٢٤\١٠\٢٠١٤
سێدارە و راستیی!
- لە بارەی دۆسێی
تۆمەتبارانی بازرگانی کردنی نەوت لەگەڵ داعش -

حەمە غەفور
بەپێی هەواڵەکان تا ئێستا ١١ کەس بە تۆمەتی
بازرگانی کردنی نەوت لەگەڵ ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دەستگیر کراون.
لیژنەو بەدواداچوونی یاساییو پارلەمانی لەو بارەوە پێکهاتوون.
ڕاگەیاندنەکان هەواڵی جیاجیا لەبارەیەوە بڵاوئەکەنەوە. بێگومان ئەم
دۆسێیە چارەنووسی کۆمەڵگای پێنج ملیۆنی کوردستانی پێوە بەندە، بۆیە
دەبێت چاوی ڕەخنەمان لەسەری فۆکوس بکات! بەتایبەتی کە هەر لەم
سەرەتایەوە خێرا پرسی لەسێدارەدانی تۆمەتباران گەورە کراوەو خەریکە
وەکو مژدەیەک ئەکرێتە بارتەقای تاوانێکی گەورەی لەو چەشنە! لای خۆمەوە
من لێرەدا بۆچوونەکانم لەمبارەوە ئەخەمەڕوو. بەهیوای ئەوەی کۆمەک بکات
چاوی گەورەی کۆمەڵایەتیمان لەسەر ئەم دۆسێ گەورەو گرنگانە هەڵنەگرین،
تا پرۆسەی دەرخستنی راستیی ئاراستەی دروستی خۆی وەربگرێت!
لەسێدارەدانی تاوانباران، نە جێبەجێکردنی دادپەروەرییە، نە بەرگری
کردنە لە راستیی! نە گێڕانەوەی مافە بۆ خاوەنەکانی! بەڵکو بە عالەمی
ئاشکرا، هەوڵێکە بۆ گۆڕبەگۆڕکردنی ڕاستییەکان! کاتێک سەددام حسەینو
ژمارەیەک لە سەرانی ڕژێمی بەعس لەسێدارە دران، کام راستیی ئەنفالو
کیمیابارانو پەیوەندی ڕژێمی بەعس لەگەڵ ئەمریکاو دەوڵەتانی تری
جیهانو ناوچەکە بەدەرکەوت، کە ڕۆڵیان گێڕابوو لە بەهێزکردنو
تۆکمەکردنی ئەو ڕژێمە فاشییەدا! یاخود دوای لەسێدارەدانی ئەوان کوا
کۆمەڵگای عێراق ئارامیو ئاساییشی سیاسیو کۆمەڵایەتی بەخۆیەوە بینیوە!
لەسێدارەدانی سەدامو دارو دەستەکەی باشترین بەڵگەو نموونەی پاڵپشتی
ئەم ووتارەیە لەبارەی گرتنە پێشی ڕێوشوێنێک بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان.
پارلەمان، حکومەتو دەزگای دادوەری کوردستان، ئەگەر ڕاست ئەکەن وە
نیازیان نییە پەروەندەی گەورەو شەرماوەری پەیوەندی حزبەکانو
بەرپرسانێکی نێو حزبەکان لەگەڵ داعش سەرنگووم بکەن، با پرۆسەیەکی
شەفافو ئاشکراو عادلانە دەستپێبکەن لەو بارەوە. ڕێگابکەنەوە
هاوڵاتیانو لایەنی شارەزاو کەسانێک کە بەڵگەو داتاو زانیارییان هەیەو
لەبەر دەستدایە بیخەنەڕوو بۆ بەردەم یاساو ڕای گشتیش، هەتا راستیی پشتی
چۆنێتیی ئەم پەیوەندیو کلکگرێدانەی ئەو تۆمەتبارانە، وە کەسانێکی
دیکەش کە ڕەنگە هێشتا دیاری نەکرابن، وە ڕۆڵی گەورەشیان بووبێت لە
پەیوەندی سیاسیو بازرگانیش لەگەڵ داعش، ڕۆشن ببێتەوە.
بەشوێن پەیدابوونی داعشو تەسلیمبوونی موسڵ، دەنگۆی زیاد هەیە کە
لایەنێک لە موزایەدەی سیاسیدا شەنگاڵی پێشکەش بە داعش کردووە! یاخود
بەگوێرەی کامە یاساو کام ڕێوشوێنی ئیداری قاسم سولەیمانی سەرۆکی سوپای
پاسدارانی ئێران، لە بەرەکانی جەنگ دژی داعش ئامادەئەبێت! سەرئەنجام
بۆچی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانی کۆمەکی سیاسیو سەربازیو
لۆجیستیکی پێشکەشی کۆبانی بکات! لێرەدا تەنیا پەیوەندی بازرگانی کردن
نییە بە نەوتێکەوە کە داعش دەستیبەسەریدا گرتووە، بەڵکو پەیوەندییەکی
مەترسیدارتر هەیە لە هەرێمی کوردستانەوە لەگەڵ داعشدا! دەزگای قەزایی
کوردستان چۆن ئەتوانێت لەم دۆسێیەدا ڕۆڵ ببینێت! ئایا دادوەری گشتی
ئەتوانێت راستیی ئەم دەنگۆو تۆمەتانە یەکاڵابکاتەوە!؟ ئایا بۆ دڵنایی
بەخشین بە هاوڵاتیانی کوردستان، ئەم لایەنە لە بازرگانی کردن بە نەوت
لەگەڵ داعش مەترسیدارتر نییە!؟ دەرخستنی ڕاستیو بەرگریکردن لێی ئەرکی
هەموو کۆمەڵگایەو مافی هەر تاکێکی ووڵاتە بەدواداچوون بکاتو ڕێوشوێنی
پێویست بۆ دەرکێشانی لەژێر سیناریۆی جۆراو جۆردا بگرێتە بەر. دادوەری
گشتیو دەزگای قەزاییش پێویستە پەیوەست بن بەم ئەرکە مێژووییو
کۆمەڵایەتییەوە.
لایەنی پەیوەندیداری ڕەسمییو حکومی ئەگەر ئامانجیان سەرخستنی سەروەری
یاسایە، ڕێگاکەی لەسێدارەدانی تاوانباران نییە. بەتایبەتی کە هێشتا هیچ
پرۆسەیەکی ڕۆشنی لێپێچینەوە بە شێوەی ڕەسمی لەئارادا نییە. بەڵکو
دەستپێکردنی پرۆسێسێکە بە ووردیو پڕۆفشناڵیزمێکی تەواوەوە، بۆ
بەدواداچونو دیاریکردنی راستیی مەسەلەکە. چونکە بەرگری لە راستیی و
ئاشکراکردنی راستیی خۆی جەنگێکی یاسایی گرنگە، وە هیچی کەمتر نییە لە
بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی داعش بۆ سەر کوردستان.
بۆ ئەوەی یاسا ڕێچکەی عادلانەی خۆی بگرێت، هەتا بۆ کۆمەڵگاکەمانو
جیهانیش بەدیارکەوێت ئەم پەروەندەیە چۆنەو کام زەرەرو زیانی بە
ئەمنییەتو ئاساییشو سەلامەتی باری سیاسیو کۆمەڵایەتیو ئابووری
کۆمەڵگای کوردستان گەیاندووەو ئەگەیەنێت، دادوەری گشتی پێویستە لە
ئاستی ئەم ڕۆڵەدا خۆی بنوێنێت، وە بتوانێت نیشانی بدات کە بەکاری خۆی
ئەتوانێت هەستێت! نەک هەر لەم سەرەتاوە ئاماژەی لەسێدارەدانی
تاوانباران لە ڕاگەیاندنەکانەوە بخرێتە پێش چاوی کۆمەڵگا. ئەم
ئاماژەدانە بۆ لەسێدارەدانی تاوانباران، پێش ئەوەی هیچ شتێک لەبارەی
ڕاستییەکەوە بڵێت، هەڵهاتنە لە ڕاستییەکە! ڕاکردنیش لە راستیی
پەروەندەیەک لە فەرهەنگی کوردیدا واتاکەی بۆ هەموو لایەک ڕۆشنە! یان
هاوبەشی تاوانە، یاخود بەرژەوەندیی لەگەڵ تاوانباراندا هەیە.
بەر لەوەی کۆمەڵگا بە لەسێدارەدان ئاراستە بکرێت، وا باشترە یاساو
دادوەری ووڵات شاییستەگیو توانای خۆیمان نیشان بدات لە بەدەرخستنی
راستیی پەروەندەکاندا! چونکە خەڵکی کوردستان تاقیکردنەوەی زۆری هەیە
لەبارەی بێتوانایی دادو دادوەری گشتی. چەندین پەروەندەی تاوان کەڵەکە
بووە لە نێو دەزگای قەزایی کوردستاندا، لە چەشنی، کوشتنی کۆمۆنیستەکان
لە سلێمانی، تیرۆری شاپورو قابیل لە هەولێر، ڕفاندنو تیرۆری سەردەست
عوسمان، کاوە گەرمیانیو دەیان پرسی گرنگی تر، کە ئەم دەزگای
دادوەرییەی کوردستان تا ئێستاش نەیتوانیوە بەلایاندا بخات! نابێت
ڕێگابدرێت چارەنووسی ئەم دۆسێیەش بەدەردی ئەوانی تر بچێت. چونکە ئەم
دۆسێیە بەرپرسیارێتییەکی گەورەیەو بەلاداخستنی لە بەرژەوەندی کۆمەڵگاو
ئاساییشو ئارامی ووڵاتە، هەم بنیاتنانی متمانەیە لای هاوڵاتیان، هەم
دڵنیاییو بڕوایەکی زیاتر بە سەرەوەری یاسا درووست ئەکات! هەر هەوڵێک
یان ڕێگا خۆش کردنێک بۆ لەسێدارەدانی تۆمەتبارانێک دوای ئەوەی
تۆمەتەکانیان بەسەردا ساغ ئەبێتەوە، بەهیچ جۆرێک یەکسان نییە بە
هەوڵدان بۆ دەرکەوتنی راستیی پەرەوەندەکە! بەڵکو شوێنبزرکردنی ئەسڵو
سەرچەشمەو بنەماکانی دۆسێکەیە. ئەمەش بەواتای ژێرپێنانی ئەو پڕەنسیپە
یونیڤێرساڵانەیە کە جیهانی شارستانی وەکو پێودانگی دەرخستنی ڕاستییەکان
پێیانەوە پابەندە!
ماڵپهڕی
حهمهغهفور
_________________________________
هەموو بابەتەکان دەربارەی
''داعش'' لێرە ببینە:
www.emrro.com/dosyeydahish.htm
|