سه‌رمابرده‌ڵه‌کان.
سه‌ردار عه‌بدوڵا
خه‌ڵکى، به گشتى له به‌رده‌م به‌ڕێکردنى زستانێکى سه‌ختى بێ سوته‌مه‌نیدا خۆیان بینییه‌وه. برسێتى باڵى ڕه‌شى به‌سه‌ر ته‌واوى ناوچه‌که‌دا کێشا. هه‌موو شتێک پیناسه و سروشتى خۆى ون کرد. ته‌لى کاره‌باکان، به تایبه‌ت گه‌ره‌که هه‌ژارنشینه‌کان به هه‌فته ته‌زووى کاره‌با ڕاینه‌ده‌چڵکاندن و هه‌ندێک له ماڵه‌کان له بری ته‌ناف جلیان پێدا هه‌ڵده‌خستن. ئه‌و ڕۆژگاره گه‌چ تێکه‌ڵى ئارد و میز تێکه‌ڵى بانزین ده‌کرا!
شه‌وانى ئه‌و زستانه سه‌خته بێکاره‌بایانه؛ شارى کرده گوندێکى گه‌وره. حیکایه‌ت و داستانه کۆنه‌کانى (گورنه‌ته‌ڵه و دێگونه‌چاره)..هتد تامه‌زرۆیى خۆیان وه‌ک زه‌مانى زوو په‌یداکرده‌وه!
شه‌وان، پڕ به‌دڵ بیرى نه‌نکى ڕه‌حمه‌تیم ده‌کرد، خۆزگه‌م بۆ ئاماده‌بوونى ده‌خواست تاکوو چیرۆکێک یاخود سه‌رگوزشته‌یه‌کى کۆنى خۆیمان بۆ بگێڕیته‌وه.. به‌ڵام مخابن نه‌نکم زۆر زوو کۆچیدوایى کرد، ته‌نانه‌ت هیچ وێنه‌یه‌کیشمان نه‌بوو، ته‌نیا زانیارییه‌ک که له باره‌یه‌وه ده‌مزانى ئه‌وه‌بوو: نه‌نکم که‌سێکى سه‌رمابرده‌ڵه بووه، ته‌نیا میراتیشى ڕسته‌یه‌ک بوو، که هه‌میشه ده‌یگوته‌وه. نه‌نکم، ڕۆژێکى ساردى زستان، سه‌رما چۆقه‌چۆق به ددانه‌کانى ده‌خات، پاش داخستنى سۆپا داره‌که‌یان و گه‌رمبوونه‌وه‌ى جه‌سته‌ى ته‌زیوی؛ ئۆخه‌یه‌ک له دڵه‌وه ده‌کات و ده‌ڵێت:
ــ ئۆخه‌ى ئاگر چه‌ند خۆشیت، ڕه‌بى پڕ قه‌بره‌که‌م بیت!
ڕۆژیک، له ڕیگاى به‌ره‌و ماڵه‌وه، ئه‌و وته‌یه‌ى نه‌نکى ئیماندارم بۆ هاوڕێکه‌م گیڕایه‌وه، چونکه ئه‌ویش هه‌روه‌ک نه‌نکم سه‌رمابرده‌ڵه‌بوو. به ده‌نگێکى به‌رز دایه قاقاى پێکه‌نین و وتى:
ـ خه‌مت نه‌بێت! کار وابڕوات و ئه‌م سه‌رما و سۆڵه‌یه به‌رده‌وام بێت، هه‌موو ئه‌و دیندار و نوێژکه‌رانه‌ى که ئه‌م دنیایه‌یان له خۆیان حه‌رام کردووه تاکوو قه‌بره‌کانیان له ئاگر به‌دوور بگرن؛ ئه‌م شیعاره‌ى نه‌نکى جوانه‌مه‌رگت هه‌ڵده‌گرن.
دوباره به پێکه‌نینێکه‌وه درێژه‌ى به قسه‌کانى دا‌و وتى:
ــ دیاره، مه‌لاى مزگه‌وته‌که‌ى گه‌ره‌کى ئێمه‌ش ئه‌و قسه‌یه‌ى نه‌نکت ئیمانى له‌ق کردووه! له مانگى ته‌موزدا نه‌بێت، تا کو ئیستاش بۆیه‌ک جاریش چییه! له خوتبه‌ى نوێژى جومعه‌دا باسى ئاگرى جه‌هه‌نه‌مى وه‌ک تۆڵه بۆ خراپه‌کاران و بێئمانه‌کان نه‌کردووه!
ڕۆژانه ده‌یان جار (ئاگر چه‌ند خۆشیت، ڕه‌بى پڕ قه‌بره‌که‌م بیت!) له ده‌مى هاوڕێى سه‌رمابرده‌ڵه‌مه‌وه ده‌بیسترا و خووى پێوه گرتبوو. تاکو جارێک پێم گوت:
ـ ئه‌وه به‌ڕاست چى هانیداى وا ده‌قت به‌م قسه‌یه‌ى نه‌نکمه‌وه گرتووه، باشه نه‌نکم ژاندارک بوو یان ئێلیکساندرا کۆلۆنتاى؟ تۆ باشتره بڕۆییت قسه‌یه‌کى نه‌نکى خۆت به‌ده‌مه‌وه‌بگریت؟!
هه‌ر وه‌ک جاران، به پێکه‌نینه‌وه وه‌ڵامى دامه‌وه:
ــ ئه‌و وته‌یه‌ى نه‌نکت فه‌لسه‌فه‌یه و پڕ مانایه، وه‌ک پێم وتى کار وابڕوات و مانگێکى تر نه‌وتمان نه‌گاتێ ئه‌و وته‌یه‌ى نه‌نکت ده‌بێته دروشمى سه‌رزارى هه‌موو خه‌ڵک.. دواى ئه‌وه من چ قسه‌یه‌کى نه‌نکى خۆم بڵێمه‌وه، ئه‌و هه‌ژاره، له کاتى کاره‌با هاتنه‌وه‌دا ڕه‌حمه‌ت بو نیوتن ده‌نیرێت له؛ برى ئه‌دیسۆن، هه‌رچه‌ند پێشم سه‌یره ئه‌م ناوه له کوێ فێربووه! یاخود که دوعاى شه‌ڕ له نه‌یاران و ناحه‌زان ده‌کات، به‌ده‌ستى ڕاستى به سنگیدا ده‌ماڵێ و ده‌ڵێت: ــ ده‌ک ڕه‌بى قاپقاپ و پێڵاوى ژنان له ماڵتا نه‌بینیت، ده‌ک بۆ خاترى ئیمام عه‌باسى ته‌عجیل لێفه‌ى دوونه‌فه‌رى نه‌یه‌یت به خۆتا!
* * * * * *
زۆرجار، خه‌ڵکى ناڕه‌زایه‌تى و توڕه‌یى خۆیان له شێوه‌ى نوکته و گاڵته‌دا ده‌درکێنن، به تایبه‌ت کاتێک که ئیدى ده‌سه‌ڵاتیان به سه‌ر گۆڕینى وه‌زعه‌که‌دا نه‌بێت. کوڕوکاڵى شار چه‌ندین نوکته‌یان له سه‌ر سه‌رماوسۆڵه و تامه‌زرۆیى گه‌رم بۆ ئاگر دروستکرد. ڕۆژێک، هاوڕێکه‌م به هه‌ڵه‌داوان له ده‌رگاى دا‌و وتى:
ــ گوێ بگره له‌م نوکته‌یه:" له‌و دنیا، که‌سێکى سه‌رمابرده‌ڵه ده‌خه‌نه دۆزه‌خه‌وه، که‌سه‌که له برى ئه‌وه‌ى دڵگرانبێت شادمان ده‌بێت و خه‌نده سه‌رلێوه‌کانى ده‌گرێت! دواى ئه‌و که‌سێکى تر ده‌که‌ن به ژوردا به‌ڵام ئه‌ویان ڕقى له ئاگره و خۆى به ئاسانى نادات به‌ده‌سته‌وه، له‌گه‌ڵ پاسه‌وانه‌کانى به‌رده‌رگاى دۆزه‌خ ده‌که‌وێته شه‌ڕى ده‌سته‌ویه‌خه، به‌هۆى ئه‌و شه‌ڕ و هه‌رایه‌ى پاسه‌وانه‌کان و که‌سه دۆزه‌خییه‌که؛ ده‌رگاى دۆزه‌خ بۆ ماوه‌یه‌ک به کراوه‌یى ده‌مێنێته‌وه. که‌سه سه‌رمابرده‌ڵه‌که له‌و وه‌زعه زۆر بێزار ده‌بێت، به توڕه‌ییه‌وه هه‌ڵده‌ستێته سه‌رپێ و هاوار له که‌سه دۆزه‌خییه‌که ده‌کات و ده‌ڵێت: " زه‌حمه‌ت نه‌بێت، یان وه‌ره ژوره‌وه یان به‌رده‌م ئه‌و ده‌رگایه‌مان لێ به‌رده و ڕه‌قمان مه‌که‌ره‌وه!""
تاوێک له سه‌رم وه‌ستا تا له پێکه‌نین بوومه‌وه و پاشان درێژه‌ى به قسه‌کانى دا‌و وتى:
ــ جا که‌مێک بووه‌سته،!من دڵنیام، ئه‌و که‌سه سه‌رمابرده‌ڵه‌که‌ى نێو دۆزه‌خ نه‌نکته. بڕوات بێت، نه‌نکته! به خواست و ئامانجه‌کانى دڵى خۆى گه‌یشتووه! راسته، نه‌نکت ئیماندار و به‌هه‌شتى بوو، به‌ڵام دیاره له سه‌ر ڕه‌زامه‌ندى خۆى ڕاى گۆڕیوه و ناردویانه بۆ دۆزه‌خ تا گه‌رمى بێته‌وه. جا بۆیه مافى مزگێنیم هه‌یه که ئه‌و هه‌واڵه خۆشه‌م له‌سه‌ر نه‌نکت دایتێ.
قه‌یرانى سوته‌مه‌نى، تا ده‌هات توندتر ده‌بوو. شاخ و کێوه‌کان له دار و دره‌خت ڕووتکرانه‌وه. خه‌ڵکى گه‌ڕه‌که هه‌ژارنشینه‌کان پیڵاوه کۆن، تایه کۆن و مه‌قه‌بایان بۆ خۆگه‌رمکردنه‌وه به‌کار ده‌هێنا، هه‌ر بۆیه تا ده‌هات بێزارى خه‌ڵکى له و هه‌لومه‌رجه زیاتر ده‌بوو. خۆڕێکخستن بۆ خۆپێشاندان کاتى هات، به‌ڵام له لایه‌ن ده‌سته‌ڵاتداره خاوه‌ن کاره‌با و ژێنه‌راتۆره محه‌لییه‌کانه‌وه به‌رپه‌رچ درایه‌وه و خه‌ڵکیان به گێره‌شیوێن دایه قه‌ڵه‌م!
له کاتى خۆپێشاندانه‌که‌دا، هاوڕێکه‌م له ڕیزى پێشه‌وه‌ى خۆپێشانده‌راندا بوو. لافیته‌یه‌کى سورى به ده‌سته‌وه بوو، جار جاریش هاوارى ده‌کرد و هوتافى ده‌کێشا. من له ڕیزى دواى ئه‌و بووم، که چاوى به من که‌وت، به هه‌مان شێوه‌ى جاران دایه پێکه‌نین و وتى:
ــ نه‌م وت! تۆ سه‌یرى ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه بکه! هه‌موو بڕواى ته‌واویان به وته‌که‌ى نه‌نکت هێناوه و بۆ په‌یداکردنى ئاگر خه‌بات ده‌که‌ن. هه‌ر بژى ئاگر، هه‌ر بژى نه‌نکت! هێزه‌کانی پۆلیس، به پاڵ و به قوناغه تفه‌نگ بڵاوه‌یان به خه‌ڵکه‌که کرد و قۆناغه تفه‌نگێکیش زرمه‌ى له نێوچه‌وانى هاوڕێکه‌م هه‌ستان؛ به جۆرێک ئێستاش گڕ له برینه‌که‌ى نێوچه‌وانى ده‌بێته‌وه!
ڕۆژێ دواى خۆپێشاندانه‌که، سه‌ردانێکم کرد بۆ ماڵه‌وه‌یان. پاش به‌خێرهاتن بۆ ژوره سارد و شێداره‌که‌ى خۆى فه‌رمووى لێ کردم. به دیواره‌که‌وه پارچه کاغه‌زێکى سپى گه‌وره هه‌ڵواسرابوو که، گورزه ڕوناکى نێو په‌نجه‌ره بچوکه‌که لێی ده‌دا، هه‌ر بۆیه زوو سه‌رنجم چووه سه‌ر نووسراوه‌که‌ى سه‌رى که به ره‌نگێکى شه‌رابى نووسرابوو: (ئه‌ى ئاگر چه‌ند خۆشى، ڕه‌بى پڕ قه‌بره‌که‌م بیت!).له ژێر ئه‌م دێڕه‌یشدا به خه‌تێکى بچوکتر نوسرابوو:
(ڕێکخراوى سه‌رمابرده‌ڵه‌کانى کوردستان،21 سه‌رماوه‌رزى نه‌عله‌تى.).
|