قڕکردنى
ڕۆژنامەنووسان،
ئەنفالى نۆ.

نیا کامیل
ئەنفال ووشەیەکى عەرەبیە و لە دەقێکى قورعانەوە وەرگیراوە ، مەغزا و
ناوەرۆکى ئەم ووشەیە واتاى دەست کەوت و غەنیمە و تاڵانى جەنگە . بەڵام
لاى کورد واتا و مەغزایەکى ترى هەیە ، واتاى قڕکردن و جینۆسایدکردنى
مرۆڤى کورد دەگەیەنێت . لەسەر دەستى حکومەت و حیزبى بەعسى ڕەگەزپەرست .
شاڵاوەکانى ئەنفال لە 23/2/1988 ەوە دەستى پێکرد ، بە هەشت قۆناغى یەک
لە دواى یەکى مونەزەم و ڕێکخراو ، لە پانتاییەکى فراواندا ، بە لەبەین
چوونى 180000 ئینسانى بێدیفاع لە 6/9/1988 کۆتایى هات .
بەڵام ئەنفالى نۆ ، یان قڕکردنى ڕۆژنامەنووسان ، دەمێکە دەستى پێکردوە
لەسەر دەستى دەسەڵاتدارانى کوردستان ، مەعلومیش نیە کەى کۆتایى دێت و
قوربانیەکانى چەند دەبن . بەڵام مەعلومە کە ڕۆژانە ڕیکۆردى
قوربانیەکانى سەردەکەوێت ، بە چاو سورکردنەوە ، هەڕەشەکردن ، لێدان ،
فڕاندن ، هەڕەشەکردن بەنامە و مۆبایل ، تادەگاتە حوکوم دان ،
زیندانیکردن ، تیرۆرکردن . لە تۆمارێکى ڕەشدا پەڕەکانى ڕۆژانە
زیاددەکات و کەڵەکە دەبێت .
نرخى هەموو ئەمانەش ، پەڕەگرافێکە یان چەند ڕستە و ووشەیەکە لە ڕاستى و
حەقیقەتى وەزعێک کە لە کوردستاندا بەڕێوە دەچێت ، لە ناعەدالەتى
کۆمەڵایەتى ، نەبوونى ئازادى سیاسى و هەڵسوڕان ، نەبوونى ئازادى
دەربڕین ، لە بەین چوونى ژیانێکى شایستە بە ئینسانى سەردەم ، فەسادى
ماڵى و ئیدارى و ئەخلاقى ، تادەگات بە ئاشکراکردنى سەفەقاتى ژێربەژێر ،
وە ئاشکراکردنى هەموو ئەمانە ش لەسەر دەستى ڕۆژنامەنووسان بەڕێوە دەچێت
.
دیارە ئەم شاڵاوە ، ئەم باهۆزى خەزانەى کەلە گەڵا و گوڵى تەمەنى
ڕۆژنامەنووسان هەڵى کردوە ، قۆنتەرات قەڵەم و مۆزەفەکانى نووسینى خیزب
و دەسەڵات ناگرێتەوە . ئەمانە حیزب دەستى بە عەمریانەوە گرتوە .
ئەوانەشى ئەم شاڵاوى ئەنفالە ئیدارەدەکەن خودى دەسەڵاتداران و ئەوانەن
کە وچانێکیان لە ژێر بالڕ و ڕەشماڵى ئەواندا گرتوە .
ئەو لیتەیەیى کە ڕۆژانە بەسەر خەڵکى هەژار و زەحمەتکێشدا دەیبارێنن
واخەریکە لە بینەقاقایان توند دەبێت ، دەسەڵاتێک کە میلەتى نوقمى
بآمافى و نەهامەتى کردووە . بەشێوەیەکى لێهاتوە لە سێبەرەکەى خۆشى
دەترسێت . نەک ڕۆژێک لێى جودابێتەوە و بەشێک لە گەندەڵى و شتە
شاراوەکانى ئاشکرا بکات . لەڕاستیدا ڕۆژنامەنووسان وەک تارمایى بەشوێن
ئەم دەسەڵاتەوەن لێناگەڕێن بەئاسانى خەونێکى خۆش ببینێت ، وە کارێکى
زۆر ئاسایشە بۆ ئەمان ، بەڵام بۆ بەرانبەرەکەیان نەهامەتى و بەڵان ،
بۆیە تەنها یەک رۆژنامەنووس نیە لەدەرەوەى ئەم خەو زڕاندنەى توشى هیچ
یەکێک لەو پەلامارانە بوبێتەوە . بۆیە کاتێک ئەم تارماییە خۆیى
نیشاندان ، ئەمان هەڵسڵەمینەوە و چەندین هەنگاو هاتنە دواوە ، یاسایەکى
کارى ڕۆژنامەنووسیان سەپاند کە جێگەى نەفرەت و ناڕەزایەتى
ڕۆژنامەنووسان بوو ، تا لەڕێگەیەوە دەستى پۆلیس و ئاسایش واڵا بکات ،
لە کویا و کەى و لەبەهەرشتێک کە ویستیان ، ڕۆژنامەنووسان بکەنە دواى
موسەلەحەکانیانەوە ، لەزگە بدەن لە دەم و زمانیان .
ڕاستیەکەى دەسەڵاتى کوردى بەو پیاوەدەچێت کە تاڵە تاڵەى قژى سپى بووە ،
چۆن بەبآ سڵەمینەوە بەشوێن شتێکدا دەگەڕێت تا دانە دانەى تاڵەکانى پێى
دەربهێنێت و لەبنەوە بیانبڕێت ، کە دیارە ئەم کارەش بۆ ئەوە دەکات تا
لەو ترس و دڵەڕاوکێ یە نەجاتى بدات کە نیشانەى پیر بوون و لاوازبوون و
کۆتایى و نەمانیەتى . بۆئەوەى وانیشانبدات هێشتا لە هەڕەتى لاویدایە و
دورە لە مەرگ و نەمانەوە ، ئاوەها ئەمیش یەک یەک بە شوێن ئەو ڕۆژنامە
نووسانەوەیە کە بەڵگەى گەندەڵ بوون و پیربوون و نەخۆش کەوتنى دەخەنە
ڕوو . بۆیە بەهەمان شێوە جێگەى بێزارى و ترسى و نیگەرانین بۆ دەسەڵات .
ئێستا ئەوەى ڕۆژنامە نووسان چاوەڕوانین سەرەکەیانە دواى کامە برادەر و
هاوکاریانە ، وە کامە چارەنووس و سزا بەر ئەم دەکەوێت ، ئایا لەمەرگ
نەجاتى دەبێت .
بە هەرحاڵ ئەمانە لە حەسەناتەکانى دەسەڵاتى کوردین ، وەدیارى دەستیەتى
بۆ ئێمە . بۆیە کارێک کەدەبێت ئێمە پێى هەستین لەدەورى یەک کۆببینەوە ،
فشار بخەینە سەر دەسەڵات و ناچارى بکەین دەست هەڵبگرێت لەم کارە ، وە
دەستى هەموو ئەوانەش کۆتابکات کە زات دەکەن دەست لە ڕوى
ڕۆژنامەنووساندا هەڵبڕن . ڕێگە نەدات کەس ببێتە سەرچاوەى مەترسى بۆ سەر
ژیان و گیانى ڕۆژنامەنووسان ، ئەرکى پاراستنى ڕۆژنامەنووسانیش لەئەستۆ
بگرێت .تا کۆتایى بەم ئەنفالە بهێنرێت .
nyakamil@hotmail.com
|