په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١٠\٢٠١٤

شەڕی دژ بە داعش و جێگۆڕکێکردنی هێزەکان!


دارا مەحمود      

 

مەزنبوونی داعش و مەترسییەکانی، و ئەو شەڕەی لەدژی بەڕێوەدەچێت، گەلێک شتی چاوەڕيواننەکراوی لەگەڵ خۆیدا هێناوەو دەهێنێت. یەکێک لەم شتانە جێگۆڕکێی هێزەکانە. بەم واتایەی دژەکانی پێشدان بەرەو هاوپەیمانیی و بەشێک لەهاوپەیمانەکانی پێشدانیش بەرەو دژبەریی. لەم ناوەدا نموونەی زۆر دیارهەن کە جێگۆڕکێیان کردووەو هێتریش بەرەو ئەمە دەچن.


ئەو هاپەیمانێتییەی بەر چەندساڵ بۆ ڕووخاندنی ڕژێمەکەی ئەسەد پێکهاتبوو، کە تورکیاو عەرەبستانی سعودی وەک دوو زلهێزی ناوچەکە ڕۆڵی ڕێبەرییان تێدا دەگێڕا، ئەمڕۆ چیتر هاوپەیمانی یەکتر نین و بەپێچەوانەوە بوونە دوژمنی سەرسەختی یەکتر.


عەرەبستان لەڕیشەوە دژی پرۆژەی ئیخوانە کە تورکیا سەرکێشی دەکات. لابردنی محەمەد مرسی، و ڕووداوەکانی لیبیا، کە دابەشبوونی ئەم وڵاتەی بەسەر دوو حکەمەتی لایەنگرو دژە ئیخوان هێنایە کایەوە، و پشتگیریی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەسەر ئەم بنەمایە، واتا ئیخوان، یان دژە ئیخوان... سەرەتای شکەستی پرۆژەی ئیخوان بوو. ئەمانەش بۆ تورکیا هێندە پشت شکێن بوون کە دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتەی تووشی هستێریا کرد. هەر بۆیە ئەردۆگان لەکۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان گووتی: باس لە تێرۆری ئیسلامی دەکرێت، پێویستە باس لە تێرۆری سەر ئیسلامیش بکرێت. کە بێگومان مەبەستەکەی سەرەڕای ئیسرائیل و داکۆکیکردن لەحەماس، بەپلەی یەکەم عەرەبستانی سعودی و کودەتاچیانی میسریش بوو.


تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو عەرەبستان تەنیا بەخۆیان سنووردار نەبوو، بەڵکو بۆ تەواوی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیان بەرفرە بۆوە. و عەرەبستان خۆی ساخکردەوە کەدژی داعشە. بەڵام تورکیا بەدزیش بێت، پێچەوانەکەی هەڵبژارد. و ئیتر دەبینین پەیوەندییەکانی تورکیا تادێت لەگەڵ خۆرئاوا تاریکتر دەبێت و هەردوولا پێیانوایە بەرژەوەندییەکانیان ناکەونە سەر هێڵێک و هەرلایە ئەویتر بەگوێنەدان بەبەرژەوەندییەکانی ئەوی دیکە تۆمەتبار دەکات. و هەربۆیە بەرەی دژی ئەسەد درزی تێکەوتووەو ئەلتەرناتیڤێک لەئارادا نییە، چونکە هەر یەک لە تورکیاو عەرەبستان خاوەنی پرۆژەیەکن دژی پرۆژەی لایەکەی ترە، وناتوانن پێکەوە لەیەک هاوپەیمانیدابن. ئەمەش گومانێکی زۆر لەسەر پلانی مەشقپێکردنی ئۆپۆزسیۆن لەتورکیاو عەرەبستان درووست دەکات. چونکە ئەوانەی کەلە تورکیا بڕیارە مەشقیان پێبکرێت سەرلەبەر ئیخوانەکانن. و ئەوەی عەرەبستانیش هەرکەس لەخۆی دەگرێت جگە لە ئیخوان. گومانەکەش لەمەوە پەیدا دەبێت کە ئەم دوو هێزە دژ بەیەکە پاشان چۆن پێکەوە لەسەر یەک خاک و بۆ یەک ئامانج ڕێکدەکەون؟


ئەمڕۆ لەناو وڵاتانی ئیسلامیدا سێ جەمسەری دژ بەیەکی سەرەکی لەئارادایە: عەرەبستانی سعودی، ئێران، تورکیا.


ئێران، کەتا ئێستا گۆشەگیرو ئابڵوقەدراو و لەدەرەوەی هەر هاوپەیمانیەک لەگەڵ خۆرئاوادا بووە، وا خەریکە لەدەرگای داعشەوە دێتەوە ژوورێ. وکاتێک جۆن کێری لە کۆنگرێسی ئەمریکا خەریکی ڕوونکردنەوەی پلانەکەی ئەمەریکا بوو بۆ لەناوبردنی داعش، ئەندامێکی کۆنگرێس لێی پرسی: ئەدی ئەگەر ئەم پلانەتان سەری نەگرت چی دەکەن.؟ کێری بێ ڕاوەستان و بیرکردنەوە یەکسەر وەڵامی دایەوە: ئەکات سوریاو ئێران دەهێنینە ناو هاوپەیمانێتیەکەمانەوە.!! وەڵامێکی ئاوا زێدە واتا دارە، چونکە ئەوەی کەتائێستا ئێران نەچۆتە هاوپەیمانێتیەکەوە، لەبەر ئەوە نییە کەوەرنەگیراوە. بەڵکو ئێران نەچووە چونکە مەرجی هەیە. مەرجەکەشی دەستهەڵگرتن لەڕووخاندنی ئەسەدە. لەگەڵ ئەوەدا کە هێنانی ئێران بۆ ناو ئەم هاوپەیمانێتییە ڕووبەڕووی کۆسپی ئیسرائیل و عەرەبستانی سعودی دەبێتەوە، بەڵام مەرجی ئێران هێشتا ئاسانترە لەمەرجی تورکیاو ئەگەر کێشەی دۆسیە ئەتۆمیەکەی بەرەو چارەسەری بڕوات، کۆسپی ئیسرائیلیش لاوازتر دەبێت. و بۆڕازیکردنی عەرەبستانیش ئێران پەیامێکی نەرمتری نارد، کاتێک ڕۆژی ١٠/٩/٢٠١٤ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە ڕایگەیاندکەئێران بەتەمانیە تاکۆتایی ژیان خوازیاری مانەوەی ئەسەد بێت لەدەسەڵاتدا، بەڵکو خوازیاری ڕێگرتنە لەتێرۆریستان کەدەسەڵات لەم وڵاتەدا بگرنە دەست.


فاکتەرێکی تری سیاسیی، کەئەم ڕۆژانە لەپەیوەندی لەگەڵ شەڕی داعشدا باسی لێوەدەکرێت کوردە، گرنگیپێدان وباسکردنەکەش بەپلەی یەکەم لەمەوە هاتووە کە لەحاڵێکدا لەناوچەکەدا چەندان دەوڵەتی ئەندام لەنەتەوە یەکگرتووەکان هەن، بەڵام ئەمانە تەنیا ڕۆڵ و گرنگیان لەڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا ئەمەیە کە خاوەن سەروەرین و دەتوانن بەفەرمی لەڕووی یاسای نێودەوڵەتیەوە کارئاسانی بکەن لەمە پترازێ هیچیان پێناکرێت و تەنیا بارگرانایی هاوپەیمانان قورستر دەکەن و یەکێک لەم وڵاتانەش عیراقە. سەرەڕای ئەوەی هەندێ دەوڵەتی تر بەچەندان شێوازی پێچاوپێچ وەک تورکیاو قەتەر پشتگیریی لەداعش دەکەن. بەڵام کورد تاکە هێزێکە لەناوچەکە کەخۆی بەسەر زەوی خۆیەوە داکوتاوەو لەهەمووان چالاکانەتر ڕووبەڕووی داعش دەبێتەوەو بەپشتیوانییەکی زۆرکەم دەتوانێ سەرکەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت. لەم ناوەشدا کورد دوو ئاستی هەیە. یەکەمیان باشووری کوردستانە کەلەبەر ئەوەی پێشتر پەیوەندی باشی بە خۆرئاواوە هەبوو پشتیوانییەکانیش زۆر ئاسایی هەڵسەنگێنراون بەڵام ئەوەی کە جێگای شڕۆڤەکردن و تائاستێک سەرسامییە ئاستی دوومیانە کە نزیکبوونەوەی بزووتنەوەی باکورو ڕۆژئاواو بەگشتی (پەکەکە) یە لەخۆرئاوا. کە ساڵێک بەر لەئێستا بەبیری هیچکەسدا نەدەهات. هەرچەندە شتێک کە پێی بگوترێت پەیوەندیی یان هاوپەیمانێتی لەمڕووەوە لەئارادا نییە. لەگەڵ ئەوەشدا کومەڵە ڕووداوێک هەن کە دەتوانین لەم بوارەدا بەوەرچەرخان ناوببرێن. پشتیوانی خۆرئاوا، لەکوبانێ و بۆمبارانکردنی داعش لەوێ کارییگەرییەکەیان لەهەر ئاستێکدا بێت، شتێکی زێدە نوێیەو لەگەڵ ئەوەدا کەتورکیای هێجگار سەخڵەت کردووە، بەڵام لەمڕووەوە هیچی پێناکرێت. و تەنیا دەتوانێ تەماشا بکات. لەمە سەیرتر ئەوەیە کەلەناو ئەو فڕۆکانەی داعشیان لە کوبانێ بۆباران کردووە فڕۆکەی عەرەبستانی سعودی و ئیماراتی هەبوون. ئەمەش یەکێک لەو پارادۆکسانەی سیاسەتە. ئەمە لەحاڵێکدا ئەوەی لەکۆبانێ شەڕدەکات و بەم بۆمبارانانە هاوکاری دەکرێت ئەو شەڕوانانەن کە لەڕووی ئایدیۆلۆژیەوە پەیڕەوی ئۆجالانن و بەواتایەکی دیکەش نهێنیەکمان ئاشکرا نەکردووە ئەگەر بڵێین، لە گەڵ پەکەکەدا پۆلێن دەکرێن.


لەپەیوەندی لەگەڵ عەرەبستانی سعودی و بەشدارییکردنی فڕۆکەکانی لەبۆمبارانکردنی پێگەکانی داعش لەکۆبانێ، پێویستە ئەم ڕاستییە بزانین کە ئەمە کەموزۆر هیچ پەیوەندییەکی بە کوردو لایەنگیریی لەکێشەکەی نییە. بەڵکو پەیوەندیی بە ئەجێندای خۆیانەوەیە. هەروا عەرەبستان هەرکارێک بکات کە بەجۆرێک لەجۆرەکان بەسوودی کورد بشکێتەوە، ئەم ڕاستییە ناشارێتەوە کە پاشڤەڕۆترین وڵاتی جیهان و یەکێک لەهۆکارو سەرچاوەکانی توندڕەویی ئیسلامیە بە داعشیشەوە.


بەگشتی ئەوەی کەتا ئاستێکی ڕوونەوە لەئاسۆی ئایندەوە بەدیاردەکەوێت چەندنیشانەیەکن:


یەکەم/ ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد بەو جۆرەی پێشدان پلانی بۆ کرابوو. ناڕوخێت و لانیکەم تاچەند ساڵی تری ئایندە، دەتوانێ خۆی بەسەر دەسەڵاتەوە بگرێت و لەئاکامیشدا هەرگۆڕانکارییەک بخوازرێت لەم وڵاتەدا ڕووبدات، هەوڵدەدرێت بەڕێگای سیاسیی نەک چەکداریی بێت.


دووەم/ ئێران و ئەمەریکا لەدوو ئەویندار دەچن کە دوای نێوان گرژیی و دابڕان، بەتاسەوە چاوەڕوانی دیداری یەکترن. هەردوولاش، ئەم مەترسیەیان هەیە کە ئەگەر ئێستاو لەسەردەمی ئیدارەکەی ئۆبامادا دۆسیەی ئەتۆمی ئێران چارەسەر نەکرێت، ئیتر ڕەنگە تا چەند دەهەی تر، هەلێکی وا نەڕەخسێتەوە. لەبەر ئەمە هەموو نیشانەکان ئەمە دەردەخەن، کە هەردوولا بە ئاستی هەرەکەم لەچارەسەریی ڕازین. و هەرچارەسەرییەکیش لەدۆسیەی ئەتۆمیدا، کارییگەریی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی لەسەر گشت کێشەکانی تری وەک، پەیوەندی ئێران بەوڵاتانی کەنداو، کێشەی فەلەستین، شەڕی دژ بەداعش دەبێت...


سێیەم/ تورکیای ئیخوان، تادێت، خۆی پەراوێزتر دەخات. و زۆر جێگای پرسیارو وسەرسوڕمانە کە ئەم سیاسەت و ڕەفتارە سیاسییە بەچ هیوایەک و بەتەمای چ دەستکەوتێک پەیڕەو دەکرێت؟ گومان لەمەدا نییە، کە وڵاتێکی وەک تورکیا، خاوەن گەلێک کارتی سیاسییەو توانیویەتیی و دەتوانێت یاری بەم کارتانەی بکات. بەڵام کارییگەریی ئەم کارتانە لەهەموو بارودۆخەکاندا وەک یەک نییە. جاران تورکیا، لەمیانی دژایەتی کوردو دۆزە ڕەواکەیەوە، سوودی ئابووریی و سیاسیی و دیپلپماتیکی بە خۆرئاوا دەگەیەیاند. خۆرئاواش چاوی خۆی لە تاوانەکان دەنووقاندو سیاسەتی دووڕوویی و دووفاقەیی پەیڕەو دەکرد. بەڵام ئێستا، وبەردەوامبوون لەسەر ئەم سیاسەتەی جاران، زیان بەهەڤاڵبەندە دێرینەکانی خۆی دەگەیەنێت. بەدەنگهاتنی سەرکۆماری فەرەنسا، فرانسوا ئولاند، کە تورکیا سەبارەت بە کۆبانی هۆشیاردەکاتەوە، داکۆکی لەکورد نییە، بەڵکو لەخۆیانە کە ئیتر سیاسەتی تورکیا زیان بە جیهان دەگەیەنێت و بەرەبەرە کاسەی سەبریان پڕدەبێت.


ئەوەندەش کە پەیوەندیی بە کوردو بزووتنەوە ئازادییخوازانەکەیەوە هەبێت، پێویستە باش سوود لەم هەلومەرجە جیهانییە وەربگیرێت، و بەبڕوای من تورکیا دەخوازێت بەپەلکێشکردنی کورد بەتایبەتی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ نوێبوونەوەی شەڕ، هەمان تابلۆی ساختەی جاران لە کورد نیشانی جیهان بداتەوە، کە شەڕخوازو تێرۆریستن. لەبەرئەمە زۆر گرنگە، پارتی کرێکارانی کوردستان، بەئاسانی نەچێتە ناو ئەم تەڵەیەو، لەنوێبوونەوەی شەڕدا دان بەخۆیدا بگرێت. و سیاسەتی نەرم و دوور لەتوندوتیژیی پتر دۆست بۆکورد پەیدا دەکات و تورکیاش چارەگرانتر دەکات. کە ڕۆژانە لەمیدیاکانی جیهانەوە وەک ڕاستییەک ئاکامەکەی دەیبینین.

 

ماڵپه‌ڕی دارا مه‌حمود

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک