په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٧\٢٠١٨

رەنگدانەوەی شاری رواندز لە رۆمانی ''قامچی''دا.


سەدیق سەعید     


زۆر جار لە میانەی دەقێکی رۆماندا، پلوتی ڕۆمانەکەو کارەکتەر و شوێن و ئاماژەکان واقعین و بەشێکن لەبیۆگرافیای تایبەتییانەی ژیانی ڕۆماننووس لەوژینگەیەی تیایدا ژیاوە.ھێندێک جاریش ئەو شوناسانە،بەرھەمی بیر و فەنتازیاو ئەندێشەسازیی ڕۆماننووسن و ڕەنگە لەزەمینەی واقیع بوونیان نەبێت.بەڵکو دروستکراوی خەیاڵی نووسەرن. ئەوەی لێرەدا بۆخوێنەرگرنگە، چێژومانایە لەخوێنەوەی دەقەکە.بەدەرلەوەی ڕووداوەکان لەکوێوە سەریان گرتووە. گەرچی بە شێوەیەکی گشتی،ھەمیشە بۆخوێنەر ئەو ڕۆمانانەی ڕەنگدانەوەی دنیای واقیع و ژیانی تایبەتی نووسەرەکەیەتی، پتردەبنە جێی ڕامان و خوێندنەوە و چێژلێبینین.بەوپێیەی دەمانگێڕێتەوە زەمەنێک کەبووە بەبەشێک لەڕابردوو. ئێستا لەڕێی نووسین و گێڕانەوەکانی نووسەرەوە پێیان ئاشنا دەبینەوە.

ڕۆمانی(قامچی)* لەو جۆرە ڕۆمانانەیە، کە تێکەڵیەکە لەنێوان فەنتازیا و واقیع. بەشێک لەڕووداوەکانی دەشێ واقعی بن. ئەگەرخوێنەوەی ئەوڕۆمانە بۆخوێنەرانێک ھەرتەنھا چێژو مانایەکی ھەبێت، ئەوا بۆمن وەک ھاوشارییەکی (کاروان عەبدوڵا)ی نووسەری ڕۆمانەکە، چێژو مانایەکی زۆرتری ھەیە. چێژەتایبەتییەکەی لەوەدایە کەدەزانم ڕۆماننووس لەگێڕانەوەی ئەو ڕۆژانەی ڕابردوو، باسی (کێ-کام جێگەو شوێن- کام قوتابخانە و شەقام- ماڵ دەکات). یاخود باسی چ زەمەنێک دەکات. مانا جیاوازەکەشی لەوەدایە کە وەک ڕواندزییەک ئاشنای بەشێکی مێژووی پەروەردەیی شارەکەم و ئەوزەبر و زەنگە دەبم کەبە درێژایی مێژووی قوتابخانە وخوێندن لای ئێمە، وەک ڕێگەچارەیەک بۆ فێربوون، بوونی ھەیە. ڕۆمانی قامچی گێڕانەوەی ڕۆژانی منداڵی و قوتابخانەیی منداڵێکە( کە ڕەنگە نووسەر خۆی بێت) کەلەگەڵ بەشێک لەمنداڵەکانی دیکەی شارەکەی دەچنە قوتابخانە. ئیدی ھەموو ئەو ستەم و لێدانانە دەبینن بەدەست بەڕێوەبەر و مامۆستاکانیان، لەماڵەوەش بەدەست باوک و براگەورەکەی. ڕووداوەکانی ئەوڕۆمانە، لەسیانەی شوێنێکدا کە ئەویش (شاری ڕواندزو ماڵی کارەکتەرەکەو قوتابخانەیەک)ە خۆی دەبینێتەوە. گەرچی بەدرێژایی ڕۆمانەکە ڕۆماننووس ناوی قوتابخانەکە نابات. بەڵام بۆمنێکی ھاوشاری ڕۆماننووس، ناسینەوەی ئەو قوتابخانەیە لەپەراوێزی وەسف و ئەو ئاماژە ژینگەییانەی ڕۆماننووس باس کردوون، ئەستەم نییە. کەئەویش قوتابخانەی(موژدەی بنەڕەتی)یە. ئەو قوتابخانەیە، لەسەردەمی مەلیک فەیسەڵی دووەم دروست کراوە. ئەو قوتابخانەیە دەکەوێتە سەر شەقامی سەرەکی ناوبازاڕی ڕواندزو چەند ھەنگاوێکی کورت و کەم لە(خەرەند)ەوە دوورە.کەدۆڵێکی قوڵەو کەوتۆتە بەشی ڕۆژھەڵاتی شاری ڕواندز و لەکاولۆکانەوە دەست پێدەکات و لە دامێنی(سپیلک) ودەروازەی سەیرانگای(بێرۆ)ەوە کۆتایی دێت. بەشی زۆری گێڕانەوەی ڕووداوەکان لەوقوتابخانەیەن. سەرمەد کەکارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەیە، ماڵی لەنزیک قوتابخانەکەیە و بەکۆڵانێکی ھەرواز،چەندسەدمەترێک لەقوتابخانەکەی دوورە. شایەنی ئاماژە کردنە ئەوشوێنە ھەمان گەڕەک و ماڵی ڕاستەقینەی بنەماڵەی نووسەری ڕۆمانەکەیە.سەرمەد ڕۆژانە دەچێتە قوتابخانە. لەلایەکەوە دەکەوێتە ژێر ڕەحمەتی دارحەیزەرانەکانی بەڕێوەبەرو مامۆستاکانی،لەلایەکیشەوە شەڕپێ فڕۆشتنەکانی قوتابییەکانی تر و عەزەگڕوو سەبۆ. ئەمە وێرای قامچییە ھەڵواسراوەکەی باوکی لە ماڵەوە کەھەمیشە بۆ ھەرھەڵەیەکی سەرمەد لەقوتابخانە و نێو منداڵەکانیش، سازو ئامادەیە.

ڕۆماننووس توندوتیژی وەک بەشێک لە پرۆسەی پەروەردەو فێرکردنی ئێمە، ھەرتەنھا نابەستێتەوە بە قوتابخانە،بەڵکو ماڵ و کۆمەڵگەش لێی بەرپرسیارن. وەک دەبینین،سەرمەدی پاڵەوانی ڕۆمانەکە ھەرتەنھا ڕووبەڕووی توندوتیژییەکانی قوتابخانە نابێتەوە. باوکیشی بەھەمان شێوە ئازاری دەدات. ئەو ئازاردانە لە پەراێزی بەناو فێربوونەوە بۆتە ھۆی تۆراندن و تۆقاندنی ھەزاران قوتابی لەقوتابخانە. کەدەشێ سەبۆی ھاوڕێی سەرمەدی پاڵەوانی ڕۆمانەکە، یەکێک بێت لەوان. ئەویش دوای ئەوەی واز لەقوتابخانە دێنێت، ئیدی تەنیایی و مەراق شێتی دەکەن و دواجارشێت دەبێت و بەسەبۆشێت دەناسرێت. ئەوسەبۆیەی وەک سەرمەد وتەنی، چەندمانگێک لەمەوبەرمرۆڤێکی ئاسایی بوو.بەڵام دواجارشێت دەبێت.

لەپەراوێزی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکەوە، عشقی نێوان ڕەیحانەو سەرمەد بوونی ھەیە. کە دوو قوتابی ھاوپۆلی یەکترین. چیرۆِکی ئەم عشقە لەسەرەتای منداڵییەکی زووەوە دەست پێدەکات و وەک ھێڵێکی درامی لەڕۆمانەکەدا درێژ دەبێتەوە تاکۆتایی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە. ڕۆماننووس لەگێڕانەوەی عەشقی نێوان ڕەیحانەو سەرمەد بەردەوام دەبێت، تا سەرەنجام عەزە گڕوی کوڕی ئاغا،تەماحی دەچێتە ڕێحانە کەتاقانەی باوک و دایکییەتی و ھەردووکیشیان پیر و پەککەوتە و بەساڵاچوون.

ئەوەی ئێمە مەبەستمانە ئاماژەی پێ بدەین لەو ڕۆمانە،پێگە و ڕەنگدانەوەی شاری ڕواندزەلەپەراوێزی گێڕانەوەی ڕووداوەکاندا. بێگومان ھەموومان دەزانین کەڕۆماننووس خەڵکی شاری ڕواندزە و ڕووداوەکانی ئەو ڕۆمانەش لەژینگەی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی شاری ڕواندز سەریانھەڵداوە.گەرچی بەدرێژایی ڕۆمانەکە،نووسەر بەئاشکرا ناوی بەشێک لەجێگە و شوێن و ژینگەی شاری ڕواندز دەھێنێت.ھەندێکیشییان تەنھا ئاماژەیەکی ناراستەوخۆی پێداون. بەڵام بۆ منی خوێنەر ناسینەوەی ئەو شوێنانە ئاسان بوون. تەنھا لە ڕێگەی وەسف و گێڕانەوە و ئاماژەکردن، ئیدی دەمزانی ڕۆماننووس مەبەستی کام جێگەو شوێنە. لەوڕوانگەیەشەوە ئێمە لەم وتارەدا ھەوڵدەدەین پێگەو ڕەنگدانەوەی ڕواندز لەڕۆمانی قامچی لەسەر ئاستەکانی(زمان_ شوێن_ کارەکتەرو کەسایەتییەکان_ زەمەنی ڕووداوەکان) باس بکەین. چونکە بەشێکی ھەرەزۆری ڕووداوەکان پەیوەندییان بەوشارەوە ھەیە. لێرەوەش بەجیا پێگەو ئاستی ئەو شوێن و کەسایەتییانە دیاردەکەین. ئەوانیش:

یەکەم: شێوەزاری ڕواندزییان لە ڕۆمانەکە.

ئەگەرچی بەشێوەیەکی گشتی کاروان عەبدوڵای نووسەر، ئەو ڕۆمانەی بەشێوەزاری ڕواندزییان نەنووسیوە، کەشێوەزارێکی تایبەتە ولەڕێگەی بەشێک لەئاماژەکانی گۆکردن دەناسرێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، لەچەندین جێگەی ڕۆمانەکە ئەو وشەو دەستەواژە و دەربڕینانەمان دەکەوێتە بەرچاوکەلەشێوەزاری ڕواندزییان بەکاردێن. ھەندێکییان تایبەتن بەو شێوەزارە و ھەندێکی تریشیان گشتین. بەڵام لەژینگەی کۆمەڵایەتی و زمانەوانی شاری ڕواندز بەکاردێن. بۆنموونە وشەکانی:_(بۆرەخزمایەتی_عاسێ_شەپڵەقوڕ_شۆڕبینەوە_دارکاریی - فزەت لێوەنەیێ - وێکی ھیناوە - ھێشتان - کاریتە - تەپۆ - لاق - حیتەحیت - تۆبەگوم خوارد - عاستەم - دەرپەڕی - کێوە - پۆرگ - شولکەدار - بڕمیز - باوەشەدار - خۆم لە گێلیدا -  کەرەنەکەی -  خۆی عەدم کردووە - پڕیاندامێ - قیت - چاوی چووە پشتی سەری - وەکی دی - مست - چیڕەوھاوار - دختۆر -  کۆلکەدار - شاپ - غاردان - دەبەرتەکەم - ڕکڕاچوون - ئەدیکو - زەفەر - کن - تێم تەقاند - مەترەق - شلوخاو - قومپانی - ڕەپێش بکا - بوختان - تخووب واتە سنوور - ڕمبە - غەرە واتە دیوار - تخون واتە نزیک بوونەوە - ھەنیشک - ڕاقەنی واتە داڕما -  بێعار واتە شەیتان -  گوریس واتە پەتک)ئەمانە بەشێک بوون لەم وشانەی بەزۆری لەشاری ڕواندز بەکاردێن و ئێستاش لەگۆکردن و نووسین پەیڕەو دەکرێن. لە بەر درێژنەبوونەوەی بابەتەکەشمان، ماناو ھاوواتای وشەکانمان نەنووسیوەو تەنھا ئاماژەمان پێکردوون.

دووەم: کەسایەتی و کارەکتەرەکان لە ڕۆمانەکە.

خوێنەر بەدرێژایی خوێنەوەی ڕۆمانی قامچی، گوێبیستی ناوی چەندین کەسایەتی  و کارەکتەر دەبێت. کەبەشێکییان کەسایەتی ڕاستە قینەبوونەو بەھەمان ناوو پیشە ناسراون لە ڕواندز. بەشێکیشیان ڕەنگە بەرھەمی خەیاڵی نووسەر خۆی بن.وەلێ بڕوام وایە ئەمانیش کارەکتەری ڕاستەقینە بوونە. بەڵام ڕۆماننووس لە ڕۆمانەکەیدا بەناووپیشەی تردەیاناسێنێت.ئەوکارەکتەرانە بەشێکییان تا ئەم ساڵانەی دواتریش لەژیاندا مابوون. واتە ھەمان ئەو کەسانەن کە ڕۆماننووس لە ڕۆمانەکەیدا ناوی ھێناون.لێرەدا ئاماژەیان پێدەدەین:

* برایمە گۆج/ یەکێک بوو لە کەسایەتییە ناسراوەکانی شاری ڕواندز و پیاوێکی قسەخۆش و لوتف شیرین بوو. ئەوچونکە پەککەوتەبوو واتە قاچەکانی کاریان ناکرد، بۆیە لە سەردەستەکانی دەڕۆیشت.بە شکۆی کەسییانەی خۆی دەژیاودوکانی ھەبوو.بەو ڕێگەیەشەوە خێزانێکی گەورەی پێگەیاند. کە وەک خۆی لەچەندین کچ و کوڕی پەککەوتە پێکھاتوون و ئێستا لە ڕواندز دائەنیشن. برایمەگۆچ لە ١٤-٩-١٩٩٢کۆچی دوایی کرد. شایەنی ئاماژەکردنە ناوبراو مامی دکتۆر(عبدوڵاحسین ڕواندزی)یە کە مامۆستای زمانە لەزانکۆی سەلاحەددین.
* قاسمە قول/ یەکێکی دیکە بووە لە کەسایەتییەکانی شاری ڕواندزو دوکانی وردەواڵەی ھەبووە. ئەم پیاوە چواروەرزی ساڵ بە جلی زستانە دەبینراو جلی زۆری لەبەر دەکرد.
* خەلیفە حوسێن/ یەکێکی دیکە بووە لە کەسایەتییەکانی ڕواندز کە بە تایبەتمەندی پۆشینی جل و بەرگ و قسە کردن دەناسرایەوە. زۆرجارداوایان لێدەکرد دوعایان بۆ بکات. تەنانەت ئەگەر ھەڵە نەبم دەڵێن شیرو جەرگەشی لە خۆی دەدا.
* ئاغاو عەزە گرووی کوڕی/ لە شاری ڕواندزلەو سەردەمەدا ئاغا ھەبووە. بەڵام مەرج نییە نووسەر مەبەستی ھەمان ئەو ئاغایە بێت.لەوانەشە مەبەستی ئەو بێت.
* فەقێ شێت/ یەکێک بوو لە شێتەکانی شاری ڕواندز. زۆر کەمدوو بوو.بەردەوام حەزی لە جگەرەو خەوتن بوو لەبەردەم دوکانی کاسبکارانی شار. ناوبراو لەساڵی٢٠٠٧کۆچی دوایی کرد.
* عەبدوڵا شێت/ یەکێکی دیکە بوو لە شێتەکانی شاری ڕواندز. ئەو لە شێتە ترسناکەکان بوو.لە زۆبەی کاتیش خۆی ڕووت دەکردەوە.بەردەوام دەیگووت(لێیدە ڕوسی قارەمان) کەمەبەستی لێدان بوولە سەددام و بەعس. ئەو لە مانگی شوباتی ١٩٩١بەرلە مانگێگ لە ڕاپەڕین کۆچی دوایی کرد.لەماڵێک دەژیا لە نزیک مەزاری شێخ عەبدولعەزیز.
* بەگ و پۆلیس/لەڕۆمانەکەدا چەند کەسایەتییەک لە شێوەی بەگ و پۆلیس باسیان دەکرێت.لە بنەماڵەی نووسەری ڕۆمانەکەشدا، چەند کەسێک لە بنەماڵەکەی پۆلیس بوون. ئێستا بنەماڵەی ڕۆماننووس بەبەگ دەناسرێن لە ڕواندز.
* سەبۆ و سەرمەد/دووکارەکتەر و دووھاوڕێی نزیکی یەکتری بوون لە قوتابخانە.
* رەیحانە/خۆشەویستی سەرمەدی پاڵەوانی ڕۆمانەکەو ھاوڕێی قوتابخانەیەتی.

سێیەم: ژینگەو شوێنی ڕواندز لە ڕۆمانەکەدا.

بەدرێژایی خوێندنەوەی ڕۆمانی قامچی خوێنەر بەرچەندان شوێنی گشتی و تایبەتی،کراوەو داخراو دەکەوێت. کە ھەمووشیان پەیوەستن بەجوگرافیای شاری ڕواندز. ئەگەرچی ڕۆماننووس لەناوھێنانی بە شێک لەشوێنەکان، شوناسی ڕاستەقینەی ئەو شوێنانە وەکو خۆی ئاماژە پێدەدات.بەڵام لە ھەندێکی تریان تەنھا ئاماژە بە شوێنەکە دەکات و بە نادیاری دەیانھێڵێتەوە. بەڵام بۆ منی خوێنەر و ڕواندزیش، ناسینەوەی ئەو شوێنانە ئەستەم نەبوو. لێرەوەش ئاماژە بەو شوێنانە دەکەین.

* بەدرێژایی ڕۆمانەکە،باس لە ماڵی کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە واتە(سەرمەد)دەکرێت. کە لە نێو بازاردایەوبەکۆڵانێک سەر ھەروازدەچیت. دیارە ئەو شوێنەو ئەو کۆڵانەش،ھەرماون. شایەنی ئاماژە کردنە ماڵی باوکی نووسەری ڕۆمانەکەش(پێشتر لە ھەمان ئەو شوێنەبووە.
* لە ڕۆمانەکەدا، قوتابخانەیەک وەک شوێن دەبینین. وەلێ نووسەر ناوی قوتابخانەکەی نەنووسیوە. بەڵام ئەو قوتابخانەیە ئێستاش ماوەوخوێندنی تێدا بەردەوامەو ناوی قوتابخانەی(موژدە)یەو دەکەوێتە ھەمان ئەو شوێنەی لە ڕۆمانەکەدا دیاریکراوە.واتە نزیک ماڵی سەرمەد.
* مزگەوتی باویل ئاغا/دەکەوێتە کۆتایی شەقامی گشتی ناوبازاڕی ڕواندزو دوای فراوانکردنی ئەو شەقامە،مزگەوتەکە لابرا. ئێستا مزگەوتێکی دیکە، بە دیزایینێکی نوێوە لە ھەمان شوێن دروست کراوەتەوە.
* خەرەند/ مەبەست ئەو دۆڵە قوڵەیە کە دەکەوێتە بەشی ڕۆژھەڵاتی شاری ڕواندز و شوێنێکی جوان و سەرنج ڕاکێش و ھاوکات ناسراوو بە ترسیشە.
* ھەندرێن/مەبەست لە شاخی ھەندرێنە کە دەکەوێتە رۆژھەڵاتی ڕواندزو بەسەرخەرەند دەڕوانێت. ئەم چیایە ٢١٢٥م لە ئاستی دەریا بەرزەو ناوەکەشی لەوەوە ھاتوو(ھەند - ڕێن)واتە ڕێگاو پێچاو پێچی زۆرە.
* شێخی سەران/ مەبەست پیری کۆسەی (سەران)ە.ناوی(عەبدولسەمەدئیبراھیم محمودئیراھیم)ەو خەڵکی گوندی(سەران)ی دۆڵی ئاکۆیانە. لە ساڵی ١٩١٧کۆچی دوایی کردووە. شێخێکی یەکجار خواناس و پاک و بە دین بووە. ئێستاش بۆ دوعاو نزا و کاتی تەنگانە، لە بەری دەپاڕێنەوە. گۆڕەکەی کەوتۆتە ھەمان گوند.
* بەرباخچان/یەکێکە لە شەقامە کۆنەکانی شاری ڕواندز و کەوتۆتەگەڕەکی بەرباخچان و لەناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا دروست کراوە.
* مەرقەدی عەبدولعەزیز/ ئەمیش یەکێکە لە پیاو چاک و خواناسەکان.ئارامگەی کەوتۆتە گەڕەکی گەردەگەرد. بۆ نزاوگیربوونی پاڕانەوەژنان ڕووی تێدەکەن. ئێستاش کاتێ لەماڵی ئێمە منداڵێکی خوشک و براکانم گەشکە دەیگرێ، کەسێک نەخۆش دەکەوێت، ناڕەحەتی و خەمێک ڕوومان تێدەکات، دایکم چنگێکی بچووک لەگڵی سەرگۆڕەکەی عەبدولعەزیز دەخاتە ناوجامێک ئاوەوە دەمانداتێ. ئێستاش زۆرجار لە کاتی نەخۆشی بەمنی دەدات  و منیش لەبەر پێگەی پیرۆزی ئەو شێخە لای دایکم و سۆزو میھرەبانی دڵە گەورەکەی ئەو بۆمن، سێودووی لێ ناکەم و دەیخۆمەوە.
* گۆڕەپانی شارەکەم/ مەبەست لە گۆڕەپانی گەورەی یاری تۆپی پێی ناوشاری ڕواندزە،کە ئێستاش ماوەو پێی دەترێت(گەردە گەرد)چونکە کەوتۆتە ئەو گەڕەکەوە. شوێنی ئەو گەڕەکەش چونکە(گردگرد)بووە،ئیدی پێیان وتووە(گردگرد)ودواتریش بە پێی گۆڕانکاری زمانەوانی بۆتە(گەردە گەرد).

چوارەم: کات و زەمەن لە ڕۆمانەکەدا.

گەرچی بە درێژایی ڕۆمانی قامچی، ڕۆماننووس ھیچ ئاماژەیەکی بە زەمەنی ئەو ڕووداوانە لە ڕووی مێژوو،بەروارەوە نەکردووە. واتە زەمەن تەنھا زەمەنی فلاشباک و فیزیکییە نەک مێژوویی. واتە کرنۆلۆژیای ڕووداوەکان بەشێوەی بەدوای یەکداھاتن نابینرێن. بەڵام بۆخوێنەرێکی وەک من، کەھاوشاری ڕۆماننووسم، گەیشتمە ئەو دەرەنجامەی کە زەمەنی نێوڕۆمانەکەلە نێوان ساڵانی نیوەی دووەمی پەنجاکان دەست پێدەکات و درێژدەبێتەوە تا نزیکەی کۆتایی ھەفتاکان. ئەمە بە پێی ڕوانین و ھەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی خۆم بۆ ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە. ئیدی نازانم زەمەنەکە ھەر ئەو زەمەنەیە، یاخود جیاوازتر؟ لە کۆتاییدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم، کەخوێنەر کاتێ ناونیشانی(قامچی) دەکەوێتە بەرچاو، ڕەنگە بیری تەنھا بۆ ئەوە بچێت کە ئەم ڕۆمانە تەژییە لە ڕق و توڕەیی و ستەمکردن. چونکە باسی قامچیمان بۆ دەکات. بەڵام بە پێچەوانەوە، لە پاڵ ئەم وێنانەش، وێنەی دیکەی جوان لە ڕۆمانەکەدا دەکەونە بەرچاو.
__________________________________________________
پەراوێز: ناوی ڕۆمان( قامچی). نووسینی(کاروان عەبدوڵا). سالی چاپ ٢٠١١.

 

 

sadiqrwandze@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک