په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

رۆژنامەنووسە بوێرەکان و تۆمارکردنی مێژوویەک .


عەبدوڵڵا ئەحمەد گەرمکی

 

ئاشکرایە لەماوەى چەند رۆژی رابردوو، کۆمەڵێ رۆژنامەنووسی بەهەڵوێست لیژنەیەکیان پێکهێنابوو بۆ ئامادەکاری چالاکییەکى مەدەنیانە بۆ شکاندنی ئابڵۆقەی راگەیاندن لەسەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا کە ماوەیەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستانەوە رێگە نادرێت بەرۆژنامەوانان بۆ ئەنجامدانی کاری رۆژنامەوانی لەو ناوچانەدا، بێگومان ئەم سیاسەتە چەوتەى حکومەتی هەرێم دوورە لەهەموو پێوانەکانی ئەخلاق و مافەکانی مرۆڤ و پێشێلکردنی ئازادی رۆژنامەگەرییە.

 


من بۆخۆم یەکێک بووم لەو کەسانەى کە چووم و بەشداربووم لەو چالاکییەدا کە لەبەرواری 18/ 1/2008 ئەنجامدرا. سەرەتا رۆژنامەوانان لەرانیە کۆبوینەوە و ویستمان بەرەو قەندیل بچین بۆ شکاندنی ئەو ئابڵۆقە راگەیاندنییەو هەروەها سەردانێکی ئەو گوندانە بکەین کە وەبەر بۆردومانەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بوتەوە و بۆ بەستنی کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانی بۆ بەرپرسیارانی پەژاک و کۆنگرەى گەل، لەدەسپێکدا ویستمان لەرانیەوە بەرەو سەنگەسەر بڕۆین، بینیمان ژمارەیەکى زۆری ئەو هێزانەى کە رووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبنەوە، دیوار ئاسا راوەستاون، هەر ئەو دیمەنەم بینی یەکسەر جەندرمەکانی تورکم بەبیرکەوتەوە هەروەکو چۆن لەشاشەى تیڤیەکانەوە دەیبینین رووبەڕووى خۆپیشانەدرانی کورد دەبنەوە لەباکوری کوردستان و تورکیا، ئەو کاتە زیاتر دەرکم بەوەدا کرد کە ئەم حکومەتە، حکومەتێکی ئۆلیگارشی و گشت هەڵسوکەوتەکانیان بۆ رازیکردنی دڵی دوژمنە، ئەوەشم بینی یەکێک لەئاسایشەکان بۆ سیخوڕی (تەسویری) رۆژنامەوانانی دەکرد. بەهەر حاڵ لەو ناوەدا بڵاوبوینەوە و پێداگرییمان لەسەر ئەوە دەکرد کە دەرفەتمان دەنێ لەو بازگەیەدا دەربازبین، بۆماوەیەک رێیان لێ گرتین تاوەکو بەرپرسی ئاسایشی ئەو دەڤەرە هات و بەئاشکرا بەرۆژنامەوانانی گوت؛ "ئەمرمان لەسەرەوە بۆ هاتووە، ناهێڵین بچنە ئەو ناوچانە کە ئێوە مەبەستانە". دواتر لەسەر پێداگری رۆژنامەوانان پێش ئەوەى رێگەمان لێ بکەنەوە، هێزە کوتەک بەدەسەتەکانی قەڵخانی شەغەب بە دوو مانشێنی گەورەی سپی برانە دوا بازگەى یەکێتی و دواتر دەرفەتیان پێ داین بچینە ناو شارەدێی سەنگەسەرەوە و بینیمان هەر سەر کۆڵانێک و پۆلیسێکیان لێی وەستانە و ئەو خەڵکە تەماشای دەکرد. وەک ئەوە دەهاتە پێش چاوم کە چۆن سەیارەى بووک بەکۆڵانێکدا دەرباز دەبێت و ئەو خەڵکە تەماشای دەکات. دوای ئەوەى لەسەنگەسەر دەرچووین، بینیمان هێزە کووتەک بەدەستەکان بەتەنیشت دوا بازگەى یەکێتی جارێکی تر پێشیان لێ گرتین و ئێمەش پێش ئەوەى بگەینە بازگەکە لەسەیارەکان دابەزین و بەرێپێوان چوین تا گەیشتینە بازگەکە، نەیانهێشت دەربازبین. بەم حاڵەتەش زۆر سەیرم نەدەهات، چونکە ئەگەری ئەوەم دانابوو کە دەسەڵاتداران رەفتاری نەگریسی بەو شێوەیە بنوێنن. پاشان هەر لەوێدا دەستکرا بەمانگرتن و لەناو جادەکە وەکو ناڕەزایەک بەرامبەر ئەم رەوشە دانیشتین، بینرا کە هەر رێگەمان پێنادەن، مەفرەزەیەک دروستکرا بەناوى مەفرەزەى قەڵەم کە بەڕێگەى قاچاخەوە بچنە دەڤەرەکانی گەریلا، بۆیە لەدوای کۆتایهێنان بەمانگرتنەکە بەلاغێک دەرکرا، بەڵام خۆشبەختانە و بوێرانە هەندێ لەو رۆژنامەوانانەى مەفرەزى قەڵەم هەرچۆنێک بێت خۆیان گەیاندە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا.


بەهەرحاڵ هەڵوێستێکی کۆمەڵێک لەرۆژنامەوان و بەئامانجی چوونی قەندیل ئەمە بۆخۆی تۆمارکردنی مێژوویەکە و پێدارگری لەسەر ئەوەى لەم جۆرە چالاکی دیموکراتیانە بەردەوام بن.


بەڵام خاڵێک کە جێگای شەرمەزاری بوو بۆ بەشداری نەکردنی ئەو رۆژنامەوانانە کە خۆیان بەرۆژنامەنووسی ئازاد دەزانن، حەقم لەوانە نییە کە قەڵەم فرۆشی دەسەڵاتن، بەڵام بۆ رۆژنامەنووسەکانی گەرمیان و بادینان و شوێنەکانی تر ئەوانەى وا بانگەشەی ئازادی دەکەن نەهاتن و هەڵوێستی مێژووى و بوێرانەى خۆیان تۆمار نەکرد و نەهاتن و بڵێن با بەس بێت ئەم بێ دەنگییە و پێکەوە وەکو هێزێکی پۆڵاین ئەو ئابڵۆقەیان بشکاندایە، ئەى نازانن هەڵوێست تەنها قسەو نووسین نییە، بەڵکو زۆرجار لەبەرامبەر کردەوەیەکی چەوتی بەم شێوەیەى حکومەتی هەرێم، پێویستە ناڕەزایەتی خۆپیشاندان و رێپێوان ئەنجام بدەیت و لەچالاکییەکى وادا گەر بەشدارنەبی ئەوا بەواتاى رازیبوونی هەڵوێستە چەوتەکانی حکومەتی هەرێم و بۆردومانی گەل و گەریلا دێ و جارێکی تر لەبەرامبەر ئاوارەیی و دەربەدەری خەڵکى کوردستان بێ دەنگی، هەروەها لەلایەکى ترەوە مەخابن بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە کە لەوێ بوون و نەهاتن پشتگیری ئەو رۆژنامەنووسانە بکەن. کە رۆژانە لەدڵەڕاوکێدا دەژین لەبەر فڕۆکە سیخوڕەکانی تورکیا و ئەمریکا کە بەسەر ئاسمانى ئەو دەڤەرانەدا دەسوڕێتەوە، کوا هەڵوێست. لەکوێ ما، کوا غیرەت، بەڵام سەرەڕای ئەو بێ هەڵوێستییە خەڵکانێک هەن کە خەمخۆری ئەم میللەتەن و لەهەوڵداندا دەبن بۆ شکاندنی ئەو گەمارۆدانانە و بێگومانیش سەرکەوتان هەر بۆ بەهەڵوێستانە.

 

 


germiki@gmail.com