ره‌شه‌بای برسییه‌تی له‌کوێوه هه‌لده‌کات ؟
هه‌ورامان عه‌لی
ئه‌م ساڵ جیهان ڕوبه‌ڕوی قه‌یرانێکی گه‌وره‌ی برسیه‌تی بووه‌ته‌وه . به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رسوڕهێنه‌ر نرخی خۆراکه بنه‌ڕه‌تییه‌کان به‌رز بووه‌ته‌وه، ئه‌م هه‌لومه‌رجه به شێوه‌یه‌ك ترسناکه ، که زۆرێك له رێکخراوه نێوده‌وله‌تیه‌کان هۆشدارییان دا ، گه‌ر مرۆڤایه‌تی به زوویی وه‌لامی بنه‌ڕه‌تی ئه‌م کێشه‌یه نه‌داته‌وه ، ئاسایش و ئارامی کۆمه‌لایه‌تی زۆرێك له کۆمه‌لگه‌کان له هه‌ر چوارلای زه‌ویدا له مه‌ترسی جدی دان!. ئاکامه ده‌ستبه‌جێکانی شه‌پۆلی گرانی ئه‌م جاره ، په‌یوه‌ستکردنی 100 ملیۆن مرۆڤی تره به ڕیزی هه‌ژارانێکه‌وه که ژماره‌یان 854 ملیۆن که‌سه و له ئه‌وپه‌ری هه‌ژاری ده‌ژین ، به‌رده‌وامی ئه‌م هه‌لومه‌رجه بۆ چه‌ند مانگێکی تر زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌م مرۆڤانه له‌گه‌ل مه‌رگ به‌ره‌وروو ده‌کاته‌وه 1. به‌پێی راپۆرته‌کانی رێکخراوی جیهانی خۆراك 37 وڵاتی جیهان پێویستیان به کۆمه‌کی به په‌له‌ی خۆراکه و دانیشتوانه‌کانیان توشی که‌م خۆراکی به کۆمه‌ل هاتوون. گومانی تێدا نیه قه‌یرانه قوڵه ئابوریه‌کان ، دیارده‌یه‌کی هه‌میشه‌یی ڕژێمی سه‌رمایه‌داری هاوچه‌رخن. ئه‌م قه‌یرانانه به درێژایی ته‌مه‌نی سه‌رمایه‌داری به‌رده‌وام بوون و هه‌ر جاره‌ی به‌شێوازێك و له گۆشه‌یه‌کی گۆی زه‌ویدا ده‌رده‌که‌ون. له بنه‌ره‌تدا ئه‌م قه‌یرانانه په‌یوه‌ندییان به ناکۆکیه پایه‌یی و میکانیزم و یاساکانی بازاره‌وه هه‌یه. ئه‌وه‌ی قه‌یرانی ئه‌م جاره له‌وانه‌ی پێش خۆی جیاده‌کاته‌وه، جیهانگیرییه؛ جیهانگیری وه‌ك دواین قۆناغی گه‌شه‌کردنی سه‌رمایه‌داری ، ئابوری جیهانی به‌شێوه‌یه‌کی توندوتۆڵ به یه‌که‌وه هه‌لپێکراوه، که هه‌رجۆره کێشه و قه‌یرانێك له هه‌ر گۆشه و که نارێکی دنیادا ڕوبدات، له ماوه‌یه‌کی که‌مدا کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئابوری باقی به‌شه‌کانی تری جیهان داده‌نێت.
ئه‌وه جیهانگیرییه واده‌کات له‌گه‌ل به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت و دابه‌زینی نرخی دۆلار له بۆرسه‌کانی نیۆیۆرك و تۆکیۆدا جوتیار و خه‌ڵکی ئاسایی له دێهاته دووره ده‌سته‌کانی میسر، هایتییه‌وه بگره تا تاجیکستان...و ...هتد بۆ په‌یداکردنی چه‌ند پارچه نان ناچارن له ریزی دوور و درێژدا بوه‌ستن و زۆر جاریش بۆ به‌ده‌ستهێنانی ناچارن به‌ربنه گیانی یه‌کتری! له راستیدا ده‌مێکه ئه‌و سه‌رده‌مه به‌سه‌رچووه که هه‌ر ولاته‌و پێشکه‌وتن یان دواکه‌وتویی خۆی ته‌نیا له ئه‌ستۆی خۆی بێت . سه‌ره‌رای هاتوهاواری هێز و بزووتنه‌وه ناسیونالیست و بزووتنه‌وه سه‌ربه‌خۆیخوازه‌کانی "جیهانی سێ" ، سه‌ره‌ڕای هاتوهاواری ئاینی و مه‌زهه‌بیه‌کان بۆ پاراستنی که‌لتورو به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تیه ناوخۆیه‌کان ، جیهان تادێت روه‌و یه‌کێتی و یه‌ککبوون هه‌نگاوده‌نێت ، بمانه‌وێت یان نا سنوور و دیواره دروستکراوه نه‌ته‌وه‌یی، ره‌گه‌زی ، میللی ، ئاینی و مه‌زهه‌بییه‌کانی نێوان مرۆڤه‌کان تادێت کالتر و کاڵتر ده‌بنه‌وه و چاره‌نووسمان له یه‌کتر نزیكتر ده‌بێته‌وه . کۆمه‌لگه‌ی مرۆڤایه‌تی تادێت له نێوان دوو جه‌مسه‌ری ( سه‌رووی) ده‌وله‌مه‌ند و (خوارووی) هه‌ژار چه‌ق ده به‌ستێت.
گه‌شه‌سه‌ندنی پیشه‌سازی ولاتانی خۆرئاوا له بنه‌ره‌تدا پشت به وزه ، له‌وانه نه‌وت ده‌به‌ستێت ، 35% په‌ره‌سه‌ندنی ئابوری جیهانی پشت به‌و ماده‌یه ده‌به‌ستێت . ئه‌گه‌ر گه‌شه‌کردنی خێرای ئابوری چین و هیندستان له‌به‌رچاو بگرین، ئه‌وکات له به‌رزبونه‌وه‌ی په‌یتا په‌یتای نرخی نه‌وت له بازاره‌کانی جیهاندا تێده‌گه‌ین . به‌لام هۆکاری به‌رز بونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت جگه له پێداویستی په‌ره‌سه‌ندنی پیشه‌سازی ، دابه‌زینی نرخی دۆلاریشه. ئه‌گه‌رچی نرخی به‌رمیلێک نه‌وت له 130 دۆلار تێپه‌ریوه و له چاو سالی رابردودا نرخه‌که‌ی دوبه‌رابه‌ره، به‌لام به‌هۆی دابه‌زینی به‌های دۆلاره‌وه له به‌رامبه‌ر یۆرۆدا ، ولاتانی بازاری هاوبه‌شی ئه‌وروپا به جیاوازیه‌کی که‌مه‌وه ، به هه‌مان نرخی سالی رابردوو نه‌وت ده‌کرن!
گرانبون و چوونه‌سه‌ری نرخی نه‌وت زیانێکی گه‌وره به ئابوری ئه‌و ولاتانه ده‌گه‌یه‌نێت که به دۆلار مامه‌له ده‌که‌ن.
ولاتانی تازه‌پێگه‌یشتوو له ریزی پێشه‌وه‌ی قوربانیانی ئه‌م قه‌یرانه‌ن. ئاماره‌کانی به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی خۆراکه بنه‌ره‌تیه‌کان نیشانی ده‌دا که قوربانیه راسته‌قینه‌کان ولاتانی (خواروو) پێکی ده‌هێنن، به‌پێی راپۆرته‌کانی رێخراوی خۆراك و کشتوکال (فاو) نرخی دانه‌وێله به‌م شێوه‌یه به‌رز بووه‌ته‌وه: سۆمال: نرخی دانه‌وێله له چاو سالی رابردوودا سێ به‌رابه‌ره که‌ناری عاج : دووبه‌رابه‌ر سینیگال: دوو به‌رابه‌ر سودان: له 90% هایتی : له نێوان 50% تا 100% ئۆگه‌ندا: له 65%
هه‌روه‌ها نرخی برنج له فلیپین ته‌نیا له‌مانگی رابردوودا 50% زیادی کردووه. له تاجیکستان نرخی نان له چاو سالی رابردوودا دووبه‌رابه‌ر زیادی کردووه . 2
به‌پێی ئاماره‌کانی گۆڤاری ئیکۆنۆمیستی ژماره 17 که له مانگی نیسانی ئه‌م سالدا بلاو کرایه‌وه ، سالی رابردوو به‌شێوه‌یه‌کی بێوێنه نرخی خۆراك به‌رز بووه‌ته‌وه . بۆ نمونه گه‌نم 77% و برنج 16% نرخیان چووه‌ته سه‌ر. له مانگی کانونی دووه‌می ئه‌م سال به‌م لاوه نرخی گه‌نم دووبه‌رابه‌ر و برنجیش 141% زیادی کردووه. گۆڤاری ناو براو پێیوایه به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی خۆراك له جیهاندا کۆتایی به‌و سی ساله هه‌رزانیه هێنا، که به‌هۆی کۆمه‌کی ده‌وله‌ته ده‌وله‌مه‌نده‌کانه‌وه بۆ که‌رتی کشتوکال و خۆراکه سه‌ره‌کیه‌کان ، به‌رقه‌رار بوو.3
زۆر هۆکار له‌پشت به‌رزبونه‌وه‌ی خێرای نرخی خۆراك له جیهاندا هه‌ن، له‌وانه: 1- زیادبونی به‌رهه‌مهێنانی زینده سوته‌مه‌نی ( الوقود الحیوی) که سه‌رچاوه‌که‌ی دانه‌وێله و گه‌نمه‌شامیه ؛ به‌راده‌یه‌ك سالی رابردوو سه‌رجه‌م به‌روبومی گه‌نمه‌شامی ولاته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له به‌رهه‌مهێنانی گازی (میسانۆل)دا به‌کار هێنراوه. ئه‌م خشته‌یه‌ی لای خواره‌وه ڕێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی زینده سوته‌مه‌نی ( الوقود الحیوی) له سالی 2007 دا ده‌رده‌خات: ا- ولاته‌یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مه‌ریکا 43%. ب- به‌رازیل 32% . ج-یه‌کێتی ئه‌وروپا 15% . د- چین 3% . و- هندستان 1% و باقی ولاتانی تری جیهان 6% ؛ سه‌رچاوه‌کانی ئه‌م زینده سوته‌مه‌نی ( الوقود الحیوی) بریتیه له گه‌نمه‌شامی ، دانوێڵه و قامیشی شه‌کر.... 4
2- بوژانه‌وه و گه‌شه‌کردنی ئابوری له چین و هندستان که بووه‌ته هۆی چوونه‌سه‌ری توانای کرینی هاولاتیان.
3 - گرانبونی خه‌رجی گواستنه‌وه به هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت.
4- گۆرانی که‌ش و هه‌وای جیهان – وشکه سالی له هه‌ندێك ولات و باوبۆران و لافاو له هه‌ندێکی تردا- که کاریگه‌ری له سه‌ر بڕی به‌روبومه کشتوکالیه‌کان داناوه.
5- دابه‌زینی مێژوویی گه‌نم و دانه‌وێله‌ی ئه‌مبارکراو.
6- شکستی پلان و پڕۆژه ده‌وله‌تیه‌کان له زۆربه‌ی ولاته تازه پێگه‌شتووه‌کان له که‌رته‌کانی کشتوکاڵ و ئاودێریدا؛ به هۆی که‌می یان به بوونی سه‌رمایه‌گوزاری پێویست له‌و که‌رتانه‌دا.
7- که‌مبونه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌کانی ئاوی پێویست بۆ ئاودێری و که‌رتی کشتوکال.
8-...... 5
هه‌ریه‌که له‌و هۆکارانه‌ی له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێدا و سه‌رچاوه‌ی قه‌یرانی به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی خۆراکه ؛ گه‌ر بمانه‌وێت ئالوگۆریان به‌سه‌ردا بهێنین ، له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا روبه‌روی به‌رژه‌وه‌ندی کۆمپانیا بازرگانیه گه‌وره‌کانی جیهان ده‌بینه‌وه و ئه‌و هێزه ئابوریانه ئه‌مرۆ راسته‌وخۆ رۆلی سه‌ره‌کیان له دارشتن و به‌رێوه‌بردنی یاساکانی کۆمه‌لگای مرۆڤایه‌تیدا هه‌یه؛ هه‌ر بۆیه چاوه‌روانی موعجزه له کۆنگره‌که‌ی رۆما به سه‌ربه‌رشتی رێخراوی ( فاو) و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ناکرێت.
5.6.2008 سه‌رچاوه‌کان:
http://www.aljazeera.net/NR/exeres/78A0A623-D5D6-4385-8068-7B1EDF9DE3B1.htm1. http://www.aljazeera.net/NR/exeres/3671D4D1-035E-4F7A-81E4-6A517A3968E9.htm2. http://www.aljazeera.net/NR/exeres/CA5624C7-A833-4C41-857F-7142A079595B.htm .3 http://www.aljazeera.net/NR/exeres/D9568FC0-E780-4613-B360-E54B9817E793.htm4. http://www.aljazeera.net/NR/exeres/8C8EDCE7-0838-4CCD-8F26-ECA23183D020.htm5.
|