


وە نەبونی ئەم ئەنانیەتە لە سروشتی کەسایەتی پێشمەرگەدا، ئەوە لە دەروونی هاوڵاتیاندا دروست دەکات کە گەورەترین متمانە بە پێشمەرگە ببەخشن و کەمترین گومانی ناپاکی لێ نەکرێت..وە بونی ئەم دیسپلین و مەبدەئە لە کەسایەتی پێشمەرگەدا، وا دەکات کە هیچ حیزب وڕێکخراو و تاقمێکی دژ بە گەل نەتوانێت هێزی یەکگرتو و سەربەخۆی پێشمەرگە، دەستەمۆ و تەخوین و تەخریب بکات و بیکاتە یاساوڵ و پاشکۆی دەستەڵاتی خۆیی و بە دژی بەرژەوەندی میللەت بەکاری بهێنێت.. وە مێژوو ئەو ڕاستیەی بۆ سەلماندوین، کە هێزی هەموو حیزب و دەستەڵاتێک، دژی هەستان و ڕاپەڕینەکانی سەربەخۆی میللەتە..!!


بە پێ‌ێ ئەم پێوەرانەی سەرەوە، ئایا پێشمەرگە وەک هێزێکی ئامادە و سەربەخۆ..وەک هێزی هاوپشتی و بەرەی ستەملێکراو و چەوساوە، لە ئێستای کوردستاندا بونی هەیە..؟! ئایا ئەگەر هێزێک بە ناوی هێزی پێشمەرگە بۆ پاراستن و بەرگری لە کوردستان و هاوڵاتیان بونی هەیە..؟ ئەی بۆچی خەڵکی کوردستان لە شەڕی ناوخۆی نێوان هێزە چەکدارەکانی بە ناوی(پێشمەرگەوە)، دەترسن ..؟! ئەی ئەو هێزە چەکدارانە دەبێت ناو بنێین چی کە ڕێگا لە داوا وخواستەکانی خەڵک دەگرن..؟! ئەو هێزە چەکدارانە دەبێت ناو بنێین (چ هێزێکی چەکدار ) کە گوللە دەنێت بە سنگی کوڕان و کچانی خۆپیشاندارانەوە..؟! وە لە هەل و مەرجی ئێستای کوردوستاندا ئەرکی بەرگری و پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان، لە دەستی داگیکاران و دەستەڵاتە هەمەجی‌یەکان، چ هێزێک هەیە جێی متمانە پێکراوی خەڵکە، تا پشتیوانی لێ بکات..؟! ، ئەو هێزە ناوی چی‌‌یە و کام هێزە..؟ ئەگەر وەڵامی باو، یان وەڵامی حیزبەکانی دەستەڵات ئەوە بێت کە (هێزی چەکداری حیزبەکانە) یان هیزی ( زێرەڤانی‌یە)، خوێنڕشتن و بریندار و شەهید بونی لاوەکانی ئەم میللەتە لە ڕۆژەکانی (١٩،١٨،١٧-شوباتی ٢٠١١) کە بە دەستی هێزەکانی پدک روویدا، ئەو ڕاستیەمان بۆ دەرکەوت کە ئەمانە نەک پێشمەرگە و هێزی بەرگری و پارێزەری خەڵکی کوردستان نیین بەڵکو کۆمەڵی چەکداری کوێری بێ کۆنتڕٶل و دوور لە هەر بیرکردنەوەکی ئیناسنین، واتا هیزێکی چەکداری میلشیایی و بەربەری دژ بە بەرەی ئازادیخواز و بەشمەینەتی کوردستانن..!


وە هەر لە شەڕی ناوخۆی شارەکانەوە هێزی پێشمەرگە مانایەکی نەماوە..! جەستە و هێزی پێشمەرگە لە سروشتی خۆی سڕاوەتەوە و مەهامی ئەسڵی هێزی پێشمەرگە لە نێوان حیزبەکاندا وون بوە و تواوەتەوە و پارچە پارچە بووە..! دەستەکانی چەند حیزبێک گرتویەتی و بۆ پاراستنی دەستەڵاتی گەندەڵ و نا عەدالەتی خۆیان بەکاری دەهێنن..! وە قاچی چەپی حیزبێکی دی گرتویەتی و قاچی ڕاستی حیزبێکی پێچەوانەی دی گرتویەتی، کە بە دژی ئاراسەتە و ئامەنجەکانی ئەسڵی خەڵک بەبێ ویستی خۆی هەنگاوی پێ دەنێن..وە مێشکی کە بەرهەمهێنی تێڕامان و هوشیاری و بیرکردنەوەیە لە هەر مافێک، ئەوا هەر ساتەی حیزبێک بە پێ‌ی باوەڕ و سیاسەتی وەهمی خۆی بێ هۆشی دەکات..! کەواتە (هێزی پێشمەرگە) بەو پێوەرانەی سەرەوە، وە بە دیدی سەربەخۆی خەڵکی کوردستان، ئێستا بونی نی‌یە..!


بۆیە دەبێت هەموو هەوڵ بدەین بۆ دۆزینەوەی جەستەی وونبوی پێشمەرگە و هاوسەنگ و هاوتاکردنی لەگەڵ بەرژەوەندی و ئامانجی سەربەخۆی گشتی میللەت ..تا ئەم هێزە بتوانێت بەرگری و پاراستن لە ئیدارە و گوزەران و ژیانی گشتی میللەت بکات..!

ئەوە پێشمەرگە نی‌یە، کە ئێستا جەستەی سەربەخۆی خۆی لە سایە و باوەشی حیزب و دەستەڵاتدا داناوە، وە لە خزمەت دەستەڵاتدا، کۆێرانە بەبێ ئامانج دەستی لە سەر پەلەپیتکەی چەکێکە کە لوولەکەی ڕووی لە سنگی هاوژیان و هاوخەم و هاوکێشەکانی میللەتەکەیەتی..بەڵکو ئەوە هیزێکی بێهۆش و بێ ڕۆحە، وە خاڵی‌یە لە هەر مۆرکێکی ئینسانی خاوەن هەست و بیرکرنەوە..!


20\2\2011

ماڵپه‌ڕی کامه‌ران عه‌زیز