ئەى ئەو کچەى گۆرانى بۆ پیاوێک ئەڵێی لە
ناخەوە هەلاهەلایە
لەناو ڕۆحى خۆیدا وێرانە
بەخەیاڵ وێنەى پیاوێک دروست ئەکەیت، بەخوێنى خۆى تابلۆیەک دروست ئەکات
پیاوێکت لەم گوزەرەدا نەدیتوە
میهرەبانى ڕیسواى زەمانەى کردوە ؟
پیاوێک هەمیشە لەبەرخۆیەوە دەڵیت
با وێران بێت ئەم وێرانەى خەیاڵە
با کەلاوەبێت ئەم ڕۆحەى بووە بەکەلاوە
با زیندانى بێت ئەو مەرگەى لەناو ڕۆحى مندا زیندانە
بایاخى بێت ئەو عیشقەى لەناو دڵى مندا مردوە
لەپاش جەنگەکان خوێنەکانیان پێ سڕیم
تەرمى ئازیزەکانمیان پێ خستمە چاڵ
باهەرەس بهێنێ چارەنوسى ئەو هەموو نهێنیە
لەو مەیخانەدا کەمەینۆشەکانى پاشماوەى عیشقێکى ناکامن بپرسە
ئەرى ئێوە مردوویەکتان نەدیتوە
هەموو شەوێ گوێ لەهاوارى دڵى خۆى ئەگرێ و
بەدیارگۆرانیەکانى ڕۆحى خۆیەوە کزکزدائەنیشێ؟
پیاوێک هەمیشە دەڵى:
عیشقەکانمان هەمووى درۆ دەرچون
پیاوێ: ئەوەچەند سەدەیە برینەکانى خۆى تیمار ئەکاو خوێنیان لێدێ
داواى نورى میهرەبانى لەخوائەکاو خوێنى بۆدێ
پیاوێک هەمیشە ژنەکان بانگى دەکەن:
بەم هەموو برین و غەم و خوێنەوە بۆکوێ دەڕۆى
بەم میهرەبانى خواو خەمانەوە بۆکوێ دەڕۆى ؟
لەخوڵوەتێکدا کەێۆفیەک لەپەنجەرەیەکى چکۆلەوە تەماشاى خوائەکات
بپرسە :ئەرێ تۆ زاهیدێک ناناسیت لەناو ڕۆحى خۆیدا نوێژئەکات؟
زاهیدێک بەناو نەگەشتن بەخەونەکانیدا ماندووبوەو
وەک شێتێک قومارخانەو سۆزانیخانەکانى شار دەگەڕێت و
خوێنى قوربانیەکان بەدەرگاى مەعبەدەکانەوە دەسڕێت
لەو سیاسیانە بپرسە ژیانیان کردووەتە درۆیەکى بێتام و بێمانا
ئەرێ کەسێکتان نەدیوە هەموو ڕۆژێ لەژورەکەیدا خۆکوژى ئەکات؟
پیاوێکتان نەدیوە
هەمووعومرى بۆدڵى خۆى گەڕاوە لەسینەى کەسێ ترداو نەبینیوە؟
نەتان دیوە پیاوێک لەم مەملەکەتى تاڵانکردنى ڕۆحەدا
لەم وڵاتى هەڕاجکردنى دڵەدا
بەدواى دڵ و ڕۆحى خۆیدا ئەگەڕێ؟
پیاوێک وەک دێوانەکان ئەڵێت:
درۆکانى حەقیقەت کەڵکیان پێوەنەماوە تەفسیرێکى تربدۆزنەوە ژیان
جوانیەکانى حەقیقەت تامیان تیانەماوە مەرگێکى تربدۆزنەوە بۆ ژیان
لەو توتیە سەرابیانە بپرسە، بەدارستانە ڕوت و تینوەکاندا دەفڕن
ئەرێ باڵندەیەکتان نەدیوە پڕە لەویقارى حەقیقەت
پڕەلەخوێن و برین،سام و هەیبەت
پیاوێک هەمووئێوارەیەک لەبرى پەڕەسێلکەیەکى شەکەت
دڵى ئەخاتە بەردەستى بێچوەکانى؟
پیاوێک کەبەشەقام و کۆڵانەکاندا دەگەڕێ بۆنى ژیانى دى
کەدەیەوێت لەدوکانێک لابدات کێک و ساردیەک بخوات
دەست بەگیرفانەکانیدا ئەگێڕێ و پارچەیەک مەغریب دەردێنێ
پیاوێک خەمساردى هەمووساقیەکان ئەخوێنێتەوە
مەرگ لەناو چاوە مەستەکاندا ئەبێنێ
پیاوێک هەرەس هێنانى هەموو ماڵەکانى تەنیایی دیوە
ڕوخانى هەموو سەردەمەکانى وەفادارى دیوە
پیاوێک بەسەر پشتى ئەسپێکى خەیاڵیەوە دەڕوات و تۆنایبینى
بەناو چاوەکانى تۆ دا گوزەرئەکاو لێتەوە دیار نیە
لەمەعبەدێکدا هەموو ئیماندارە کانى سەریان بەسوجدەوە جێماوە بڵێ :ئەرێ
ئێوە ئیماندارێک ناناسن
بەدواى یەقیندا ئەگەڕێ و لە فەزاى گوماندا و نبووە
پیاوێک کوشتنى کۆترە کان تەفسیر ئەکاو دڵەى پەڕەسێلکەکان ئەخوێنێتەوە
پیاوێک بەدواى گۆڕى ئازیزێکى دا دەگەڕێ ڕۆحى لاجێبێڵى و
بەدیار خەونە کوژراوەکانیەوە تێر بگرى ؟
پیاوێک یادگارى عیشقە کۆنەکانى زیندو ئەکاتەوە
پێاوێک بەدواى گۆڕى هاوڕێ دێرینەکانیدا ئەگەڕێ
زەمان ڕۆیی و کەس دەرگاى لەو پیاوە نەکردەوە پەرداخێک ئاوى بداتێ
ئاخر ئەو هەمیشە بەخوێن و زەغرەفە
لەسەر دیوارى عیبادەتگایەکى دێرین ئەنوسێ
شەو هەمیشە بۆنى خوێنێ لێدێ
لەو مۆسیقارانە بپرسە، بەدیار پیانۆیەک و کەمانێکەوە ژێکانى پچڕاون
ئەرێ ئێوە پیاوێکتان نەدیوە مۆسیقاى مەرگى حەسرەتەکانى ئەژەنێت؟
پیاوێک بۆنى ڕەیحانەى مەرقەدو مشایەخەکانى لێدێ؟
پیاوێک بەحەسرەتەوە مردو هەناسەى کۆترێکى پێنەکرا بەمۆسیقا؟
پیاوێک لەبەر خۆیەوە دەبۆڵێنێ و دەڵێ:
بەکۆڵێ برین وخوێنەوە هاتین ودەرگاى مەرگمان کوتا
بەڕوتى هاتین و بە کۆڵێ خوێن و برینەوە چوین
بەبێ پرسیار هاتین و بە کۆڵێ پرسیارى بێ وەڵامەوە چوین
لەناو خێڵە وەحشەت ناکەکانى دارستاندا پرسیاربکە
ئەرێ ئێوە پیاوێکتان نەدیوە لەنێو دڵى شەودا بۆدڵى بریندارى خۆى دەگەڕێ
بەناو کەمینى هەزارەها جانەوەرى وەهمیدا دەڕوات تابگاتە ئەو سەرى
قیامەت
پیاوێک لەسێبەرى گۆڕەکاندا جگەرە دەکێشێ و
لەسەر گۆڕەکان ڕەیحانە جێدێڵى
پیاوێک بەناو خامۆشى عومرى خۆیدا دەیەوێت
چراى ئیمانێکى ڕۆحیتر داگیرسێنێت؟
لەو فەیلە سوفانە پرسیار بکە سەریان تەنیا بەسەر کتێبەکاندا شۆڕ
ئەکەنەوە
ئەرێ ئێوە پیاوێک ناناسن
هێشتا پێى وایە بەختیارى یەکێکى ترە لە درۆ جوانەکانى حەقیقەت؟
پیاوێک برینى ئەو ئەسپانە تیمار ئەکات بەرلەوەى لەجەنگ بگەڕێنەوە
برینداربوون
بەرلەوەى خودا بناسن ئیمانداربوون ؟
پیاوێک پەپولەکان لەسەر سینەى دەنون
گوڵە ئەستێرەکان لەناو دڵیدا لانەئەکەن
پیاوێک دەستەکانى سورە بەسەر بڕینى ڕۆحى خۆى
پەشیمانى ئەیکوژێ نەک برینەکانى ڕۆحى خۆى
یادگاریەکانى ئەیکوژێ نەک هەناسەکانى دڵى خۆى
بەو پۆلە باڵندە غەمگینانە بڵێ ترسى مەرگ کۆیکردونەتەوە
ئەرێ ئێوە کوکوختیەک ناناسن بەدەنگى کەمانێکى پیر دەگرى
کوکوختیەک هەمیشە لەماڵى نەسیمى عەترو عیشق و شیعرەوە دێ و
لەدوعاى ئەو چڵەڕەیحانانە ئەترسێ
دەستى پایزێکى ناشى لەخەزان مارەیان ئەکا؟
حیکایەتەکانى بۆ ئەو ڕاهیبانە ئەگێڕێتەوە
لەخزمەتى کلیساکاندا پیرى ئەیانکوژێ
چیرۆکى (با) بۆئەو ێۆفیانە ئەگێڕێتەوە
خەڵوەتەکانیان گۆڕەو شاریان ئەدا
لەو کچانە بپرسە دڵیان لەنێو خوێنى چەقۆکاندا لێون بووە
ئەرێ ئێوە کوڕێک ناناسن بەنێو ڕۆحى خۆیدا هەنگاو دەنێت بەرەو ماڵى عەشق؟
چاوەکانى پڕن لەپوچگەراییەکى سەوزو
ڕۆحى تژیە لەنائومێدى شین ؟
کوڕێک لە دەرگاى ماڵەکانى شار ئەدات و میهرەبانى ئەبەخشێتەوە
لەنێوان لەدایک بوون و مردنا گوڵێکى سور ئەڕوێنێت؟
هاڵاوى تەنیایی سەر پەنجەرەکان دەسڕێ و دەڵێ:
ئەم هەموو گوڵە لەخوێندا دەخنکێن و کەس نایبینێ
ئەم هەموو بیابانە مردون و باران نابارێ
کورێک مناڵان هەمیشە بانگى لێدەکەن:
مەڕۆ باسپێدە دۆستى ئێمە بێت
مەڕۆ بامەغریب لەئێمە یاخیبێت
کوڕێک زەمانە جێى هێشتوەو
بەدواى دڵ و ڕۆح ویادگاریە کانیدا ئەگەڕێ
بەدواى عیشق و وەفاو جوانیەکانى ڕۆحى خۆیدا وێڵە
لە کۆڕى ئەو مەستانەدا دووبارە بوونەوەیەکى بێمانایە ژیان
درۆیەکى دوبارەو هەزاربارەیە ژیان،بپرسە
پیاوێک بێرەدا تێنەپەڕیوە
دڵى لەناو لەپى دەستیدا داناوەو سەیرى دەکات؟
پیاوێک هاواردەکات
ئەم برینانە مەکولێنەوە کەبرینى تۆن
ئەم مناڵانە مەکوژە کەمناڵى تۆن
پیاوێک لەجەنگ ومەرگ ونیشتیمان هەڵدێ و
خوێن وخواو خەم و ویژدان یەخەى ئەگرن
عیشق و خوێن وجەنگ ومەرگ یەخەى ئەگرن
پیاوێک بەدواى ڕۆحى ونبوویدا ئەگەڕێ و مەرگ ئەدۆزێتەوە
بەدواى ڕۆحى خوێناوى خۆیدا ئەگەڕێ ودڵى مردوى ئەدۆزێتەوە
لەو دێوانانە بپرسە هەموو ڕۆژێ دەردەدڵ ئەیانکوژێ و زیندویان ئەکاتەوە
ئەرێ ئێوە گۆڕغەریبەیەکتان نەدیوە نائومێدى ئەوى کوشتوە ؟
لەو کوێرانەبپرسە چراکان ئەکوژێننەوەو پەروانەکان دائەگیرسێنن
ئەرێ ئێوە نابینایەکتان نەدیوە بەدواى چاوەکانى خۆیدا وێڵە؟
لەو کەشتیوانانە بپرسە لەگەڵ هەڵکردنى (با)کاندا گۆرانى ئەڵین
کەشتیەکى تینوتان نەدیتوە لەناو دڵى دەریادا لەنگەر ئەگرێت
ئەرێ ئێوە مردویەک ناناسن ساڵانێک لەمەو بەر
ئەیویست دەریا بەبیابان بگەیەنێت
لەو عاریفانە بپرسە کەبەڕوتى بەنێو دڵى خۆیاندا ئەگەڕێن
پیاوێک ناناسن لەتەنیشت ئەو ناندێنانەوە ژنەکان گۆشتى دڵى خۆیان
لێدەنێن
سەرى هەموو هەموو قابلەمەکانى خەیاڵى لابردوەو
بەحەسرەتەوە تامى گۆشتى دڵى خۆى کردوە؟
پیاوێک هەمیشە دەڵێ :
ئەرێ بۆدەبێ فریشتە سپیەکانى خوا بکوژرێن؟
لەوپەروانە شێتانە بپرسە لەدواى کوشتن و
کوژانەوەى چراکانەوە دەسوتێن
ئەرێ ئێوە پەروانەیەکى تر ناناسن لەڕۆحى خۆیدا دەبێت بەقەرەبروت؟
ئەرێ ئێوە کەسێک ناناسن هێشتا پێى وایە خودا پڕە لەڕۆحى پەروانە؟
پیاوێک بۆ سەدە دورەکانى دواى خۆى دەژى و
میهرە بانى سەدە دێرینەکان دێنێتەوە
پیاوێک لەو پەڕى نائومێدیدا ئەڵێت:
کێ ئەو کەمانە لێبدات دڵى هەتیوێکى خۆشدەکرد؟
لەو ڕاو چیە ناشیانە کەجارێکى تر دەیانەوێت
لەمردن ژیان ولەژیان مردن سەوزبکەن بپرسە
پیاوێک تان نەدیوە لەخوێنى کوکوختیەکدا بۆ خوابگەڕێت
ئەو ڕۆژە تۆ دەگەڕێیت من لەوێ نیم
وەک ئەو قوڵینگە تازێ بارانە ڕۆشتوم ،کەدەڕۆن دەخوێنن
وەک ئەو کوکوختیە غەمگینە ڕۆشتوم گۆرانیەکانى پڕن لە حوزن وفرمێسک
وەک ئەو شارە کۆس کەوتوە ڕۆشتوم ئاوەدانى وێرانى کردوە
ئەو ئێوارە مردن دێت و دەرگاى ژورەکەم دەکاتەوە
ئەو کتێب و جانتاو قەڵەمەکان دەپێچێتەوە
باڵندەیەک دەرگاى مەغریب دەکاتەوە
غوبار تارمایی پیاوەکە دەکوژێنێتەوە
مانگ غەمگینە تۆلەوێ نیت و
مردن دواین گوڵى سورى خۆیم پێشکەشدەکات
پیاوێک لەسەر بەرماڵەکەى دوعا ئەکات
کچێک لەپەرستگایەکدا بوغرد دائەگیرسێنێت
کەسێک دێت ودەست ئەکاتە ملى شیعرەکان
نائومێدى ئەڕێژێتە باغەکانى ژیان
شاعیرەکان دێن بازاڕى تابوتسازەکان دەگەڕین
هەموو دەرگاکانى نائومێدى دەکەنەوەو دەڵێن:
پیاوێکتان نەدیتوە بارى دەرونى تێکچوە؟
هەندێک دێن بەدواى هێلانەى کۆترە وەهمیەکانیاندا دەگەڕێن
هەندێک بۆ چەقۆیەک خۆیانى پێ بکوژن
هەندێک بۆ ئەم شیعرە تابیر لەمردنى خۆیان بکەنەوە
هەندێک بۆ گوڵى سور دەگەڕێن بیدەن بەدۆستە کانیان
هەندێک بەدواى دڵى کوژراوى خۆیاندا وێڵن
بەبێ ئەوەى بزانن ماڵەکەى من مەیخانە نیە
پاشاکان دێن وبۆ تاجەکانیان دەگەڕێن
نازانن ماڵى شاعیرە کوشتارگا نیە
هەندێک دێن و خاچ وعیشقە کوژراوەکانیان دەدۆزنەوە
هەندێک فریشتە کوژراوەکەى ڕۆحیان دەبەنەوە
هەندێک دێن وبۆ کوکوختیە کوژراوەکەى ڕۆحیان دەگەڕێن
نازانن ماڵەکەى من مەیخانە نیە
ئەو ئێوارە یادگاریەکانى ئەو هاوڕێیانە م جارێکى تر لەتابووتەکەدا
دەمکوژێ
پێکەوە باسى ئازارى کوکوختیەکمان کردوە
زەڕنەقوتەیەکى سەر لێشێواومان بردوەتەوە لانەکەى
ڕێشۆڵەیەکى پێکراومان تیمار کردوە
پاساریەکى سەرما بردومان بردووەتە بەر ئاگردان
ئەو ئێوارە کچێک دەگەڕٍیتەوە ئاگرى لەسەر ڕۆحم کردوەتەوە و
هەزار ساڵە ڕەدوى بێوەفایی کەوتووە
کوڕٍێک دێت بێ ڕامان لەهەموو ئازارەکانم
دەستەکانى ئەوى گرتووە
بەڵام دڵم شتێکى تردەڵێ
ئەو دەڵێ:
ئەو ئێوارە کەس دەفتەرى یادەوەرى عیشقێک هەڵناداتەوە پڕەلەغەم
کەس سەیرى وێنەیەک ناکات تۆزى ساڵەکانى خوا حافیزى لێنیشتوە
کەس ئەو گۆرانیە غەریبە ناڵێ بۆ ڕۆحێکى غەریبم وتوە
کەس گوڵى ژاکاوى ئینجانەیەک ئاو نادات
ئاوێنەیەک ناسڕێ شێوەى تەنیایمى هەڵگرتووە
کەس یادى عیشقێک ناکاتەوە سێبەرەکانى کەسێکیان کوشتوە
کەس تابلۆى ئەو دیوارە ناسڕێ خەیاڵ کێشاویەتى
سەر لەگۆڕێک نادات ڕۆحى خۆمم وەکو بوغورد لەسەرى سوتاندوە
بەدواى چیدا ئەگەڕێیت ؟
ئەو ئێوارە خاوەن میهر لێرە نیە
من ڕۆحى خۆم م پێچاوەتەوە و ڕۆشتوم
کەس نایەوێت کتێبێک هەڵبداتەوە لەشاعیرێک بەجێماوە
مۆمێک داگیرسێنێت شاعیرێک جێ ى هێشتوە
کەس دڵى ئەو کوکوختیە غەریبە ڕاناگرێ
لەسەر پەنجەرەکە لانەو هیلکەى چێکردوە.
|