ڕۆشنبیر قسەکەر
بێت،
نەک چەتەگەر بێت.

نەجات حەمید ئەحمەد
پێش چەند ڕۆژێک لە سایتەکانى کوردستان نێت و
ئەمڕۆ و چەند شوێنێکى دى ((تاڤگە سابیر ))نووسینێکى بڵاو کردەوە لە ژێر
ناوو نیشانى ((ئەو ڕۆشنبیرانەى ناو دەسەڵات ڕۆشنبیرێکى قسەکەرن)).
ئەم نووسینە بە هیچ شێوەیەک داکۆکى کردن نیە لە جۆرێک لەو ناوانەى بە
ڕۆشنبیرى دەبەخشن کە ئەویش ڕۆشنبیرانى نێو دەسەڵاتە نە هەوڵێکیشە بۆ
سارد کردنەوەى وەرگرى بابەت لە خوێندنەوەو نووسین .بەڵکو ئەم نووسینە
ڕوون کردنەوەى چەمکى چەتەگەریى ڕۆشنبیرى و فیکریە کە نووسەر یە داخەوە
پەناى بردۆتە بەر ئەم شێوازە لە نووسین و زۆر بە خراپى بەکارى هێناوە
..چەتەگەریى ڕۆشنبیرى مەبەستمان لێى وەرگرتن و خۆبە خاوەن کردنى
نووسینێکە کە سەر لەبەرى یا بەشێکى بیرو بۆچوون و ماندووبوونى فیکریى
کەسانى دین و یەکێکى دى دێ و دووبارە دایان دەڕێژێتەوەو دەیکاتە موڵکى
خۆى و بە ناوى خۆیەوە بڵاوى دەکاتەوە ..کە بە داخەوە چەتەگەرى ڕۆشنبیرى
لە بەر ئەوەى شێوازەکانى بردنى بابەتى خەڵکى و فیکرى خەڵکى بە چەندەها
ڕێگە بە سەر دەبات جیاوازە لەو پۆلێنکردنەى کە بۆ ئەو نووسەرانە
دادەنرێن لە ناوەندى ڕۆشنبیریدا کە ناویان ناوە دزیى ئەدەبى یا فیکرى .لە
بەر ئەوەى چەتەگەرى فیکرى یا ڕۆشنبیرى بە ڕاشکاوى و بە بەرچاوى
هەموانەوە دێت و بەو کارە هەڵدەستێ و تانەو تەشەرو قسەى نابەجێش بە
کەسانى دى دەڵێت هەروەک لە نووسینەکەى ئەم چەتەگەرەدا دەیبینین کە
زاراوەو ووشەکانى ((گەمژەیى..درۆکردن..شەرم لە ڕووتکاو..نەریت
پەرست..جەهالەت..دووفاقى...هتد))بەکارهێناوە.
ئەگەر ئەم زاراوانە لە پێناوى مەبەستێکى
ئەخلاقیدا بە کار هاتبێتن بۆ ناو نانى ڕۆشنبیرانى ناو دەسەڵات ..ئەوا
هەر لە ڕووى ئەخلاقیشەوە بردن و جوینەوەى فیکرو بۆچوونى کەسانى دى و
مۆنتاژ کردنیان بە شێوەیەکى دى زۆر لەو ناونانانە تێپەڕ دەکات ..ئەم
نووسینە وەڵام دانەوەى هیچ بۆچوونێک نیە کە تیایدا هاتووە چونکە هیچیان
هى ئەو نین بەڵکو هێنانەوەى بەڵگەى حاشا هەڵنەگرە لە سەر شێوازێک لە
شێوازەکانى مردنى بیرکردنەوەو بێَدەنگیى بیر کردنەوەوقسە کردن بە زمانى
خەڵکیەوە بە بێ ئاماژە دان بە بیرى خاوەنەکانیان فەرموون ئەم بەراورد
کردنانە بخوێننەوە کە چۆن ئەم خوشکە هاتوەو
سەرلە بەرى بیروبۆچوونە جیاوازەکانى بەڕێزان بەختیار عەلى و مەریوان
وریا قانیع و ئاراس فەتاحى بردوە و دایانى ڕشتۆتەوە ...
1- سەبارەت بە بوونى ڕۆشنبیر بە
فەرمانبەر نەک بیرکەرەوەو داهێنەر ....
تاڤگەخان دەنووسێت((ڕۆشنبیر فەرمانبەرێک نیە لە ماشێنە گەورەکەى حکومەت
و حزب و دەسەڵاتدا..))
- زۆر پێش ئەو بەختیار عەلى نووسیویەتى((بە ڕاستى دەزانم ڕۆشنبیران لە
دەزگاکاندا کار بکەن بەڵام نەک بە سیفەتى فەرمانبەر ....))..هەروەها((ڕۆشنبیران
لە گوناهەکانى ناو کۆمەڵگاى خۆیان بێدەنگ نەبن و نەبنە فەرمانبەر.))
-ئاراس فەتاحیش نووسیویەتى((ئەوەى ئەو سیستەمى ڕۆشنبیریە بەرهەمى
دەهێنێت بریتیە لە ڕۆشنبیرى فەرمانبەر...)).
2- سەبارەت بە نەبوونى ڕەخنەو
بێدەنگى لە ستەم و نادادى و ناعەدالەتى وبێ فیکرى ..........
تاڤگە خان دەنووسێت((بۆ قسە کردن لەسەر بابەتى گەورەو مەسەلەى گەورە
بەڵام بە بێ ڕەخنەو بە بێدەنگى..))هەروەها دەنووسێت ((....ئەو ئاستى
ڕوانینە دوا بەرهەمى بێدەنگیەکانە لە سەر زۆرێک لە وردەکاری و ئەو ڕاڤە
کردن و ڕەخنە پێویستانەى ....هتد))هەروەها دەنووسێت ((ئەو کاتەى
بەهاکان و مۆرالە جیاوازەکان و بیرکردنەوە جیاوازەکان دەکەونە ژێر
کاریگەریى ئەو نەریتە مەترسیدارەى بێدەنگیەوە...هتد
- زۆر پێش ئەو بەختیار عەلى نووسیویەتى((بەرەیەک لە ژیاندا بێدەنگە لە
هەموو کەم و کوڕیەکى سیاسى وکۆمەڵایەتى و ...هتد)) هەروەها
دەنووسێت((لە چەند ئاستى تریشدا بێدەنگى تەواو بەر قەرار دەبێ..))
هەروەها ((جیهانى ئێمە سەرگەردان و بێدەنگە...))هەروەها ئاراس فەتاحیش
نووسیویەتى((ئەم دۆخە کولتوورى ڕۆشنبیرانى بێدەنگت بۆ بەرهەم دەهێنێت...)).
سەبارەت بە چەمکى جیاوازى تاڤگە خان دەنووسێت:-
- خوازیارى کەمترین قسەوکەمترین ڕاڤە کردن و جیاوازیە بەرامبەر مەوداو
ڕەهەندەکانى دى..هتد))هەروەها دەنووسێت((ئەگەر قسەکردن لە سەر ئەو
شتانە خوێندنەوەو ئاگاییەکى مەعریفیى جیاوازى لە پشتەوە نەبوو..))هەروەها((پێشنیارێک
هەیە بۆ ڕەچاوکردنى خەیاڵگەو هزرێکى جیاوازلە دەرەوەى ئەم کۆنترۆل و
سزایە....))مەریوان وریا قانیع زۆر پێش ئەو گوتوویەتى((ڕۆشنبیران ئەو
گەوهەرەن کە زەمینەى بەرهەم هێنانى ماناى جیاواز خۆش دەکەن...))هەروەها
بەختیار عەلى نووسیویەتى((دیموکراسى بەرهەمى ئەو کۆمەڵگا زیندوانەیە کە
دەتوانن جیاوازى بەرهەم بهێنن..)) لە سەر چەمکى جیاوازى بڕوانە نووسین
و چاو پێکەوتنەکانى بەختیار عەلى کە سەر لە بەریان نووسەر
گواستوویەتیەوە ناو نووسینەکەى خۆى.....
3- سەبارەت بە دوا خستنى ڕەخنە لە
دەسەڵات بۆ کاتێکى گونجاو کە لەم سەردەمەدا نەکرێت چونکە کورد لە کێشەى
سیاسى و مەسەلەى نەتەوەییدایە لە گەڵ دوژمنەکانى و بەرامبەرەکانى...تاڤگە
خان دەنووسێت:-
((....لە میانى ئەو قەیرانانەدا ناوەندە سیاسى و ئایدۆلۆژیەکان قسە لە
سەر هەڵگرتن ودواخستنى گۆڕانکارى و جیاوازیەکان دەکەن بۆ کاتێکى دیکەو
زەمەنێکى دیکەى شیاو و ئامادە بۆ وەرگرتنى دیالۆگ و ڕەخنەو جیاوازیەکان
.....هتد)).
- زۆر پێش ئەو مەریوان وریا قانیع نووسیویەتى ((لە ژێر ناوو نیشانى
ئەوەى ئێستا کاتى ڕەخنە نیەو با ڕەخنە هەڵگرین بۆ قۆناغى دواى چارە
سەرکردنى کێشە سەرەکیەکانى کۆمەڵگاى کوردى لە گەڵ داگیر کەرانداو با
دان بە خۆماندا بگرین و بێَدەنگ بین...هتد)).
4- لە زۆر جێگەى دیکەدا هاتووە
هەندێک ڕستەى کەسانى دیى هێناوەو سەرلە نوێ دایانى ڕشتۆتەوە بە
شێوەیەکى سەقەت کە تێکەڵیى ماناو بێمانایى زۆریان پێوە دیارەوئێرە
شوێنى باس کردنیان نیە هەروەکو ئەم ڕستانەى بەختیار عەلى کە هاتووە
هەمان ووشەکانى داڕشتۆتەوە بە شێوەیەکى دیکە وەکو:-
بەختیار عەلى دەنووسێت((...ڕۆشنبیرى ووزەى تیۆریزە کردن و ڕاڤە کردن
وپراکتیکى مەنهەجیانەى چەمکى زانستى و فەلسەفى لە بوارە جیاوازەکاندا...هتد))ئەویش
هاتوەو دەڵێ((..دنیایەک تیۆر و ڕاڤە کردنى جیاوازى لە پشتەوەیە
بەچەندین شێوەو ستراکتۆرى پراکتیزە کردن...هتد)) کە گومانم لەوە هەیە
ئەو لە هسچ یەکێک لەو چەمکانە بگات کە باسیان دەکات ...
بۆ ئاگاداریى خوێنەران ئەمانە بڕێکى کەمن
لەو وەرگرتن و بردن و تاڵان کردنانەى فیکرى ئەم و ئەوو لێرەدا
ڕۆشنبیرانى ناو دەسەڵات ڕاستە قسە کەرن .. بەڵام ئەوان خاوەن
ئایدۆلۆژیان و دڵسۆزن بۆ ئایدۆلۆژیاکەى خۆیان و زۆر بە جدى کارى بۆ
دەکەن..بەرژەوەند خوازن ..بێ فیکرن.. هەرچیەکن ئەوە ڕێگەى ئەوانەو
ئازادن لە هەڵبژاردندا..هەر ئەوانیشن کە ئەو کەسانەى تۆ فیکرەکانیانت
بردوەو کردۆتتە هى خۆت ڕایان وایە کە ئەوان لە سیاسیەکان جدى ترن لە
داڕشتنى بیرو بەرنامەو کارەکانیان کە ئاراستەى جەماوەرى دەکەن ..لە
کۆتاییدا دەپرسم قسەکەرێکى دەسەڵات بى باشترە کە خاوەنى ئایدۆلۆژیاى
خۆت بى و کارى بۆ بکەى بە دڵسۆزى یاخود چەتەگەرێکى بێ فیکر بیت و
ڕەوایى بە بردن و وەرگرتن و خواردنى پاشماوەى نووسینەکانى ئەو
کەسانەبدەیت و ئامۆژگاریى خەڵکى دیکەیان پێ بکەیت؟؟ بە ڕاى من چاکترین
شت نووسینەوەى ئەزموونەکانى ژیانى خۆت چاکترین نووسین دەبن هیچ نەبێ
دەبیت بە خۆت نەک کەسێکى دیکە وابزانم ئەمەیان زۆر پراکتیکى ترە و قسە
کردنى بە سەرچوونیە...
bawagorgor@yahoo.com
|