په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢۴\٦\٢٠١٠

سەردەشت عوسمان کێ بوو....؟

بەشدار عوسمان  


سەردەشت، کوڕى مناڵە هەژار و جوتیارێکى چەوساوەى دەستى رژێمى گۆڕبەگۆڕى دەشتى شەمامکى هەولێر بوو، لەهەناوى شەڕ و ئاشوب و جەنگە یەک لەدوایى یەکەکانى ئەم رژێمە لە کۆتاییەکانى ساڵانى هەشتاکان چاوى بەدنیا هەڵهێنا،لە یەکەم چاوکردنەوەى نیگاکانى ئاشنا بوون بە زوڵم و زۆردارى و برسیەتى و نەبونى و ئاوارەیى و دەربەدەرى،هێشتا مەلۆتکە بوو خێزانەکەى ئاوارەکرا و لە گوندەکەیان گواسترانەوە شار ،بەڵام بۆیەک ساتیش نیگاکانى لە دیمەنە شەرهێنەرەکان وون نەبوون،کاتێک چاوەکانیشى ماندوو بوو، دەستى برد بۆ قەڵەم، بۆ ئەوەى خەمى کۆمەڵگاکەى بگرێتە کۆڵ و رووداوەکان وەکو خۆى بگوازێتەوە و کۆتایى بە بێ مافى و نایەکسانى و چەوسانەوە بێت، بۆ ئەوەى گەنجانى مەملەکەتەکەى هیواو خواستەکانیان وورد و خاش نەکرێ، بۆئەوەى مناڵانى کوران و باداوە و تەعجیل و کانى سپیکە لەگەڵ چاوکردنەوەیان قوڕ و تۆز و خۆڵ بە چاوە جوان و ناسکەکانیان ئاشنا نەبێت،بۆئەوەى پەککەوتوانى گەڕەکى کرێکاران و کوردستان و ئازادى رێزیان لێبگیرێت، بۆ ئەوەى کەڕامەتى هەمووان لە بارەگاى کۆمەڵدا پارێزراوبێت ،ئەفسوس مەرگەوەڕەکانى تاریکى چاویان بە هەست و نەستى پڕ لە بەرائەت و ئینساندۆستى و هیواو ئاوات و بەرنامە و پرۆژە گەلێک هەڵنەهات کە سەردەشت لەبەرنامەى خۆى داینابوو، خۆیان زیاتر بچوک ریسواکردەوە و شکۆ و شەوکەتى سەردەشت و خانەوادە و دۆست و هاورێیانیشیان باڵاترکرد..


راستە هیچ شتێک ناتوانێ جێگاى سەردەشت بۆ خانەوادە و دۆست و هاوڕێیانى پڕ بکاتەوە،هیچ مرۆڤێکى خاوەن ویژدان ناتوانێ فرمێسکەکانى رابگرێت لە ئاست ئەو زوڵمە گەورەیە،تەنانەت ئەوانەشى ویژدانیان بە بەرژەوەندییەک فرۆشتبوو لە ئاست کوژاندنەوەى جموجۆڵ و بینینى زەردەخەنە پڕ بەرائەتەکانى سەردەشت مووى لەشیان بەرزدەبێتەوە،بەڵام ئێوە سەیرکەن چۆن ریسوایى و شەرمەزارییان بۆخۆیان تۆمارکرد بۆ هەمیشە کەوتنە بەر نەعلەتى خەڵکى دنیا،رێکخراوى سەردەشت عوسمان بۆ دیفاع لە رۆژنامەنوسان دادەمەزرێ،دەزگاى راگەیاندنى سەردەشت عوسمان دەست بەکاردەبێ،پەیکەرى ئازادى سەردەشت عوسمان لەزۆرێک لە شار و شارۆچکەکانى کوردستان و هەتا دەرەوەش بەرزدەکرێتەوە،دەیان دایک و باوک بڕیاریانداوە کۆرپەى ئایندەیان ناوبنێن سەردەشت،وەرزە کتاب و نوسراوى ساڵانەى سەردەشت بڵاودەبێتەوە،دەستەى پارێزەرانى سەردەشت عوسمان دەست بەکاردەبن،چەندین کۆمپانیا و نوسینگە لە بوارە جۆراو جۆرەکان لە سەرەى وەرگرتنى ناو و ناونیشانەکانیانن لە شارەوانیەکان بەناوى سەردەشت عوسمان ،دواجاریش هەمووان شانازى بە گەنجێک دەکەن کە خۆى هەڵگرى دەیان کێشە و گرفت بوو،بەڵام کۆڵێک خەم و کێشەى مەملەکەت و شار و گەڕەک و دۆست و هاوڕێکانى لە پشتى هەڵگرتبوو ،ئامادەش بوو لەم پێناوە گیانى خۆى ببەخشى...


ئەو دەیزانى ئەو رێگایەى گرتویەتیە بەر بێ مەترسى نیە،ئەو دەیزانى هەر شەش لاکانى تەندراوە بە هێڵى سوور،بەڵام وێرانى کۆمەڵگاکەى و بوونى دەیان دیاردەى نەشاز و ناشیرن ویژدانى ئازاردەدا و بۆ خۆچبەختى هەمووام نەیتوانى رێگا لە پەیامەکەى بگرێت.

لاى هەموان روون و ئاشکرایە،ئەوانەى سەردەشتیان تیرۆرکرد دژى ئازادى و یەکسانین،لەگەڵ رەخنە و شەفافیەت و کرانەوە هەڵناکەن، لەگەڵ چرۆکردن و گەشەکردنى پرۆژە و بەرنامەى سەردەشتەکان ئیتر ئەوان کۆتاییان پێدێت،بۆیە ئامادەن ریسوایى و شەرمەزاریى زیاتر بۆخۆیان تۆماربکەن و سڵیشیان لە قرتاندنى ناسکترین و بێ گوناهترین مرۆڤ نەکردەوە.


ئاسان نیە بۆ هەریەک لە ئێمە کە لێیەوە نزیک بوین، بتوانێ ژیاننامەى سەردەست بنوسێتەوە،چونکە گەنجێک کە لە تەمەنى 5 ساڵیدا چۆتە بەرخوێندن و هێشتا بیست و سێ بەهارى تەواو نەکردبێت و سەختى ژیان و خوێندن لەسەر شانى بێت،دەبێت ژیاننامەى چى بێت جگە لە شەونخونى بەدیار فانۆس و هیلاکى و ماندوبونى و راکردن بەدوایى تەواوکردنى خوێندن،بۆ ئێمەش کەلەگەڵى ژیاوین تەنانەت ناوهێنانى بۆ ئێمە سەختە چ جاى گووتنى شتە تایبەتیەکانى ،بۆیە لێرەدا بە چەند وێستگەیەک لە ژیانى تایبەتى ئاشناتان دەکەین:

- ناوى تەواوى (سەردەشت عوسمان حسن)ە لە 25/12/1987 لە گەرەکى کرێکارانى شارى هەلێر لە خێزانێکى هەژار و جوتیارى دەشتى شەمامک کە چەند مانگێک بوو لە گوندى گردعازەبان بەدەستى رژێمى دڕندەى بەعس بە زۆرەملێ بۆ ناوشارى هەلێر راگوازرابوون،لەدایک بووە....ناوى سەردەشت بیرۆکەى بهکرى براگەورەیەتى دوایى وێرانکردنى گوندەکەیان و هاتنیان بۆ شار بەچەند مانگێک لەدایک بوو .


- لە تەمەنى 5ساڵیدا بەشێوەى (گوێگر) دەچێتە بەر خوێندن و لە قوتابخانە (نیگارى سەرەتاى تێکەڵاو)لە گەرەکى کرێکارانى شارى هەولێر دەست دەکات بەخوێندن،بەڵام لەبەر زیرەکى و هۆشیارى جوانەمەرگ مامۆستایان و دەستەى کارگێرى قوتابخانە نەیانتوانى لە هاوپۆلانى دایبڕێنن و بەدەرچوو ئەژماریانکرد....پلەکانى خوێندى سەرەتاى بە خێرایى و بەبێ دواکەوتن بڕى،دواتر چووە قوناغى ناوەندى و لە ناوەندى( شەهید ێالح یوسفى) درێژەى بەخوێَندندا و بەبێ دواکەوتن بە 3ساڵ قوناغى ناوەندیشى تەواوکرد ،دواتر لە( ئامادەیى ئازادى کوڕان )هەر لەنێو شارى هەولێر بە 3ساڵ قۆناغى ئامادەیى بە سەرکەوتوى تەواو کرد و لە بەشى ئینگلیزى کۆلیژى زمانى زانکۆیى ێلاحەدین وەرگیرا و لەم چوار ساڵەى خوێندنیشیدا بویە جێگاى خۆشەویستى خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەرانى کۆلیژ،ئەفسوس مەرگەوەڕەکانى تاریکى نەیانهێشت پرۆژە و بەرنامەیەک کە بۆخۆشبەختى کۆمەڵگا و دەوروبەرەکەى دایرشتبوو دوایى دەرچوونى لە زانکۆ جێبەجێیان بکات،ئاخر ئەوان زۆر باش بلیمەتى و هۆشیارى و زیرەکى ئەو گەنجەیان خوێندبویەوە کە چۆن دەبێتە چرایەکى روناکى بۆ کۆمەڵگاکەى،چۆن دەبێتە بەربەستێکى گەورە لەبەردەم نایەکسانى و ناعەدالەتى و زوڵم و زۆردارى ،دەیانزانى کە قەڵەمێک کە سەردەشت بەدەستیەوە گرتوە دەبێتە سەرەتایەک بۆ شکاندنى بتەکان...

- خولیاى لە رادەبەدەرى سەردەشتى جوانەمەرگ بۆ خوێندنەوە (بە تایبەت نوسەرانى گەورەى ئینگلیزى) چاودێریکردنى روووداوەکانى ناوخۆ و دەرەوە و هەستى مرۆڤدۆستى بۆ چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکانى کۆمەڵگا و لەپێناو ئازادى و یەکسانى و خۆشگوزەرانى لەتەک کارى خوێندندا قەڵمى گرتە دەست چونکە بەبڕواى ئەو هیچ کاتێک زوو نیە بۆ قسەکردن لەسەر کێشە و گرفت و دیاردەکان و لەساڵى 2004 بەدنیایى نوسین و بڵاوکردنەوە ئاشنا بوو ،لەیەکێک لە پەرەگرافەکانیدا دەنوسێت (ئێمە بەدیار بەردێکەوە دانیشتووین و چاوەڕوانی هەڵێنانیشین، وەلی خەریکە عومری نەوەیەک بەڕێدەکەین جورئەتی ئەوە ناکەین کە دەست بۆ ئەم توحفەیە ببەین تا بزانین ئایە بەردە یان هێلکە، چونکە پێمان وایە کە زۆرناسکەو لەوانەیە بشکێت. بەڵام نەوەیەک حەزدەکات ماهییەتی ئەم توحفەیە کەشف بکات کە میللەتێکیان پێوەسەرقاڵکردووە...)

- یەک پێشانگاى کتێب نەبوە کە لەم شارە کرابێتەوە و سەردەشت نەچوبێت و کتێبى نەکڕیبێت،دوایین پێشانگاش کە بەیەکەوە چوین چەند هەفتەیەک بەرلە تیرۆرکردنەکەى بوو لەنێو پارکى هەولێر،لەم پێشانگایەدا سەردەشت چوار کتێبى کڕى لە بارەى سەرکردە و کەسایەتیە جیهانیانەى ئەوانەى کە توانیان رووناکیەک ببەخشنە کۆمەڵگاکەیان لەوانە (غاندى و ماندێلا و مارکیز هەروەها یەکێک لەدەستنوسەکانى موناسالینیشى لەگەڵدا بوو )لەماوەى تەنها یەک هەفتەدا سەردەشت لە پێشبرکێیەکدا لەگەڵ مندا شەونخونى کرد و سێ کتێبى بە یەک هەفتە خوێندەوە،دوایین دەستنوسیش کە لێنەگەڕان بیخوێنێتەوە کتێبەکەى موناسالین بوو دەربارەى ئەزمونى پروپاگەندەکان لە هەڵبژاردنەکانى ئەمەریکا و شکستهێنانى بۆ جێگرى جۆن مەکین...پێش ئەوەى شکستەکانى مۆناسالین بخوێنێتەوە،گەورەترین سەرکەوتنى بەدەسنهێنا!

- سەردەشتى جوانەمەرگ لە نوسین و بەدواداچونە رۆژنامەوانییەکانیدا هەمیشە بەدوایى ئەو پرسیار و گومانانە عەوداڵ بوە کە مێشکى نەوەى نوێى پێوە سەرقاڵکردووە و ویستویەتى وەڵامى ئەو پرسیار و گومانانە بۆ نەوەى ئیستا ئاشکرابکات،بۆیە لەماوەیەکى کورتى کارى رۆژنامەنوسیدا بۆتە چاوتێبڕینى دۆست و دوژمن و چەندان دەزگاى راگەیاندن داوایى هاوکارى و رێنوێى لێدەکەن بۆ کارە رۆژنامەوانییەکانیان،هەڕەشە و چاوسورکردنەوەکان تەنانەت مەرگیش نەیانتوانى رێگا لەو پەیامەگەورەیە ئینسانیە بگرێت کە سەردەشت لە کۆڵى خۆى بۆ برا بچوکەکانى هەڵگرتبوو،بۆیە لە وەڵامى هەڕەشەیەک دەنوسێت( لە چەند رۆژی رابردوودا بۆ یەکەمین جار پێیان گوتم کە تەمەنت چەندی ماوە، یان بە گوتەی خۆیان مۆڵەتی هەناسەدانم لەم شارەدا نەماوە، بەڵام نە باکم بە مردنە و نە ئازاردان، لە چاوەڕوانی کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکەمم تا دیداری بکوژەکانی خۆم بکەم، دوعاش دەکەم مردنێکی تراژیدیام پێببەخشن کە شایستەی ژیانە تراژیدیاکەم بێت. بۆیە ئەم قسانە دەکەم تابزانن گەنجەکانی ئەم وڵاتە چ هۆلیسۆسێکن و مردن سادەترین هەڵبژاردنیانە، بۆئەوەی تێبگەن کە ئەوەی ئێمە دەترسێنێت بەردەوامی ئەم رۆژگارەی ئێستایە بۆ نەوەیەکی داهاتوو نەک مردنی خۆمان، کاری منیش خۆشبەختی برا بچوکەکانمە نەک خۆم، زۆر بە سادەییش تاکە هۆکاری نیگەرانی من لەم هەڕەشانە ئەوەیە کە هێشتا زۆرشت ماون قسەیان لەسەربکەین و هەر ئاوا بەجێیان بهێڵین.....).


- برواى پۆڵاینى سەردەشت بە ئازادى و ئینساندۆستى وایلێکرد کە بنوسێت و بڵێت( تا ئەو شوێنەی کە ماوین ئەبێت قسەبکەین، لەوشوێنەش کە تەمەنمان کۆتاییهات با هاوڕێکەم خاڵێکم بۆ دابنێت و ببێتە سەر دێڕێکی نوێ و سەر لەنوێ دەستپێبکاتەوە..).


- سەردەشتى جوانەمەرگ، مرۆڤدۆستى و میهرەبانى لەحەد بەدەربوو ،لە ئاهەنگى دەرچونى زانکۆى لەبەر نەخۆشى دایکى لەکاتێکدا خۆشترین رۆژى ژیانى بوو ئاهەنگەکە جێدەهێڵێت و روودەکاتە نەخۆشخانە بۆ ئەوەى لە نزیکەوە ئاگادارى دایکى بێت کە ئەو رۆژە بارى تەندورستى تەواو نەبوو ، بە شاهێدى هەموو ئەوانەى ناسیویانە و تعاملیان لەگەڵ کردووە راستگۆیى و دڵسۆزى سەردەشت لە مامەڵە و ئیش و کار پێوەر ناکرێت، بۆیە شار و گوند و گەنج و لاو و پیر و پەککەوتە لەپشتەوەى سەنگەرى راستگۆیى وئازادیخوازى و مرۆڤدۆستى و حەقدۆستى ئەوەوە سەنگەریان گرتوە بۆ ئاشکراکردن و شەرمەزارکردنى ئەو جەلادانە،ئەو وەڵامى هەموو توڕەبونێکى بەرامبەرەکەى بە زەردەخەنەیەک دەدایەوە...بۆیە خەڵک لە سەراسەرى دنیا زەردەخەنەیان لەسەر روخساریان تۆراوە و بەوپەڕى توڕەبونەوە رژاونەتە سەر شەقام و خیابانەکان ،توڕەییى و نارەزایەتى خۆیان بە دەیان شێوە دەردەبڕن،لەلایەکى ترەوە دەیان کۆمپانیا و نوسینگە لە شارەکانى عێراق و کوردستان لەسەرەى شارەوانیەکانن بۆ ئەوەى نوسینگە و کۆمپانیا و شوێنەکانیان بە ناوى سەردەشتەوە بکەن،دەزگاى راگەیاندنى تایبەت بە سەردەشت عوسمان دادەمەزرێ،دەیان دایک و باوک بەڵێنیانداوە مناڵى ئایندەیان دەبێت ناوى سەردەشت بێت...

سەردەشتى جوانەمەرگ، نەبوونى و برسیەتى و بێ جل و بەرگی قبوڵ بوو، نەک نامەردى و سەردانواندن بۆ ژیانى شاهانەى سەرکزى،بە دەیان کەڕەت و دەیان هەفتە بە گیرفانى خاڵى گوزەراندى و زەردەخەنەیەکى دەستکردیشت بۆ کەس نەکرد ، بۆیە ئیستا بە چاوى شکۆمەندییەوە لەلایەن هەموو مرۆڤێکى خاوەن ویژدان سەیردەکرێت ئیستا بۆتە خاوەنى مێژوویەک بۆ شار و مەملەکەتەکەى خۆى،بۆتە رەمزێک بۆ هاوپیشەکانى خۆى،بۆتە سیمبوڵێک بۆ ئازادى و حەقبێژى....ئەو زۆر سەرسام بوو بە غاندى و ماندێلا و گیڤارا،بەڵام سەردەشت ئەوانیشى تێپەڕاند،هەمیشە دەیگوت دەبێت ئێمە سەرمەشقى دابینکردنى ژیانێکى شایستە بین بۆ ئایندەى میللەتەکەمان،ئەو نەک ئایندەى گۆڕى بەڵکو مێژووشى گۆڕى...


- سەردەشتى رۆژنامەنوس و قوتابى،حەز و ئارەزووى یارى و تۆپ تۆپێن بوو،بۆیە لەماوەیەکى کورتتدا لە قۆناغى ئامادەیى پەیوەندى دەکات بە تازە پێگەیشتوانى یانەى هەولێر و دوایى تاقیکردنەوە بە یەکێک لە یاریزانە سەرەکیەکانى تازە پێگەیشتوانى یانەى هەولێر دەستنیشان دەکرێت،بەڵام دوایى چوونى بۆ زانکۆ و سەرقاڵى بە خوێندن و کارى راگەیاندن نەیتوانى بەردەوام بێت ، بەڵام هەمیشە تەماشاکەر و چاودێرێکى ووردى یارییەکان بوە،بەداخەوە مۆندیال دەست پێدەکات و هەڵبژاردەى ئەرجەنتین و میسى و کاکا ،هاندەرێکى هێمن و دڵسۆزیان لەم کوردستانە لەدەستدا....


- بە چاوخشانێک بە دەست نوس و ووتار و کار و تعاملەکانى رۆژنەى سەردەست ئاسانە تێبگەیت کە ئەو ئینسانێکى چەندە گەورە و هەستیار و بلیمەت بوو،لە شوێنێکى تردا پێشبینى دەکات و دەنوسێت (کاتى ماڵاواییکردنى ئێمەش دێت هاوڕِێ، من دڵنیام سپێدەیەک دێت کە ئێمەش جانتاکانى خۆمان پێچاوەتەوە، ئێوارەیەک دەستى دایکمان ماچ دەکەین و دەڵێن" ببوورە دەبێ جێتبهێڵین"، لە نیوەشەودا مێسجێک بۆ خۆشەویستەکەمان دەنێرین و بۆیدەنووسین" بەداخەوەم، کەبەیانى هەڵدەستى من لەمشارە نیم، ماڵاوا ،خۆشحاڵم برا کە بەسەرکزییەوە نەتمبینى، دڵخۆشم کە جوامێرى خۆت لەدەست نەدا....).


- ئەو دەیزانى قەڵە رەشکەکانى تاریکى رقیان لە مرۆڤدۆستى و حەقبێژى و روناکیە،ئەو دەیزانى پەیامێک کە ئەو لە کۆڵى خۆى هەڵگرتوە پەیامى رزگارى و ئازادى و کۆتایهاتنى ناعەدالەتیە،بۆیە ئەو پێشبینیانەى دەکرد...سەرەنجام پێشبینیەکانى دورست بوو،لەرۆژى 4/5/2010 لەکاتێکدا کە توێژینەوەى دەرچونەکەى لەدەستابوو بۆ ئەوەى بیدات بەزانکۆ و بیبەخشێتە نەوەکانى دوایى خۆى ،مەرگەوەڕەکانى تاریکى شەقێکیان لە توێژینەوەکەدا و بەزۆر راپێچى مەرگیان کرد،لەجێگاى بڕوانامە وەفاتنامەیان کردە دیارى خۆى و کۆمەڵگاکەى.


بەراستى چەند هەفتەیە بیر لە دڵرەقى و زاڵمى ئەو کەسانە دەکەمەوە کە ئازاریانداى،پێیان سەرسامم جورئەتێکى زۆریان هەبوە و دڵنیاشم لەسەر کوشتنى ئینسانەکان راهێندراون ئەگینا دەستیان نەدەچویە جەستەى پڕ لە بەرائەتى تۆى دڵ ناسک،ئاخر تۆ هەموو توڕەبونێکى بەرامبەرت بە زەردەخەنەیەک وەڵام دەدایەوە هەرگیز گرژیت لە روخسارتدا بەدینەدەکرا،چۆن توانیان گیانت لێ بسنەوە؟! من دڵنیام ئیستاش تۆ زیندوبیتەوە زات ناکەى و دڵت نایەت ئەو کەسانە ئازاربدەى کە گیانیان لێ سەندى و لە ئێمە و رۆژنامە وکارى وەرگێڕان و زانکۆ و هاوپۆلەکانت و کچە نەشمیلەمانیان کردى، بیرمە هەموو کەڕەتێک دەتگووت (ئەوەى خراپە بەرامبەرت ئیهمالى بکە خۆى چاک دەبێت،خراپە بە خراپە وەڵام مەدەرەوە،ئەگینا ئێمەش جیاوازنابین لەخەڵک).


ئەوەیە گەورەیى و پیرۆزى ،مەرگى سەردەشت بویە تابوتێکى بەهێز بۆ شکاندنى بتەکان، سەردەشت چوە رێزى پیاوە مەزنەکانى دنیا و بۆ هەتایە ناوى بەبەرزى دەمێنێتەوە...

 

ماڵپه‌ڕی به‌شدار عه‌لی