

سەرهەنگ
خامۆش
بۆ ئەو پەپولەیەى کە لە
نێو(گوڵزارى بەیانى)هەرجارەو لەسەر پەڕەى شیعرێکم هەڵدەنیشێ...
تۆ هەموو بەیانییەک دێیت
بەر لەهاتنى
وەنەوزەکانى ژێر سێبەرى عیشق
پێش زەماوەندى
بوکێنى پەپوولە
لەسەر پەڕە سوورەکانى دڵم
نەرم..نەرم
هەڵدەنیشى
دێیت..بەر لە هاتنى
تیشکى چاوەکانى گزنگ
دەگەیتە نێو
سۆماى چاوى شیعرێکم
تۆ هەموو بەیانییەک دێیت
سەرێ بەماڵى شیعرێکم دادەگرى
چایەکى شیرین
لەگەڵ بڕگەى کۆپڵەکان
دەخۆیتەوە
دێیت..چاوێک لەناونیشانى شیعرێکم دادەگرى
بڕگە..بڕگە
دەیانکەیت بە ملوانکەیەک
لەگەردنى گوڵێکى سوورى
دەئاڵێنى
تۆ هەموو بەیانییەک دێیت
بەیانى باش لە شیعرێکم دەکەیت
دەیکەیت بە قردێلەیەک
بۆ پەرچەمى سەوزى قەڵا
دێیت..زەردەخەنەیەک
دەخەیتە نێو پێڵوى
چاوەکانى هەور
بزە..بزە
دەباریتە نێو
کێڵگەى تینووى چاوەڕوانیم
تۆ هەموو بەیانییەک دێیت
دەستنوێژى نوێژى عیشق
لە کانى فرمێسکى شیعرێکم هەڵدەگرى
لەسەر بەرماڵى دڵى من
سوژدە بۆ
پەیامەکانى شیعر دەبەیت
دێیت..جگەرەیەک لەگەڵ
خەمەکانى نێو کۆپڵەکانى شیعرێکم
دادەگیرسێنى
تۆ هەموو بەیانییەک دێیت
نێوچەوانى شیعرێکم ماچ دەکەیت
یەکە..یەکە
تەوقەى ئەوین لەگەڵ ووشەکان دەکەیت
دێیت..دەنگت دەکەى بە نسێى
کاروانسەراى ئەوینى
دڵى شاعیرێکى خامۆش
تۆ هەموو بەیانییەک دێیت
دەبى بە پەپوولەیەک
لە نێو گوڵزارى بەیانى
هەر جارەو لە سەر پەڕەى
شیعرێکم هەڵدەنیشى
دێیت..نۆتەکانى سۆزى دەنگت
دەکەیتە سیمفۆنیاى
هەناسە بێ نەوایەکانم
ووردە..ووردە
تێکەڵ هیمۆگلۆبینى خوینم دەبێت
تۆ دێیت
پێم دەڵێى
شیعر دەزگیرانى منە
زەمەنێکە لە شەپۆڵى
سەرابى دەنگى من ئاڵاوە...!!
تۆ د
ێ
ی
ت...
Xamosh_s@hotmail.com
|