٢٢\٢\٢٠١٣
رێکەوتن لەگەڵ
ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا و دەرەنجامەکانی.

جەلال محەمەد
بەشی یەکەم - سەرنج و
تێبینی لەسەر بەندەکانی رێکەوتننامەکە:
لە یەکەم ڕۆژی دروستبوونی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریاوە تا ڕۆژی تێکشکانیان
لە "سەرێکانی" ، هەمیشە تۆمەتی جۆراوجۆریان ئاڕاستەی لایەنی کوردی
دەکرد و بە هاوکار و شەبیحەی ئەسادیان ناو دەبردن . بەڵام دوای سێ جار
هێرشکردن بۆ "سەرێکانی" و تێکشکاندنە یەک لە دوای یەکەکانیان ناچار
بوون کە هانا بۆ ڕێکەوتن بێنن و ڕێکەوتنێکی ١١ بەندی واژۆ بکەن .
کورتەی ڕێکەوتنەکە بریتییە لە:
١- پاشەکشەکردن و نەهێشتنی دیاردەی چەکداری لە شارەکەدا . ٢-
دامەزراندنی دەستەیەکی چاودێری کاتی لە هەردولا بۆ جێبەجێکردنی
بەندەکانی ڕێکەوتننامەکە. ٣- دامەزراندنی ئەنجومەنێک لە تەواوی
پێکهاتەکان بۆ بەڕێوەبردنی شارەکە. ٤-دەروازەی سنوور دەدرێتە دەست
ئەنجومەنی شارەکە. ٥- ئەنجومەنی شارەکە بڕیاردەر و ڕێگرە لە
دەستێوەردانی سەربازی لە کار و بارەکان. ٦- یەپەگە و ئارتەشی ئازاد بە
هاوبەشی خاڵی کۆنترۆڵ دادەنێن لە دەروازەکانی شار. ٧- خاڵە کۆنترۆڵەکان
کار ئاسانی دەکەن بۆ گواستنەوەی پێداویستی و دەربازبوونی خەڵک و هێزی
چەکدار لە لایەکەوە بۆ لایەنی بەرامبەر. ٨- هەردوو لایەن هاوکار دەبن
بۆ ئازادکردنی ئەو شارانەی کە بە داگیرکراوی ماونەتەوە. ٩- بە
ڕاگەیاندنێکی هاوبەش دیاری بکرێت کە شارەکانی "درباسیە-عامودا-تەلتەمر-گرکی
لەگێ" ئازادکراون لە دەست ڕژێم. ١٠- کۆتایهێنان بە ڕاگەیاندنی دژ بە
یەک. ١١-پێشەکی ڕێکەوتننامەکەش یەک لە خاڵە سەرەکیەکانە.
بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە:
http://www.welati.info/nuce.php?ziman=ar&id=5618&niviskar=192&cure=3&kijan
بەندەکانی [ یەکەم و سێیەم و چوارەم و پێنجەم و حەوتەم و نۆیەم و دەیەم
و یازدەهەم ] بریتین لە ئامانجە سەرەکیەکانی پەیەدە و یەپەگە و
ئەنجومەنی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان . هەر لەگەڵ سەرهەڵدانەکانی گەلانی
سوریادا پەیەدە زۆر چالاکانە کەوتە خۆ بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنی گەل لە
لایەک و ئەنجومەنی ئەو شار و گوند و گەڕەکانەی کە دەکەوتنە ژێر
دەسەڵاتی ، هەوڵی زۆری دەدا کە تەواوی پێکهاتە جۆراو جۆرەکان لە ئاین و
نەتەوەی جیاواز بەشدار بکات لە ئەنجومەنی شار و گوند و گەڕەکەکاندا و
ئەنجومەنەکە بکاتە بڕیاردەری سەرەکی ، پەیەدە هەوڵی زۆری دەدا هێزی
چەکدار لە شارەکان بچنە دەر بۆ کۆنترۆڵکردنی سنورەکان و دەروازە و ڕێگە
سەرکیەکان و شوێنی خۆی لە شار و گوندەکاندا بسپێرێتە هێزی ئاسایش.
پەیەدە هەوڵی زۆریدا خۆی لە ململانێی حیزبایەتی بە دوور بگرێت و زمانی
زبر و ڕاگەیاندنی شەڕخوازانە جێگەی دیالۆگ و زمانی ئاشتیخوازانە
نەگرنەوە ، هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە خۆی بە بەشێک لەو شۆڕشە پێناسە کرد
بە چەندین جیاوازیەوە ، ئەو جیاوازیانەش ئەوە بوو کە هێڵێکی سەربەخۆیان
هەڵبژارد و خۆیان گرێ نەدا بەو هێزانەوە کە لە تورکیاوە گەورە دەکران ،
لە هەمان کاتدا هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی ڕەت دەکردەوە و برایەتی
گەلانی بە بناغە دادەنا و دەیخواست لە ڕێگەی خۆپیشاندانی جەماوەری و بە
شێوەیەکی ئاشتیانە مافەکانی کوردان دەستەبەر بکات . بەڵام لایەنەکانی
دیکە و لە سەروی هەموویانەوە ئیخوانالموسلمین و ئارتەشە بەناو
ئازادەکەیان هیچ حسابێکیان بۆ خۆپیشاندانە جەماوەریەکان نەکرد و هەر لە
سەرەتاوە خۆیان گرێدا بە تورکیا و هێزە دەرەکیەکانەوە و شەڕیان خستە
نێو ماڵی خەڵک و تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی کە هێرش بکەنە سەر هەموو
ئاین و مەزهەب و نەتەوە جیاوازاەکان و زۆرترین بێحورمەتیان بە سیمبوڵ و
شوێنە ئاینیەکانی نەتەوە و ئاینە جیاوازەکان کرد و ئاڕاستەی
سەرهەڵدانەکانیان لە شۆڕشەوە گۆڕی بۆ ئاژاوەگێڕی.
بەندی یازدەهەم ، پەیوەستە بە پێشەکی ڕێکەوتننامەکەوە و یەک لەو
خاڵانەی دیکەیە کە ئامانجی پەیەدە بوو ، پێشەکی بەیاننامەکەش باس لە
ئازادی سوریا و پێکەوە ژیانی برایانە و قبوڵکردنی بیر و باوەڕە
جیاوازەکان و یەکپارچەیی خاکی سوریا و سیستەمی پەڕلەمانی دەکات.
بەندی دووەم ، پەیوەستە بە دامەزراندنی دەستەیەکی چاودێری کاتی بۆ
جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێکەوتننامەکە . ئەم بەندە هێندە گرنگیەکی
ئەوتۆی نییە و لە هەموو ڕێکەوتننامەیەکدا ئەو کارە دەکرێت ، لە ڕاستیدا
ئەو بەندە تەنها بۆ زیادکردنی بەندەکانە دەنا بەبێ زیادکردنی ئەو
بەندەش ئەو دەستەیە هەر دادەمەزرا.
بەندی چوارەم باس لە دەروازەی سنوور دەکات و پێویستە ڕادەستی ئەنجومەنی
شارەکە بکرێت . ئەم خاڵەش ١٠٠٪ لە بەرژەوەندی کوردان و
پەیەدەدایە ، چونکە هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانەکانی سوریادا ئەو دەروازە
سنوورییە لەلایەن تورکیاوە داخرا ، پاشان دەروازەکە ڕادەستی ئارتەشی (ئازاد)ی
سوریا کرا و تەواوی چەتەکانی ئارتەشی (ئازاد) لەو دەروازەیەوە هێرشیان
دەکردە سەر شاری سەرێکانی ، ڕادەستکردنی دەروازەکە بە ئەنجومەنی شار
هۆکارێک دەبێت بۆ کردنەوەی دەروازەکە لە لایەن تورکیاوە ، ئەو کات هەم
داهاتی دەروازەکە دەگەڕێتەوە بۆ گەل و هەم چەتەکانی ئارتەشی (ئازاد)ی
سوریاش لەو دەروازەیە دوور دەکەونەوە . بە حوکمی ئەوەی دەروازەکە لەسەر
سنوورە ئەوا هیچ کاتێک یەکینەکانی پاراستنی گەل نەیاندەتوانی دەستی
بەسەردا بگرن ، دەنا ئەگەر وا نەبوایە ئەوا چۆن ئارتەشی (ئازاد) لە
تەواوی شاری سەرێکانی دەرکران دەتوانرا لەو دەروازەیەش دەربکرێن.
بەندی شەشەم باس لە بازگەی هاوبەش "خاڵی کۆنترۆڵی هاوبەش" دەکات . ئەم
بەندە زۆر ئاڵۆزە (واتە هەم لایەنی باشە و هەم لایەنی خراپی تێدا بەدی
دەکرێت) . ئەگەر ئەم بەندە جێبەجێ بکرێت ئەوا:
لایەنە خراپەکانی ئەوەیە کە :- دوو هێزی جیاواز بە دوو ئایدۆلۆژیای
جیاواز و دوو مەرامی جیاوازەوە مەحاڵە تا سەر بتوانن پێکەوە لە بازگە
هاوبەشەکاندا هەڵبکەن ، لە هەمان کاتدا ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا هیچ
پێگەیەکی ئەوتۆی نییە لە نێو شارەکەدا و زۆربەی چەکدارەکانی لەو کەسە
جیهادیانە پێکهاتوون کە غەیرە سورین و لە وڵاتانی دیکەوە هێنراون .
ئایا لە کاتێکی وەهادا چ جۆرە کەسانێک لەلایەن ئارتەشی ئازادەوە
دەستنیشان دەکرێن بۆ زاڵگە هاوبەشەکان ؟ بێگومان کەسانی بێگانە و غەیرە
سوری بۆ ئەو جێگانە نابن . هەروەها لە دیدی ئیخوانالموسلمینەوە نابێت
ئافرەتان لە دەرگای ماڵەکانیان بێنە دەرەوە ، ئەوە لە کاتێکدایە کە
ڕێژەیەکی بەرچاو لە یەکینەکانی پاراستنی گەل لە ئافرەتان پێکهاتوون و
ئاسایشی شارەکە دەپارێزن.
لایەنە باشەکانی ئەم بەندەش ئەوەیە کە :- شارەکانی( کۆبانی و عەفرین و
تەلحاسڵ و تەلعەران و کوردەکانی حەلەب) ڕزگاریان دەبێت لەو گەمارۆ
دڕندانەیەی کە لە لایەن ئارتەشی (ئازاد)ی سوریاوە بەسەریاندا سەپێنراوە
، چونکە جوگرافیای ڕۆژئاوای کوردستان یەکگرتوو نیە بەڵکو خاکەکەی لێک
دابڕاوە و لە نێوان هەر شارێک و شارێکی دیکەدا ناوچەیەکی بەرفراوانی
عەرەبی هەیە و تەواوی ئەو ناوچە عەرەبنشینانەش بە دەست ئارتەشی (ئازاد)ی
سوریاوەیە . ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا لەگەڵ ئەوەی گەمارۆی دەخستە سەر
ئەو شارانە لە هەمان کاتدا زۆربەی کاتەکان ڕێگەی هاتوچۆیان لە کەسە
سڤیلەکانیش دەگرت ، باشترین نموونەش لە کاتی شەڕەکانی "ئەشرەفیەی حەلەب
و سەرێکانی"دا بەدەرکەوت ، کاتێک ئارتەشی ئازاد لەو شەڕانەدا تێکشکا لە
بەرامبەردا ڕێگەی هاتوچۆی نێوان (حەلەب - عفرین) و (کۆبانێ -
سەرێکانی)یان لە ڕێبواران بڕی و بە سەدان کرێکار و ژن و منداڵی کوردیان
بە بارمتە گرت.
بەندی هەشتەم باس لە هاوکاری نێوان یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە" و
ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا دەکات بۆ ئازادکردنی ئەو شارانەی دیکەی
جزیرە"پارێزگای حەسەکە" کە هێشتا لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمدان . ئەم بەندە
هیچ سودێکی بۆ کوردان نییە ، چونکە گەورەترین دوو شاری ناوچەی جزیرە
واتە(حەسەکە و قامشلۆ) هێشتا ئازاد نەکراون . هاتنی ئیخوانالموسلمین و
ئارتەشە بەناو ئازادەکەیان بۆ ئەو دوو شارە گەورەترین قەیران ساز دەکات
، چونکە ئارتەشی ئازاد ڕووی لە هەر جێیەک کردبێت ئەو جێیەی لە خوێن
هەڵکێشاوە و شوێنەکەشی دووچاری وێرانی کردووە . ئەگەر ئیخوانالموسلمین
و ئارتەشە بەناو ئازادەکەیان بەم کردەوە قێزەونانەوە ڕوو لەو دوو شارە
کوردیە بکەن دەبێت چ کارەساتێک ڕووبدات لە کاتێکدا وەکو سەرسەختترین
دوژمن لە کوردان دەڕوانن؟
ماڵپهڕی جهلال
محهمهد
|