سەردانەکەی تاریق هاشمی و خوێندنەوەیەکی ورد!
ستار محەمەد قادر
کێشەی شاری کەرکوک، کێشەیەکی سیاسییە، چونکە ساڵانێکە رژێمە یەک لە دووای یەکەکانی ئێراق لە هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەم شارەدان، کەرکوک شارێکە ئەگەر سەرانی کورد خۆیانی لێ نەدزنەوە، کە سازش بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکات، چونکە کیمیا بارانی هەڵەبجەو پرۆسەی بەدناوی ئەنفال و ئەو هەموو کووشت و بڕینەی کە تا بەعس لە سەر کورسی حوکم بوو، لە سەر فاکتی ئەم شارە بووە.
سەرە رای ئەوەی کە ئەو هاوکێشەیەی کە دانرا بۆ گەڕاندنەوەی کەرکوک بۆ باوەشی هەرێمی کوردستان، گومانی ئەوەی لە نێو دڵی هەموو تاکێکی باڵە سیاسییە هەمە جۆرەکانی کوردستاندا چێ دەکرد، کە کوردستانی بوونی کەرکوک ئەگەرێکە مەگەر هاوکێشەی سیاسیی نێو دەوڵەتیی لە بەرژەوەندی خۆیدا بیبینێتەوە، دەنا بەو بیردۆزەی کە سەرانی کورد لگاویان لە سەر دەکرد شتێکی مەحاڵ و لە خەونێکی ئەرخەوانی دەچوو!
سەرانی کورد ئەمڕۆ جگە لەوەی لە بەرانبەر گەلەکەیان چاویان لە بەزاندنی هێڵە سوورەکان پۆشیوە، ئەو هێڵانەی کە لە دووای پرۆسەی بە ناو ئازادیی ئێراقەوە موازایەدەی حیزبییان لە سەر دەکرد، هەوڵەکانیشیان لە پێناو بە کوردستانی بوونی کەرکوکدا کەوتۆتە ئەوپەڕی لاوازییەوە، قبووڵ کردنی ریفراندۆم ئەگەرێک بوو کە ئەگەر بە ئەقڵ لە گەڵ ئەو دۆخەدا مامەڵەیان بکردایە، هەرگیز نەدەبوو باسمان لە هێڵی سوور و زەردو سەوز بکردایەتەوە! چونکە یەکێک لە بنەماکانی دیمۆکراسیی هەرگیز مسۆگەری بۆ هیچ لایەنێک مسۆگەر ناکات، ئەگەر مەسەلەکە پەیوەندی بە نەتەوەیەکی خاوەن بڕیارەوە هەبوایە، ئەوا دەبووایە گوێیان بۆ ئەو راپرسییە شل بکردایە کە98% ئەو خەڵکە لە بەرایی پرۆسەی بە ناو ئازادییەوە دەنگییان بۆی دا! ئەمڕۆ بۆ کورد شەرمەزارییە تاریق هاشمی یان هەر کەسێکی دیکە بێت بیەوێت وانەی پێکەوە ژییانی پێکهاتەکانی ئەم شارەو هەندێک قسەی بەنجکراو بدات بە گوێماندا، چونکە پێش ئەوەی ئەو بووبێت، کێشەی ئەم شارە هەر هەبووە!
با چی دی خۆمان لە خشتە نەبەین، ئەگەر سەرۆکی هەرێم لە شوێن تاریق ئەلهاشمی بهاتبایە بۆ کەرکوک لەم زەرفە ناسکەدا، رەنگە ئەو ئیزدیحام و قەرەباڵغییەی کە لە بەرەنجامی سەردانەکەی ئەودا کەوتە سەر شانی هاوڵاتییانی ئەم شارە لێ قەوماوە بەم گەرمای هاوینە، شتێکی ئاسایی بووایە، چونکە گوێمان لە هێندێک شتی تازە دەبوو و دەمانزانی هێڵە سوورەکان بەزێندراون یان نا، لێ کاتێک کە یەکێکی دیکە دێت و دەیەوێت وانەی پێکەوە ژییانمان فێر بکات، ئەوەیان بارێکە رەنگە بەو کەسانەی کە لە قەبارەی قووربانییەکانی ئەم شارە دەگەن، بە کەسیان هەڵنەگیردرێت؟!
star_qadr@yahoo.com
|