پیاوی ئاغا یان پیاوی باینجان؟!
ستار محەمەد قادر
دەگێڕنەوە دەڵێن: " رۆژێک کاکەی ئاغا زۆر هەوەسی دەچێتە سەر راو و بە یەکێک لە پیاوەکانی دەڵێت: بەیانی زوو خۆت و ئەسپەکەی خۆم و خۆت ئامادە بکە دەچین بۆ راو، کابرای ئاغاش بێ چرکە دەڵێ گەورەم تۆ ئەمر دەکەیت".
کاتێک بەیانی زوو دەکەونە رێ، زۆر لە دێ دوور دەکەونەوە و لە بەختی ئەوان هیچ نێچیرێک ناکەوێتە بەرچاو یان داویانەوە، بە ناچاری هەر ئەم هەردو ئەو هەرد دەکەن، تا وایان لێ دێت شەکەت و ماندوو دەبن، ئاغا برسێتی هەرەسی بۆ دێنێت و زۆر بێ تاقەتی دەکات، بە پیاوەکەی دەڵێت: ئێمە لە کوێین؟ ئەویش دەڵێت ئاغا گیان زۆر لە دێ دوور کەوتووینەتەوە، ئاغا دەڵێت بزانە لەم نێزیکانە دەوارێک کوێرە دێیەک رەشماڵێک نادۆزیتەوە تا پاروویەک نان بخۆین، چونکە برسێتی خەریکە بڕسکم لێ دەبڕێت!
پیاوی ئاغاش دەکەوێتە گەڕان تا ماڵە کۆچبەرێک دەدۆزێتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ لای ئاغاو مزگێنی ئەوەی پێ دەدات کە ماڵێکی لەو نێزیکانە دۆزیوەتەوە.
بە هەر حاڵ سواری ئەسپ دەبن و رێی ئەو رەشماڵە دەگرنە بەر، کاتێک سڵاو لە حازری دەکەن، دەبینن ئەو خێزانە تاکە ماڵن و لە پێناو خواردن بۆ مەڕو ماڵاتییان ژیانی کۆچبەری دەگووزەرێنن و تەنها ژنەکە لە ماڵەوە دەبێت ، پیاوەکەی لە لای مەڕو ماڵاتەکەیانە لە لەوەڕاندنیان ، پاش بە خێر هاتنیان ئەمان رووی دەمیان لە ژنە دەکەن و دەڵێن زۆرمان برسییە، ژنەیش دەڵێت میوان بەخێر بێت، بەڵام میوانی ناوەخت گوناهی لە مل خۆیەتی! لەو شوێنە دوورە دەستەدا ژنە تەنها باینجان لە بەردەستی دەبێت، بۆیە لە ناو تاوەیەک بۆیان سوور دەکاتەوە و لە بەر دەستییان دای دەنێت، ئاغا لە تاو برسێتیدا وەکو شێت یەک دوو پارووی زۆر بە پەلە لە زاری دەهاوێ و دێتە قسە کردن و دەڵێت: " ئەرێ دەزانیت باینجان زۆر بە تام و بە لەزەتە، پیاوی ئاغاش ناکاتە نامەردی و بە شێوەیەک شاباشی باینجان دەکات کە کەس نەیکردووە و دەڵێت: ئاغا گیان بە خودا باینجان تەنها خواردنی نموونەی جەنابتانەو زۆر بە لەزەتە، لە گۆشتی ئاسک و کار مامزو سۆسکە و قەل زۆر خۆشترە، ئاغا دووای ئەوەی تۆزێک برسێتی دەشکێت هەست بە تامی تاڵی باینجانەکە دەکات و بە تەوسەوە دەڵێت: ئەی خودا بە زیادی نەکات ئەمە کەی خواردنی بەشەرە، تامێکی زۆر تاڵ و دژواری هەیە"!.
پیاوەکەی ئاغاش ئەمجارەیان نایکاتە نامەردی و لە بیری دەچێتەوە کە پێش تۆزێک ئەو بە باڵای باینجاندا هەڵی داوەو دێتە زوبان و دەڵێت: " ئاغا گییان ئەمە کەی خواردنی ئینسانە هەی لە خودا بەزیادم نەکردووبێت، باینجان هەم رەنگێ ناشیرینی هەیەو هەم هەر لە هەی کەر دەچێت، کێ بێزی دێت بیخوات ئەگەر لە ناچاری نەبێت"؟!
ئاغاش لە پیاوەکەی دەکەوێتە گوومانەوە و لێی دەپرسێت: ئەرێ کابرا تۆ سەرت لە منیش تێکدا، ئەڵێم باینجان خۆشە پێیدا هەڵدەدەیت و دەیکەیتە نایابترین خواردن، کاتێکیش دەڵێم ئەمە کەی خواردنی بەشەرە، بە دەعبای کەر دەیشوبهێنیت و نەفرەتی لێ دەکەیت ئەرێ بە من ناڵێیت باینجان خۆشە یان ناخۆشە؟!
پیاوەکەی ئاغایش دێتە وەڵام و دەڵێت: ئەرێ ئاغا گیان تۆ بە من ناڵێیت من پیاوی تۆم یان هی باینجان؟! تۆ بە دڵت بێ و بڵێیت خۆشە، ئەوا من ناچارم پێیدا هەڵ بدەم، ئەگەریش تۆ بڵێیت ناخۆشە ئەوا من بەر نەفرەتی دەدەم، باشە ئاغا گییان تۆ بۆ ئەم پرسیارە لە من دەکەیت، بۆ لە خۆت ناپرسیت من پیاوی ئاغام یان هی ... باینجان؟!
ئەمە نموونەیەکی بێ توانجی ئەو وڵاتانەیە کە سیستەمی دیمۆکراسیی و دامەزراوەیی و دادپەروەریی تێیدا بزرەو ئەقڵییەتی عەشایەریی و خێڵەکیی و بنەماڵەیی باڵا دەستن و میللەتیش لەو پەڕی هەژاریی هزریدا دەژێن!؟!؟!؟!؟!؟!؟!؟و لە بۆشاییدا دەیخوولێننەوە.....؟!؟!؟!؟!؟!؟!؟!؟!؟!؟!؟!!؟!؟!
|