١٧\٦\٢٠١٤
سەرکەوتنەکانی داعش و گەمەکانی پشتی پەردە...!

دارا مەحمود
لێرەدا ناخوازم باس لەهۆکارەکانی شکستی چاوەڕواننەکراوی سوپای عێراق و
سەرکەوتنی داعش و بەردەوامیی پێشڕەوییەکانی و پێشبینی ئایندە کە ئەم
ڕۆژانە گەلێکی لەسەر نووسراوەو گووتراوە بکەم. بەڵکو دەخوازم باس لەو
گەمە سیاسییانەی لەپشتی پەردەوە ڕوودەودەن و ڕەهەندی تر بەم
گۆڕانکارییانەی دوایی عێراق دەبەخشن بکەم.
بەرلەهەرشت پێویستە کەمێک بگەڕێینەوە بۆ چەند مانگ پێش. کاتێک سەرۆکی
داعش، ئەبوبەکر بەغدادی، جیابوونەوەی خۆی لە ڕێکخراوی ئەلقاعیدە
ڕاگەیاند. ئەوکات ئەم جیابوونەوەیە سەرنجی پێویستی چاودێرانی سیاسیی
ڕانەکێشاو وەک پارچەبوونی هەرهێزێکی سیاسیی هەڵسەنگێنرا، تەنیا ئاماژە
بەناکۆکییە نێوخۆییەکانی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە کراو ڕەهەندو کارییگەرییە
دەرەکییەکان نەبوونە جێگای سەرنج. بەڵام وائێستا بەرەبەرە
بەدیاردەکەوێت کە بۆچی ئەم جیابوونەوەیە ڕوویداو سیمای گەمەیەکی نوێی
نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەم ووداوەدا بەدیاردەکەوێت. کە بریتییە لە پێکهێنانی
ڕێکخراوێکی نوێ لەداعش و بەبەرداکردنی بەرگێکی نوێ، کە لەڕێکخراوێکی
تێرۆریستی چارەگرانەوە بکرێتە ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕ، کە توانای کاری
ئاشکراو، بواری دانوستاندن و پەیوەندیی دیپلۆماتیکی هەبێت. و
بەواتایەکی تریش بکرێتە مقاشێکی کاریگەرتر لەجاران کەئاسانترو
یاساییانەتر پشگۆئاگرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێ هەڵبگیرێت و
جێگاگۆڕکێیان پێبکات. و ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆژە نوێیەش بەپلەی یەکەم
لاوازکردنی ئێرانە کە خواست و بەرژەوەندیی ئەمەریکاو ئیسرائیل و
کەنداوەو ئامانجی دووەمیش ڕکێفکردنی کوردە کەخواستی تورکیایە.
ئەم وڵاتانەی لەپێشەنگیی ئەم پرۆژەیەدان، تورکیاو قەتەرو بەگشتی ڕەوتی
ئیخوان موسلیمینە. و عەرەبستانی سعودیش هەرچەندە دژەجەمسەری ئیخوان
موسلمینە، بەڵام کاتێک ئامانج ئێران بێت کێشەیەک نابێت و لەسەر بنەمای
با دوژمنەکانمان یەکتر لەناوبەرن گەلێکیشی پێخۆشدەبێت. ئەویش لەچەند
نیشانەو ئاماژەیەکدا بەدیاردەکەوێت کەدەکرێ بەکورتی لەچەندخاڵدا خڕیان
بکەینەوە:
١- لای هەمووان ئاشکرایە کەلەم هێڕشانەی موسڵ و تکریت و شارەکانی تردا
ڕکخراوی داعش و بەعسییەکان چ ڕۆڵێکی گرنگ و سەرەکییان هەیە. بەڵام
بەزانابوون و ئامادەکاری پێشوەختەوە لەناوهێنانی، ڕێکخراوی داعش و حزبی
بەعس، تا ئەوجێگایەی لەتوانادابێت خۆدەپارزرێت. و دەستەواژەی تری
ئەڵتەرناتیڤ وەک، چەکدارەکان، عەشیرەتەکان، ناڕازییە سوننییەکان، و
شۆڕشگێڕەکان... بەکاردێن و ئەم کارەشیان وەک مەشروع دەدرێتە قەڵەم و
بەدوور نابینرێت لە ئایندەیەکی نەهێندە دووردا داعش وبەعس
بۆچاوبەستەکێنی و جوانکردنی ڕوخساریان، ناوی خۆشیان بگۆڕن. ڕاستە
هۆکاری بنەڕەتیی کێشەکە پەراوێزخستنی سووننەیەو دانیشتوانی ئەم ناوچە
ئاڵۆزانە هەموو تێرۆریست نین و خاوەن خواستی مەشروعن، بەڵام ئەوان
بەهانەن و عەقڵی ڕێکخەر تێرۆریستانن.
٢- ڕێکخراوی داعش، و بەعسییەکان، کەوەک هێزی هەرە دڕندەو خوێنڕێژ،
بێڕەحم، کوێرو وێرانکەر ناسراون، لەم هێرشەی ئەم دواییەیاندا،
نەرمونیانییەکی سەرسوڕهێنەریان لەخۆ نیشانداوە. کەمترین خەڵکیان
کوشتووەو کەمترین وێرانییان ئەنجامداوە. کە گومان و پرسیارێکی زۆر
درووستدەکات و هەرچی زۆرتر ئەو بۆچوونەوەی سەرەوەمان پشتڕاستدەکاتەوە
کە ئەمانە بەپێی پڕۆژەیەکی نوێی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەخوازرێت ڕووە
ناشیرینەکەیان لەبیر ببرێتەوە.
٣- ڕێکخراوی داعش کەماوەیەکە سەرسەختانە هێرشدەکاتە سەر ڕۆژئاوای
کوردستان. دەکوژێت و وێراندەکات. چی ڕوویداوە کە بانگاشەی ئەوەدەکات
کاری بەکوردا نەداوە؟! لەحاڵێکدا هێشتا خوێنی شەهیدەکانی یەکیەتی لە
جەلەولاو خانەقین و کەرکوک... وشک نەبۆتەوە. لێرەدا دیارە مەبەست
لەکورد کێیە! ئەوەیە کەلەبازنەی تورکیادایەو ئەمەش جگە لەپارتی
دیموکراتی کوردستان و ئیسلامییەکان هێزێکی تر نییە.
٤- تورکیا لەشانۆگەرییەکدا، کە گوایە کارمەندانی کونسوڵخانەکەی لەموسڵ
بەبارمتە گیراون، دوای دووڕۆژ داعش ڕادەگەیەنێت کە ئەمانە میوانن و
پاشانیش بارمتەکان بەتەلەفۆن قسە لەگەڵ ئەردۆغاندا دەکەن..! دیارە
پەیوەندیی تورکیا پێشتریش لەمیانی چەندان ڕیپۆرتاژی دەزگاکانی
ڕاگەیاندنی ڕۆژئاوا ئاشکرابووبوو. کەچۆن ئەو بەناو جیهادیانە لەوڵاتانی
جۆربەجۆرەوە بەفڕۆکە دەگەنە فڕۆکەخانەکانی تورکیاو پاشان لەلایەن
چەندان نێوەندی تایبەتەوە وەردەگیرێن و ڕەوانەی بەرەکانی شەڕ لەسوریاو
بەتایبەتیش ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێن. هەروا چەندان فیلم و وێنەی
بڵاوکراوەهەن کە چۆن بریندارەکانی داعش و نوسرە لەنەخۆشخانەکانی
تورکیادا دەرماندەکرێن و چۆن بەرپرسانی تورک و ئەو گروپە تێرۆریستانە
وێنەی یادگاریی پێکەوەدەگرن.
٥- چەندان کەناڵی تەلەفزیۆنی، وڕادیۆیی، بەئاشکرا پشتیوانی و خۆشحاڵی
دەردەبڕن وهەندێکیان وەک کەناڵی ئاسمانی (رافدین)، دەبێتە زمانحاڵی ئەم
تێرۆریستانە. جاران ئەم کارە لەسایدە ئەلەکترۆنییەکانەوە ئەنجامدەدرا
بەڵام کەناڵێکی تەلەفزیۆنی کە خاوەن لیسانسی کارکردن و ستۆدیۆو
ناونیشانی ئاشکرایە، ئاسایی نییە ببێتە زمانحاڵی گروپێک کە تا ئێستا بە
تێرۆریست ناسراوە.
٦- هەردوابەدوای کۆنتڕۆڵکردنی شاری موسڵ لەلایەن داعشەوە، یوسف
قەرەزاوی و مەلاعەلی قەرەداغی کە ڕێبەرانی ڕۆحی ئیخوانولموسلمینن
بانگەوازێکیان ئاراستەی حکومەتی عێراق کردو لەوێدا پێشنیازیی گفتوگۆ
لەنێوان حکومەتی عێراق و چەکدارەکان دەکەن. ئامانجیش زێدە ڕۆشەنە.
کەدەخوازرێت داعش وەک هێزێکی سیاسیی مامەڵەی لەگەڵدابکرێت. و قبوڵکردنی
دانوستان لەگەڵ داعش بەواتای دانپێدانانی و مەشروعییەت پێبەخشین و
سڕینەوەی لەکەی تێرۆریزم دێت.
٧- لەگشت ئەو خاڵانەی سەرەوە گرنگتر هەڵوێستی ئەمەریکایە، کەلەزاری
ئۆباماوە بەعێراق دەڵێت: کێشەی خۆت لەگەڵ پێکهاتەی سوننە چارەسەر بکەو
ئێمە خۆمان تێکەڵاوناکەین...! واتای شاراوەی ئەم گوفتارە ئەمەیە کە
شیعە دەبێ دەسەڵاتەکەی خۆی لەگەڵ سووننە بەشبکات و کۆتایی بەباڵادەستیی
شیعەبێت. دەنا دەبێ هەمیشە چاوەڕاوانی ئەم گێچەڵانە بێت و واتای
دووەمیش ئەمەیە کە بەشکردنی دەسەڵات لەگەڵ سووننە بەواتای لاوازکردنی
ڕۆڵی ئێران کە کرۆکی بابەتەکەیە، دێت.
لێرەدا زۆر ڕوون نییە ئاکامی ئەم قەیرانە نوێیە بەکوێ دەگات و چۆن
تەواو دەبێت. بەڵام ئەوەی کەڕوونە ئەمەیە کەئیتر سووننەی عیراق ئەو
هێزە نییە کە بەمالیکی پەراوێز بخرێت. بەڵام شیعەش ئەو هێزە نییە
کەبەداعش و بەعس لەناوبچێت. بۆیە پێدەچێت لەداهاتوودا شاهیدی ململانێی
توندترو خوێناویتر بین. و کوردیش دەبێ وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە کە
لەکوێی ئەم گۆڕانکارییە نوێیەدا جێدەگرێت...؟
ماڵپهڕی دارا مهحمود
_________________________________
هەموو بابەتەکان دەربارەی
''داعش'' لێرە ببینە:
www.emrro.com/dosyeydahish.htm
|