په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\١\٢٠١٥

ساڵی ٢٠١٥ ساڵی ئازادیی و لەناوبردنی تیرۆریستان و سەرکەوتنی کوردە.


فوئاد زیندانی     

 

ساڵی (٢٠١٤) ساڵێکی پڕ کارەسات بوو بۆ گەلی کورد ، لە ڕۆژئاوای کوردستان و باشوری کوردستان هێزە ئیسلامیە تیرۆریستەکانی داعش بە پاڵپشتی ووڵاتانی تورکیا ، سعودیە ، قەتەڕ و چەند ووڵاتێکی تری هەرێمەکە ئاڕاستەی هێرشەکانیان دژ بەگەلی کورد لە ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان چڕ کردەوە ، تاوانی جینۆسایدیان دژ بە کوردانی باوەڕمەندی ئێزیدی و پاکتاوکردنی کوردانی شەبەک ، کاکەیی و کریستیانەکانیان ئەنجامدا ، بەو هۆیەوە بەهەزاران کچ ، ژن ، منداڵی کوردی ئێزیدی ڕفێندران و لەبازاڕەکانی موسڵ و شوێنەکانی تر فرۆشران و بەسەدان پیاوی کوردی ئێزیدیش تیرۆرکران و بەدەیان هەزاریش دەربەدەربوون. ئامانجی بەکرێگیراوانی داعش و ئەو ووڵاتانەی کە داعش ئاڕاستە دەکەن ئەوەبوو کە ناوچە دابڕیندراوەکانی هەرێمی کوردستان داگیربکەن و پەرە بە سیاسەتەکانی بەعس بدەن لە تەعریب کردنی باشوری کوردستان و لەناوبردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان ، هاوکات لە ڕۆژائاوای کوردستان ئامانجیان لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد و ستاتۆیە دیموکراتیەکەی هەرسێ کانتۆنەکانی (جەزیرە ، کۆبانی ، عەفرین) بوو.


گەلی کورد سەرباری ئەو کارەساتانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد ، توانی بۆ هەموو جیهان بەتایبەتی ئیسلامیە تیرۆریستەکان و ئەو ووڵاتانەی هاوکاری تیرۆریستان دەکەن بسەلمێنێ ، ئەگەر ئێمەی کورد بەتەنیاش بین دەتوانین لە دژی ئیسلامیە تیرۆریستەکان لەبری هەموو جیهان بجەنگین و چۆک بە تیرۆریستان دابنێین ، داستانی کۆبانی باشترین بەڵگەیە کە تائێستاش بەردەوامە ، هەروەها سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەبەرەکانی باشوری کوردستان بەڵگەی داستانێکی تری سەرسوڕهێنەرە بەجیهان دەڵێ کورد لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان بەبەشداری هێزە کوردیەکانی بەشە جیاوازەکانی کوردستان مێژوویەکی پڕ سەروەریان بە مۆدێلێکی نوێی هاوبەش تۆمارکرد.


ئەوەی گرنگە بۆ ئێمەی کورد ، دوای کۆتاییهاتنی شەڕی داعش و لەناوبردنی ئەو هێزە ئیسلامیە تیرۆریستیە ،لە هەرێمی کوردستان پێوویستە بەهەمان شێوە ئیسلامیەکانی باشوری کوردستان بنبڕ بکرێن چونکە بێهەڵوێستیان گەورەترین خزمەتی بە تیرۆریستانی داعش کرد ، مزگەوتەکان لەسایەی ئیسلامیەکان و پڕوپاگەندەکانیان بۆتە شوێنی بەرهەمهێنانی تیرۆر ، ئیسلامیەکانی هەرێمی کوردستان جگە لەوەی خاوەن خەباتی پێشمەرگایەتی نین و لەدژی ڕژێمی سەدام و بەعس نەجەنگاون ، وابەستە و دروستکراوی هەمان ئەو ووڵاتانەن کە پشتگیری داعش دەکەن ، ئیسلامیەکانی کوردستان ئامادەبوون بۆ موحەمەد مورسی (سەرۆکی لەسەرکارلادراوی میسر) بێنە سەرشەقام لەهەولێر ، بێشەرمانە ژمارە چواریان کردە (اربعة) و دواتر کردیانە (رابعة) ، بەڵام سەبارەت بە داعش تائێستاش ئامادەنین لەدژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش هیچ هەڵوێستێک نیشان بدەن ، تەنانەت لە ڕاگەیاندنەکاندا ئامادەنین بە داعش بڵێن تیرۆریست ، ئەو بێهەڵوێستی و مل کەچکردنەیان پێمان دەڵێ کە ئیسلامیەکانی هەرێمی کوردستان بەشێک نین لەگەلی کورد بەڵکو ڕۆڵی داعشی لۆکاڵ دەبینن و دژ بەئەزموونی هەرێمی کوردستانن و ئەوەش سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە گەلی کورد گەلێکی عەلمانیە و پێوویستی بەو ئایینە کۆنەی عەرەب نیە ، ئاینێک کە جینۆسایدکردنی گەلی کورد و سیستەمی سەرپەڕاندن و جیهادی نیکاح و تیرۆری بەبنەما گرتووە ، ساڵی ٢٠١٥ ساڵی ئازادیی و لەناوبردنی تیرۆریستان و سەرکەوتنی کوردە.

 

 

fuadzindani@yahoo.de

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک