په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 


روڵى گەنجان لە گۆڕانى هاوکێشە سیاسیەکاندا.


ئارێز سمکۆ   


بە رامان لە ئەزموونى ژیانى سیاسیى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستاندا، بەتایبەتیتر کە ئێستا "بەرەو قۆناغى هەڵبژاردنەکان هەنگاو دەنێین"، زیاتر لە هەموو کاتێک گلەیى هەیە سەبارەت بە ئەداکردنى کارەکانى حکومەت و پەرلەمان و دەزگاکانى ترى بەرپرس لە کوردستاندا، دیارە ئێمە ئەوەندەى دەمانەوێ بە شێوەیەکى بابەتیانە لەم بابەتە هەنووکیە رابمێنین وبیخەینە ڕوو، ئەوەندە خەمى ئەوەمان نییە کە لایەنگیرى و پڕوپاگەندە بۆ لایەنێک و قەوارەیەکى بەشداربووى هەڵبژاردنەکان بکەین، دیارە ئەوە پەیوەندى بە خودى هاوڵاتیانى کوردستان هەیە و خۆیان سەربەستن کێ وەک نوێنەر لە پەرلەماندا هەڵدەبژێرن.

 

جگە لەمەش لە نێو گۆڕەپانى سیاسیى کوردستان و جڤاکى کوردیشدا، لە هەموو کاتێک جیاوازتر و بە شێوەیەکى زەق و بەربڵاو باس لە چەمکى "گۆڕانکارى" دەکرێت لەلایەن کەسایەتیە سیاسیى حیزبى و حکومیەکانەوە بگرە تا دەگاتە هاوڵاتیانى سادەش. هاوکات ئەوەى جێگاى سەرنجیشە بەلاى چاودێرانى سیاسیەوە، ئەم گلەیى و دداننان بە کێشەکان هەر تەنیا لەلایەن هاوڵاتیان و میدیاکانەوە نییە، بەڵکو زۆرێک لە بەرپرس و کەسایەتیە حیزبى و حکومیەکان بە پێشکەشکردنى پڕۆژە بۆ "گۆڕانکارى" بەمەبەستى چارەسەرکردنى ئەو تەنگەژانەى کە هەن، ویستى خۆیان بۆ گوِڕانکارى دووپات دەکەنەوە. لەهەمووشى بایەخدارتر بە لاى زۆرێک لە چاودێران و راگەیاندن و رۆشنفکرانەوە گرینگترینیان پڕۆژەکەى مام جەلال بوو، دیارە بۆ ئەمەش هۆکار گەلێک هەبوون بۆ دەنگدانەوەى و، بە جۆرێک کە لە شەقامى کوردیدا زۆرترین قسەى لەبارەیەوە کرا،

 

یەکەمیان: کە بەلاى زۆرێک لە چاودێرانى سیاسى بارودۆخەکە لەبەر ئەوە بوو، کە لەلایەک کەسایەتیەکى وەک مام جەلال کە لە لوتکەى دەستەڵاتى وڵات و حیزبیدایدایە دانى بە هەبوونى کێشە دانە و هاوکات پێشنیارى بۆ رێگەچارەسەرکردنیان کرد، لەلایەکیتریشەوە پێویستى چەمکى گۆڕانى دووپاتکردەوە بۆ ئەم قۆناغە سیاسیە جەنجاڵەى کە هەنووکە هەرێمى کوردستان لەبەردەم چەندها تاقیکردنەوەى سەخت دایە، کە ئەمەش بەوە دەبێ کە سەرەتا نێو ماڵى خۆمان رێکبخەینەوە ئینجا بەرەو ئەم تاقیکردنەوانەدا هەنگاو بنێین، کە گرینگترینان یەکلایکردنەوەى ئەو کێشانەیە کە لەگەڵ حکومەتى بەغدا هەمانە بۆ سەلماندنى زۆرێک لەو مافانەى کە هێشتا بەدەستمان نەهێناون. هاوکات نیشاندانى ئەزموونى سیاسیى کوردستان بە شێوەیەکى سەرکەوتونە بە حکومەتى ناوەندى و وڵاتانى دەوروبەر.

 

دووەمیان: زێتر ئاماژەدانە بە ناوەڕۆکى ئەم پڕۆژەیە کە دووپاتکردنەوەى زەرورەتى جیاکردنەوەى دەستەڵاتەکانى (یاسادانان، جێبەجێکردن، دادوەرى) و، هاوکات رۆڵدان بەدەستەڵاتى چوارەم کە میدیایە، بۆیە بەلاى چاودێرانەوە جێبەجێکردنى ئەم خاڵانە بە شێوەیەکى کردەیى ماناى وایە کێشەکان چارەسەر دەکرێ و ئەم هەرێمەش بەرەو بە دام و دەزگایى دەچێ، کە گرینگترین نیشانەیە بۆ هەر وڵاتێک و دەستەڵاتێک تا بە دیموکراسى ناوزەند بکرێت (لێرەوە وەکو تیۆر و بابەتیانە بۆ پڕۆژەکە جێگاى دڵخۆشیە، لێ لەکاتێکدا ئەگەر بەرەو پڕاکتیزەکردن بڕوات) دیارە لەم بارەیەوەش ئەوەى جێگاى رەخنەیە ئەم پڕۆژەیە تا هەنووکە نەچۆتە بوارى کریانەى راستەقینە و نەهێشتنى هەیمەنەى حیزب بەسەر دام و دەزگاکانەوە.

 

ئەگەرچى زۆرێکیش لە بەئاگایانى سیاسیى هەرێمى کوردستان پێیان وایە، ئەم گۆڕانانە لەدواى رووخانى رژێمى بەعس و یەکگرتنى دوو ئیدارەیى (هەولێر و سلێمانى) ئەم داخوازی و بانگەشانە زەقتر بوونەتەوە، لەم بارەشەوە هەندێک پێیان وایە ئەمە لە ئەنجامى هەبوونى ئەو بەربەستانەیە کە لە دەروە رووبەروى کورد بوونەتەوە. لەلایەکى تر هەبوونى کێشە لە نێو حیزبەکاندا، ئەمەش خۆى لەوەدا دەبینێتەوە کە لە نێو حیزبەکاندا ئەم کێشانە چارەسەرى ریشەیى بۆ نادۆزرێتەوە و بەیەکەوە گفتوگۆى روون نییە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان تاوەکو لە کاتێکدا پەنگدەداتەوە و رێگاى خۆى دەگرێت. ئەوەى من تێبینیم کردبێ لە نێو حیزبى کوردیدا بە درێژى مێژوو باڵادەستى ناو حیزب ئەوەندەى دەیەوێ موجامەلەى کەسایەتیەکانى دەروەى حیزب بکات، نیو ئەوەندە خەمى نییە کە بەرانبەر بە کادیرانى خۆى نەرم و نیان بێت، هەموو هەوڵێکى تاکەکانى نێوى حیزبەکەى بە شێوەیەکى موئامەرە لێکدەداتەوە، ڕەنگە ئەمەش پەیوەندى بەوەوە هەبێ کە لەیەکتر نەگەیشتن و دیالوگى ناڕوون هەبێ لەنێوانیاندا، هاوکات ئەمەش خۆى ئاماژەدانە بەوەى کە کێشە و چەوتى هەیە لە ئەداى کارى حیزبى و حکومیدا لە کوردستاندا، حکومەت: بەو مانایەى کە ئەزموونى حکومەتدارى لە کوردستاندا ماوەیەکى زۆر نییە هاتۆتە کایەوە و لەلایەکى ترەوە دام ودەزگایە نییە و پەرلەمانیش تا هەنووکە لەسەر حکومەت وەک چاودێریکەر نابینرێت. حیزب: تا ئێستاش لە کوردستان حیزب مانایەکى زۆر تەقلیدى هەیە و زۆرێک لە خەڵکى کوردستان وەک تیرە و عەشیرەت لە حیزب دەنواڕن و چەشنى دیوەخان لە بارەگاکانى و وەک ئاغاش لە بەرپرسەکانى.

 

لەلایەکى ترەوە حیزبە کوردیەکان لە کۆپیکراوێکى تەواوى حیزبە چەپەکانى ڕۆژهەڵات و یەکێتى سۆڤیەتى رەحەمەتیی دەچن، بۆیە رام وایە تا ئەو مانایە تەقلیدیەى حیزب نەگۆرێت، باس کردن لە گۆڕان شتێکى ناکامڵە. بەمەش دەکرێ بەوە بگەین کە ئەم چەمکانە وەکو پێویستەکى حەتمى هاتوونەتە کایەوە و ئاماژەى زیندوون بۆ گۆڕانى ئەم بارودۆخە، بۆیەش لام وایە هیچ شتێک لە بۆشایدا ناێتە بوون ئەگەر زەمینەسازى بۆ هاتنەدى نەکرابێ. لەلایەکى ترەوە ئەوەى مەبەست و بایەخى ئەم وتارەیە ئاماژەدانە بەڕۆلى گەنجان لەم قۆناغەدا کە لە هەموو لایەکەوە هەوڵ دەدرێت گۆڕانکارى رووبدات، لەوەش گرینگتر ئەم ڕۆڵ بینینە زیاتر بە گەنجان دەدرێت بۆ مامەڵەکردن بە هاوکێشەکان چونکە خوێنى نوێن و زۆرینەى جڤاکى کوردیش پێکدەهێنن. دیارە پێویستیشە لەسەر گەنجان زۆر بە شێوەیەکى هەستیار وبەرپرسیاریانە مامەڵە لەگەڵ ئەم رووداوانەدا بکەن و، پێش ئەوەى بەرژەوەندییە حیزبیەکانیان بخەنە پێش چاو بە ئاگابن لە بەرژەوەندییە باڵاکانى گەلێک کە سەدەها ساڵە خەبات بۆ مانەوەى خۆى دەکات.

 

دیارە مەبەستى ئێمە کەمکردنەوەى پێگەى حیزب نییە لە کۆمەڵگا، بەڵکو ئەمە هەقیقەتێکە هەموو حیزبێک کە دادەمەزرێت بۆ زیاتر بەرزکردنەوە و مانەوەى نەتەوەیەکە کە دەتوانێ کە گەیشتە دەستەڵات کارى بۆ بکات. لەکاتێکیشدا ئەمڕۆ زیاتر دەرگاکان بەسەر گەنجدا ئاواڵان و دەکرێ بێ ئەوەى بکەونە ناو هاوکێشە مەنگەکان، خۆیان هەست بەوە بکەن کە چ رێگایەک دەگرن بۆ وەدەستهێنانى مافەکانیان.

 

لەلایەکیتریشەوە وەک لە وتارێکدا دەربارەى گەنجانى بیست و پێنج ساڵى بۆ پەرلەمانى کوردستان ئاماژەمان بۆ کرد، کە دەتوانن وەک دەروازەیەکى گرنگ سوودى لێببینن بۆ ئەوەى بە شێوەیەکى کرداریانە ڕۆڵ لە هاوکێشە سیاسیەکاندا ببینن.

 

 

arezsmko@yahoo.com