په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

ساڵی نوێی خوێندن و کێشەی مامۆستایان و خوێندکاران ...!!


شێرزاد فاتح   

 
ڕۆژی 159 یەکەمین ڕۆژی ساڵی خوێندنی 2008-2009، ڕۆژی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکانە بە ڕووی فێرخوازاندا ومامۆستایاندا، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایەتی مامۆستایان و کۆکردنەوەی ئیمزا لە دژی بڕیارەکانی حکومەتی هەرێم، شایانی باسە لەسنوری پەروەردەی پارێزگای سلێمانیدا نزیکەی 12000 مامۆستا ناڕەزایەتی نامەیەکیان ئیمزا کردووە و تا کاتی ئەمڕۆ واتە ڕۆژی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکانیان دیاری کردووە بۆ جێبەجێ کردنی داخوازییەکانیان، ئەگەر نا ناچنە هۆڵەکانی خوێندنەوەو دەرگای قوتابخانەکان ناکەنەوە، داواکاریەکانی مامۆستایان خۆی لە چەند خاڵێکدا دەبینێتەوە لەوانە: گەڕانەوەی دەرماڵەی پیشەیی مامۆستایان، پێدانی زەوی و هێشتنەوەی ئەو بەڕێوەبەرانەی کە بڕوانامەکانیان لە خوار بەکالۆریۆسەوەیە لە پۆستەکانی خۆیاندا.


سەبارەت بە قوتابخانەکان و پێداویستیەکانی، فێرخوازان و هەلومەرجی خوێندن و ژینگەی خوێندن و فێربوون، ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و پێداویستی و داخوازییەکانیان، هەلومەرجی پرۆسەی پەروەردەو فێرکردن و فەلسەفەی پەروەردەیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر یەک لەمانە بۆخۆی قسەو باسی زۆر هەڵدەگرێت، وە گێشەو گرفتی زۆر هەن کە پێویستیان بە وەڵامدانەوەو چارەسەرکردنە بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە هەنگاوێکی سەرکەوتووانە بنێت و بچێتە پێشێ.


ئەگەر چاوێک لە هەلومەرجی قوتابخانەکان و پێداویستییەکانی بکەین، ئەمڕۆ لە کوردستاندا زۆر کەم قوتابخانە دەبینین، یان دەتوانی بڵێی هەر شک نابەین کە قوتابخانەیەکی ستاندارد هەبێت بە هەموو پێداویستییەکان و هەلومەرجی خوێندنەوە، ئەگەر بڕێک لە شارەکان دورکەوینەوەو بەرەو لادێکان هەنگاو بنێن و چاوێک لە وەزعی ئەو خوێندنگایانە بکەین، لە چەندین شوێن ئێستاش منداڵان لە کەرەڤانەیەکەدا یان لە ژورێکی زۆر نەگونجاو بۆ پەرەوەردە کردن و فێربوون دەرس دەخوێنن، بەشێک لە منداڵان هەتا ئێستا لە سەر کارتۆن و کەرتە بلۆک دادەنیشن، مەسەلەی تەوالێتی پاک و خاوێن و ئاوی پاک بۆ خواردنەوەو زۆر شتی تری پەیوەند بە مەسەلەی تەندروستی، ئەسڵەن خەبەرێک نییە. دیارە هەلومەرجی قوتابخانەکانی ناوشارەکانیش لەمبارەوە هەر زۆر خراپە، تا ئەو جێگایەی بە مەسەلەی تەوالێت و ئاوی پاک بۆ خواردنەوەو شتی تری لەم بابەتە دەگەڕێتەوە.


ئەگەر بێت و چاوێک لە بینای قوتابخانەکان و هەلومەرجی خوێندن و فێربوون بکەین، بەڕاستی کەمترین شتی مۆدێرن و پیداویستی هەلومەرجی پەروەردەیی و فێربوونی سەردەم لە قوتابخانەکانی کوردستاندا بەرچاودەکەن. زۆرێک لە قوتابخانەکان شێوەی دروستکردنی بیناکەی هەر لە زیندان دەچێت، بێکارەبایی و نەبوونی پێداویستییەکانی تاقیگاو کۆمپیوتەرو ئامیرَەکانی تری فێربون هەموو ئەمانە بەشێک و گۆشەیەکن لەو کەموکورتیانەی کە ئەمڕۆ لە قوتابخانەکانی کوردستاندا هەن و پێویستیان بە چارەسەرکردن هەیە بۆ ئەوەی پرۆسەی پەروەردەوفێرکردن بە ئاقارێکی دروستدا بڕوات و ئامانجی پەروەردەیی بپێکێت. کێشەیەکی تر کەمی بینای قوتابخانەیە، لە زۆر شوێن و لە چەندین جێگای تر کەمی مامۆستا، بووەتە کێشەیەکی گەورە زۆر قوتابخانە هەیە تا ئێستاش لە جیاتی یەک دەوام، دوو دەوام و سێدەوامی تێدا دەکرێت، ئەوەندە پەلە پەل و ڕاکە ڕاکە دەکرێت لە پرۆسەیەدا کە هیچ کات سودمەند نابێت بۆ منداڵان و فێرخوازان، ئەمە سەرباری ئەو هەموو کەم و کوڕیانە.


مەسەلەیەکی زۆر گرنگی تر مەسەلەی پرۆگرامەکانی پرۆسەی پەروەردەو فێرکردنە لە قۆناغە جیاجیاکانی پەروەردەو فێرکردندا لە کوردستان، دیارە ئاشکرایە کە فەلسەفەی پەروەردەیی دەرهاویشتەی سیاسیەت و ئایدیای دەسەڵاتە بۆ پەروەردەو فێرکردنی منداڵان. ئەو هەمووکەموکوڕیانەش کەهەن، مەسەلە نەبوونی ئیمکاناتی ماددی نییە، بەڵکو دەرئەنجامی تێڕوانینی دەسەڵاتە بۆ منداڵان لە ژێر سایەی دەسڵاتدارانی کوردستاندا. دیارە هەر ئەم ئایدیاو فەلسەفەیە لە پرۆگرامەکانی خۆێندن، وە بە گشتی لەپەروەردەو فێرکردندا ڕِەنگی دەداتەوە. زۆر لایەنی گرنگ هەن کە لەپرۆسەی پەروەردەو فێرکردندا جێگای خاڵییە، یەکێک لەوانە جێگەو ڕێگەی خودی منداڵان خۆیانن لەم پرۆسەیەدا، منداڵ لەم پرۆسەیەدا central (نێوەند، مەرکەزی) نییەو جێگەی گرنگیدانی سەرەکی نییە. شێوازی پەروەردەو فێرکردن، شێوازێکی پڕ لە توندو تیژی نا مرۆییانەیە، هەست و خواستی منداڵان، بیرکردنەوەو لێکدانەوەکانیان جێگەی پێشوازی و پشتیوانی گەورەکان و فێرکەران نییە، ئەم پرۆسەیە لە جیاتی منداڵی بە جورئەت و بڕوا بەخۆبوون منداڵی شەرمن پەروەردە دەکات، سیستەمی ئیداری و بەڕێوەبردن، کاتەکانی خوێندن، پرۆگرامەکانی ڕۆژانەی خوێندنی منداڵان هەمووی سەقەت و نادروستن، دژی بەرژەوەندی منداڵان و پەروەردەیەکی تەندروست و مۆدێرنن. هونەر، وەرزش، سەردانی شوێنان و هەندێک لە دامەرزاوەکان، مانەوەی منداڵ لە دەرەوەی ماڵ و پۆلەکانی خوێندن، کە بەم شێوەیە فێر دەبێت چۆن بە توانا بێت و متمانەو بڕوا بە تواناییەکانی خۆی بکات ببەستێت و خاوەنی بڕواو متمانەبوون بە خۆی بێت، هەموو ئەمانە لە پرۆسەو پەروەردەدا لە کوردستان ئەتوانی بڵێی لە جێی نەبووانە.


ئەو چەند خاڵەی لای سەرەوە، وە بەتایبەتیش پەیوەندی جووڵەوهەڵس و کەوتی منداڵ بە فێربوونەوە، خاڵی سەرەکی ئەو پرۆسە نوێیەیە کە ئەمڕۆ لە دونیای پێشکەتوودا زۆر گرنگی پێدەدرێت و کاری لەسەر دەکرێت، کە من وای دەبینم ئەمە لە کوردستاندا قابیلی ئیجراکردن و جێبەجێ کردنە، تەنها و تەنها پێویستی بە عەقڵییەتێکی پەروەردەی مۆدێرن هەیە کە منداڵ گرنگ چاولێبکات، وە دابین کردنی بڕێک پارە کە بودجەی دەمی منداڵانەو بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تاڵانی دەبەن و گەندەڵی سەرتاپای دەسەڵاتیانی داگرتووەو ڕۆژانە خەڵکی بە ئاشکرا و خۆشیان باسی لێوە دەکەن. کاتێک باس لە کاریگەری ئەم پرۆسەیە لەسەر منداڵان و دواڕۆژی کۆمەڵگا بکەین، بەهەر حاڵ، لەم پەروەردەیەی ئێستادا، ئاشکرایە کە نەوەیەکی توندوتیژ، پەروەردە کراو بە کۆنەپەرستی مەزهەبی و نەتەوەچێتی، گۆشەگیری و نەزانی، هەموو ئەمانە گۆشەیەکن لە کاریگەرییەکان و بەم پێشەیەش دواڕۆژێکی خراپ و ناپرشنگدار و دواکەوتوو بە دەستی نەوەیەک کە سەقەت پەروەردە کراون بونیاد دەنرێت.


جگە لەو کەموکوڕیانەی باسم کردن، یەکێک لەفاکتە گرنگەکانی فێربوون، کە کاریگەری بێئەندازە لە سەر بیرو جەستەی منداڵان و فێربونیان دادەنێت، ئەوەیش هەر یەک لە ژینگەی فێربوون و مامەڵەی دروست و مرۆیانەی مامۆستایان و پەروەردکارانە لەگەڵ منداڵان و فێرخوازاندا. جا لێرەوەیە ئەمە ئەوەندە کێشەیەکی گەورەیە کە بەهیچ پێوانەیەکی ستانداردی هەلومەرجی فێربوون ناتوانرێ هەڵسەنگاندنی لەسەر بکرێت. لە زۆر قوتابخانە ژووری پیس، دیواری هەڵکۆڵراو شقڵ و شڕ، دەرگاو پەنجەرەی شکاو تەختەی لەق و لۆق و نا جێگیر...هتد، جائەگەر بێت و لێرەشەوە چاوێک لە مامەڵەی مامۆستایان و پەروەردکاران بکەین، ئەوا دەبینین کە ئێستاش سزا دان و لێدان لە منداڵان هەر درێژەی هەیە"هەر تەنها دوو ساڵ لەمەوبەربوو وەزیری پەروەردە بڕیاری سزادانی قوتابیانی دەرکرد، کە لەگەڵ نەفرەت ء ناڕەزایەتی زۆر توند بەرەو ڕوو بوو، وە ناچاربوو چەندین پاساوی جۆراو جۆرو ڕوونکردنەوە لەم بارەوە بات"، کە بەداخەوە ڕادەی بەرزی ئەم توندووتیژیانە لە دژی منداڵان گەیشتۆتە ئاستی بێزار بوون لە قوتابخانەو خۆسوتاندن لە داخی مامەڵەی نادروست و نامرۆڤانە، یان پەرچەم بڕین و دەست و قاچ شکاندن وەک ئەوەی ساڵی پار لە ناوچەی خورماڵ و هەڵەبجەو سلێمانی ڕوویدا، لە لایەن بەڕێوەبەرو لیژنەی ئینزباتی قوتابخانەوە. ئەم نموونانە کە لە کوردستانەوە گوێمان لێدەبێت و دەیبینین بەڕاستی نموونەی زۆر سەرسوڕهێنەرن، من ناتوانم بڵێم ئەم نموونانە لە هیچ شوێنکی تردا نین و ڕوونادەن، بەڵام بەم شێوەیەی لە کوردستاندا هەیە زۆر دەگمەن دەیبینین و دەیبیستین، سوپاس بۆ ڕۆژنامەنووسانی پێشکەوتووخوازو وهەڵسوڕان و دۆستانی مافەکانی منداڵان کە ناهێڵن ئەم تاوانانە لە تاریکداو لەچوار دیواری قوتابخانەکانداو دوور لەچاوی خەڵک ئەنجام بدرێن.


ئەگەر چاوێک لە هەلومەرجی ژیانی مامۆستایان بکەین، دەگمەن مامۆستا دەبینی بەو مەعاشەی کە وەریدەگرێت بتوانێت بژێوی خۆی ومندالڕ و خێزانەکەی دابین بکات، بەشی هەرەزۆری مامۆستایان دەبێت لەگەڵ چەندین کاری تردا خەرێک بن تا بتوانن ژیانێکی مەمرەومەژی بۆ خۆیان و خێزانەکانیان دابین بکەن، زۆر مامۆستا دەبینی کە کاری زۆر نەگونجاو بە پیشەکەی خۆیان دەکەن، کە سەختی بەڕێوەچوونی ژیان ناچاریان دەکات پەنای بۆ بەرن. لە کاتێکدا کە دەبێت مامۆستا ژینێکی تێروتەسەلی هەبێت بۆخۆی و خێزانەکەی و پەیدا کردنی نان بەهیچ شێوەیەک نەبێت بەمەشغەڵەی، بۆ ئەوەی کە بتوانێ ئەرکی پەروەردەی سەرشانی بەسەرکەوتووی و بە پێی پێویست ئەنجام بدات و بباتە پێشەوە، ناکرێت مامۆستا هەر تەنها لە چوارچێوەی یەک ماددەداو بە یەک شێوازێکی فێربوون و وانە ووتنەوەی کلاسیکییەوە خۆی ببەستێتەوە، وە نەتوانێت داهێنان و سەلماندن و دۆزینەوەی نوێ ئەنجام بدات. بۆیە بۆ ئەوەی مامۆستا بتوانێت ئەم ڕۆڵە ببینێت و ئەو کادرە پەروەردەییە سەرکەوتوو بێت، پێویستە لەقوتابخانەکاندا هەموو پێداویستییەک لەم بارەوە لەبەردەستیاندا بێت، پێویستە وەزارەتی پەروەردە هەمیشە و بەردەوام خولی فێربوون و مەشقکردن بۆمامۆستایان بکاتەوە و لە تازەگەرییەکانی بواری زانسیتی و فێربوون بەهرەمەندیان بکات. وە لەم بارەوە مامۆستا پێویستی بەوەهەیە کە ماوەیەکی درێژتر لە خوێندنگادا بمێنێتەوە وگرنگی زۆر بە پیشەکەی خۆی و ڕاهێنان بدات و خەرکی هیچ کارێکی تر نەبێت، دیارە وەک لای سەرەوە باسم کرد، ئەمە لە کاتێکدایە کە مامۆستا مافی خۆیەتی لە ژیانێکی باش بەهرەمەند بێت و خەمی نان پەیدا کردنی نەبێت.


شتێک ماوە بیڵێم ئەوەیە کە پیرۆزبای گەرمی خۆم بۆ فێرخوازان و منداڵان بەگشتی وە مامۆستایان بنێرم، بەهیوای بەدەستهێنانی داخوازییەکانیان و بەسەر بردنی ساڵێکی خوێندن وفێربوونی پڕ بەرهەم و سەرکەوتوو، وە بە ئومێدی چارەسەری کێشەو گرفت و پێداویستی و کەم و کوڕییەکانی قوتابخانەکان، مامۆستایان و فێرخوازان.

 

sherzad_f@yahoo.com