روونکردنه‌وه‌یه‌ک بۆ رای گشتی و هه‌ڤاڵانی حزبی رزگاریی کوردستان.
رۆژی 28-6-2008 به‌یانۆکه‌یه‌ک به‌ناوی راگه‌یاندراوی کۆتایی کۆنفرانسی حزبی رزگاریی کوردستان بڵاکراوه‌ته‌وه، لێره‌دا من وه‌ک سکرتێری حزبی رزگاریی کوردستان روونی ده‌که‌مه‌وه که :
1- ئه‌وه‌ی ناوی نراوه کۆنفرانس به‌هیچ شێوه‌یه‌ک کۆنفرانس نه‌بووه، چونکه کادیره ئه‌ساسیه‌کانی حزب به تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی له‌یه‌که‌مین رۆژی راگه‌یاندنی حزب له 15-8-1993 به‌شداریان کردبوو، بانگ نه‌کرابوون، هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی یه‌که‌مین کۆنگره‌ی حزب بانگ نه‌کرابوون، ته‌نانه‌ت ژماره‌یه‌کی زۆر که‌میش له ئه‌ندامانی دووه‌مین کۆنگره به بیانۆی ئه‌وه‌ی که مووچه ده‌درێ بۆ باره‌گا بانگ کرابوون و باسی کۆنفرانسیان له‌گه‌ڵ دا نه‌کرابوو.
2- رۆژی پێنج شه‌ممه 26-6-2008 من به ته‌له‌فۆن قسه‌م له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵ هۆشیارو هه‌ڤاڵ فه‌همی کردووه که هه‌ردووکیان ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسین، به‌ڵام له دوور‌و نزیکه‌وه باسی به‌ستی کۆنفرانس و کۆبوونه‌وه‌یان نه‌کردووه.
3- رۆژی هه‌ینی 27-6-2008 چه‌ند هه‌ڤاڵێک له رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه پێیانڕاگه‌یاندم که بانگ کراون بچن بۆ سلێمانی بۆ وه‌رگرتنی مووچه، منیش لام سه‌یربوو له‌و کاته‌دا که به‌هۆی ئه‌وه‌ی مه‌کته‌بی عیلاقاتی یه‌كێتی نیشتمانیی کوردستان ماوه‌ی ده مانگ ده‌بێ بودجه‌ی حزبی رزگاریی کوردستانی راگرتووه‌و دووچاری ته‌نگژه‌ی دارایی هاتووین، چۆن کادیر بانگی باره‌گا ده‌کرێ، بۆیه به‌په‌له ته‌له‌فۆن بۆ هه‌ڤاڵ فه‌همی ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی کرد‌و سه‌باره‌ت به‌و بانگ کردنه پرسیارم کرد، ئه‌و راگه‌یاند که سیناریۆێکی ترسناک هه‌یه، من نازانم به‌ڵام دواتر له ئاکامی ئاگادارت ده‌که‌مه‌وه. ئه‌و نیگه‌رانی خۆی پێشانداو رایگه‌یاند که هه‌ست به باندبازی و ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌کی ده‌کات. من پێمگوت که پێویست ناکات کۆبوونه‌وه بکرێ، چونکه له چه‌ند رۆژی داهاتوودا من له کوردستانم، ئه‌و کات ئه‌گه‌ر پێویستی کرد کۆده‌بینه‌وه. ئه‌ویش به‌ڵێنی دا که هه‌ڤاڵان ئاگادار ده‌کاته‌وه ته‌له‌فۆنیان بۆ ده‌کات تا نه‌یه‌ن.
4- هه‌ر هه‌مان رۆژ واته 27-6-2008 من ته‌له‌فۆنم بۆ مامۆستا نه‌وزاد به‌رپرسی کۆمیته‌ی پارێزگاری که‌رکوک کردووه‌و ئه‌ویش بێ ئاگایی خۆی له کۆبوونه‌وه پێشان داوه‌و نکۆڵی له‌وه کردووه که بانگ کرابێت، من پێمگوت با ته‌له‌فۆن بۆ هه‌ڤاڵ هۆشیار بکات و پرسیاری لێبکات، له‌گه‌ڵ ئه‌ویش دووپاتم کردۆته‌وه که‌من له‌م رۆژانه دێمه‌وه کوردستان و له نزیکه‌وه سه‌باره‌ت به ته‌نگژه‌ی دارایی قسه ده‌که‌ین.
5- رۆژی شه‌ممه 28/6/2008 هه‌ندێک کادیری حزب به بیانۆی پێدانی مووچه بانگی باره‌گا کراون، دواتر نزیکه‌ی 43 که‌س له ژوورێکدا کۆ کراونه‌ته‌وه، ئه‌وسا هه‌ڤاڵ هۆشیار ده‌ستپێکی کۆبوونه‌وه‌که‌ی به مژدانه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی بودجه کردۆته‌وه و راگه‌یاندوه که عیلاقاتی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان بودجه‌که‌ی بۆ گه‌ڕاندووینه‌ته‌وه‌و به‌ڵێنیان داوه زیادیشی بکه‌ن. دواتر له چه‌ند خوله‌کێکدا چه‌ند قسه‌یه‌ک کراوه‌و به‌به‌رچاوی ئاماده‌بوانه‌وه هه‌ڤاڵ هۆشیار ته‌له‌فۆنی بۆ که‌سانی نه‌ناسراو کردووه، ئه‌وسا ئه‌و به‌یانۆکه‌یان بۆ هێناون و به‌سه‌ر ئاماده‌بووان دابه‌شی کردووه‌و پاره‌ی پێداون و راسپاردراون تا کۆپی بکه‌ن و بڵاوی بکه‌نه‌وه.
6- رۆژی شه‌ممه 28-6-2008 ته‌له‌فۆنم بۆ هه‌ڤاڵ هۆشیار کرد‌و پرسیاری ئه‌وه‌م لێکرد که بۆچی هه‌ندێک هه‌ڤاڵتان بانگی باره‌گا کردووه، ئه‌و رایگه‌یاند که له سه‌رچاوه‌یه‌کی ئاگاداره‌وه پێیڕاگه‌یاندراوه که یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حزبی رزگاریی کوردستانی داوه و له مانگی نۆی ساڵی 2009 یه‌کلایی ده‌کرێته‌وه، من باوه‌ڕم به‌و قسه نه‌بووه‌و پێمگوتووه که ئێمه خۆمان رزگاریمان راگه‌یاندووه‌و خۆشمان ده‌توانین هه‌ڵیوه‌شێنینه‌وه، به‌ڵام باوه‌ڕ ناکه‌م یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی به‌رانبه‌ر به حزبی رزگاریی کوردستان هه‌بێ، ئه‌وان ده‌توانن که هاوکاریمان نه‌که‌ن و به‌س، به‌ڵام ئه‌و دووپاتی کردوه که له‌به‌رژه‌وه‌ندی رزگاری ئه‌م کاره کراوه‌و مه‌به‌ستیش رزگارکردنی حزبی رزگاریی کوردستانه!! ته‌نانه‌ت نه‌یگوت که عیلاقاتی یه‌کێتیی بڕیاری گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بودجه‌که‌ی داوه، به‌ڵام له رێگه‌ی ئه‌وانه‌ی بۆ باره‌گا بانگکرابوون پێمڕاگه‌یاندرابوو که هه‌ڤاڵ هۆشیار مژده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی بودجه‌ی داوه! بۆیه له هه‌ڤاڵ هۆشیارم پرسی ئه‌ی باشه بۆ ناڵێی بودجه‌دکه‌مان به‌سه‌ر یه‌که‌وه وه‌رگرتۆته‌وه؟! ئیدی ناچار رایگه‌یاند که عیلاقات و شه‌خسی کاک کوردۆ به‌ڵینیان داوه بودجه‌که‌مان بۆ بگێڕنه‌وه‌و بۆشمان زیاد بکه‌ن، به‌و مه‌رجانه‌ی له به‌یانه‌که‌دا نووسراون. منیش پێگوت: ئه‌گه‌ر پاره‌تان وه‌رنه‌گرتووه ئه‌ی بۆچی کادیرتان بانگکردووه‌و چۆن مه‌سه‌ره‌فی هاتن و چوونی ئه‌وانتان داوه؟!
7- هه‌ر رۆژی شه‌ممه 28-6-2008 جارێکی دیکه ته‌له‌فۆنم بۆ مامۆستا نه‌وزاد کرده‌وه، ئه‌و رایگه‌یاند من له‌سه‌ر داوای هه‌ڤاڵ هۆشیار چوومه‌ته باره‌گا، به‌ڵام کاتێ چووم سه‌رم سوڕما، نه‌مزانی ئه‌و کادیرانه بۆ کۆکراونه‌ته‌وه، هه‌ندێک هاتبوون قه‌ت من ئه‌وانم نه‌ده‌ناسی، به‌ڵام شتێک کراوه، ئه‌گه‌ر خۆشیش نه‌بووبێ، هیوادارم له‌به‌رژه‌وه‌ندی رزگاری دابێت، بڕیاره‌کان دێنه به‌رده‌ستی به‌رێزتان و دڵنیام که پێی رازی ده‌بن.
8- رۆژی 29-6-2008 جارێکی دیکه ته‌له‌فۆنم بۆ هه‌ڤاڵان فه‌همی و هۆشیار کرده‌وه، ئه‌وکات هۆشیار خاڵه‌کانی به‌یانۆکه‌که‌ی بۆ خوێندمه‌وه‌و داوای لێکردم که رای خۆم بده‌م، من راشکاوانه پێمگوت که ئه‌مه کۆدێتایه‌و له‌سه‌ر حزب کراوه، به‌ڵام له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی حزب من ده‌نگ ناکه‌م، به‌مه‌رجێ ئێوه‌ش به‌ردێکی له‌سه‌ر دابنێن تا خۆم دێمه‌وه. هه‌ر ئه‌و رۆژه چه‌ندین رۆژنامه‌و ماڵپه‌ڕی ئینته‌رنێتی په‌یوه‌ندیان پێوه‌کردم و داوایان کرد رای خۆم بده‌م، چونکه ئه‌وان ده‌یانزانی که به‌بێ ئاگاداری سکرتێر کاره‌که کراوه، به‌ڵام من خۆم بواردو ئاماژه‌م به شته‌کان نه‌دا.
من وه‌ک سکرتێری حزبی رزگاریی کوردستان که شه‌ره‌فی راگه‌یاندنی حزبم له 15-8-1993 هه‌بووه‌و له هه‌ردوو کۆنگره‌ی حزبی رزگاریی کوردستاندا به زۆرینه‌ی ده‌نگ هه‌ڵبژێردرام، نا ره‌وایه‌تی ئه‌و شته‌ی ناوی نراوه کۆنفرانس به هه‌موو لایه‌ک راده‌گه‌یه‌نم و روونی ده‌که‌مه‌وه که ئه‌مه کۆدێتاێکی ئاشکرایه‌و به ده‌ستی چه‌ند که‌سێک ئه‌نجام دراوه و به تووندی ره‌تی ده‌که‌مه‌وه.
راستیه‌که‌ی هه‌موو لایه‌ک ده‌زانن که کۆنفرانس به بێ ئاگاداری سکرتێرو کارگێڕی مه‌کته‌بی سیاسی و ئه‌ندامانی دیکه‌ی سه‌ر‌کردایه‌تی نابه‌سترێ، ته‌نانه‌ت پێچه‌وانه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی حزبی رزگاریی کوردستانه، چونکه له په‌یڕه‌وی ناوه‌خۆدا سه‌باره‌ت به کۆنفرانس هاتووه:
1- له كاتی گۆرانكاری و رووداوێکی چاره‌نووسساز و له‌سه‌ر داوای 2/3 ئه‌ندامانی كۆميته‌ی ناوه‌ندی پێکدێ. 2- ئه‌ندامانی كۆميته‌ی ناوه‌ندی و جێگره‌كان و كاديره پێشكه‌وتووه‌كان به‌شداری تێدا ده‌که‌ن. 3- هه‌موو ده‌سته‌ڵاتێکی کۆنگره‌ی هه‌یه , جگه له ناوگۆڕين و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حزب. 4- ده‌توانێ بۆشايی كۆميته‌ی ناوه‌ندی پڕ بكاته‌وه , ئه‌گه‌ر پێويستی كرد ده‌توانێ ژماره‌ی ئه‌ندامانی كۆميته‌ی ناوه‌ندی زياد بكات . 5- ده‌توانێ بريار له يه‌كبوون له‌گه‌ڵ لايه‌نێکی دیکه دا بدات .
لێره‌دا له‌ژێر رۆشنایی په‌یڕه‌وی ناوه‌خۆی حزبی رزگاریی کوردستاندا ده‌رده‌که‌وێ که ئه‌مه جگه له کۆدێتا هیچ شتێکی دیکه نیه، چونکه هیچ گۆڕانکاری و رووداوێکی چاره‌نووسساز رووی نه‌داوه، هه‌روه‌ها 2/3 ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی داوایان نه‌کردووه، به تایبه‌تیش لانی که‌م سکرتێرو کارگێڕی مه‌کته‌بی سیاسی و سێ ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی، واته زیاتر له نیوه‌ی ئه‌ندامانی سه‌کردایه‌تی ئاگایان لێنه‌بووه.
من وه‌ک سکرتێری گشتی حزبی رزگاریی کوردستان له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی حزب تا ئه‌مڕۆ هیچ لێدوانێکم نه‌داو رامگه‌یاند که له نزیکترین ده‌رفه‌تدا کۆده‌بینه‌وه‌و ئه‌و کێشه‌یه چاره‌سه‌ر ده‌که‌ین، به‌ڵام ئه‌وانه چونکه به ویستی که‌سانی دیکه کۆدێتایان کردووه و به‌ڵێنیان پێدراوه که هاوکاری ده‌کرێن، به‌په‌له ئه‌ندامبوونی حزبی رزگاریی کوردستانیان له‌و به‌ره‌یه راگه‌یاند که رۆژێک له رۆژان له‌به‌رنامه‌ی رزگاری دانه‌بووه کاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ناو ئه‌و به‌ره‌یه‌دا بکات،چونکه:
1- حزبی رزگاریی کوردستان هیچ چه‌شنه پێوه‌ندی و یه‌کترناسینێکی له‌گه‌ڵ پارتی پێشکه‌وتخوازی دیموکراتی کوردستان دا نه‌بووه، ئه‌ی چۆن ده‌کرێ ئاوا به خێرایی له شه‌و رۆژێکدا به‌ره‌یان له‌گه‌ڵدا دروست بکرێ. 2- حزبی رزگاریی کوردستان، بزووتنه‌وه‌ی دیموکراتی رزگاری کوردستان به فۆتۆکۆپی و ناڕه‌وا ده‌زانێ که له دژی حزبی رزگاریی کوردستاندا قوتکراوه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت تاکه که‌سه‌که‌ی ئه‌و به‌ناو بزووتنه‌وه‌یه بکوژی فه‌رمانده‌یه‌کی حزبی رزگاریی کوردستانه‌و تا ئێستا کێشه‌که یه‌کلایی نه‌بۆته‌وه، هه‌رچه‌نده ده‌یانجار داوای سوڵحی کردووه‌و ئاماده‌یی خۆی راگه‌یاندووه. 3- حزبی رزگاریی کوردستان پێشتر له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی دیموکراسیخوازانی کوردستان له‌به‌ره‌ی گۆڕان دابوو، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و که‌رتبوونه‌ی به‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی دیموکراسیخوازان داهات، ئه‌و باڵه‌ی ئێستا له به‌ره‌ی کاری هاوبه‌شدایه خۆی له‌به‌ری گۆڕان کشانده‌وه، به‌وهۆیه‌وه ناکری به‌ره له‌گه‌ڵ لایه‌نێک دروست بکرێ که پێشتر له‌کاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ حزب کشاوه‌ته‌وه. 4- حزبی رزگاریی کوردستان پێشتر پێوه‌ندی باشی له‌گه‌ڵ پارتی نه‌ته‌وه‌یی کوردستاندا هه‌بوو، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی که پارتی نه‌ته‌وه‌یی ئاماده نه‌بوو که سه‌نگه‌ری ئۆپۆزیسیۆن هه‌ڵبژێرێ ئیدی پێوه‌ندی نێوان حزبی رزگاریی و پارتی نه‌ته‌وه‌یی به‌ره‌و ساردی رۆیشت و هیچ شتێک به‌ناوی پێوه‌ندی نه‌مایه‌وه.
له‌کۆتاییدا داوا له سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌م که رێگه نه‌دات له سیسته‌می دیموکرسیدا کۆدێتا بکرێ، هه‌روه‌ها داوا له دادگه‌ی کوردستان ده‌که‌م که کۆدێتاچیان دادگه‌یی بکات و سزایان بدات.
رێکار ئه‌حمه‌د سکرتێری گشتی حزبی رزگاریی کوردستان 4-7-2008
|