![]()
![]()
|
ڕاگەیاندنى بەرەى جەماوەرى کوردستان دژ بە لەشکرکێشى سوپاى تورکیا.
جەماوەرى کوردستان ..
ماوەیەکە دەوڵەتانى دراوسێى عێراق بەبیانوى جۆراو جۆرو بەپاساوى جۆراوجۆرەوە ئەیانەوێ وەزعیەتى ئارامى کوردستان بشێوێنن، تازەترینیان بڕیارى حکومەت و پەرلەمانى تورکیایە کە ڕێگەى داوە بە هێزە سەربازیەکانى وڵاتەکەیان سنورى کوردستان ببەزێنن و هێرش بکەنە سەر دانیشتوانەکەى بەبیانوى ڕاوەدونانى (پهکهکه)، ئێمە ئەو بڕیارەى حکومەت و پەلەمانى تورکیا بەتوندى ڕیسواو مەحکوم ئەکەین. بەهانەکانى تورکیا نە بەتەنها (پهکهکه)ەو مەسەلەى کەرکوک و تورکمانەکانى کوردستانە، بەڵکو مەسەلەکە نیگەرانیە لە پێکهێنانى دەوڵەتى سەربەخۆ لەکوردستان، بۆیە مەسەلەى تیرۆر تەنها پاساوێکە، حکومەتى تورکیاش بۆى نیە کە ناسنامەى تیرۆریستى بەسەر هیچ لایەک ببەخشێتەوە، چونکە خۆى یەکێکە لە مەڵبەندەکانى تیرۆریستی، کوشتنى زیاتر لە ملیۆنێک لە ئەرمەنیەکان کە ئێستا مەلەفەکەى هەڵدراوەتەوە، بە کوشتنى سەدان هەزار کەسى کورد لە دانیشتوانى تورکیا دەستى سوپاکەى سورە. بۆیە ئەوە سەرانى ئەو وڵاتەو جەنەراڵەکانیەتى کە ئەبێت دادگایى بکرێن. تورکیا تازە وەخەبەر هاتوەو ئەیەوێ لە قەیرانەکانى ئەمریکا لەعێراق و جیهان سوودمەند بێت و دەورێکى قیادى لەناوچەکەدا ببینێت و جێگەپێیەکى زیاتر لەوەى کەهەیەتى لەعێراق بۆ خۆى مسۆگەر بکات. ئەمەش بە قیمەتى ماڵوێران و کوشتارو گرانى بەسەر جەماوەرى کوردستاندا تەواو ئەبێت .
بۆیە هەر هێرشێکى سەربازى بۆ سەر کوردستان بەهەر بیانویەکەوە ئەنجام بدرێت، بۆ خەڵکى کوردستان بەماناى ئیعلان کردنى شەڕە لەگەڵ دانیشتوانەکەى، خەڵکیش دەسەوەستان نابێت و چاوەڕوانى ناکات و بەهەموو شێوازێکى مەدەنى و جەماوەرى و تەنانەت سەربازیش وەڵامى پێدەدرێتەوە . ئێمە کە ژمارەیەک ئازادیخوازو لایەنگرانى مافەکانى خەڵک لە پارێزگاى سلێمانى بەرەیەکمان پێک هێناوە بۆ ڕووبەڕووبونەوەى لەشکرکێشى تورکیا، بانگەوازى سەرجەم ئازادیخوازان و دڵسۆز و خەمخۆرانى خەڵکى کوردستان ئەکەین کە پێوەمانەوە پەیوەست بن .
لەڕۆژى (یەک شەممە بەروارى 21/10/2007 کاتژمێر 11ى سەرلەبەیانى) لەگەڵمان بن کە پێکەوەو لە خروشانێکى جەماوەرى فراواندا پەیامى ناڕەزایەتى خۆمان بدەین بەگوێى حکومەتى فاشیستى تورکیاو سەرجەم جیهاندا، ڕایبگەیەنین کەنامانەوێ کوردستان بکرێتە مەیدانى جەنگ، ملهوڕى لە هیچ هێزێک قبوڵ ناکەین، ڕایبگەیەنین کە لە ئامادەباشیدا ئەبین بۆ بەرپەرچدانەوەى هەر دەستدرێژى و پەلامارێک کە بکرێتە سەر دانیشتوانى کوردستان. هەروەها ئەبێت دەسەڵاتدارانى کوردستان ملبدەن بە خواستەکانى خەڵکى کوردستان و لەگەڵ داواکاریەکانى جەماوەردا بن. بانگەوازى سەرجەم خەڵکى ئەکەین کە ئەو کاتە دەست لەهەر کارێکیان هەڵگرن و بەم شەپۆلى ناڕەزایەتیەوە پەیوەست بن .
شوێن: لە بەردەرکى سەرا - شارى سێلمانى
بژى ئیرادەى جەماوەرى کوردستان بەرەى جەماوەرى کوردستان دژ بە لەشکرکێشى سوپاى تورکیا 19/10/2007
|