په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\١٠\٢٠١٤

سەبارەت وە ناردنی هێزی هاوپشتیی بەرەو کۆبانێ!

دارا خونچە      

 

هەر کەسەک دژ وە تاریکپەرستەکانی ''دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام'' خەبات بکا یان راستەوخۆ وە چەک سەنگەریان لە بەرانبەر بگری.. شایستەی ئەوەیە دەستخۆشیی و پیشتیوانیی لێ بکرێ.


لێ ئەمن چەندەی دەکەم و ناکەم ناتوانم چەکدارەکانی پارتی و یەکێتیی و ئەوانەی نێردرانە ''کۆبانێ''ش وە ''پێشمەرگە'' ناوزەد بکەم، چونکە پێشمەرگە وەک ئەوەی پێش راپەڕینی بەهاری ١٩٩١ هەبوو بەر لە هەر تشتەک خاوەن بیرباوەڕەکی دیارکراو بوو و بێ ئەوەی هیچ مووچەیەک یان هیچ یارمەتییەکی مادیی هەبی وە یەک دەستە جلوبەرگی کوردی و چەکەکەی شانیەوە و وە زگی برسی و خۆبەخشانە لە نێو رێزی حیزبەک یان لایەنەک تێکۆشانی خۆی ئەنجام دەدا*، کەچی لە پاش راپەڕین وە هەڵەی جەماوەر و وە مەبەستی تەسکی پەیداکردنی هێز و پاوانخوازیی لە لایەن حیزبەکانەوە هەموو ئەو کەسانەی کە دەچوونە رێزی حیزبەکان و چەکیان لە شان دەکرد ناوی ''پێشمەرگە''یان وەسەر دادەبڕین جا پێشینەی ئەو کەسانە چەکداری خۆفرۆشی سەردەمی بەعس، ''ئەمن و ئیستیخبارات''ی بەعس، سەربازی عێراقیی، دز و جەردە و تاوانکار، ژنکوژ، پیاوی خێڵ و هەر چییەک بان لە کن حیزبەکان گرنگ نەبوو بەڵکە گرنگ ئەوە بوو لە پێناو بەرژەوەندییەکانی حیزب هەمیشە لە شەردا بن جا ئەو شەڕانە ئەگەر شەڕی دژ وە نەتەوە و نیشتیمان و ماف و ئازادییەکانی خەلکیش بووبن.. هاوکاتیش پاسەوانییان لە سەرۆک و بەرپرسە نابەرپرسەکان و گەندەلییەکانیان و کار و رەفتارە نابەجێ و نایاسایی و دژە مرۆییەکانیان دەکرد! لە رێزی ئەو چەکدارانەش وە هەزاران چەکداری (بن دیوار)یان دامەزراندن و وە هەزاران کەسیشیان وە ناوی پێشمەرگەی دێرین وە پلەی بەرزی سەربازیی خانەنشین کرد کە زۆربەی هەرە زۆریان بێجگە لە تەقەی خۆشیی فیشەکەکیان بەرانبەر دوژمنان نەتەقاندبوو!


هەرچەندە ئەوە ماوەیەکە ئەو چەکدارانە وە ناوی ''هێزی پێشمەرگەی کوردستان'' لە بەرانبەر داعشییە تاریکپەرستەکان لە سەنگەر ئاخندرانە.. جێێ خۆیەتی لێرە دەستخۆشیی و پشتوانییان لێ بکرێ و وەک چەکدارگەلەک هەموو ماف و پێداویستییەکانیان دابین بکرێن.. لێ زۆر نابەجێ و ناڕەوایە ئەوانە وە پێشمەرگە و ''هێزی پێشمەرگەی کوردستان'' ناوزەد بکرێن.. ئاخەر ئەوانە چەکداری مووچەخۆری دوو میلیشیای دوو حیزبن و لە نێوخۆی کوردستاندا پاسەوانیی لە ستەم و گەندەڵییەکانیان دەکەن، سەرکوتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک وە تایبەتییش خەڵکی هەژار و بێ لایەن و ئازادییخوازەکان دەکەن و دژ وە ماف و ئازاییەکانی ژنان دەوەستن و ژنکوژن، بەرگریی لە سیستەمی خێڵەکیی و نادامەزراوەیی و نایاسایی و پاشدامایی دینیی و ستەمگەریی دەکەن و دەتوانن دەگەڵ هێزە تاریکپەرستە ئیسلامییەکانی وەک (یەکگرتوو و کۆمەڵ و بزووتنەوە)کە گەرای ''داعش''ن لە کوردستان هەڵبکەن!


دیارە ئێستا لە تێکڕای جیهان دەسەڵاتداران لە چوارچێوەی ئەو سیستەمانەی کە باون و لە ژێر سەرپەرشتیی سەرمایە و نێوەندە ئابوورییەکان بەڕێوە دەچن چەکداری لەو بابەتەنەیان هەیە و وە زەبری توانستی مادیی و سەربازیی دایاندەمەزرێنن و پاسەوانیی خۆیان و قەوارەکانیان پێ دەکەن لێ هەرگیز پێیان نابێژن ''پێشمەرگە'' و هەر حیزبەو ناتوانی لە جێی خۆیەوە میلیشیایەکی سەر وە خۆی دروست بکا بەڵکە هەموویان لە چارچیوەی یەک سوپا رێکدەخرێن.. لە زۆرەک لە وڵاتەکان سوپا وە یاساگەلەک جلەوگیر دەکرێ و رێکدەخرێ کە بێجگە لەوەی تێیاندا مافەکانی سەربازەکان دەپارێزرێن حیزب و سەرۆک و سەرکردەکان بێ رەزامەندیی پەرلەمان و حکومەت و وەزارەتی بەرگریی و دامودەزگە پەیوەنددارەکان ناتوانن وە ئارەزووی خۆیان سوپا بجوولێنن و وەکاریببەن تەنانەت لە هێندەک وڵاتدا سوپا ناتوانی دەست بخاتە نێو ململانێیەکانی نێوخۆی وڵات یان سەرکوتی شۆڕش و ناڕەزایەتییەکانی هاونیشتیمانییان بکا بەڵکە تەنێ دەسەڵاتی ئەوەی هەیە شەڕی دەرکیی بکا واتە شەڕی ئەو هێزانە بکا کە دەسەڵاتدارانی وڵاتانی دیکە هێرش دەکەنە سەر وڵاتەکەیان ئەویش رای گشتیی رۆڵی خۆی تێدا دەگێڕی لەوەی کە سوپا لە چ شەڕەک بەشداریی بکا یان بەشداریی نەکا.


ئیدی پێویستە لە کوردستانیش وە لایەنی کەم خەڵک لە میلیشیای چەکداریی و ئەو بێ سەروبەرییە چەکدارییە کە هەر سەرۆک حیزب و سەرۆک خێڵەک بڕیاردەرە تێیدا رزگار بکرێ و ئەو چەکدارانە وە پێ یاساگەلەک و وە شێوەیەکی کردەیی لە چارچیوەی یەک سوپا رێکبخرێن و نەتوانن دەست بخەنە نێو کاروباری خەڵک و سەرکوتکردنی جەماوەری ناڕازیی و تەنێ بەرگرتن لە هێرش و پەلاماری دەرەکییان پێ بسپێردرێ نەک ناوی ''پێشمەرگە - کە بەر لە ڕاپەڕین ناوەکی شیرین و جێی رێز و خۆشەویستیی بوو لە کن خەڵکی کوردستان -'' بەو چەکدارانە بزڕێنن و وەک میلیشیاگەلەک پاسەوانیی حیزب و سەرۆک و مەرۆکەکان و کارە گەندەڵ و دزێوەکانیان پێ ئەنجام بدەن.. هەروا چیدی دەسەڵاتدارانی وڵاتان نەتوانن ئەو چەکدارانە وە هاوکاریی سەرۆک خێڵ و حیزبەکانی کوردستان و وە پێ نەخشەی بەرژەوەندییە جیۆسیاسییەکانی خۆیان وەکارببەن وەک ئەوەی کە ئێستا لە چارچیوەی نەخشەیەکی بەرژەوەندخوازانە و میلیتاریستانەی سیاسەتی نێودەوڵەتیی لە نێوان (ئەمەریکا و تورکیا و پارتی و یەکێتیی) کۆمەڵە چەکدارەکی دوو میلیشیای پارتی و یەکێتی وە ناوی (هێزی پێشمەرگەی کوردستان'' وە ئارەزووی خۆیان دەجوولێنن!


باوەڕ ناکەم هیچ کەسەکی ئازادییخواز و سەربەخۆخواز و مرۆڤدۆستی خەڵکی کوردستان وە ناردنی ئەو چەکدارانە بەرەو رۆژاوا - کۆبانێ - شادمان نەبی وە تایبەتییش کە دژ وە ''داعش''ە.. لێ ئەوەی راستە و پێویستە ئەوەیە کە ئەو هێزەی باشوور:


١- لە ژێر بڕیاری رای گشتیی خەڵکی باشوور رەوانەی ''کۆبانێ'' بکرابان نەک وە بڕیاری (ئەمەریکا و تورکیا و یەکێتیی و پارتیی) و نەخشە پاوانخوازیی و شەڕانگێزیی و دژەمرۆییەکانیان.
٢- ئەو هێزە سوپای خەڵکی کوردستان بان نەک چەکداری پاسەوانی یەکێتیی و پارتی و وە ناوی ''پێشمەرگە'' کە مەترسیی ئەوەی لێدەکرێ حکومەتی داگیرکەری تورکیا و پارتی لە ژێرەوە رێککەوتبن لە رێگەی بردنی چەکدارانی حیزبەکەی نێو مێوانخانەکانی هەولێر - پارتی دیموکراتی کوردستان لە سوریا - و چەکدارانی وە ناو (سوپای ئازادی سوریا) گرفت و گێرەشێوێنیی لە بەرانبەر (پەیەدە - یەپەگە و یەپەژە) و لە نێو (تەڤدەم) و دەسەڵاتی (کانتۆنی کۆبانێ و هەردوو کانتۆنەکەی دیکە) دروست بکەن.
٣- ئەگەر پارتی و دەسەڵاتدارانی باشوور ئامانجیان لە ناردنی ئەو هێزە پاڵپشتیی نەتەوەیی و نیشتیمانییە لە شەرڤانانی ''یەپەگە و یەپەژە'' و نەکەتنی ''کۆبانێ'' ئەوە دەیانتوانی بێ ئەوەی پێویستیان وە بڕیاری ئەمەریکا و تورکیا هەبی رێ لەبەردەم خەڵکی خۆبەخشی باشوور نەگرن و هەر خۆیان وە هاوکاریی ئەو هێزە چەکدارە هێزەکی گەورە پێکبهێنن و بچنە (قامیشلۆ) و لەوێشەوە لە نێوان ''قامیشلۆ'' و '' کۆبانێ'' بەرانگژی چەتەکانی ''داعش'' ببنەوە و پێشڕەویی بکەن و بگەنە ''کۆبانێ''.


لە کۆتایی دەبێژم بژی شەڕڤانانی (یەپەگە و یەپەژە) و گەریلایەکانی (پەکەکە)ش.. لێ با ئەوە لە نێوان خۆمان بی و کەس پێی نەزانی.. ئەوانیش کە دەگەنە دەسەڵات رەنگە تەنێ هەر یەک قیچ لەو چەکدارانە چاکتر بن کە دەیانبێژنێ ''پێشمەرگە''!
______________________________
* ئەمن خۆم ئەزموونی پێشمەرگایەتییم هەیە لە پێش راپەڕینی بەهاری ١٩٩١ی باشوور، دەزانم کە پێشمەرگە چەند ئازا و چاونەترس بوون و لە بارودۆخەکی ئەوها ترسناک و قورسی پێش راپەڕین چ نەبەردییەکیان ئەنجام دەدا لە بەرانبەر سوپای دڕندەی بەعسییەکان کە پێنجەم سوپای بەهێز بوو لەسەر ئاستی جیهان، ئەوە راستە کە ئەو دەمیش حیزب و حیزبایەتیی زیانی زۆریان وە خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان گەیاند و تەنانەت ماوە ماوە شەڕی نێوخۆشیان هەڵدەگیرساند.. لێ ''پێشمەرگە'' وە شێوەیەکی گشتیی چەکداری بیروباوەڕ و خواست و ئامانجەکانی گەل بوون.

 

٣٠\١٠\٢٠١٤

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک