قسەیەک بۆ ئەوانەى
بە فائیز دەکرێن،
ئەگەر کاروابڕوا زانکۆکان داخەن.

محەمەدى مشیر
دواى ئەوەى پارساڵ بەرپرسانى پەیوەندیدارى حکومەتى هەرێم راشکاوانە
رایانگەیاند کە رێژەى 70% ى بودجەى هەرێم تەرخانکراوە بۆ مووچەى
فەرمانبەران و نزیکەى 900 هەزار فەرمانبەریش زیادەن و خەریکن لە لیستى
دووروو درێژدا ناونووسیان دەکەن بەڵکو بە خانەنشینکردنى بە تەمەنەکان و
بە فائیز نووسینى بچووکساڵان چارەسەرێک بۆ ئەم کێشە هەڵاوساوە بدۆزنەوە،
لە کاتێکدا هەمووان دەزانن چارەسەرى تەنگژەیەکى ئابوورى ئاوا مەزن
مەحاڵە بەو شێوازە تێفکرینە چارەسەربکرێ و بێپلانیش لە بوارى ژێرخانى
سەرەکى ئابوورى کوردستاندا هەرگیز رێگە بەو خەونى حوشترە نادات بێتەدى
بەڵکو هێندەى دى دەیئاڵۆزکێنێ.
ماوەیەکى کورتە هەندێ لە وەزارەتەکان خەریکە خزمەتگوزارییەکانیان
بەگرێبەست دەدەنە کۆمپانیاکانى کەرتى تایبەت و ئۆغر ئۆغر فەرمانبەرانیش
نۆرەیان گرتووە بۆ ئەوەى ناوى ئەوانیش لەو لیستە درێژەدا تۆماربکرێ و
بەشێکى زۆریشیان لەم بەڕێوەبەرایەتییەوە بۆ ئەو بەڕێوەبەرایەتى سەفاو
مەروایان پێدەکرێ.
هەروەک دەزانن زۆرینەى هاووڵاتیانى کوردستان بە تایبەتیش کرێچی و
کەمدەرامەتەکان ئەگەر لە خێزانێکدا لایەنى کەم دوو کەسى ئیشکەریان نەبێ
ئاستەمە بتوانن بژێوى خێزانەکەیان دابین بکەن، ئەگەر خێزانێکیش بە
تەنها فەرمانبەرێک یا کارکەرێکى هەبێ ئەوا پێویستە ئەویش دواى
تەواوبوونى ماوەى کارى فەرمانبەرێتى تاقى دواى نیوەڕۆیان بەدواى ئیشێکى
دیکەدا بگەڕێ ئەگەر نا مەحاڵە بەتاکە مووچەیەک لەم گرانییەى ئەمڕۆى
بازاڕەکانى کوردستاندا ژیان بێ کێشە بچێتەسەر.
لاى کەس شاراوە نییە هەموو ساڵێک هەزاران لاوى خوێندکار لە زانکۆکانى
هەر سێ پارێزگاى سنوورى ئێستاى هەرێمى کوردستاندا خوێندن تەواودەکەن و
بەو ئاواتەن حکومەتى هەرێم دواى رەنجى ئەو هەموو ساڵەى خوێندنیان
کەلێنێکى بچووکیان لێبکاتەوە و لە فەرمانگەیەک لە فەرمانگەکانى میرى
دایانمەزرێنێ، بەڵام کە ئاوڕێک لە لیستى دووروودرێژى فەرمانبەرانى
فائیز دەدەینەوە بۆمان روون دەبێتەوە کە دەبێ ئەوان زۆر لەوە بەپشیتربن
تا نۆرەى دامەزراندنیان بەرکەوێ یا دەرفەتێکى کاریان بۆ بڕەخسێندرێ.
بۆیە بە شێتم مەزانن گەر بڵێم با زانکۆکان داخەین تا ئەوکاتەى
چارەسەرێکى ریشەیى بۆ کێشەى ئەو فەرمانبەرە فائیزکراوانە دەدۆزرێتەوە،
ئەگەر بۆچوونى منى بە شێت زانرراویش کەمێک راستبێ ئەوا ڕەوڕەوەى خۆێندن
لەم وڵاتە راگرن باچیتر خوێندکارانى قۆناغەکانى بەر لە زانکۆش بە فائیز
نەکرێن، ئەگەر بە فائیزیش کران ئەوا نەڵێن شێتێک وایگووت بەڵام
باوەرمان پێینەکرد!
|