٥\٥\٢٠١٢
سەردەشت...

شوان
عوسمان
''بهدبهختی ئهم
دهسهڵاته ئهوهیه، که باکی بهمردنی نهوهکانی خۆی نییه''.
(سەردەشت)
رۆژێک نیە بێت و
رۆژێک نیە بڕوات ،
رۆژێک نیە ئەو نێت و
ئەو نەڕوات ...
من هەمیشە رۆژێک نەببینم لە ناو سنگێکدا ،
لەگەل سەحەری بەیاندا دەرنەکەوێت...
لە ئاسمانی غەدرلێکراوی ئێمەدا ،
رۆژ چەند حزووری پیرۆزو پڕ غەدری هەیە ،
کاتێک وەکو شەهیدێک ناتوانێت دەرنەکەوێت...
لە بن ساباتی هەورێکی منۆخ وگرژدا ،
ئەو شەهیدە چیتر بێدەنگ نابێت..
ئەو رۆژە چەند جوانە ،
چەند جوان سەری دەرئەهێنێ و
چەند جوان لە قاقایەک ئەدات ،
کاتێک عەقڵی ئەو سەرۆکانە ئەبینێت ،
ناموسی خۆیان لە گیانی نەوەکانیان ،
بە موقەدەس تر ئەبینن...
شەوێک نیە بێت و
شەوێک نیە بڕوات ،
ئەستێرەیەک لە چاوی هەولێر نەبینم ،
وەکو فرمێسک بە خوڕ نەڕژێت...
کاتێک شەو لە ناو تاریکی خۆیدا بزر ئەبێت ،
ئەستێرەیەکی عاشق دێت و
لە ناو تریفەدا خوڕخوڕ ئەڕژێ و
خوڕخوڕ ئەبارێت..
هەموو شەوێک شاعیرێکی عاشق ئەبینم دێت و
لە سەر قەڵای هەولێری دێرینم ،
بە تریفەی وشەو رستەوە ،
زریانێک لە کوفرو
رەحمەتێک لە باران ئەڕێژێت..
بە خوێنی گەوزاوی خۆی لەو ئاسمانە ،
هێدی هێدی ئەفڕێ و
بەتاو ئەنوسێت و
ئەلێت :
من ئێستاش هەر عاشقی کچی سەرۆکم ،
ئەگەر جارێکی دیکەش بکوژرێم...
ئەگێڕنەوە لە سەردەمی ئێستاماندا :
هەبوو نەبوو ،
کۆترێکی گەلێک سپی ،
دڵسپی وباڵ ئاوریشمی هەبوو ،
هەر لە بەفرو ئاوی بەفر ئەچوو...
عاشقێکی بوێر بوو ،
لە ناو دونیای خۆیدا باخێکی ،
لە وشەو رستەو
کۆشکێکی لە خەیاڵی ئاگر داهێنا...
بە قوللەی قافە هەڵچوو...
بە تەلیسمی ئیرادەو قەدەری جادوو ،
کڵاوی سووری لبادی سیحری لاوێنی ،
لە سەرنا...
تا ئەو هیچ چاوێک نەبینێت ،
کەسیش چاوی ئەو نەبینێت...
بە دوای سەربوردەی کچی پاشای کۆترەکان ،
سەری هەڵگرت...
بۆ ئەوەی کچە بە داستانی ئەو ئاشنا بێت ،
کڵاوی دانا....
سیحری جادوو وتەلیسم بەتاڵ بوونەوە ،
قوللەی قاف بە ئاگا هات.....
بەرلەوەی بە تیلەچاوێک ،
نیگای یەکتر بپێکن ...
پەلاپیتکەیەک ،
خوێنی لە کڵاوی سەری دەرهێنا ،
نامووس سەری پێ دانا ،
ئەگەرچی ئەو قەت بێنامووس نەبوو..
بەڵام لە سەر نامووس کوژرا...
٤\٥\٢٠١٢
- هۆلەندە
ماڵپهڕی
شوان عوسمان
|