سارا تیسدەیل :
ژنە شاعیری ئەمریکی.

لە ئینگلیزییەوە :
ناڵە حەسەن
کورتەیەک لە ژیانی سارا :
سارا
تیسدەیل ( Sara Teasdale ) :
لە 8ی ئۆگستی 1884 لە شاری سانلویس هەرێمی میزوری لە دایک بووە .
یەکێکە لە شاعیرە لیریکیەکانی ئەمریکی ( بە شاعیری عەشق ناسراوە ) .
زۆربەی ناوەڕۆک و بابەتی شیعرەکانی سارا لەسەر ( عەشق ، جوانی سروشت ،
مردن ) بووە . لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا شیعرەکانی زۆر خۆسەویست بووە
.خوێنەری زۆری هەبووە . لە ساڵی 1918 خەڵاتی شیعری لە زانکۆی کۆلۆمبیا
:
( Poetry Society Prize Columbia University ) وەرگرتووە ، کە تایبەتە
بە خەڵاتی شاعیران . خەڵاتەکەش ساڵانەیە و لە سەر کۆمەڵە شیعری (
گۆرانیەکانی خۆشەویستی .. Love Songs ) بووە . ستایلی شیعرەکانی سارا
لیریکیە بە وێنە و تابڵۆی گونجا و دەیانڕازێنێتەوە و ڕوونیان دەکاتەوە
. شیعری ( شەوی بەهار ) کە لە ساڵی 1915 دا نووسیویەتی یەکێک لەو
کۆمەڵە شیعرانەی بووە .
ژیانی منداڵی سارا ، پڕ ئێش و ژان و موعانات بووە بە دەستی نەخۆشییەوە
. تا تەمەنی نۆ ساڵی نەیتوانیوە بچێتە قوتابخانە . پاشان لەو تەمەنەدا
دەچێتە قوتابخانەیەکی تایبەت بە منداڵان . کە نزیکی ماڵەوەی خۆیان دەبێ
. لە ساڵی 1898 دەچێتە ( پەیمانگای مێری ) چەند ساڵێک بەدوای یەکدا
بەردەوام دەبێت . ماوەیەکیش لە ( ئینهۆزمیر هۆڵ ) تا لە ساڵی 1903
خوێندن تەواو دەکات . لەو کاتەدا سارا کاریگەری ئەمانەی بەسەرەوە دەبێ
: کچە ئەکتەرێک بە ناوی ( دووس Duse ) کە هەرگیز لە کاتی نواندندا نەی
بینیبوو ، وە هەرگیز نەشی بینی . هەروەها شاعیری بەریتانی ( کریستینا
ڕۆزێتی Christena Rosseti ) . هەروەها چەندین جار سەفەر کردن بۆ
ئەوروپا لە سەرەتاکانی ساڵی 1905 .
سارا لە ساڵی 1913 دەرگیری عەشقی دوو موعجەب بەخۆی دەبێت . کە یەکێکیان
: ( ڤاشیل لیندەس Vachel Lindsay ) ی شاعیرە . ڤاشیل عەشقی سارا دەبێت
. عەشقەکەی خۆی بۆی دەردەبڕێ ، لە ڕێگەی نامەیەکی دوور و درێژی
دڵدارییەوە کە بۆی دەنێرێ و داواشی لێ دەکا شووی پێبکات . هەرچەندە
سارا زۆر بە قووڵی هەستی خۆشەویستی بۆی هەبوو ، وە دڵی بۆی دەبزوا .
بەڵام داواکەی ڕەتدوکاتەوە و بڕیار بۆ دووەمینیان دەدات ، ئیرنست
فلیسنگەری بزنزمان . لە ساڵی 1914 شوو بە ئیرنیست دەکات و ژیانی
هاوسەرێتی لەگەڵ ئەودا پێکدەهێنێ . دوای چەند ساڵێک دەگوازنەوە بۆ
نیۆرک وە هەموو ژیانی لەو شارەدا بەسەر دەبات .
ڤاشیلی شاعیریش وەک هاوڕێیەکی خۆشەویست و نزیک لێی لە ژیانیدا
دەمێنێتەوە . سارا کاریگەری زۆری بەسەر( ڤاشیل ) ەوە دەبێ ، تا لە
ئاکامی ئەو کاریگەرییە ئیلهامی ئەوەی پێ دەبەخشێ کە جوانترین شیعر
بنووسێ بە ناوی (Nightingale Chine’s ) .
سارا بە شێوەیەکی ڕێک و پێک و سەرکەوتووانە لەلایەن ماڵەوەی پەروەردە
دەکرێ . لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز نەیتوانیوە واقیعیەتی ژیانی خۆی ، هەست و
نەستەکان و قووڵایی دەروونی خۆی لە شیعرەکانیدا دەرببڕێ . سارا لە
ژیانی هاوسەرێتیەکەی بەختەوەر نابێت ، لە ساڵی 1929 لە ئیرنست جیا
دەبێتەوە . بە دوای ئەم تەمەنەدا باری تەندروستی زۆر بەرەو دژواری
دەڕوا ، تا لە بەیانی 29 ی بەفرانباری 1933 لە ئەپارتمانەکەی خۆی لە (
نیۆرک ) کە زیاد لە پێویست حەبی خەو دەخوات ، لە گەرماوێکی گەرمدا خەوی
لێ دەکەوێ و بۆ هەتاهەتا یە خەبەری نابێتەوە .
دوا شیعرەکانی یاخود وەک هەندێک دەڵێن ، هەڵبژاردەیەک لە باشترین
شیعرەکانی هەر لەو ساڵەدا بە چاپ دەگەیەندرێ .
ئەمەی خوارەوەش چەند نموونەیەکە لە شیعرەکانی سارا تیسدەیل :

مانگ
بۆ گوڵە زەردەکان دەچەمێتەوە
ئاسمانیش هێشتا هەر شینە .
مانگ بۆ ئاسمان دروست بووە کە بیگرێتە خۆی
منیش بۆ تۆ .
مانگ گوڵێکە بەبێ هەڵم
ئاسمانیش دەبریسکێتەوە
ئەبەدیەت بۆ ئەوان دروست بووە
شەویش بۆ ئێمە .
من هاتووم عەشق بنێژم
لە ژێر دارێک ،
لە دارستانێکی درێژ و ڕەش
تا کەس نەتوانێ بیبینێ .
من دەبوایە نە گوڵ لەلای سەری و
نە بەردیش لەلای پێیەکانی دابنێم .
من زۆر حەزم لە دەمی دەکرد
شیرینیەکی تاڵ بوو .
وا چاکترە من چیتر نەچمە سەر گۆڕەکەی
بۆ سەر تابووتێکی ساردو سڕ
من پێویستە هێندەی دەستەکانم دەیانگرێ
خۆشی و شادی کۆکەمەوە .

با بۆ نێو ڕۆحمەوە هەڵدەکا
بە درێژایی شەو گوێم لێبوو دەگریا
لە باکووردا ئارامی بۆ من نیە
جگە لەوەی لەگەڵ تۆدام
با هۆشداریم پێدەبەخشێ
کە لە نێو ڕۆحی ڕووتمەوە هە ڵدەکا
لە باکووردا ئارامی بۆ من نیە
جگە لەوەی لەگەڵ تۆدام .

لە شەودا چاو دادەخەم و دەبینم
کاروانێکی نامۆ بەلامدا تێدەپەڕێ
ئەو ساڵانەی بەرلەوەی ڕوخساری تۆ ببینم
ڕۆیشتن لەگەڵ دڵتەنگیەکی سووکەڵەدا
تێپەڕین ، ساڵەکان هەستیار و شەرمن بوون
وەک یەکێک هەوڵبدا بۆ سەما ،
نیوە کوێر و بە فرمێسکەوە
ساڵەکان ڕۆیشتن هەرگیز نەیاندەزانی
کە هەریەکێکیان لە تۆم زیاتر نزیک دەکەنەوە
ڕێگاکەش تەسک و پچڕپچڕ بوو
ئێستا ڕێگام نیشان بدە بەرە و دڵت
ئاخ ، ساڵەکان هەستیار و شەرمن بوون .
ئاخ ساڵەکان تەنیا بوون
هەوڵیان دەدا گۆرانی بڵێن و بەدەنگێکی
نوقم بوو لە فرمێسک .

من بە ئومێد بووم خۆشی ویستبام
دەمی ماچ کردبام
بەڵام من وەک باڵندەیەکی بریندار وام
کە نەتوانێ بگاتەوە باشوور
هەرچەندە من دەزانم خۆشمی دەوێ
بەڵام کە لە شەودا دڵم تەنگە
ماچەکەی ئەو هێندە سەراسیمە نەبوو
وەک ئەو خەونانەی کە من هەمبوون .
دڵم پڕە بە چەند گۆرانیەک
وەک ئەو میوە پێگەییوانەی لە دار بەردەبنەوە
بەڵام من هەرگیز ناتوانم یەکێکیانت پێ بدەم
گۆرانیەکانم هی خۆم نین
ئێستا ئێوارەیە و دەمی زەردەپەڕە
پەپوولەکانیش دێن و دەڕۆن
لەو کاتژمێرە خۆڵەمێشیەی کە میوەکان هەڵدەوەرن
یەکێکیان بەرە و کەس پێی نازانێ … !
سەرچاوەکان :
The collect poems of : Sara Teadale -
Buccaneer Books
Internet :
American List of poets – currently 119 different
authors listed-
|