رێپێوان و
خۆپێشاندانیش پێویستییان بە هۆشییاریی هەیە!

ستار محەمەد قادر
مرۆڤ کاتێک رووپەڕی رۆژنامەکان دەخوێنێتەوە، یان گوێی لە راو سەرنجی
کۆمەڵانی خەڵک دەبێت لە رادیۆکانەوە، دەڵێت یارەبی خودایە تۆزێک رەحم
بخەیتە نێو دڵی ئەو خەڵکەوە، چونکە وەکو دەڵێن بە پێی قسەکانیان بێت
تاسەکە پڕ بووەو لێی دەڕشێت!
کاتێکیش لە هەڵوێستییان دەنواڕیت، دەکەویتە گوومانەوە و دەڵێی هەرگیز
ئەمە ئەوان نین کە شەو و رۆژ دەمیان بە گلەییەو ناخیان لە حاڵەتی
تەقینەوەدایە!
لەم رۆژانەدا لە شاری سلێمانی خۆپێشاندان ئەنجام درا لە پێناو دوو مافی
سرووشتی و سەرەکی ژیان، ئەویش ئاو و کارەبایە، لێ دەکرێت پرسیاری ئەوە
بکەین ئایا تا ئێستا خۆپێشاندان لە نێو ئێمەدا تەوزیف بووە؟ یان لە
ماهییەتی خۆپێشاندان گەیشتووین؟
من لێرەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم لە پشت هەر دەسەڵاتێکی جووانەوە میللەتێکی
زۆر لەو جوانتر هەیە، وە لە پشت هەر دەسەلاتێکی قێزەونەوە میلەەتێکی
زۆر لەو قێزەون تر بوونی هەیە! بۆیە ئەگەر دەسەڵات هەر کەم و کوڕییەکی
هەبێت، ئەوا گوزارشت لە ئاستی نا هۆشیاریی و نەفامی ئەو میللەتە دەکات،
دەنا میللەتانی هۆشیار ناتوانن چاو پۆشی لە ئاست داواکارییەکانی
خۆیاندا بکەن و خەریکی پەنجە نەرم کردن بن لە گەڵ لایەنە بەرپرسە
ئیداریی و حکومییەکانیاندا، چونکە ئەوان پەروەردەی سیستەمێکن کە ناوی
دیمۆکراسییەو حکومەت بە راستی لە خزمەتی گەلدایە و خزمەتکارییانە، نەک
بە پێچەوانەوە، ئەمڕۆ ئەگەر کۆمەڵانی خەڵک بیانەوێت لە رێی خۆپێشاندانی
شارستانییانەوە بە مافەکانیان شاد ببن، ئەوا دەبێت ئەوەیان لە بەر چاو
بێت، خاوەنی دەسەڵاتێکی شارستانیانەش بن، ئەگەر وا نەبێت ئەوا تووشی
ئیزدواجییەت و بانێک و چەند هەوایەک دەبین!
بۆیە بەرای من تا ئێمە لە چییەتی دیمۆکراسیی نەگەین، مەحاڵە لە
تووناماندا بێت داکۆکی لە بچووکترین مافەکانی خۆمان بکەین، ئەوەی تا
ئەم ساتە وەختە لە کوردستاندا دەبینرێت، تەنها پەنجە نەرم کردنە لە گەڵ
رووداوەکاندا، هەر خۆپێشاندان و رێپێوانێکیش ئەنجام بدرێت، هیچ
دەرەنجامێکی لێ ناکەوێتەوە، تەنها ئەوە بۆ هەموو جیهان دەسەلمێنین لە
سەردەمی شۆڕشی تەکنۆلۆژیدا و لە ژێر باڵی تاریکیی و تینوێتیدا،
چاوەنواڕی رەحمەتی خوداین تا رەحم بخاتە نێو دڵی دەسەڵاتدارانەوە تا
دڵیان چاک بێ و بەزەییان پێماندا بێتەوە و وەکو مرۆڤ لێمان بنواڕن، وا
بزانم ئەم داواکارییەیش هیچ پێویستی بە خۆ پێشاندان و سەر ئێشەو بگرەو
بەردە نییە، بەڵکو تەنها ئەوە نەبێت کە هەر یەکەمان نەزرێک بکەین و
ئاژەڵیک سەرببڕین و لە خودا بپاڕێینەوە تا دڵی گەورە پیاوانی ئەم وڵاتە
لە ئاستی ئەم میللەتە هەژارو نا هۆشییارەدا فراوان بکات، چونکە لە
راستیدا هەر ئەوانن لە بارتەقایاندایە تەحەمولی ئەو داواکارییە نا
بەجێیانەی ئێمە بگرن و پێشەنگیمان قبووڵ بکەن!!!!!!!!!!!!
stsr_qadr@yahoo.com
|