په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٥\٢٠١٠

سه‌ری به‌رزی سه‌رده‌شت عوسمان له‌ نێو ئاپۆڕه‌ی نه‌فره‌تدا!


حه‌مه‌ غه‌فور  


ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی ڕابردوو (سه‌رده‌شت عوسمان)ی ڕۆژنامه‌نووس‌و خوێندکاری کۆلێژی زمانی ئینگلیزی، له‌به‌ر ده‌رگای کۆلێژه‌که‌ی‌و به ‌به‌رچاوی خوێندکاران‌و پاسه‌وانانی زانکۆوه‌ له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ک چه‌کداره‌وه‌ به‌زۆره‌ملێ‌و به‌ زه‌برو زه‌نگ ڕاپێچی ناو ئۆتۆمبیل ئه‌کرێ‌و به‌ نێو هه‌ولێری ئارامدا بۆ شوێنێکی نادیار بێ سه‌رو شوێن ئه‌کرێ. دوای دوو ڕۆژ ته‌رمی سه‌رده‌شت له‌ گه‌ڕه‌کێکی شاری موسڵ ئه‌دۆزرێته‌وه‌. "خه‌تاو تاوانی" سه‌رده‌شت ته‌نها ئه‌وه‌ بوو که‌ وه‌کو ڕۆژنامه‌نووسێکی لاو به‌ قه‌ڵه‌مه‌که‌ی بیروڕای خۆی سه‌باره‌ت به‌ ده‌سه‌ڵات ڕه‌خنه‌ کردووه‌و وه‌کو خوێندکارێکی چاوکراوه‌و نه‌ترس‌ له‌ ناو زانکۆو هاوڕێکانیدا سه‌ری به‌رزی دیار بووه‌!

ئه‌م تاوانه‌ شه‌رمهێنه‌ره‌، ئه‌م شوێنبزرکردنه‌ ئاشکرایه‌ی مرۆڤ له‌ کوردستان، ئه‌م تیرۆرو تۆقاندنه‌ له‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم‌و پارتی دیموکراتدا، ئه‌زموونی کوردو دیموکراسی‌و ئیدیعای پووچی به‌رقه‌رابوونی ئاسایش‌و ئارامی کوردستانی برده‌ ژێر نیشانه‌ی پرسیارێکی گه‌وره‌و سه‌راتاپاگیره‌وه‌! خودی ڕوداوه‌که‌ گومانێکی گه‌وره‌ی به‌ره‌وڕووی ده‌زگا ئه‌منیه‌کانی هه‌ولێر کرده‌وه‌و ئاماژه‌ بۆ تێوه‌گلانیان ده‌کات له تاوانی تیرۆرکردنی کاکه‌ سه‌رده‌شتدا. پارتی وه‌کو ده‌سه‌ڵاتداری شاری هه‌ولێر له‌ژێر گوشارێکی گشتگیردایه‌و ده‌بێ وه‌ڵام بداته‌وه‌. وه‌ڵامیش ئاشکراکردنی تاوانبارانه‌ له‌به‌رده‌م ڕای گشتیدا.‌

پارتی‌و ده‌سه‌ڵاتی کوردی ئه‌گه‌ر به‌ نیازه‌ ده‌سه‌ڵاتدارو ئیداره‌ی کۆمه‌ڵێکی "ملکه‌چ‌و بێ ئیراده‌" بکات، بۆی ناچێته‌سه‌ر! ئێستا هه‌موو داتاکان که‌ ئاماژه‌ بۆ به‌رپرسیارێتی پارتی ده‌که‌ن له‌م تاوانه‌، خرۆشانی سه‌رتاسه‌ری کوردستانیش بۆ ڕیسواکردن‌و شه‌رمه‌زارکردنی تیرۆری کاکه‌ سه‌رده‌شت، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ئه‌کات که‌ چ ئه‌ژمارێک له‌ خه‌ڵکی کوردستان بۆ ڕێزلێنان له‌ سه‌ربه‌رزی (سه‌رده‌شت عوسمان) ده‌نگیان هه‌ڵبڕیه‌وه‌و ڕژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام! کوردستان ڕایگه‌یاند سه‌ربه‌رزی ده‌وێ‌و مل بۆ هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌پێنراو که‌چ ناکات! هه‌ر بۆیه‌ کوردستان لێوان لێو بووه‌ له‌ وێنه‌ی سه‌ربه‌رزی کاکه‌ سه‌رده‌شت! "ئه‌و که‌سه‌ که‌سه‌، ئه‌لفێکی به‌سه‌!


له‌ ئاستی ڕای گشتیشدا، بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی تیرۆری (سه‌رده‌شتی جوانه‌مه‌رگ)، به‌ ته‌نیشت گوێ لێ خه‌واندن‌و چاونوقانێکی گوماناوی پارتی‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌، ئێمه‌ شاهیدین کوردستان یه‌کپارچه‌ گڕکانی نه‌فره‌ت‌و بێزاریی لێ هه‌ڵئه‌قوڵێت. زانکۆکان، خوێندنگاکان، شاره‌کان، میدیاکان‌و تۆڕی ئینته‌رنێت، جمه‌ی دێت له‌ توڕه‌یی‌و نه‌فره‌ت‌و ناڕه‌زایه‌تی بۆ ئیدانه‌کردن‌و شه‌رمه‌زارکردنی ئه‌م تاوانه‌و ئه‌م ئینسان دزین‌و تیرۆرو تۆقاندنه‌. ڕۆژنامه‌کاران، ڕووناکبیران، ئازادیخوازان‌و خه‌ڵکی شه‌ریفی کوردستان به‌ یه‌ک ده‌نگ، هه‌ر له‌ هه‌ولێره‌وه‌ تا ڕانیه‌و هه‌ڵه‌بجه‌و که‌لارو ده‌ربه‌ندیخان، تا بگا به‌ هه‌نده‌ران، تووشی شۆکێکی گورچکبڕ هاتوون‌و ده‌نگیان هه‌ڵبڕیوه‌و ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌ به‌رپرسیار دائه‌نێن‌و خوازیارن ده‌سبه‌جێ بکوژان‌و تاوانباران ئاشکرا بکرێن‌و سزای شایسته‌ وه‌رگرن‌.


ئه‌م شه‌پۆلی توڕه‌ییه‌، ئه‌م گڕکانی نه‌فره‌ته‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م غه‌دره‌ گه‌وره‌یه‌و ئه‌م تاوانه‌ قێزه‌ونه‌، هێماو ئاماژه‌یه‌کی ته‌واوه‌ بۆ ئه‌وه‌ که‌ خه‌ڵکی کوردستان ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌ شایسته‌ی خۆیان نازانن، دوو ئیداره‌یی‌و ده‌سه‌ڵاتی جووتحیزبی به‌ سه‌رچاوه‌ی گرفته‌کانیان‌و ئه‌و دۆخه‌ش دائه‌نێن که‌ ئه‌م حیزبانه‌ فه‌راهه‌میان کردووه‌و تیایدا ڕۆژانه‌ ئازادیه‌کانی خه‌ڵکی پایماڵ ئه‌کرێن، مافی ڕۆژنامه‌نووسی‌و ڕه‌خنه‌گرتن ژێرپێ ده‌خرێ‌و نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌ڵکو له‌ نێو جه‌رگه‌ی شارداو له‌ ناو پیرۆزیی زانکۆداو به‌ به‌رچاوی خوێندکارانه‌وه‌ هاوڕێیه‌کیان ئه‌فڕێنرێ‌و به‌ نێو بازگه‌و خاڵه‌ کۆنترۆڵه‌کاندا بێسه‌روشوێن ده‌کرێ‌و دواتر ترسنۆکانه‌ ئه‌کوژرێت!

ئێستا خه‌ڵکی کوردستان ده‌نگیان هه‌ڵبڕیوه‌و یه‌کپارچه‌ خوازیارن، ده‌سه‌ڵات به‌ خێرایی لێکۆڵینه‌وه‌ی ووردو خێرا ده‌سپێ بکاو بڕیارده‌رو جێبه‌جێکارانی تاوانه‌که‌ ئاشکراو ده‌سنیشان بکرێن‌و له‌به‌رده‌م ڕای گشتیدا ڕابگه‌یه‌نرێت. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ر مانۆڕێک بۆ کپکردنه‌وه‌ی دۆخی ناڕه‌زایه‌تی به‌بێ ئاکامی درووست، چه‌ند به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات‌و حیزبه‌کان ده‌باته‌ ژێر پرسیارو گومانه‌وه‌.

له‌ دواییدا، وێڕای به‌شداریم له‌ په‌ژاره‌و خه‌می کۆستی گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه‌ی کاکه‌ سه‌رده‌شت، به‌ که‌س‌و کارو هاوڕێیان‌و خوێندکاران‌و ڕۆژنامه‌نووسانی کوردستانیش ده‌ڵێم؛ له‌م ڕۆژگاره‌ سه‌خت‌و پڕ له‌ دڵته‌نگی‌و پڕ له‌ په‌ژاره‌یه‌دا، هه‌قیانه‌و سه‌د جار شایسته‌ی شانازی کردنن به‌ هاودڵی‌و هاوسۆزی‌و ڕاوه‌ستانیان له‌پاڵ بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی جوانه‌مه‌رگدا! هه‌قی خۆیانه‌ سه‌ربه‌رزانه‌ ڕاگه‌یه‌نن که‌ مێژوویه‌کیان تۆمار کرد له‌ کوردستان بۆ به‌رگری له‌ ئینسان، له‌ ئازادی، له‌ مافه‌کانی مرۆڤ‌و له دژی تیرۆرو فڕاندنی ئینسان.


به‌و ئومێده‌ی شه‌پۆلی ئیدانه‌کردن‌و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی سه‌رتاسه‌ری هه‌م بکوژانی کاکه‌ سه‌رده‌شت ئاشکرا بکات، هه‌م ده‌سه‌ڵات‌و حیزبه‌کانی کوردستانیش وادار بکات که‌ پابه‌ند بن به‌ ڕێزگرتن له‌ ئازادیه‌کان‌و له‌وانه‌ش ئازادی ده‌ربڕین‌و ئازادی ڕه‌خنه‌گرتن.‌ وه‌ سنووریش بۆ دیارده‌ی فڕاندن‌و شوێنبزرکردنی مرۆڤ دابنرێت!

 


9\5\2010

ماڵپه‌ڕی حه‌مه‌غه‌فور