په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٥\٢٠١٤

سەردەشت عوسمان، قوربانی ئابڕووپەرستیی و ملهوڕیی سیستەمی خێڵەکیی!


لاوژە ماهیە      

 

دیارە گومانی تێدا نییە کە لە کوردستان و ناوچەکە رەوشی ئازادیی ڕادەربڕین و خراپە و ئامار و ڕاپۆرتەکان لە ئاستی ناوخۆ و نێونەتەوەیی ئاماژە بەوە دەکەن، بە جیا لە دێوزمەی تیرۆر، ڕۆژنامەنووسان رووبەڕووی هەڕەشە، لێدان و زیندانیکردن و... هتد دەبنەوە.


لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکان و لە ناویاندا وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هە‌ڵسوکەوت، هەڵسوڕان، بیرکردنەوە، چالاکیی و دەربڕینی مرۆڤەکان سنووردارە و چوارچێوەیەکیان بۆ داتاشراوە و کۆمەڵێک شتیان بۆ کردۆتە هێڵی سوور و پیرۆزی ناوبردنیان بڤەیە، بۆ نموونە ئاین، نەتەوە، خێڵ و سەرۆک خێل، لە ناو ئەمانەشدا ژنان کراونەتە ئەم کاڵایەی کە پیاو خاوەنیەتی و وەکو رەوشت و ئابڕووی پیاو دەناسێندرێ.


هەر لە منداڵییەوە ئەوە فێرکراوین و پمانیان لەبەرکردوە کە ئێمە نابێت لەم چوارچێوە دەرچین، ئەگەر لە دەرەوەی ئەو چوار چێوەیە بیر لە فەلسەفەی بوون و ژیان بکەینەوە، ئەوە هاوەڵ بۆ خودا پەیدا دەکەین و خوا چاومان کوێر دەکات، ئەگەر دژە باوبین و بەرامبەر کەلتوور و فەرهەنگ بوەستینەوە هێڵی سوورمان بەزاندووە، ئەگەر ناوی سەرۆک و سەرۆک خێڵەکانمان هێنا ئەوە هێڵی سوورمان بەزاندوەو دەبێت سزابدرێن. هەر بۆیە لەم چوارچێوەدا مێشک و هۆشی مرۆڤ وشک دەکەن دەکەن و ئازادیی تاکەکان بەرتەسک دەکەنەوە، تاکەکان ناتوانن مێشک و توانایەکانیان بەکاربهێنن و گەشەی پیبدەن.

پارتی وەک دەسەڵاتداری سەرەکی هەرێمی کوردستان، هەڵگری کەلتوری خێڵەکییە، لەم کەلتورە خێڵەکیانەدا داب و نەریتی بوت پەرەستی زاڵ دەکرێت بە سەر کۆمەڵگادا، سەرۆک بوتی گەورەیە و خێزان و دەست و پەیوەندیەکانی سەرۆک، بە شێوەیەکی سیستوماتیک پلەوپایەی کۆمەڵایەتیان بەرزترە لە خەڵکی ئاسایی.
شێوە و میتۆدی دەسەڵات داریەتی لە کوردستان، دیکتاتۆری خێلەکی میلیتانتە و بێجگە لە عەسکەرتاریەت و دامەزراوە سیخوڕیەکان، کۆمەڵێ چەکی کوشەندەی تری تەیار کردووە بۆ سەرکوت کردنی هەر دەنگێکی ناڕازی، لەوانە پیرۆزیە مەزهەبی و نەتەوەیەکان. لە کوردستان هەمو دامەزراوە بەنا حکومیەکان لەجیاتی دابینکردن ئەمنیەت و پارێزگاری لە مافی هاوڵاتی، بە پێچەوانەوە تەنها پارێزەری دەسەڵاتن. وجودی یاسا و ڕێسا و دامودەستگای کارتۆنی دادپەروەری لەم هەرێمە، ئیهانەیە بە سەرتاپای فەلسەفەی دادپەروەری، زیاتر لە دوو دەیەیە دەسەڵاتدارانی کوردستان بێجگە کردەوەی تیرۆری نهێنی، چەندین جار بە ئاشکرا دەستیان بردووە بۆ کۆمەڵ کوژی، دەیان پۆل خەڵکی بێتاوانیان ئەنفال کردووە بە بێ ئەوەی سیستەمی دادپەروەری کوردستان نقەی لێوەبێت. بۆ نمونە هێرش بۆ سەر کۆمۆنیستەکان لە جەرگەی شاری سلێمانی، کوشتنی کۆمەڵێک پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات لە بازگە کۆیە، کۆمەڵکوژییەکەی حەمەی حەلاق و هاوڕێکانی لە بازگەی هەرمۆتەی کۆیە، کە جۆرێک لە پاکتاوکردنی پارتی کاری سەربەخۆ بوو...


واتا چاوەڕوانی دادپەروەری لە سایەی دەسەڵاتی ناسیۆنالیستی کوردی، تۆزێک ساویلکانەیە، هەرگیز بواری پێ نادرێت، ئەگەر یاسای پرۆڤپەروەریی و دادپەروەری ڕولە کۆمەڵگا بکات، ئەوا ئەمانە ڕۆژێک بەرگە ناگرن، بەڵام ناڕەزایەتی و ڕێکخراوبوونی خەڵک دەتوانێت لانی کەم وابکات کە دەسەڵات دەستی بلەرزێت لە ئەنجامدانی ئەم تاوانانە.

گومانی تێدا نییە یەکێک لەو شتانەی کە ڕۆژانە هێرشی دەکرێتە سەر ئازادی دەربڕینە، تاک بۆی نییە لە نووسین، شیعر، پەخشان، شانۆ یان هەر داهێنانێکی تردا بۆچوونی خۆی بخاتەڕوو، ئەگەر ئەم کارە بکات ئەوە دەبێت وەکو سەردەشت بە گیانی خۆی باجەکەی بدات.


بە رای من سەردەشت بۆیە تیرۆرکرا، لەبەر ئەوەی دوو هێڵی سوری بەزاندبوو:

 

١- ناوی سەرۆکی هێنابوو کە لەو کەلتورە خێڵەکیەی پارتی دەستی پێوە گرتوەو پەرەی پێدەدات، ئەو سەرۆکەو هەموو خەڵک دەبێت بەندەی ئەو بن و ئەو خاوەنی هەمویەتی و کەس بۆی نییە ڕەخنەی لێبگرێت.

٢- ئەو ناوی کچی سەرۆکی هێناوە، کچی سەرۆک واتا ئابڕووی سەرۆک.

سەردەشت هات لەڕێگای نووسینێکی تەنز ئامێزەوە، جیاوازی ژیانی خۆی وەکو کوڕە هەژارو کرێکارێک لەگەڵ ژیانی خێزانی بارزانی خستە ڕو، ئەم جیاوازیە چینایەتیەی نیشاندا کە لەنێوانیان هەیە، بەراوردی شێوەی ژیانی خۆیی و خێزانەکەی لەگەڵ خێزانی بارزانی کرد، مەبەستی ئەو بە ئاشکرا لە نووسینەکانی دیارە دەیەوێت لەم ڕێگایەوە ژیانی چینە داراو بەرپرسەکان بەراورد بکات لەگەڵ خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش.


سەردەشت بۆیە تیرۆرکرا چونکە هێڵە سورە گەورەکەی بەزاندبوو ئەویش ئابڕووی سەرۆک و ناو هێنانی کچەکەی بوو. بۆیە من پێموایە سەردەشت یەکێک لە قوربانیانی تیرۆری رەوشتپەرستیی و کڕینەوەی ئابڕووی خێزان بوو بۆ سەرۆک.

 

ماڵپەڕی لاوژە ماهیە

___________________________________

دۆسیەی سەردەشت:

www.emrro.com/dosyeyserdesht.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک