١\٥\٢٠١٢
رۆژی ٥ی ئایار وەک
رۆژی ئازادی لە کوردستان بەرز و بەڕێز رادەگرین!
لە
چەند ڕۆژی ڕابردوودا جارێکیتر بەرەوڕووی یەکێک لە ھێرشەکانی دەسەڵاتی
کوردی بۆ سەر خەڵک بووینەوە. لە سەرەتا فشارھێنان بۆ دەستگیرکردن و
دادگایی ھەڵسوراو و بەشداربوانی خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوبات، دوابەدوای
ئەوەش نمایشی قێزەونی سیناریۆی بەناو دادگایی دۆسیەی تیرۆری سەردەشت
عوسمان.
ئەوەی بەڕێوەچوو سیناریۆیەکی گالتەجاری بوو و بە توندی سەرکۆنە و
شەرمەزاری دەکەین. تا ئەو کاتەی تاوانباران و بکوژان و ئەوانەی لەپشتی
تیرۆری سەردەشت وەستاون، دادگایی نەکرێن و بەسزای عادلانە نەگەن، ئەو
دۆسیە لای ئێمە و رۆژنامەنووسان و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان
بەکراوەیی دەمێنێتەوە. رایدەگەیەنین کە کەیسی سەردەشت کراوەیە و ھەر بە
کراوەییش دەمێنیتەوە تاوەکو لە دادگایەکی بێلایەن و دوور لە فشاری
دەسەڵاتداران لێکۆڵینەوەی لێ دەکرێت و بە ئەنجام دەگات.
ئێمە لێرەدا بۆ وەستانەوەو پێشگرتن بە ھێرشەکانی دەسەڵات بۆ سەر خەڵک و
ئازادی، بانگەوازی رۆژنامەنوسان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، ھێز و
لایەنە سیاسییەکان، خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان، کۆمیتەکانی سەردەشت
عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی و کۆمیتەکانی پشتیوانی لە خەڵکی کوردستان.....
تاد لە شارەکانی کوردستان و دەرەوە دەکەین، رۆژی ٥ ئایار وەک ڕۆژی
ئازادی لە کوردستان بە مەراسیم و چالاکی جۆراو جۆر بەرز و بەڕێز ڕابگرن.
ڕۆژی ٥ ئایار وەک یاد و ڕێز لێنان لە رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان، ئەو
ڕۆژە بکەینە بۆنەیەک بۆ داکۆکی لە ئازادی. ھاوکات دەبێتە فشارێک بۆ
پووچەڵکردنەوە و ڕیسواکردنی سیناریۆکانی دەسەڵات، ئەوەش ھەنگاوێک
نزیکمان دەکاتەوە لە دادگایی کردنی تاوانبارانی تیرۆری سەردەشتەکان و
سۆرانەکان.
گرینگە ئەم رۆژە وەکو (رۆژی ئازادی) لە کوردستان لەلایەن ئازادیخوازان
دیاریبکرێت. ھەوڵێکە بۆ بەستنی ئەو دەستانەی گوللە ئەنێن بەنێو دەمی
گەنجان و ئەو رۆژنامەنووسانەی ڕاستی بە خەڵکی کوردستان دەڵێن.
ئێمە لەکاتێکدا ئەم بەیاننامەیە رادەگەیەنین کە دەسەڵاتداران
فشارەکانیان چڕتر کردۆتەوە بۆ سەر رۆژنامە و دەنگە ئازادەکان لەسەر
کەیسی تیرۆرکردنی سەردەشت و دەیانەوێت جگە لە یارییە گاڵتەجاڕییەکەی
ساڵی پاری لیژنەکەی ئاسایشی ھەولێر یارییەکی دیکە بەم کەیسە بکەن و
پەیامی دیکە ئاراستەی رای خەڵک بکەن، بەوشێوەیەی کە دەسەڵاتداران و
حیزبەکان دەیانەوێت!
بانگەوازی ھەموو لایەک دەکەین بەیەکەوە لە ٥ ئایاردا بەیەک دەنگ
کاربکەین بۆ:
• گرتنی مەراسیمی ڕێزلێنان و یادی سەردەشت عوسمان.
• سازدانی کۆڕ و سیمینار لەسەر ڕەوشی ئازادی لە کوردستان.
• پێشانگای وێنەکانی سەردەشت و پێشانگای فۆتۆگرافی و کاریکاتێری.
• سازدانی کۆبونەوەی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان لەبەردەم سەفارەتەکانی
عیراقی یا ئۆفیسی نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی ھەرێم.
• ھەر کار و چالاکییەک کە خۆتان بە گونجاوی دەزانن...
رێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی
٢٨\٣\٢٠٢
|