په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\١٠\٢٠١٠

رۆژنامەنووسانی کەرکوک لەبەردەم هەڕەشەی مەرگدا.

- رۆژنامەنووس (عەبدولباست سەمەد- سەیوان) بە نموونە -


رابەر رەشید   


کەرکوکییەکان: نەک تەنها رۆژنامەنووسەکانیان، بەڵکو هەر تاکێکی کەرکوکی کە بۆنی کوردبوون و خاوەن هەڵوێستی لێبێ، لە دۆخی ئێستای شارەکەدا، لەبەردەم مەترسییەکی گەورەی داگیرکەران و دۆستە قێزەونەکانی خۆشماندایە!!. ئەی ئەگەر کوردێکی کەرکوکی رۆژنامەنووس بێتء لە هەمبەر پیلانی داگیرکەرانء گەمەی حزبحزبێنێی حزبەکانی خۆمان خاوەن سەنگ ء دەنگی خۆی بێت، ئیدی چۆن پێشمەرگە ئاسا گیان لەسەردەستانە سەنگەر لە دوژمن ناگرێت، بەڵام پێشمەرگەیەکی بێ چەک، لێ خاوەن قەڵەمێکی بوێرو جەربەزەو کامێرایەکی زووم رووناکی دووربین و راستی بین. هەڵبەتە لە هەمبەر ئەو گیانبازییەشدا دوژمنان و ناحەزان و بەرژەوەندخوازانی حزبایەتی وڕکی لێدەگرن و لێی دەکەونە بۆسە، تا ئەوکاتەی دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێ و وەکو شەهیدەکانی دیکەی کەرکوک شەقامێک، یان کۆڵانێک، یاخود پەنادیوارێکی شار بەخوێنی ئاڵیان سوور دەکەن.


جێگای داخە، نەک تەنها رەوشی رۆژنامەگەری لە شاری کەرکوک، بەڵکو زۆربەی هەرەزۆری بوارەکانی دیکەی ئەمشارە لەبەردەم هەڕەشەی داگیرکاریء عەرەباندنێکی نوێدایەو سوڵتانە خۆماڵییەکانیشمان هەر مێشیشیان مێوان نییە، ئێ چ قەیدی، ئەدی ئێمە برای ئایینیء نیشتیمانی نین؟!.. بە قەولی کوردێکی فوول عەیار گوناهمان دەگاتێ، ئەگەر قسان بە برایەکی عەرەبی چاوڕەشی دە هەزاری، یان داگیرکەری ناوچەی ساڵەیی و دووبزو گەرمیان، یاخود مەخموورو دەشتی قەراجء کەندێناوە بڵێین، ئەوە قەدەری بارییەو دەبێ دەستەو دوعا لە کڕنۆشدا بین کە لەگەڵ ئەواندا کراوین بە برا!!. ئەو برا چاوڕەشە داگیرکەرانەمان (20) بیست ملیۆنەکەی مادە شڕوشلۆقەکەی (140)یشیان وەرگرت، کەچی ئامادەنین بگەڕێنەوە بیابانەکانی خۆیان. قایمقامی دووبز لە کوێ بێنم لەسەر کوێرە دێیەکی کەرکوک لەگەڵ نوێنەرەکانی بەغدا بەشەڕ بێ و جوامێرانە لە دژی جارێکی دیکەی عەرەباندن دەنگ هەڵبڕێ؟!


بگەڕێینەوە سەر ئەسڵی مەبەست، هەر لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەعس لە شارەکەو بە حیساب قەڵەمڕەوییەکی خۆماڵی، کەچی بۆ ساتێکیش رۆژنامەنووسانی شارەکە هەناسەیەکی ئاسوودەییان نەداوە. شەهیدە رۆژنامەنووسەکانی کەرکوک شاهیدی ئەم راستییانەن. لەم دواییانەشداو ئێستاشی لەگەڵدابێ، رەوشی رۆژنامەنووسانی کورد لە کەرکوک لەوپەڕی دژواری و خەراپیدایە، لەلایەک داخستنی دەزگا راگەیاندنەکان و لەگەڵیشیاندا راگرتنی ئەو گۆڤارو رۆژنامانەی لە شارەکەدا دەریان دەکرد و نانبڕاوکردنی زۆرێک لە رۆژنامەنووسانی خەمخۆرو دڵسۆزو لەلایەکی دیکەشەوە ململانێی نێوان خودی هەندێک لە رۆژنامەنووسان و هەڕەشەی لابەلای بەرپرسانی خۆماڵی و هەڕەشەی کوشتنی بەردەوامی تیرۆریستان و داگیرکەران، دەرئەنجامێکی هێندە ترسناکی لێکەوتۆتەوە کە وایکردووە، زۆرێک لە رۆژنامەنوسان ماڵەکانیان بگوازنەوە دەرەوەی شارو هەتا هەندێکیان روو لە سلێمانی و چەمچەماڵ و هەولێریش بکەنەوە.


جێگای داخیشە، کاتێک ئەو رۆژنامەنووسە هەڕەشە لێکراوانە سکاڵای بارودۆخی دژواری شارەکە دەگەیەننە سەرووی خۆیان، وەڵامێکی هێندە یۆتۆبیایانەیان دەدرێتەوە کە دەهێندەی دیکە دۆخەکەیان لێ ئاڵۆز دەکەن، بەوەی کە ئەگەر شار بەجێبهێلن، ئەوا تاوانێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەرهەق بە نەتەوەکەیان ئەنجام دەدەن، بەڵکو دەبێ خۆڕاگربن و وەکو (رجل الحدیدی) بە گژ دارودیواردا بچنەوە!!، کەچی زۆرێک لەو بەرپرسانە هەرگیز ئامادەنین بۆ شەوێکیش لە کەرکوک رۆژ بکەنەوە!!


بارودۆخی شار هێندە نائارام و نائاساییە، کەس نازانێت لە چ ئانوساتێکدا تەقینەوەیەک، یان دەمانچەیەکی بێدەنگ کەللەسەرت دەپژێنێ، یان لەنێو ماڵەکەی خۆت و لە گەڕەکێکی فوول کوردنشین بە رۆژی نیوەڕۆ هەڵبکوتنە سەرت و بە دەمانچەی بێدەنگ، ئەگەر خۆتیش لە ماڵ نەبیت، ئەوا کەللەسەری هاوسەرو منداڵەکەت بە مسکە دەمانچە شەق بکەن و وەکو بەرزەکی بانانیش بۆی دەربچن و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش (لا حول لهم ولا قوە). زیندووترین و نزیکترین نموونەی لەمجۆرەش هەڕەشەی بەردەوامی سەر رۆژنامەنووسی کەرکوک (عەبدولباست سەمەد- ناسراو بە سەیوان) و هەڵکوتانەسەر ماڵەکەی لە رۆژی (13/9/2010)، بە مەرجێک ماڵەکەی لە پەنایەکی هێندە شاراوەدایە، کە خاڵی خۆی دوای چەندجارێکی هاموشۆ، ئینجا قاپە ماستێکی دابووە ماڵێکی دووکۆڵان ئەولاتر بە حیساب گوایە ماڵی کاک سەیوانی خوارزایەتی، کەچی بکوژانی رۆژنامەنووسان و ئەوانەی دەستیان بە چەندان رۆژنامەنووسی دیکە سوورە بە رۆژی نیوەڕۆ هەڵدەکوتنەسەر ماڵەکەی و خۆی بەختی لەوکاتەدا لەماڵ نابێت، ئەگینا ئەویش وەکو شەهیدان (لایق کاکەیی و سۆرانی مامە حەمەو ئەوانی دیکە) دەبووە شەهیدێکی دیکەی قەڵەم لە شارەکەو کەسیش بکوژەکانی بۆ نەدەدۆزرایەوە. بۆیە تاوانی ئەم بارودۆخە دژوارەی کەرکوک بەرلەهەر کەسێک لە ئەستۆی دەسەڵاتی خۆماڵیی شارەکەدایەو مێژووش بەزەیی بەکەسدا نایەتەوە.
 

کەرکوک

rabersaley@yahoo.com