په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١۴\٥\٢٠١٠
بەیاننامە:

سەنتەری میترۆ: لە هەولێر و سلێمانی پێشێلکاریی بەرامبەر بە نۆ رۆژنامه‌نووس دەکرێت.

 


سلێمانی-13ی ئایاری 2010: سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لەڕۆژنامەنووسان، ئیدانەی دەستگیرکردن و هێرشکردنە سەر 9 رۆژنامه‌نووس لە سلێمانی و هەولێر دەکات، داوادەکات داواکاری گشتی هەرێم بەهەمان گرنگی هەندێک کەیسی ڕۆژنامەنوسی، کەیسی پێشێلکردنی یاسای کاری رۆژنامه‌نووسی بجوڵێنێت.

ئێوارەی ڕۆژى پێنجەممە کۆمەڵێک ڕۆژنامەنوس لەکاتی روماڵکردنی هەواڵی کۆبونەوەیەکی هەندێک رێکخراوی سیاسی، کە بۆ ئیدانەکردنى لەسێدارەدانی لاوانی کوردی ئێرانی لەناوەندی شاری سلێمانی(سەرا) کۆبوبونەوە، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی هێرشیانکرایە سەریان و دەستگیراکران و کامێراکانیان دەستی بەسەرداگیرا.

رێکخەری سەنتەری میترۆ سەردانی سەردانی شوێنی رووداوەکەی کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، چەند شایەتحاڵێک لە بەشداربوانی ئەو کۆبونەوەیەوە و چەند رۆژنامه‌نووسێک جەختیانکردەوە "هێزەکانی ئاسایش هەر کەسێکیان دەستگیردەکرد کەوێنەی بگرتایە."


ئارام کەریم پەیامنێری کوردستانی نوێ ، بەسەنتەری میترۆی راگەیاند بەر لەوەی دەست بکەم بە وێنەگرتن دەستگیرکرام و کامێراکەیان لێسەندم و بردمیان بۆ ئاسایش وتی" پێم وتن بمکوژن و کامێراکەم مەبەن بەڵام سودی نەبوو."

شکار موعتێم زاهیر، پەیامنێری سایتى سبەی، بە سەنتەری میترۆی راگەیاند کەلەلایەن چەند چەکدارێکی ئاسایشەوە هێرشی کراوەتەسەر. وتی " بە شەقو زللە و قسەی ناشیرین کرامە ناو سەیارەی ئاسایش و زیاتر لە کاتژمێرێک لە بەڕێوەبەرێتییە دەستبەسەر بوم پاشان ئازاد کرام."

ئازا ئەحمەد فۆتگرافەری فریلانس، بە سەنتەری میترۆی ووت" بەزۆر کامێراکەیان لێسەندم و پاش کاتژمێرێک لە ئاسایش وەرمگرتەوە".

ئاکۆ مەجید پەیامنێری گۆڤاری هاودەم، بە سەنتەری میترۆی راگەیاند لەکاتێکدا کە ئاسایش ویستی کۆبونەوەکە بڵاوە پێبکات ئێمە سەرقاڵی کاری خۆمان بوین بۆ روماڵکردنی هەواڵەکە کاتێک هێرشیان کردە سەرم، وتی" بە زۆر کرامە ناو سەیارەکەی ئاسایش پاشان لە ئاسایش ئازدیان کردم" جەختیکردەوە "کارمەندێکی ئاسایش قسەی ناشیرینی پێوتین" .

فەریق فەرەج پەیامنێری رۆژنامەی چەتر بە سەنتەری میترۆی وت" ئاسایش بێ ئەوەی بڵێن کێت و چی ئەکەی لێرە؟ جانتاکەیان بردم و وتیان وەرە لە ئاسایش وەریبگرەوە" جەختیکردەوە"پاش سەعات و نیوێک چوم وەرمگرتەوە بەڵام شوێنی میمۆرێکەیان شکاندوە"

سیروان ئەحمەدی فۆتۆگرافەر بە سەنتەری میترۆی وت" لە ژێر وێنەکەی شێخ مەحمودەوە تا سەرجادەکە بەشەق و قسەی ناشیرین برمیان بۆ ناو سەیارەکەی ئاسایش " وتیشی" سوکایەتی زۆرم پێکراو بردمیان بۆ یاریدەدەرێتی ئاسایشی سلێمانی و لەوێ بە کەفالەتی سەرنوسەرەکەم ئازاد کرام".

سەبارەت بە پێشێلکاریانە،سەنتەری میترۆ پەیوەندیکرد بە حاکم قادر حەمە جان ـ بەرێوەبەری ئاسایشی گشتی هەرێم، وتی" چالاکییەکە مۆڵەتی نەبووە"، وتیشى کە کار دەکات بۆ بەدواداچونی ئەو کێشەیە.

رۆژی دووشەمەی رابردویش لەکاتی خۆپیشاندانی رۆژنامه‌نووسان و قوتابیان بۆ بەردەم پەرلەمانی کوردستان کە بۆ ئیدانەی تیرۆرکردنی رۆژنامه‌نووس سەردەشت عوسمان رێکخرا بوو، هێرش دەکرێتە سەر هەردوو رۆژنامه‌نووس نیاز عەبدوڵ و ریبین فەتاح.

بەپێی یاسای کاری رۆژنامه‌نووسی هەرێمی کوردستان، رۆژنامه‌نووسان مافی ئامادەبوونیان لە چالاکییە گشتییەکاندا هەیەو"هەرکەسێک بەهۆی کارەکەیەوە سوکایەتی بە رۆژنامه‌نووس بکات، یان دەستدرێژی بکاتەسەر، ئەوا هەمان ئەو سزایە دەیگرێتەوە کە بۆ دەستدرێژیکردنەسەر فەرمانبەرێک لە کاتی یان بەهۆی بەجێهێنانی ئەرکەکانی دانراوە."

نیاز عەبدوڵا بەرپرسی بەرنامەکانی رادیۆی نەوا لە هەولێر بە سەنتەری میترۆی راگەیاند " کۆمەلێک لە قوتابیانی پارتی و پاسەوانەکانی پەرلەمان سوکایەتیان پێکردین و قسەی ناشیرینیان پێوتین هێرشیان کردە سەرمان"

ریبین فەتاح بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری رۆژنامەی رۆژنامە بە سەنتەری میترۆی ووت" لەبەردەم کۆمەڵێک ئەندام پەرلەمان جوێنیان پێدام و پاسەوان و ئاسایشەکان لێیاندام" وتیشی" پێشتریش لە ریگەی مۆبایلەوە نامەی هەرەشەیان بۆ ناردوم"

هەوەها هەلگورد سەمەد ئەندامی دەستەی نوسەرانی گۆڤاری لڤین دانیشتوی شاری هەولێر، ئیحسانی مەلا فوئاد پەیامنێری رۆژنامەی ئاوێنە لە شاری کفری بە جیا سەنتەری میترۆیان ئاگادار کرد، کە "بە نامە هەرەشەیان بۆ نێردراوە".

لەمبارەیەوە، سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێ، "ئیدانەی ئەو هەرەشەو هێرشانە ئەکەین، پێمانوایە کە هیچ پاساوێک نییە بۆ هێرشکردنەسەر رۆژنامەنووسان دەستبەسەرداگرتنی کەرەستەی کاری رۆژنامەنووسییان، داواشدەکەین داواکاری گشتی هەرێم بە هەمان گرنگی هەندێ کەیسی رۆژنامه‌نووسی، کەیسی پێشێلکردنی یاسای کاری رۆژنامه‌نووسی بجوڵێنێت.".

________________________________________
دەربارەی سەنتەری میترۆ:
سەنتەری میترۆ بۆ راوێژو داکۆکی لە رۆژنامه‌نووسان، رێکخراوێکی سەربەخۆی بێلایەنی قازانج نەویستە بۆ بەرگریکردن لە رۆژنامه‌نووسان و ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان. سەنتەری میترۆ لە مانگی ئابی ساڵی 2009دا دەمەزراوە.

بۆ پەیوەندی و ناردنی زانیاری پەیوەندی بکەن بە:
رەحمان غەریب: 07701523300
ئیمەیل: metroiraq@gmail.com، rahmangarib@yahoo.com