١٩\٧\٢٠١٢
راگەیەندراوی
رێکخراوی سەردەشت عوسمان لە چوارەم ساڵیادی تیرۆرکردنی سۆران مامەحەمە:
دوای چوار ساڵ،
بکوژەکانی سۆرانی مامەحەمە بە ئازادیی
دەسورێنەوە!
٢١\٧ ی
ئەمساڵ چوار ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس سۆرانی مامە حەمە تێپەر
دەبێت. لە ساڵیادی تیرۆرکردنی ئەو گەنجە رۆژنامەنووسەدا وێڕای
دووپاتکردنەوەی ھاوخەمیمان بۆ خانەوادە و ھاورێیان و رۆژنامەوانان و
ئازادیخوازانی کوردستان، داوای ئاشکراکردنی بکوژانی سۆرانی مامە حەمە و
سەردەشت عوسمان دەکەین. لەدەستدانی ئەو رۆژنامەوانانە کەلێنێکی گەورە
بوو لە بزاڤی رۆژنامەگەریی ئازاد و دەنگی ئازادیخوازانی کوردستان.
سۆرانی مامە حەمە، وەکو گەنجێکی بوێر، خەون و خولیاکانی کۆتایھێنان
بەدەسەڵاتی تاکڕەوی و بنەماڵەیی و ھێنانە کایەی سیستەمیکی بێ زوڵم و
چەوسانەوە بوو لە کوردستان، بۆیە زۆرێک لە نووسین و کارە
رۆژنامەوانییەکانی تەرخان کردبوو بۆ رەخنەگرتن لەو بێمافی و
نایەکسانییەی کەدەسەلاتدارانی کوردستان ئەنجامی دەدەن لەپیناوی
بەرژەوەندی تەسکی حزبی و بنەماڵەیی و تاکەکەسیدا رۆژانە دەیان کارەسات
و روودای جەرگبڕ دەکەنە نسیبی خەڵک.
دوای چوار ساڵ لەتیرۆرکردنی سۆرانی مامە حەمە و تێپەڕبونی دوو سال
بەسەر تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان و سەرکوتکردنی خۆپیشاندانی جەماوەری
١٧ شوبات بەھێزی سەربازی و چەک. دەسەلاتی سیاسی
ھێشتا بەردەوامە لە دەمکوتکردنی خەڵک و گرتن و ئازاردانی رۆژنامەوانان.
ھێرش و تیرۆری و تۆقاندن لە بەرامبەر رۆژنامەوانان و خەڵکی نارازی
کوردستان ناتوانێ دەسەڵاتی سیاسی لەبەردەم نارەزایی خەڵک دەربھێنێت،
رێگای راست و دروست داننانە بە ماف و ئازادییەکانی خەڵک و بەرەسمی
ناسینیان. پەنادانی تاوانباران و بکوژانی رۆژنامەوانان و خۆپیشاندەرانی
حەڤدەی شوباتی ساڵی رابردو گاڵتەجارییە بەدەسەلاتی دادوەری و دادگا و
بانگەشەی ئازادی و دیموکراتی.
لە ساڵیادی تیرۆری سۆرانی مامەحەمەدا، وێرای پێداگری شێلگیرانەمان
لەسەر ئاشکراکردن و دادگایی کردنی تاوانباران. یادی سۆرانی مامەحەمە
بەرز ڕادەگرین. پشتیوانی و ھاوکاری ھەر کارو چاڵاکییەکی رۆژنامەوانان و
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانین بۆ بەرز
ڕاگرتنی یادی سۆران و داوای دادگایی تیرۆستان.
رێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکیی
لە ئازادیی
١٩\٧\٢٠١٢
www.serdasht-osman.org
serdasht.osman@gmail.com
ماڵپەڕی سەردەشت
|