١٤\١٠\٢٠١٣
سێکوچکەی نەوت و
ناڕوونیی و لاوازیی دامەزراوەکان.

د. ئارام رەفعەت
بۆچی زۆر جار نەوت وەک نەفرەت تەماشا دەکرێت؟ دوو لەو هۆکارانە لە
گۆشەی ئەم هەفتەیەی "نەوت و سیاسەت"م لە رۆژنامەی هاوڵاتیدا تیشکییان
خراوەتە سەر سێکوچکەی نەوت و ناڕوونیی و لاوازیی دام ەزراوەکان
بەگوێرەی دامەزراوەی "ریسۆرس گۆڤەرنەنس ئیندێکس" لەسەرجەم ٥٨ وڵات کە
خاوەنی ٨٥٪ی یەدەگی نەوتی جیهانن ٤٧ وڵاتییان بەرادەی جۆراوجۆر
کێشەی نەبوونی روونیی و نیوەی ئەو وڵاتانەش گرفتی لاوازیی دامەزراوە
دیموکراتییەکانییان هەیە. شارەزایانی بواری نەوتو سیاسەت، لەوانەش
مایکل رۆز و تیمۆتی میشیل نەوت بەهۆکاری سەرەکی نەبوونی روونیی و
لاوازیی دامەزراوەکان لە قەڵەم دەدەن. لێرەدا دوو پرسیار پێویستە
وەڵامبدرێنەوە: (١) چی وادەکات نەوت ببێتە هۆی نەبوونی روونیی و
لاوازیی دامەزراوەکان؟ (٢) کاریگەری ئەم حاڵەتە لەسەر هەرێمی کوردستان
چییە؟ لەم گۆشەیەدا تیشک دەخەینە سەر پرسیاری یەکەم.
مەبەست لە ناڕوونیی بەنهێنی هێشتنەوەی داتا، دۆکومێنتو زانیارییەکانە
دەربارەی گرێبەستە نەوتییەکانو رێژەی دەرهێنانو هەناردەکردنو بڕو
چۆنییەتی سەرفکردنی داهاتی نەوت. مەبەست لە لاوازیی دامەزراوەکانیش
نەبوونی یان ناکارایی دامەزراوەکانە دیموکراسییەکانە، لەوانەش
دامەزراوەی چاودێری وەک ئەنجومەنی سێنات (پیران)و قەزاییو دادوەری
گشتیو پەرلەمان وە لاوازیی دامەزراوە داراییەکانە.
دەکرێت لەچەند خاڵێکدا وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە کە چۆن نەوت رێگا
بۆ ناکارایی دامەزراوە دیموکراتییەکانو ناڕوونیی خۆشدەکات. یەکەم،
نوخبەی حوکمڕان لە وڵاتە نەوتییەکان مەیلی بەلاواز هێشتنەوەی
دامەزراوەکانی هەیە. چەندە دامەزراوەکان لاوازتر بن هێندە بواری
شاردنەوەی زانییارییەکانی پەیوەست بەداهاتی نەوت لەلایەن رژێمەکانەوە
وهێشتنەوەی داهاتەکە لەژێر کۆنترۆڵی نوخبەیەکدا دەرەخسێت، بۆیە لەهەر
وڵاتێک نوخبەی حاکم بۆی لوابێت هەوڵیداوە دامەزراوە دیموکراتییەکان
بەناکارایی و لاوازیی بمێننەوە. بەواتایەکی تر، بە لاوازیی هێشتنەوەی
دامەزراوەکان زۆرجار بەشێکە لە کارنامەی بنەماڵەیەک یان نوخبەیەکی
حوکمڕانو ئامانجی پشت ئەو پرۆسەیەش رەخساندنی بوارە بۆ گەندەڵیو خراپ
بەکارهێنانی داهاتی نەوت.
دووەم، حکومەت لە وڵاتە نەوتییەکاندا کەمتر پێویستی بەکۆکردنەوەی باج
لەسەر دانیشتوانە بۆ ئیدارەکردنی وڵاتو داهاتی نەوت دەبێتە بەدیلی
داهاتی باج. کاتێکیش هاوڵاتی باج بە دەوڵەت ناداتو بەشدارنابێت لە
دابینکردنی بودجەی وڵاتدا، مەیلی پاسیڤبوونی هەیە و کەمتر مافو بواری
چاودێریکردنی پرۆسەی خەرجکردنی داهاتی وڵاتی پێدەدرێت. دەرەنجام
دەسەڵات دەستی ئاوەڵاتر دەبێت بۆ بەنهێنی هێشتنەوەی زانییارییەکان لەو
بوارەدا.
سێیەم، پێچەوانەی بەرهەمە پیشەسازیو کشتوکاڵیەکان، نەوت لەبازاری
خۆماڵیدا ساغ ناکرێتەوە و پێویستی بەهەناردە کردنو ساغکردنەوەیە
لەبازارەکانی دەرەوەدا. حکومەت داهاتێکی زۆری دێتە دەست کە بەرهەمی
راستەوخۆی خەڵک نییە و ئەم داهاتە وا دێتە پێشچاو کە لەدەرەوەی وڵات
دەگاتە دەست رژێمەکان نەک لە بازاڕەکانی ناوخۆ و لەرێگای بانکو
دامەزراوەکانی وڵاتەوە. ئەم سروشتەی نەوت چەند دەرەنجامێکی
تێکهەڵکێشراوی هەیە. لەلایەکەوە، دەسەڵات خۆی بەخاوەنی ئەو داهاتە
دەزانێتو مافی مامەڵە و خاوەندارێتی داهاتەکە دەگرێتە دەست. لەلایەکی
تریشەوە، بوونی پارەیەکی ئامادە لەدەرەوەی وڵاتو دەستئاوەڵایی
نوخبەیەک لە مامەڵەکردن پێیەوە وادەکات کە هیچ رێگرییەکی جدی نەبێت
بۆشاردنەوە و گلدانەوەی بەشێک لەو داهاتە لە بانکەکانی جیهان بۆ
بەرژەوەندییە شەخسیییەکان.
چوارەم، لەگەڵ ئەوەی لەزۆرێک لە وڵاتاندا نەوت سەرچاوەی سەرەکی بودجەیە،
پرۆسەی دەرهێنانو هەناردەکردنی نەوت پێویستی بە بەشدارییەکی فراوانی
خەڵک نییە و تەنها گروپێکی بچکۆلەی ئەندازیار و تەکنیککاری پێویستە.
ئەم حاڵەتە هاوکێشەیەکی ناهاوسەنگ دروستدەکات چونکە بەشداری کەمی خەڵک
لە بەرهەمهێناندا رۆڵی دامەزراوەکان بۆ ئیدارەکردنی داهاتی نەوت
کەمتردەکاتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبونەوەی رۆڵی خەڵکو کەمی
ئاگادارییان لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتو ئیدارەکردنی داهاتەکەیو
سەرەنجام بوار رەخساندن بۆ نەبوونی روونیی و شاردنەوەی زانییارییەکان.
بە کورتیی، لاوازیی دامەزراوەکان و نەبوونی روونیی دوو دیاردەن
بەردەوام لەگەڵ پرۆسەی دەرهێنانی نەوتدا ئامادەن و نەوت و
ناشەفافییەت و ناکارایی دامەزراوەکان سێ حاڵەتی تێکهەڵکێشنو لەیەکتری
جیاناکرێنەوە. زۆربەی ئەو وڵاتە نەوتییانەی زۆرترین گەندەڵی تێدایە
ناکاراترین دامەزراوەی دیموکراتییان هەیە. رێگاچارەیەک بۆ دەربازبوون
لەو هاوکێشەیە کارکردنە لەسەر بەهێزکردنی دامەزراوەکانو دامەزراندنی
سندوقی داهاتی نەوتە لەژێرچاودێری پەرلەمانو دادوەری گشتیدا. پێویستە
دۆسیەی دارشتنی سیاسەتی نەوتیش.
ماڵپەڕی
د. ئارام رەفعەت
|