په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٣\٢٠١٢

رۆژی ٥ی ئایار وەک رۆژی ئازادی لە کوردستان بەرز و بەڕێز ڕادەگرین!

 


لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جارێکیتر بەرەوڕووی یەکێک لە ھێرشەکانی دەسەڵاتی کوردی بۆ سەر خەڵک بووینەوە. لە سەرەتا فشارھێنان بۆ دەستگیرکردن و دادگایی ھەڵسوراو و بەشداربوانی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات، دوابەدوای ئەوەش نمایشی قێزەونی سیناریۆی بەناو دادگایی دۆسیەی تیرۆری سەردەشت عوسمان.


ئەوەی بەڕێوەچوو سیناریۆیەکی گالتەجاری بوو و بە توندی سەرکۆنە و شەرمەزاری دەکەین. تا ئەو کاتەی تاوانباران و بکوژان و ئەوانەی لەپشتی تیرۆری سەردەشت وەستاون، دادگایی نەکرێن و بەسزای عادلانە نەگەن، ئەو دۆسیە لای ئێمە و رۆژنامەنووسان و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بەکراوەیی دەمێنێتەوە. رایدەگەیەنین کە کەیسی سەردەشت کراوەیە و ھەر بە کراوەییش دەمێنیتەوە تاوەکو لە دادگایەکی بێلایەن و دوور لە فشاری دەسەڵاتداران لێکۆڵینەوەی لێ دەکرێت و بە ئەنجام دەگات.


ئێمە لێرەدا بۆ وەستانەوەو پێشگرتن بە ھێرشەکانی دەسەڵات بۆ سەر خەڵک و ئازادی، بانگەوازی رۆژنامەنوسان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، ھێز و لایەنە سیاسییەکان، خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان، کۆمیتەکانی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی و کۆمیتەکانی پشتیوانی لە خەڵکی کوردستان..... تاد لە شارەکانی کوردستان و دەرەوە دەکەین، رۆژی ٥ ئایار وەک ڕۆژی ئازادی لە کوردستان بە مەراسیم و چالاکی جۆراو جۆر بەرز و بەڕێز ڕابگرن.


ڕۆژی ٥ ئایار وەک یاد و ڕێز لێنان لە رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان، ئەو ڕۆژە بکەینە بۆنەیەک بۆ داکۆکی لە ئازادی. ھاوکات دەبێتە فشارێک بۆ پووچەڵکردنەوە و ڕیسواکردنی سیناریۆکانی دەسەڵات، ئەوەش ھەنگاوێک نزیکمان دەکاتەوە لە دادگایی کردنی تاوانبارانی تیرۆری سەردەشتەکان و سۆرانەکان.
گرینگە ئەم رۆژە وەکو (رۆژی ئازادی) لە کوردستان لەلایەن ئازادیخوازان دیاریبکرێت. ھەوڵێکە بۆ بەستنی ئەو دەستانەی گوللە ئەنێن بەنێو دەمی گەنجان و ئەو رۆژنامەنووسانەی ڕاستی بە خەڵکی کوردستان دەڵێن.


ئێمە لەکاتێکدا ئەم بەیاننامەیە رادەگەیەنین کە دەسەڵاتداران فشارەکانیان چڕتر کردۆتەوە بۆ سەر رۆژنامە و دەنگە ئازادەکان لەسەر کەیسی تیرۆرکردنی سەردەشت و دەیانەوێت جگە لە یارییە گاڵتەجاڕییەکەی ساڵی پاری لیژنەکەی ئاسایشی ھەولێر یارییەکی دیکە بەم کەیسە بکەن و پەیامی دیکە ئاراستەی رای خەڵک بکەن، بەوشێوەیەی کە دەسەڵاتداران و حیزبەکان دەیانەوێت!


بانگەوازی ھەموو لایەک دەکەین بەیەکەوە لە ٥ ئایاردا بەیەک دەنگ کاربکەین بۆ:


گرتنی مەراسیمی ڕێزلێنان و یادی سەردەشت عوسمان.
سازدانی کۆڕ و سیمینار لەسەر ڕەوشی ئازادی لە کوردستان.
پێشانگای وێنەکانی سەردەشت و پێشانگای فۆتۆگرافی و کاریکاتێری.
سازدانی کۆبونەوەی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان لەبەردەم سەفارەتەکانی عیراقی یا ئۆفیسی نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی ھەرێم.
ھەر کار و چالاکییەک کە خۆتان بە گونجاوی دەزانن...

 


رێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی

 ٢٨\٣\٢٠١٢

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک