په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٦\٢٠١٤

رێگای رزگاریی چیە!


دەشتی جەمال     


ئەو چیڕۆکانەی کە دەزگایەکانی ڕاگەیاندن لە ئاستی ناوخۆ و جیهاندا بە گوێی ڕای گشتیدا دەیچرپێنن سەبارەت بە ڕووداوە خۆێناوییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی سەر شانۆی سیاسیی عێراق، پێچەوانەکردنەوەی ڕاستییەکانی ئەم ڕووداوە و کورتکردنەوەیەتی لە شەڕ لە دژی داعش و تیرۆردا. بێگومان داعش و تیرۆر لایەنێکی ئەم ڕووداوانەن، بەڵام کورتکردنەوەی ڕووداوەکان بە تەنها لەم لایەنەدا، بەکردەوە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و هەموو ئەو مرۆڤانەی کە ژیانی ئێستا و داهاتوویان لەبەردەم مەترسیەکانی ئەم ڕووداوانەدا ڕاگیراوە، دەکاتە زەخیرەی لایەنێکی ترەوە، کە کارنامەی دژە مرۆییەکەی کەمتر نییە لە داعش و تیرۆریستان. بەم جۆرەش لە پشتەوە دەستی بەرەی مرۆیی و ئازادیخوازان دەبەستێ لەوەی کە ڕێگایەکی شۆڕشگێرانە و سەربەخۆ لە تەواوی هێز و لایەنە کۆنەپەرست و مرۆڤکوژەکان بگرێتەبەر. بە تایبەتی ئەوەی لە چەند ڕۆژی رابردوودا بینیمان و بیستمان جگە لە بازنەیەکی تری سیناریۆیەکی ڕەش زیاتر نییە کە بەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و دەست ئاوەڵابوونی چەندین هێز و لایەنی نەتەوەپەرستیی و دەستە و گرووپی ئاینیی، بە پشتبەستن بە دەوڵەتانی ناوچەکە، بڕیاریان داوە بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندیەکانیان کۆمەڵگا لە خوێن هەڵکێشن و هەرچی ئاکاری مەدەنیەتە دایڕمێنن. کاردانەوەی ئەم ڕووداوانە و ئاڵوگۆڕ و کاریگەرییەکانی لەسەر گۆڕینی کۆمەڵگای عێراق و ناوچەکە و جەنگێك کە هاولاتیانی سیڤیڵی ڕووبەڕووی ئەوپەری کۆیرەوەریی و کارەسات کردۆتەوە خۆی بەڵگەی ئەوەیە کە ڕووداوەکان لە قاڵبی دووبەرەکی نێوان "داعش و نەیارانی" و یا "شەڕی سونە و شیعە" و یاخود "کورد و عەرەب" دەربکێشرێ وەک سیناریۆیەکی ڕەش هێز و لایەنەکانی بناسرێ، تا بەرەی ئازادیخوازان و مەدەنیەتی کۆمەڵگا بۆی ڕۆشن بێت لە کوێی ئەم ڕووداوانە و لایەنەکانیدا ڕاوەستێ. ئەم وتارە هەوڵێکە لەم ڕاستایەدا.


ئەم جەنگە بەرهەمی چیە و لایەنەکانی کێن؟


با پێکەوە بە پانۆرامای ١١ ساڵی ڕابردوی دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدامدا چاوپخشینینەوە و لە پاساوەکانی جەنگ لەسەر" دیمکراسی و دیکتاتۆری" "چەکی کیمیایی و بایەلۆژیی" و هەموو ئەو پرۆپاگەندە جەنگیانەی لە پێناو نمایشی هێزیی رابەری ئەمەریکا و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی لە ناوچەکە، کە کوشتار و کەمئەندام بوونی هەزاران لە خەڵکی بێتاوانی عێراقی لێکەوتەوە و سەرخان ژێرخانی کۆمەڵگای عێراقی وێرانکرد ووردببینەوە. ئەو جەنگە نەبوونی ئاو و کارەبای بە دوای خۆیدا هێنا و دەرمان و پێداویستیەکانی ژیانی کردەئاواتیکی دورە دەست بۆ خەڵکی عێراق و تائیستاش کاردانەوە خراپەکانی ئەو جەنگە لەسەر ژیان و ئایندەی نەوەی نۆی ئەو کۆمەلگایە کاردەکات. داگیرکردنی عێراق لەلایەن هێزی سەربازی ئەمەریکا و بەریتانیاوە زۆر خێرا پاساوەکانی هەڵگیرساندنی ئەو جەنگەی پووچەڵکردوە و سیناریۆیەکی ڕەشی کردە نسیبی خەڵکی عێراق و دەستتێوەردانی سەربازیی وە پێکهێنانی حکومەتێک لە سەرانی حیزبی ئیسلامی و ناسیونالستی و تایفی و خێڵەکیی لە بەرەیەکدا سەرئەنجام تیرۆریزم و دەرگیری دینی و نەتەوەپەرستی و شۆفینیزمی میللیی لێکەوتەوە و جێگایەکی بۆ پێناسەی هاوڵاتی و مافی هاوڵاتی نەهێشتەوە.


شکستی سیاسەتەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەرگای کردەوە بۆ دەستتێوەردانی زیاتری دەوڵەتانی ناوچەکە لە عێراقدا بە تایبەتی رۆڵێک بە کۆماری ئیسلامی ئێران ببەخشێت بۆ هەڵگێرانەوەی ئەو ڕەوەندانە وە دامەزراندنی حکومەتێکی شیعەگەرایی لە عێراقدا لەسەر حیسابی پەراوێزکردنی دەوری لایەنە سونیەکان لە دەسەڵاتی ئایندەی عێراقدا. بەو هۆیەوە شوناسی دینی شیعی و سونی و هەڵگیرساندنی شەڕی تایفی، تەقینەوە گیانی دەیان خەڵکی بێ تاوانی کردە خۆراکی بارووت و کارەساتی گەورە و ئاوارەیی و ماڵویرانیی بەدوای خۆێدا هێنا. پرۆسەی سیاسی خستە نێو قەیرانێک و عێراقی لە گێژاوێکی سیاسی بەردەوامدا ڕاگرت.


ئەو شەڕەی ئێستا هەڵگیرساوە بەرهەمی شکستی سیاسەتەکانی ئەمەریکا و ڕێگا چارەکانی و دەور و دەخاڵەتی حکومەتەکانی ناوچەکەیە. لەبەرەیەک هێزەکانی حکومەتی عێراقی و هێزەکانی پێشمەرگە ڕاوەستاوە و لە بەرەیەکی دیکەدا بەعسیەکان و ڕەوتە جیاوازەکانی ئیسلامی سونە و ناسیونالیزمی عەرەب لە ژێر ناوی داعشدا خۆیان نمایش دەکەن. بەرەی حکومەتەکەی مالیکی کە لە لایەن ئێران و ئەمەریکاوە پشتیوانی دەکرێت و بەرەکەی تر لە لایەن (تورکیا و سعودیە و قەتەر) پشتیوانی مادیی لوجیستیکی دەکرێن لە پێناو گۆڕینی هاوسەنگی سیاسی و لاوازکردنی رۆڵی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئایندەی عێراق.


شەڕی داعش و حکومەتەکەی مالیکی شەڕی نێوان دوو حکومەت و لایەنی پێشکەوتنخواز و و کۆنەپەرست نییە، بەڵکو شەڕی دوو دەستەی کۆنەپەرستی ئیسلامیە کە هیچ پەیوەندیەکی بە مافەکانی خەڵکی عێراق و وەڵامدانەوە بە گێژاوی سیاسی عێراق و بۆشایی پرکردنەوەی حکومەتەوە لە عێراقدا نییە، بەڵکو هەردوو لا دژ بە قازانج و بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشن. هەر بۆیە ئەرکی بەرەی خەڵکی ئازادیخواز و وجەماوەی بەشمەینەتی عێراق و کوردستانە کە لە هیچ شوێنێکی عێراقدا حکومی داعش و ئەم دار و دەستە کۆنەپەرستانەیە قبوڵ نەکات و کۆتایی بەم دڕندەییە بهێنێ.


کاردانەوەکانی ئەم جەنگە لەسەر ژیانی خەڵک:


سەرەتای شەڕەکە لە موسڵەوە دەستی ڕەشی داعش فەزای زەبروزەنگی هەوسارپچڕاوی کۆنەپەرستانەی و تۆقاندنی کۆمەڵگا و زاڵکردنی فەزای ترس و ئاوارەی کردە بەشی دەیان کەس و پاشان گولەبارانکردنی زیاتر لە ٩٠٠ قوتابی لە لایەن مرۆڤکوژەکانی داعشەوە کە مانشێتی زۆربەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی دنیای گرتەوە. بەپێی سەرچاوەی هەواڵەکان ئەوانە قوتابی" کۆلیژی هیزە ئاسمانییەکان بوون". دوای دەستبەسەراگرتنی تکریت لەلایەن هێزەکانی داعشەوە بە بارمتە دەستبەسەرکرابوون.


هێزەکانی داعش کە هیچ ڕیشەیەکی کۆمەڵایەتیان نییە، لەچوارچێوەی نەخشەیەکی دارێژراو و بەرهەمی چەوساندنەوە و ستەم و تاکخستنەوەی خەڵکی ناوچە سونی نشینەکانە لەلایەن حکومەتەکەی مالکیەوەیە لە ماوەی حکومڕانیدا، زۆر بە خێرای پێشرەوی دەکەن وتاوانی گەورەی دژی مرۆڤایەتی ئەنجامدەدەن.


هێزەکانی داعش خۆیان بۆ پڕچەککردن و پێشڕەوی و ئەنجامدانی تاوانی گەورەتر ئامادە دەکەن و حکومەتەکەی مالیکی و دەستە و گرووپی تایفی شیعە لەسەر دەستی ڕابەرەکەیان سیستانی فەتوای جیهاد پەخش دەکەنەوە و لەملاشەوە حیزبە ناسیونالیستەکانی کورد خۆیان بۆ پێناسەیەکی نۆیی هاوسەنگی سیاسی و دیاریکردنی قەڵەمڕەوی هێز و پێگەیان ئامادە دەکەن.


سەرباری دروستکردنی فەزایەکی جەنگی و نائارامی کە سەرتاپای عێراقی گرتۆتەوە، ئاوارەیی بۆتە گۆشەیەکی هەمەڕۆژەی ئاکامەکانی ئەم جەنگە لەسەر ژیانی خەڵک جگە لە تێکچوونی زیاتری هێڵی کارەبا و نەبوونی ئاو و گرانی بازاڕ و نەبوونی موچە، کە شیرازەی کۆمەڵگای بە تەواوەتی لەیەک داپچڕیوە. فەزای جەنگ بۆتە بەهانەیەک بۆ بردنە دواوەی داواکاریەکانی خەڵک، بۆ زیندووکردنەوەی تۆوی دووبەرەکی و هەستی نەژادپەرستانە و جیاکاری نێوان مرۆڤەکان بە شیعی و سونە و کورد و عەرەب کە پێویستە سیاسەتێکی هێرش بەرانە بۆ بەرگرتن بەم دەستدرێژیە کۆنەپەرستانە و ئەم هێزانەی شەڕ بگیرێتە بەر. ئەویش لەگرەوی ڕێکخستنی گرووپی چەکدارانەی خەڵک و بەرگرییەکی مەدنیانەوە دەتوانێت دەستبەر بێت.


ڕۆڵی ناسیونالیزمی کورد لە ڕووداوەکاندا:


سیاسەتێک کە ئەحیزبی ناسیونالستی کورد بەتایبەتی هەردوو حیزبی پارتی و یەکیتی بەدوایەوە بوون چ لەسەردەمی پرۆپاگەندەی جەنگی عێراق لە تەئیدکردنی گەماروی ئابووری لەسەر خەڵکی عێراق و دواتریش کۆبوونەوە لەبەرەی ئەمەریکا و رۆژئاوا و سیاسەتی شەڕخوازانە و داگیرکردنی عیراقدا خۆی بینیەوە و هەڵومەرجێکی کارەساتبار و ترسناکی بەسەر کۆمەلگادا داسەپاند.


خەڵکی کوردستان بە درێژایی ئەو کاتانە باجی هەڵسوکەت و یاری دەستی ئەم حیزبانەی داوە و بەتایبەتی لەدەورەیەک کە عێراق دەبێتە تەوەری جەنگی ئەمەریکا لەبەرامبەر هاوپەیمانانی و رەقیبەکانی رۆژئاوادا، لەو ڕێگایەوە دەگەنە دەسەڵاتداریتی بۆ دەیەیەک زیاتر نادیار بوونی جێوشۆینی یاسایی و سیاسی و ناسنامەی وڵاتی خەڵکی کوردستان دەکاتە واقعیەتێک و پشتیوانی لە پێکهێنانی ناوچەیەکی ئاسایشپارێز پێشوازی لێدەکەن. بەو شێوەیە کوردستان لە قەوارەی کۆمەڵگایەک دەردەهێنرێت و دەیکاتە ئوردوگایەکی فراوانی ئاوارەیی. بەدوا ئەوەشدا شانۆگەری پێکهێنانی پەرلەمان وەک هۆیەکی ئەمەریکا و رۆژئاوا بۆ پارێزگاری لەو ئوردوگایە دانرا. شەڕی ناوخۆ و ئاوارەی و کوشتار و سەرکوت و پێشێلی ئازادیەکان کارنامەیەکی ڕەش دەکاتە بەشی خەڵکی کوردستان و هەروەها دەستگرتن بەسیاسەتی حکومەتەکانی ناوچەکە و ڕاکێشانیان بۆ سەر ژیان و ئایندەی خەڵکی کوردستان تەوەرێکی تری ئەم سیاسەتە دەبێت و تائیستاش درێژەی پێدەدرێت.


لە ئاڵوگۆرەکانی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسدا تەرحی فیدرالیزم لە چوارچێوەی عێراقدا دەکەنە کارنامەی داخوازیەکانیان بە ناوی خەڵکی کوردستانەوە لەژێر ئاڵای بەرگریکردن لە یەکپارچەیی خاکی عێراق و لە پیناو بەرژەوەندی وبەشدار بوون وەرگرتنی کورسی لە دەوڵەتی ناوەندیی ئایندەدا، سیاسەتی گرێدانەوەی کوردستان لە سەروو بڕیاری خەڵکەکەیەوە دەگرنەبەر.


ڕۆڵێک کە حیزبە ناسیونالیستەکانی کورد لەم ڕووداوانەی ئێستادا دەیبینن درێژکراوی سیاسەتێکە کە بەدرێژای تەمەنی بزووتنەوەی کوردایەتی گرتویەتیە بەر. لەدەست ڕاکێشانی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە بۆ لێدان لە ئۆپۆزسیۆنی حکومەتەکانی ناوچەکە و پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان تا خۆگرێدانەوە بە سیاسەتەکانیان.


لە ڕووداوی داعشدا هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار دابەشبوون بەسەر شەڕی ئەو دووبەرەی لەسەرەوە باسمان کرد. پارتی دیمکراتی کوردستان کە لە جەنگی سوریادا بۆ پشتیوانی لە تورکیا قاچی خەڵکی کوردستان ڕادەکێشێتە نێو ئەو دۆخە دژوارەوە وە لە شەڕی داعشدا کە چەند ئەندامی پاریزگاری موسل و بارەگا و بەرپرسیارانی باڵای هەیە بێ یەک تەقە دەکشێنێتەوە و لە بەرەی تورکیا و سعودیە و قەتەردا لە هەڵسوکەتێک کە شمشێرە بەدەسەتەکانی داعش بەریانداوەتە گیانی خەڵکی بێدەنگن و تۆڵەی واژۆنەکردنی گرێبەستی نەوتییەکانیان لە حکومەتی مالیکی دەکەنەوە.


یەکێتی نیشتیمانی دەچێتە خانەی بەرگری لە حکومەتی مالیکی و ئێرانەوە. هەردوولا کەوتوونەتە پروپاگەندە و هاتنە پێشەوەی دەرفەت بۆ چارەسەری ناوچە کێشە لەسەرەکان بۆ چەواشەکردنی خەڵکی کوردستان و یاریکردن بە هەستی خەڵکی کوردستان لە ژێر ناوی شەڕی کورد و پاراستنی خاکدا، لە کاتێکدا مێژووی ئەم دوو حیزبە نیشانیداوە هیچ کاتێک لەبەرەی قازانج و بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستاندا ڕانەوەستاون بەڵکو یاریکەری گورەپانی دەوڵەتانی رۆژئاوا و ئەمەریکا بوون و سیاسەتی حکومەتەکانی ناوچەکەیان بردۆتە پێشەوە.


ڕێگای خەڵکی کوردستان لەم دۆخەدا چیە:


ئارامیی و ئاسایش و بەرگرتن بە شەڕی تایفی و نەتەوەپەرستیی و گێرانەوەی رێزی مرۆڤایەتی بۆ سەرجەم کۆمەڵگای عێراق لە گرەوی بەرگرتنە بە هەر بەند و بەستێک لەگەڵ ئەم هێزانەدا، لە گرەوی خۆرێکخستن و خەباتی چەکدارانە و جیاکردنەوەی خەباتی ڕاستەوخۆی خەڵکی کوردستانە لەگەڵ ئەم هێزانەدا. هەردوو بەرەی شەڕکەر جێگای نەفرەت و ریسوا کردنن. پێویستە کۆمەڵگا لەدەست ئەم مرۆڤ کوژانە پاک بکرێتەوە. خەڵکی کوردستان یەک زەڕە قازانجی لەم شەڕەدا نییە و هەر حکومەتێک لە عێراقدا لەسەر دەستی ئەو هێزانەدا پیێکبێت ناتوانێ ببێت بە دراوسێیەکی باش وەیان گەڕانەوە بۆ وەرگرتنی پۆست لەو حکومەتەدا، حکومەتێک کە ئەم چەتانە بیبەن بەرێوە وکۆمەڵگا بگێرێتەوە بۆ زەبروزەنگ و تیرۆر و بۆ هاوسەرگیریی سیغە و سێدارە و ئەشکەنجە و سەرکوتی ماف و ئازادییەکانی خەڵک شایەنی هیچ رێز و دانپیانانێک نییە بەڵکو ئەرک دەخاتە ئەستۆی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان و عێراق بۆ وەلانانیان لەسەر ژیان و ئایندەیان.


خەڵکی کوردستان هەروەک چۆن هیچ قازانجێکی لەم شەڕە کۆنەپەرستانەیەدا نییە، هاوکات قازانجی لە هیچ ساتوسەودا و گەڕانەوەیەک نییە بۆ مێزی گفتوگۆی بەغدا. سیاسەت و پرۆپاگەندەیەک کە هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار ئێستا فەزای کوردستانیان پێداگیرکردوە، بۆ ئەوەیە تەواوی ئەو خواستانەی خەڵکی کوردستان لە ١٧ی شوباتدا قوربانی بۆدا بۆ ئازادی و خۆشگوزەرانی و دابینکردنی سەرجەم ماف و خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بەرێتە دواوە. کەوایە بەر لە هەر شتێک دەبێ خەڵکی کوردستان نەک هەر ڕێگا نەدەن یاری بە چارەنووسیان بکرێ و ببنە زەخیرەی بەدەستهێنانی بەرژەوەندیەکانی حیزبە نەتەوەپەرستەکانی کوردستان، بەڵکو دەبێ بۆ دەرکێشانی کوردستان لەو گیژاوەی کە تیای ڕاگیراوە، حیسابی خۆیان لەگەل بۆرژوازی کورد و دەسەڵاتەکەی یەکلابکەنەوە و لێرەشەوە بڕیاری دامەزراندنی کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ بەدەستەوەبگرن.


لە ئێستادا هێنانەمەیدانی جووڵانەوەیەکی فراوانی جەماوەری بۆ داخوازییەکانی ئازادیی و باشبژێویی، هاوکات دەستپێکردن لە ئاستی هەر شار و شارۆچکەیەک و بە تایبەتی لەکارگە و زانکۆ و گەڕەکەکاندا دەتوانرێت لاوان، ژنان و چین و تۆیژەکانی خەڵکی کوردستان کۆبوونەوەی گشتی بکەن، خۆیان رێکخراو بکەن، خۆیان چەکدار بکەن بۆ پاراستنی ئارامیی و ئاسایشی خەڵکی کوردستان لە دەست هەر دەستە  گرووپێک کە ژیانیان گیرۆدەی شەڕ و نائارامیی دەکا. پێکهێنانی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی و لیژنەی پزیشکیی بۆ بەهاناوەچوونی ژیانی ئاوارە و قوربانیەکانی جەنگ.


بەگریکردن و کۆمەکردن و بەهاناوەچوونی ئەم ئاوارانە ئەرکێکی گرنگی مرۆڤایەتی دەخاتە ئەستۆمان و ناکرێت هەر جیاکاریەکی نەتەوەیی و مەزهەبی کە لەگەل مرۆڤ دۆستی و ئاشتی خوازی نایەتەوە ڕێگا بگرێت لەم بەرپرسیاریتی نیشاندانە لە ئاست ئاوەرەکاندا.


لە ناوچە جێناکۆکەکاندا کە ئێستا بۆتە مەیدانی ڕاستەخۆی جەنگ، پێکهێنانی لیژنەی چەکدارانە بۆ بەرگریی ئەم هێزانە هەنگاو بە هەنگاو لە چوارچێوەی نەخشەیەکی ئامانجدار و کۆکردنەوەی کەسانی شارەزا لە بواری شەڕ و بەهاناوە چوونی بریندار و ئاوارەکان دەکاتە ئەرکێکی دەستبەجێ.


کۆمەڵگای عێراق دوای داگیرکاریی و ١١ ساڵ شکستی ئەزموونی پێکهێنانی حکومەتێک لەسەر بنەمای رەگەزیی مەزهەبیی و نەتەوەیی پێمان دەڵێت سیناریۆیەکی تر بۆ ئایندەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی عێراق لەبار و شیاوە کە ئەویش هاتنەمەیدانی رۆڵ و ئیرادەی خەڵکی خۆیانە بۆ دیارکردنی چارەنووسیان تا کۆتایی بەم هەلومەرجە کارەستبارەدا بهێنێ.

 

٢١\٦\٢٠١٤

ماڵپه‌ڕی ده‌شتی جه‌مال

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک