ڕووی ده‌مم له(زه‌نگ)ی گه‌رمیان ده‌که‌م.
موحسين جوامێر
به‌بۆنه‌ی سێیه‌مین ساڵیادی ده‌رچوونی حه‌فته‌نامه‌ی ( زه‌نگ ) ه‌وه، ده‌سکه‌گوڵێکی ڕه‌نگاوڕه‌نگی دڵگر و جوانی وڵاتی سوێدتان ده‌قه‌به‌ڵ ده‌که‌م، هیوامه ئه‌و لاوه ئازا و خوێنگه‌رمانه‌ی گه‌رمیان، هه‌میشه سه‌رکه‌وتوو بن، کچ و کوڕانیان هه‌نووکه‌يه‌کی به‌خته‌وه‌ر و داهاتوويه‌کی سه‌ربه‌رزيان هه‌بێت، ڕازی دڵیان بێته جێ و هه‌موو له هه‌موو به‌نیازی خۆيان بگه‌ن، کچ به دڵداری خۆی و کوڕيش به ياری خۆی خه‌نی بێ؛ به‌ڵام به‌حه‌ڵاڵی. دڵنیام گه‌نجانمان که هه‌میشه‌به‌هاری ته‌مه‌ن و ژيانمانن، به‌تايبه‌تی ئه‌وانه‌ی گه‌رمیان، به‌هیچ مافێکیان شاد نه‌بوونه و ئۆقره‌يان نه‌گرتووه، له‌کاتێکدا بێنێوبڕ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له هێڵی ته‌ماس بوونه و ژوانیان له‌گه‌ڵ دکتاتۆرییه‌تدا بووه، تووشی ڕه‌شه‌با و ئازاری چه‌ندين هێنده هاتوون، له‌چاوهاوزمانانی شوێنه‌کانی ديکه‌دا.. ڕه‌نگه هه‌ڵبژاردنی ناوی ( زه‌نگ ) يش کاردانه‌وه‌ی ئه‌و حاڵه‌ته ده‌روونییه بووبێت، چونکه هه‌رده‌م له‌سه‌ر پێ وه‌ستاون و چاوه‌ڕێی ڕه‌وشی نوێی کاره‌ساتئامێز بوونه. به‌نده ئه‌گه‌ر خۆر‌ت و لاو و خوێنه‌رانی ( زه‌نگ ) ی ئازيز گوێ قوڵاغم بن، به پێويستی ده‌زانم ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه، له نووسيندا، به‌رده‌وام جه‌ختیان له‌سه‌ر بکه‌نه‌وه :
1ـ مسۆگه‌رکردنی ژیانێکی ئاسووده بۆ گه‌نجان؛ ئه‌رکی ده‌سه‌ڵاته.. وڵاتی پێشکه‌وتوو که حوکمڕانی ده‌کا، له‌سه‌ر ياسا و ڕێسای ( ده‌وروته‌سلیم ) ڕه‌وتار له‌گه‌ڵ نه‌وه‌کاندا ده‌کات، واتا بۆ ئه‌وه کار ده‌کا هه‌تا نه‌وه‌کان به ڕێکترین شێواز په‌روه‌رده بکا و ته‌ندروستانه په‌يامی ژيان ئاڵوگۆڕ بکرێ و پرۆسه‌ی پێشکه‌وتن به‌رده‌وام بێت.. هه‌ر بۆیه پێگه‌ياندنی منداڵ و گه‌نج، بێڕاده بايه‌خی پێ ده‌درێت، نه‌ک هه‌موو شتێک بۆ گه‌وران و ئاره‌زووه‌کانی نه‌ونه‌مامانیش پێشێل و زينده‌به‌چاڵ بکرێن. به‌داخه‌وه، له وڵاتی ئێمه‌دا داوای هه‌موو شتێک له لاو ده‌کرێ، که‌چی که‌مترین مافيشی ده‌خورێت. بۆيه ده‌بێ گه‌نجانمان وريا بن و سوور بن له‌سه‌ر داواکانیان، هه‌رگیز نه‌به‌زن و حیزبييانه‌ش تێنه‌فکرن؛ چونکه ئه‌وسا سه‌رکز و زه‌لیل ده‌بن و ئیبداعيان که‌م ده‌بێته‌وه.
2ـ ڕاسته نه‌وه‌کانی کورد ئه‌رکی پارێزگاریی میلله‌ت و وڵاتیان له ئه‌ستۆدايه، وه‌لێ نابێ ئه‌م قه‌وانه وا بکا به بیانووی مه‌ترسييه‌کانی ده‌ره‌کی، بچووکترين مافيان پێ ڕه‌وا نه‌بینرێت، له به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌شدا خه‌ڵکانێک له‌سه‌ر حسێبی وان بله‌وه‌ڕێن. بێجگه له‌وه، بۆی هه‌يه ده‌سه‌ڵات ـ له ته‌نگانه‌دا ـ خۆيشی هیچ نه‌کا و له ته‌قه‌يه‌کی دوژمن بڕه‌وێته‌وه. هاوکات من ئارخه‌يانم، ته‌شقه‌ڵه‌ی سه‌رده‌می پێشوو، به‌شێوه‌ی ئه‌وسا، هه‌رگیز دووباره نابێته‌وه.
3ـ توانای کچان په‌ره‌ی پێ بدرێت، چونکه دنیايه‌کن له وزه.. تاکه جياوازيی ئه‌وان له کوڕ و پیاوان، ئه‌وه‌يه، ئه‌وان ناسک‌تر، به‌ویژدانتر، ئاشتيخوازتر و له ڕه‌گه‌زی نێر ئینسانترن.
4ـ نابێ چیتر بانگه‌شه‌ی ( هێشتا ئاسه‌واری ڕژێمی پێشوو و کاريگه‌رییه‌کانی له وڵات‌دا ماون ) له ده‌سه‌ڵات قبووڵ بکرێت، ئه‌مه ته‌نیا پاساوێکه بۆ شاردنه‌وه و دریژه‌پێدانی ژيانی گه‌نده‌ڵ. وڵاتێکی وه‌کوو ئه‌ڵمانیا، بۆ نموونه، به ده ساڵ دوای شه‌ڕی يه‌که‌می دنیا، به‌شێوه‌يه‌ک ئاوه‌دان کرايه‌وه، هه‌ر ده‌تگوت شایی تێدا کراوه نه‌ک شه‌ڕ. که‌چی لای ئێمه دوای دوو ده‌يه له ئازادی و خۆبه‌ڕێوه‌بردن، له کتێبی مه‌کته‌بی کورده‌واريدا وشه‌ی به‌سه‌زمانی ( جێبه‌جێکردن ) به چوار شێوه ده‌نووسرێ و سه‌رکوت ده‌کرێت : ( جێ به‌جێ کردن )، ( جێبه‌جێ کردن )، ( جێ به‌جێکردن ) و ( جێبه‌جێکردن ).
5ـ خه‌ريکه نه‌زانانه دۆڵ و زوڕنای خوێندن به ديالێکتان، لێ ده‌درێ، که هاوشێوه‌ی ئه‌م ديارده قێزه‌ونه، له‌هیچ وڵاتێکی دنیادا نموونه‌ی نییه، ته‌نانه‌ت له وڵاته دواکه‌وتووه‌کانیشدا. ئه‌وه‌ی ئێسته‌ش هه‌يه، سه‌ره‌تايه‌کی زۆر مه‌ترسيداره، ئه‌گه‌ر زوو چاره‌سه‌ر نه‌کرێ، هیچ گومان له‌وه‌دا نییه ده‌بین به چه‌ندين میلله‌ت و تانوپۆمان کوێر ده‌بێته‌وه. ده‌نا، به زمانێکی دیکه‌ی بیانی بخوێندرێ، زۆر بێزيانتره.
6ـ له سوێدا پیرۆزترين مه‌خلووقات؛ منداڵه، که‌م که‌سيش هه‌يه ئه‌م ده‌قانه‌ی خواره‌وه له‌باره‌ی منداڵانه‌وه، نه‌زانێت يا له ئه‌زبه‌ری نه‌بێت، هه‌تا خودی ساوايانیش :
هه‌ر منداڵێک: ـ هه‌ر منداڵێک هه‌موو ده‌مێ لۆمه‌ی بکرێ، ته‌نيا فێری سه‌رکۆنه‌کردن ده‌بێت. ـ هه‌ر منداڵێک لێی بدرێ، ته‌نيا فێری شه‌ڕ و شه‌ڕفرۆشی ده‌بێت. ـ هه‌ر منداڵێک به‌سه‌رخۆيدا بشکێته‌وه، ته‌نيا فێری شه‌رمنی ده‌بێت. ـ هه‌ر منداڵێک هه‌ميشه گاڵته‌ی پێ بکرێ، ته‌نيا ده‌روونێکی نه‌خۆش و ویژدانێکی به‌ئازار له‌خۆ ده‌گرێت. به‌ڵام : ـ هه‌ر منداڵێک هه‌ميشه هان بدرێ و ئافه‌رينی پێ بوترێ، فێری بڕوابه‌خۆکردن ده‌بێت. ـ هه‌ر منداڵێک به دڵفراوانييه‌وه به‌ره‌و پيريه‌وه بچن، فێری زات و جورئه‌ت ده‌بێت. ـ هه‌ر منداڵێک مه‌تح بکرێ و په‌سند بدرێ، فێری داد و عه‌داله‌ت ده‌بێت. ـ هه‌ر منداڵێک هه‌ست به دۆستايه‌تیی ئه‌وانيديکه بکا، فیری لوتف و دڵنه‌رمی ده‌بێت. ـ هه‌ر منداڵێک له ئاسووده‌ييدا بژی، فێری متمانه ده‌بێت. ـ هه‌ر منداڵێک هه‌ست به ئه‌ڤينی بکا و باوه‌شی پێدا بکرێ، دنيای خۆش ده‌وێت.
بريا ئه‌م ده‌قانه‌ی سه‌ره‌وه له هه‌موو شوێنێکی کورده‌واريدا هه‌ڵبواسرابان و به جيددی کاريان بۆ بکرايه. هه‌روه‌ها هیواخوازم دلێرانی حه‌فته‌نامه‌ی ( زه‌نگ )، زاڕۆکانی گه‌رمیانیان له‌بیر نه‌چێ و پاشکۆيه‌کیان ـ ئه‌گه‌ر مانگێ جارێکیش بێت ـ بۆ ته‌رخان و بڵاو بکه‌نه‌وه، ده‌کرێ ناوی ( زه‌نگۆڵه‌ی منداڵان ) ی لێ بنرێت، ئه‌مه‌يان ته‌نیا پێشنیارێکه.
سه‌رنج.! ئه‌م وتاره له ژماره ( 97 ) ی ڕۆژنامه‌ی ( زه‌نگ ) دا بڵاو کراوه‌ته‌وه.
سوێد 16/09/2008
|