په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٦\٢٠١٥

رەخنە تەواوکەری هزرە نەك ڕەتکەرەوەی.

 

هەژێن

- بەشی یەکەم -


رەخنە چییە و من چۆن رەخنە دەبینم، لەو بارەوە پێشتر چەند جار تێڕوانینی خۆمم خستووەتەڕوو، لەبەرئەوە لێرەدا فرەتر لەسەر تێڕوانینی بەرانبەر هەڵوێستەدەکەم، کە ڕۆژانە لە زۆربەی سایتە کوردییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وەك شمشێرێك دەچەقێتە چاوی خوێنەر. لە نێوەندی ڕۆشنبیریی کوردیدا مەگەر چەمك و واژەی " ئازادی " هێندەی چەمكی " رەخنە " ئەتککرابێت. هەرچەندە (رەخنە) پێش ئەوەی ڕەتکردنەوەی بۆچوون و تێڕامانێك بێت، پێویستە خوێندنەوەی بۆچوون و تێڕامانی بەرانبەر و شڕۆڤەکردنی ناڕۆشنیی و نیشاندەری گۆشە تاریکەکانی بیرکردنەوەی بەرانبەر بێت، بەڵام مەخابن لە کۆی زۆربەی بیرکردنەوە و ڕۆشنبیریی کورییدا بەهەمان چاویلکەی ئایدیۆلۆجی و پارتایەتی، رەخنە دەخوێندرێتەوە وەك سووکایەتی و دژایەتی لێکدەدرێتەوە، دەکرێت هۆکاری وەها دیتن و لەبەرچاوگرتنێك بۆ ئالوودەبوونی بیر و هەستی تاکی کورد بگەڕێتەوە، کە بەگشتی بە وەرەمی ڕامیاریی و پارتایەتی و پاشڕەویی ئایدیۆلۆجیی ئالوودە کراوە؛ لەبەرئەوە هەم رەخنەگر دەبێتە جەلادی نووسەری دەق و هەم نووسەری دەق لەجیاتی دیتنی ناڕۆشنیی بیرۆکە پێشنیارکراوەکانی نێو دەقەکەی، دەکەوێتە کێشە و بەرەنگاریی کینەدۆزانە بەرانبەر رەخنەگر و هەم خوێنەری نادەربەستیش وەك بینەری دوو تیمی فوتباڵ و ڕکەبەر لە کێشمەکێشەکەی نێوان ئەو دووانە دەڕوانێت و وەك کایەیەکی سەرگەرمی تێیدەڕوانێت.

وەك پێشتر گوتم، رەخنە واتە خوێندنەوەی ورد و شیکاریکردنی دەق. کاتێك کە رەخنەگر بتوانێت لە دەقی بەرانبەردا ئەو کارانە ئەنجامبدات، ئەوا ئەو کات دەتوانێت دروستییەك یا ئەڵتەرناتیڤێك بخاتەڕوو. لەبەرئەوە بۆ گەییشتن بەو ئاستە چاوەڕوانکراوە لە رەخنە، کۆمەڵێك میکانیزم و مەرج خۆیان دەسەپێنن، لەوانە:

- خوێندنەوەی دەق نەك بڕیاردان لەسەر بنەمای پێشداوەریی و خوێندنەوەی پێشینانی ئیدئۆلۆگی خود بۆ دەقەکە. لەو بارەوە خوێندنەوەی کەسانی دیکە یا پێشینانی خود نابێتە بەڵگەی نادروستی یا ناڕۆشنی دەقی بەرانبەر و دروستی رەخنەی خود و لەو بارەدا رەخنەگر پێشداوەریی لەسەر دەق و نووسەری دەق ناکات.

- بۆ ئەوەی سەرنجدانی دەق یا ڕەتکردنەوەی بیرۆکەیەکی نێو دەق بچێتە خانەی رەخنە، پێویستی بە پشتبەستن بە دراوەکانی نێو دەق و بە نموونەوەرگرتن لە دەقی بەرانبەر هەیە، تاوەکو بۆ خوێنەر شرۆڤەبکرێت و لەبارەیەوە قسەبکرێت و ناڕۆشنییەکان دەستنیشانبکرێن و رەخنە وەك بەشێك لە پرۆسێسی تەسەلبوونی بابەتەکە یا تیئۆرییەکە ڕۆڵی خۆی بگێرێت. بەواتایەکی دیکە رەخنە تەواوکەر و تەسەلکردنی دەقی رەخنەکراوە نەك چەپ و ڕاست هێڵ بەسەرداهێنانی دەقێك. بۆ نموونە کەسانێك کە رەخنە لە هزرێك یا بیرۆکەیەك دەگرن، پێویستە بەخۆیان خوێندنەوەیان بۆ ئەو هزر و بیرۆکەیە هەبێت، نەك بەبێ خۆماندووکردن و زیادکردنی ئەلفێك، پێشداوەریی پێشینانی خۆیان بکەن بە بەڵگەی نادرستی هزر و بیرۆکە سەرنجدراوەکە.

- بۆ ئەوەی رەخنە بتوانێت تەسەلکەری دەق و تێروانین بێت، پێویستە وێرانگەری لایەنە لاواز و ناڕۆشنەکانی دەق و تێروانینەکە بێت لەو کەتوار و کات و کۆنتێکستەدا کە تێدا لەدایکبووە، واتە خوێندنەوەی دەق لە کەتوارێکدا کە تێدا لەدایکبووە، نەك رەخنە بۆ هێڵی چەپ و ڕاست پێداهێنان یا پێداهەڵدانی حەزۆکییانەی ئایدیۆلۆجیی لە دەرەوەی کەتواری سەردەمی خودی دەق.

- ئەگەر رەخنە لەسەر دەقی سەرنجدراو پرسیار بەجێنەهێڵێت و خوێنەر بۆ بیرکردنەوە و گەڕان لە دوای وەڵام خەریکنەکات، ئەوا ناتوانێت تەواوکەر و تەسەلکەری دەق و هاندەری خوێنەر بێت بۆ وردبینی و سەرنجدانە سەر گۆشە ناڕۆشنەکانی نێو دەق. بە واتایەکی دیکە ئەگەر رەخنە وروژێنەری پرسیار نەبێت، ئەوا رەخنەگر ناتوانێت خوێنەر بۆ گەڕان و پشکنینی گۆشە ناڕۆشنەکانی دەق ئارەزوومەندبکات. لەبەرئەوە لە بارێکی ئاوادا سەرنجەکان بێجگە لە جوینەوەی بنێشتی هەڵبزرکاوی دەمی پێشینان، شتێکی دیکە نابن و ناچنە خانەی رەخنە بەواتای وروژێنەری پرسیار بۆ تەسەلکردنی دەق و هاندان بۆ بیرکردنەوە.

- سەرەنجام، ئەگەر رەخنە نەبێتە پردێك بۆ پەرێنەوەی خوێنەر بۆ نێو دوورگە شاردراو و نەزانراوەکانی دەق، ئەوا لە دەمەقاڵێی نێوان رەخنەگر و نووسەر کورتدەبێتەوە، بە واتایەکی دیکە رەخنەکە ناتوانێت لەنێوان رەخنەگر و نووسەردا پردی دیالۆگ و مشتومڕی هزریی دروستبکات؛ شتێك کە بەر لە هەموو شت دەبێت ئامانجی سەرەکی رەخنە بێت.

[لە بەشی دووەمدا خوێندنەوەیەکی ئایدیۆلۆجی بۆ هزر بە نموونە دەهێنمەوە، کە بە بۆچوونی من هەرگیز ناتوانرێت بخرێتە خانەی رەخنە....].

 

٢٧\٥\٢٠١٥

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک