سهبارهت به یادی شوراکان له کوردستان. سازدانی دیمانه : نوری بهشیر
نوری بهشیر: زەمینەکانی سەرهەڵدانی شوراکان بۆچی دەگەڕێنەوە؟ موحسین کهریم: کۆمەڵگای کوردستانیش وەکو هەر کۆمەڵگایەکی چینایەتی، بزووتنەوەی کۆمەلایەتی-سیاسی جۆراوجۆری تێدایە. هەر بزووتنەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی لە رێگای ئەحزابی سیاسی خۆیەوە تەرحو بەرنامەی سیاسی خۆی بۆ کۆمەڵگاو لە پەیوەند بە مەسەلە سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵگایە دەخاتە روو. بزووتنەوەی سیاسی بۆرژوازی کورد کە بزووتنەوەی کوردایەتی نوێنەرایەتی دەکرد، بۆ ماوەیەکی زۆر کۆنترۆڵی گۆڕەپانی سیاسی کوردستانی کردبوو. مەسەلە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگای کوردستان لەژێر سێبەری کێشمەکێشی سیاسی-چەکداریی ئەم بزووتنەوەیەو دەوڵەتی ناسیۆنالیستی- عەرەبی لەمەرکەزدا لەنگەریان گرتبوو. بەڵام ئەو بووژانەوە ئابووریەی کە عێراق لەسەرەتای حەفتاکانەوە بەخۆیەوە بینی، گۆڕانی لە نەسیجی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردستانیشداپێک هێنابوو. شێوازی ژیانی شاری بەرە بەرە سیمای کۆمەڵایەتی و سیاسی کوردستانی گۆڕیبوو. زەمینەی سەرهەڵدانی بزووتنەوەو مەسائیل و پلاتفۆرمی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەگیرسا کە لە چوارچێوەی بەرنامەو پلاتفۆرمی سیاسی بزووتنەوەی تەقلیدیی ناسیۆنالیزمی کورددا جێگای نەدەبووەوە. شکستی بزووتنەوەی چەکداری ناسیۆنالیزمی کورد بە سەرۆکایەتی بەرزانی لە ساڵی 1975دا، هەژمونیی مێژوویی و تاقانەی بزووتنەوەی کوردایەتی بەسەر ئاسۆی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستانی عێراقدا تووشی شکست کرد. ئەم شکستە لەمپەرێکی لەبەردەم سەربەرزکردنەوەی ئەو بزووتنەوە و مەسەلە تازانەی کۆمەڵگای کوردستاندا کەمکردەوە.تا ئەورادەیەی کە باڵەکەی دیکەی بزووتنەوەی کوردایەتی واتە "جەلالی"، کە بە ساڵکێک دوای شکستی بزووتنەوەی بەرزانی ویستی بۆشایی بزووتنەوی کوردایەتی لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا پڕ بکاتەوە، ناچاربوو لەژێر باری ئەو ئاڵوگۆرە کۆمە’لایەتیانەدا بەرگی زەحمەتکێش و هەژاری کورد وجۆرێک لە ناسیۆنالیزمی چەپ بپۆشن! کۆتایی ساڵانی حەفتاکان و ساڵانی هەشتاکان، لەپاڵ بزووتنەوەی چەکداریی ناسیۆنالیزمی کوردا، چرۆو چەکەرەکانی ئەو بزووتنەوە جەماوەریەی خەڵکی زەحمەتکێش و کرێکاریی کوردستان دەگەشایەوە کە سەرباری ئەجندەی ئابووری و باشبوونی باری ژیان و گوزەران، شێوازی خەباتی شاری و جەماوەری لەدژی سەرکوتی سیاسی و ئیستبدادی بەعس و لە دژی سەرکوتی نەتەوەیی دەگرتەبەر. شکستی بزووتنەوەی چەکداری ساڵی 1975، هاوکات هەژمونیی بزووتنەوەی چەکداریشی بەسەر ئاسۆی سیاسی و خەباتی سیاسی جەماوەری خەڵک لە کوردستانی عێراقدا تووشی لاوازی کرد. شان بەشانی ئەم ئاڵوگۆرٍە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی لە کۆمەڵگای کوردستاندا روویان دا، بزووتنەوەیەکی چەپی مارکسیست سەری هەڵدابوو. هەرچەندە ئەم بزووتنەوە چەپە خاوەنی نفوز و پایەیەکی کۆمەڵایەتی فراوان نەبوو، بەڵام دەوری بەرچاوی هەبوو لە جموجوڵە جەماوەریەکانی دەیەی هەشتای خەڵکی کوردستاندا کە ناوبەناو بەشێوەی مانگرتن و خۆپیشاندان لە شارۆچکەو گەڕەکەگانی شارەکان و لەناوخوێندکاراندا روویان دەدا. بەڵام دوو هۆکار دەوریان هەبوو لەوەی کە کاریگەری فکری و سیاسی ناسیۆنالیزمی کورد بەسەر ئەو بزووتنەوە جەماوەریەی شارەکانەوە بمێنێتەوە و زەمینەی خۆشباوەڕی لەناو خەڵکدا درێژە پێبدات. یەکەم: درێژەکێشانی زوڵمی نەتەوەیی و سیاسەتی شۆڤینیستی و پاکتاوی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان لەلایەن رژێمی بەعسەوە، کۆمەکی بەوە کرد کە هەموو مەسەلە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی دیکە کۆمەڵگای کوردستان بکەوێتە ژێر سێبەرو کاریگەری مەسەلەی میللییەوە. دووەم: بەرەنگاربوونەوەی چەکداریانەی رژێمی بەعس، کە بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی کورد هەژمونیی مێژویی بەسەریدا هەبوو، لەبەرانبەر دڕندەیی رژێمی بەعسدا وەکو شێوازی کاریگەری رووبەروو وەستانەوەی رژێم تەماشا دەکرا. روخساری سیاسی کۆمەڵگای کوردستان پێش راپەڕین تێکەڵەیەکی لەوجۆرەبوو؛ بزووتنەوەیەکی نارەزایەتی جەماوەری کە تەیفێکی زۆری چەپ و هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیستی و رێکخراوەکانی ئەوانی دەگرتەبەر، بەڵام لە باری سیاسیەوە ئەم بزووتنەوە جەماوەریە لەژێر کاریگەری سیاسی ناسیۆنالیزمی کوردا رزگاری نەبووبوو. راپەڕینیش لەناو ئەم هەلومەرجەداو لەم ئاستە لە هاوسەنگی هێزی سیاسی- کۆمەڵایەتی و فکریدا روویدا. کاتێک راپەڕین دەستی پێکرد، هێزو لایەن و تەیف و بزووتنەوە سیاسی و چینایەتیەکانی کوردستان دەستیان بۆ پیادەکردنی ئەجندەو پلاتفۆرمی سیاسی خۆیان برد. بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستان، کە لەلایەکەوە ئیحساسی لاچوونی باری قورسی ئیستبدادی بەعسی لەسەر دەستوپێی خۆی دەکرد و جەماوەریش بە فراوانی روویان لە کاری سیاسی دەکرد، دەرگای کاری فراوانی جەماوەری لەبەردەمیدا کرابوەوە. ئەگەرچی کاتوسات و بڕیاری راپەڕین لەلایەن ناسیۆنالیزمی کوردەوە درا، بەڵام رێکخراوو گروپە کۆمۆنیستی و چەپەکان چالاکانە لە راپەڕیندا بەشداریان کرد و تەرح و نەخشەی شوراکانیان خستەروو و هەنگاوی عەمەلیان بۆ پێکهێنانی شوراکان هەڵهێنایەوە. " ئەوە راستییەک بوو کە لەباری سیاسیەوە خەڵک لە ژێر کارکردی سیاسی ناسیۆنالیزمدا بوون و وەهمیان بە ناسیۆنالیزم هەبوو، بەڵام ئومێدی خەڵک بە ئاڵوگۆر لە ژیان و گوزەرانیان و بەهرەمەند بوون لە ماف و ئازادی و نەمانی سێبەری دەسەڵاتی بیرۆکراتیزم و ئیستبدادی سیاسی و بەشداریکردنی خەڵک لە کاروباری خۆیان و بریارەکانی پەیوەند بە ژیان و گوزەران و ئایندەیانەوە، زۆر بەهێز بوو. بۆیە هەر زوو جەماوەر لەدەوری شوراکان کۆبوونەوە. خەڵک پێیان وابوو ئەو بەشداریەی لە راپەریندا کردویانە دەبێ ئاکامەکەی بەشداریو دەوری خۆیان بێت لە بەریوەبردنی کاروباری سیاسی و کۆمەلایەتی خۆیاندا. بەم جۆرە شوراکان بوونە یەکەم دیاردەی سیاسی لە مێژووی کوردستانی عێراقدا کە بە شێوەیەکی فراوان جەماوەری راکێشایە ناو کاری سیاسییەوە،و خەڵکیش هەستیان بەوە کرد کە خەریکن بۆ یەکەم جار بریار لەسەر چۆنیەتی بەرێوەبردنی ژیان و گوزەران و ئایندەی خۆیان دەدەن و بەشداری لە بەرێوەبردنی کاروباری خۆیاندا دەکەن" نوری بهشیر: شوراکان چی بوون و شیعارە سەرەکیەکانی چی بوون؟ موحسین کهریم: " شوراکان ، وەکو دیاردەیەکی سیاسی و جەماوەری و نمونەیەک لە ئیرادەکردنی جەماوەر بۆ بەشداریکردن لە بەرێوەبردنی دەسەڵاتدا، رووداوێکی تازە بوو لە مێژووی کوردستاندا. شوراو بزووتنەوەی شورایی جیاواز بوو لە ستراتیژو بەرنامەو تەرحی سیاسی ناسیۆنالیزمی کورد. شورا دیاردەیەکی جیاواز بوو لە سەرجەم بزووتنەوەی کوردایەتی و هێزو حیزبەکانی. شورا بزووتنەوەیەکی جیاوازو سەربەخۆ بوو. شورا تەرحی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی کوردستان بوو...." " ئەم بزووتنەوەیە لەباری مێژوویییەوە دەگەرێتەوە بۆ نمونەی شوراکانی روسیا لەسەردەمی دەسەڵاتی بەلشەفیەکاندا. نمونەی تازەشی شورا کرێکاری و خەڵکیەکانی ئیران بوون، کە لەدوای شۆرشی جەماوەری ئیرانو رووخاندنی رژێمی شا لە ساڵی 1979دا لەسەر دەستی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاریدا پێک هاتن...." " لە هەناوی راپەرینی ئازاری 1991دا، کە بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی دەوری بەرچاویان تێدا گێرا، فکرەی بەریوەبردنی کاروباری خەڵک لەلایەن خۆیانەوەو رێکخستنی کرێکارانو خەڵکی زەحمەتکێش لە رێکخراوی سەربەخۆی خۆیانادا، یەکێک بوو لەو مەسەلە هەرە گرنگانەی کە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لەو سەردەمەدا بە شوێنیەوە بوو وەڵامی پێ بداتەوە." نوری بهشیر: بزووتنەوەی شورایی لەگەڵ ئەحزابی ئەوکات و بەرەی کوردستانی چی پەیوەندیەکی هەبوو؟ بۆچی لەلایەن ئەوانەوە قبوڵ نەکرا؟ موحسین کهریم: " بەرەی کوردستانی مۆدیلێک بوو لە شێوازی ئیدارە و دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، کە سەرقاڵی ئەوە بوو چۆن سیستەمی ئیدارەی بەعس وەکو خۆی و دەست لێنەدراو بگرێتە دەستی خۆی و ئەوەی دەگۆڕدرێ تەنها لەسەرەوە بەرپرسانی سیاسی و ئیداریی حکومەتی بەعس ببن بە بەرپرسانی سەر بەبەرەی کوردستانی. لەم نێوەشدا ئامادەبوون بە تەنها تەزکیەیەکی حیزبی ئاوی پاکبوونەوە بکەن بەسەر دەستی زۆر لەو تاوانبارانەی کەتا ئێستاش خەڵکی کوردستان باجی تاوانەکانیان ئەدات...." " هەرچەندە بەهۆی فراوانبوونی بنکەی جەماوەری شوراکانەوە، بەشێکی ئەندامو لایەنگرانی چەند حیزبێکی ناو بەرەی کوردستانی هاتنە ناوشوراکانەوە، بەڵام لەرووی سیاسییەوە، بەرەی کوردستانی وحیزبەکانی لەبەرەیەکدا بوون و شوراکان و خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشیش لەبەرەیەکی دیکەدا بوون. بەرەی کوردستانی ئەیزانی کە شوراکان بەرەو ئەوە دەچن بەڕە لە ژێر پێی دەربهێنێ و جێگایەک بۆ ئەوان وەکو دەسەڵاتێکی سەرووخەڵکی نەهێلێتەوە. ئیتر کەوتنە دژایەتی کردنی ، بەتایبەتی یەکێـتی نیشتمانی کە خەتەری ئەم بزووتنەوەیەی باشتر درک دەکرد. بۆیە یەکەم بانگەوازی هەڵوەشانەوەی شوراکان و دژایەتی راستەوخۆو ئاشکرای ناسیۆنالیزمی کورد لەگەڵ شوراو دەسەڵاتدارێـتی خەڵک لەلایەن ئەوەوە دەستی پێکرد. دروست ئەوەش یەکەم رووبەرووبوونەوەی سیاسی نیوان چەپی کۆمەڵگاو راست، واتە بزووتنەوەی کوردایەتی ، یەکەم کێشمەکێشی ئاشکرای فراوانی سیاسی چینەکان بوو لە کوردستانی عێراقدا." نوری بهشیر: ئەو هۆکارانە چی بوون کە بوونە هۆی ئەوەی شوراکان نەتوانن درێژە بەخۆیان بدەن یاخود تەمەنیان کەم بوو؟ موحسین کهریم: بەبڕوای من دوو هۆکاری سەرەکی بوون: یەکەمیان : " هێرشی سەربازی رژێمی بەعس بۆ سەر کوردستان تای تەرازووەکەی بە زەرەری بزووتنەوەی شورایی گۆری. لە بارودۆخی ئاوارەبوونی ملیۆنی خەڵکی کوردستاندا، هەرجۆرە ئومێدو متمانەیەک بە ئیرادەی خۆ لەلایەن جەماوەرەوە بەرەو دواوە گەڕایەوە. شوراکانیش، وەکو دیاردەیەکی ئیرادەنوواندنی جەماوەر پاشەکشەی کرد....." هۆکاری دووەم: خۆشباوەڕی جەماوەرو رزگارنەبوونی لەژێر کاریگەری سیاسی- فکری ناسیۆنالیزمی کورد بوو، سەرباری رووکردنی فراوانیان بۆ شوراکان. تەنانەت ئەم کاریگەریە بەسەر بەشێکی بزووتنەوەی چەپ و شورایییەوە مابوەوە.لەلایەکی دیکەوە کورتی تەمەنی شوراکان فرسەتی پێویستی سیاسی نەدا بە جەماوەر کە لەژێر ئەم کاریگەریە سیاسیەی ناسیۆنالیزمی کورد رزگارببن. بۆیە دوای گەڕانەوەی خەڵک بۆ شارەکان و تەسلیمکردنەوەی دەسەڵات بە حیزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی کە ئەو کات لەناو "بەرەی کوردستانی"دا خۆیان رێکخستبوو، شوراکان نەیانتوانی جارێکی دیکە خۆیان سازبدەنەوە. ئەگەرچی لە ساڵانی دواتردا بزووتنەوەی شورایی بەشێوازی دیکەی رێکخراوبوونی جەماوەری خۆی سازدایەوەو تا دەورانی شەڕی ناوخۆی بزووتنەوەی کوردایەتی درێژەی کێشا. نوری بهشیر: ئێستا رۆشنبیران و قەڵەم بەدەستان لە مێژووی کوردستاندا جێگاو رێگای شوراکان بەقەڵەمیاندا نایە. ئایا ئەمە بەڵگەی ئەوە نیە کەئەم بزووتنەوەیە خۆی لەخۆیدا رۆلێکی نەبووە.ئەگەر نا، ئەو واقعیەتەو بەڵگانە چیە ئەم تەجروبەیە دەبانەوە ناو کۆمەڵگای کوردستانەوە؟ موحسین کهریم: سەرەتا پێویست بەوە دەکات کە ئەوە دیاری بکەین کە مەبەست لە کام قەڵەم بەدەست و رۆشنبیرە؟ بریارە چ تەوەقوعێکی زیاتر لە سیاسەتمەدارەکانی ناسیۆنالیزم لە رۆشنبیرەکانیان بکرێت!؟ ئەوان بەپێی عادەت پاشکۆی بیرکردنەوەی سیاسیەتمەدارانی چینەکەی خۆیانن و لە سێبەری سیاسەتی ئەواندا دێن و دەچن! راستە رۆشنبیرانی ناسیۆنالیست، هەروەک رۆشنبیرانی دیکەی بۆرژوازی، لەهەلومەرجی ئەزمەی سیاسی بزووتنەوەکەیاندا یاخود لە ژێرباری فەزای رادیکالێزەبووی کۆمەڵگا و جەماوەردا ئەوانیش دەکەون پرتەو بۆڵە لە ئەحزابەکانیان و تەرمۆمەتری رادیکالیزمەکەیان کەمێک بەرزتر دەخوێنێـتەوە، بەڵام لەغەیری ئەو بارودۆخەدا تەرمۆمەترەکەیان دەچێتەوە باری ئاسایی و مەدح و سەنای سیاسەت و رابەرانی بزووتنەکەی خۆیان دەخوێنێتەوە. ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر سیاسەتمەدارو مێژوونووسانی ناسیۆنالیست، رەنگە مەسەلەکە زۆر رۆشن بێت. ئەحزاب و سیاسەتمەدارەکانیان بە ئاشکرا دژایەتی ئەو بزووتنەوەیان کردو دەکەن. چ بە نوسین و چ بە پراتیک ئەمەیان نیشانداوە. مێژوونووسانیش مێژووی بزووتنەوەکەی خۆیان وەکو مێژووی کۆمەڵگا نیشان دەدەن. تەماشا کەن، ئەهرامەکان بە خۆین و زەحمەتی کۆیلە دروست کراون بەڵام مێژووی فیرعەونەکان نیشان دەدەن. بۆچی چونکە مێژوونووسانی چینە دەسەڵاتدارەکان وایان کردوەو وایان دەوێ. هەموو تەکنۆلۆژیای دنیا، ئەگەر کرێکار تەجەسومی مادی پێنەکات تەنها وەکو داهێنان و دەرهاویشتەی تیۆری دەمێننیەوە، بەڵام بە ئەنقەست مێژوونووسان و سیاسەتمەدارانی بۆرژوازی وەکو دەستکەوتی چینەکەی خۆیان بانگەشەی دەکەن و خەلکیشی پێ چەواشە دەکەن! ئەو هێزە ملیاردیەی کە ئەو بەرهەمانەی فکر دەکاتە پراتیک و جارێکە زەمینەی بەرهەمهاتنەوەی ئەو فکرە وەکو گەشەی تەکنۆلۆژیا ئامادە دەکاتەوە لە هیچ جێگایەکدا حسابی بۆ ناکرێت. بۆیە سەیر نییە کە مێژوونووسانی ناسیۆنالیستی لای ئێمەش لاسایی ئەوان بکەنەوە و هەوڵی ئەوە بدەن کە ئەو بزووتنەوە شوراییە مەزنەی کوردستان لەمێژووی سیاسی کوردستاندا بسڕِنەوە، بەڵام ئەمەش کارێکی بڕاوە نییە. بزووتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاری و چینی کرێکار دەتوانن کە مێژوو بەشێوەی واقیعی خۆی بنووسنەوە. نوری بهشیر: ئایا کۆمەڵگای کوردستان زەمینەی سەرهەڵدانەوەی بزووتنەوەی شورایی هەیە؟ موحسین کهریم: مارکس ئەوەی فێرکردوین کە مێژوو بریتیە لە خەباتی چینەکان جا چ ئاشکرا یان نهێنی. خەباتی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان بۆ ژیانێکی باشتر ، بۆ خۆشگوزەرانی و ئازادی زەمینەی واقعی هەستانەوەی بزووتنەوەی شورایییە لە کوردستان. ئەم خەباتە هەرئێستا بەشێوەی جۆراجۆر دژی بۆرژوازی خۆماڵی دەستی پێکردووە. نارەزایەتی خەڵک لە دەسەڵاتی گەندەڵ و سامانخوازی سەرانی ناسیۆنالیستی کورد خاڵی سەرەتای گیرسانی ئەو خەباتە کۆمەڵایەتیەی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستانە کە بناغەکانی بزووتنەوەی شورایی لە کوردستان دادەڕێژێتەوە.بەڵام هەروەکو چۆن نەخشی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و چەپ لە بزووتنەوەی شورایی 1991دا میحوەری بوو، بە بڕوای من دیسانەوە دەوری بزووتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاری لە داهاتووشدا میحوەری دەبێت، چونکە ئەم بزووتنەوەیەش بەشێکە لە نەخشەی سیاسی کوردستانی عێراق.
|