په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

شەڕکردن لەدژ پەکەکە، شەڕکردنە لەدژی هەموو کورد.

 

 

عەبدوڵڵا ئەحمەد گەرمکی

 

    هەر لەدێڕ زەمانەوە وتویانە کورد خۆخۆرە، ئەمەش راستییەکی خۆی هەیە و لەزۆربەى سەرهەڵدانەکانی کوردان ئەمە لەپێش چاوە، راستە بەگورزی دوژمن تووشی نەسکۆیی و ماڵوێرانی هاتوونین، بەڵام تەماشا دەکەیت لایەنێکی تری ئەنجامنەگرتنی سەرهەڵدانەکان، کورد هەر خۆی بووە، کارەکتەری سەرەکی سەرنەگرتنی هیچ کام لەو سەرهەڵدانانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە کوردان لەبەر ئەوەى هەمیشە بوونەتە لێستۆکی دەستی نەیاران، بۆیە دەبینیت رۆڵێکی بەرچاوایان گێڕاوە لەوەى کە کورد یەکنەگرێت، یانیش نەگاتە مافە سروشتییەکانی، بۆ ئەم مەبەستەش هەموو کارێکیان گرتۆتەبەر بۆ شکستهێنانی فڵانە و فیسانە هەراو سەرهەڵدان و شۆڕش، ئەمەش تاوەکو قۆناخی ساڵانی نەوەتەکان لەناو کورداندا ئەو دیاردە قێزەوەنەى چەتەچێتی هەر هەبو.                                                                                                  

 

     گەر چاوێک بەمێژووی تاڵی ساڵانی نەوەت هەتاوەکو دوو هەزار بخشێنیت دەبینیت پڕە لەشەڕی براکوژی و جەولە یەک لەدوای یەکەکانی براکوژی کار گەشتە ئەو ئاستەى کە بەهەزاران لاوی نەبەردی ئەم نیشتمانە زامدارە بەفیرۆ بچێت و تاکە لایەنیش کە لەو رەوشە سوودمەندبوو هەر نەیارانی کورد بوون، هەموو ئەوانەش لەپێناو بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی  و پارەو پولدا بوو، خیانەتێکی وا بەڕێوە دەچوو کە تا سەر ئیسقان بۆنی خوێنی لێدەهات و هیچ لایەکیش نەبوو ببێتە بژیوان بۆ ئەوەى ئەو خوێنە رابوەستێ و هەموو دوژمنانیش سەیری ئەم فلیمە خوێناوییەیان دەکرد و لەکۆتایشدا پاڵەوانانی ئەم مێژووە تاڵە، بۆخۆیان هەتنە سەر دەسەڵات و بەرهەمی خوێنی ئەوانیتریان خوارد لەم چەند ساڵەى رابردوودا هەندێک ئەم خوێنرژانە بەربەستکرا، ئەوەش لەبەر ئەوەى پاڵەوانەکان گەشتنە ئامانجەکانی خۆیان، هەرچەندە سیاسەتێکی وا بەڕێوەدەچێت لەکوردستاندا کە بەگوێرەى پێداویستی قۆناخ نییە و گەلەکەمان لەبەرشەبڵاوییەکی دیکەوە هێنایە سەر ئەوەى کە تاکەکانی کۆمەڵگا سەر لێشێواوتر بکات و ئەمەش تا خەڵک بگەیەنێتە ئەو ئاستەى کە فشەى بەکوردایەتی و نەتەوایەتییەوە هەبێت، چونکە ئەو سیاسەتە چەواشەکارییە سیاسەتی لای کوردان رەش کرد و وای پیشاندەدا کە دەرەوەى چینێکی سنووردار کەس سیاسەت نازانێت و ئەوەش سیاسەتێکی جیاوازتر بکات زیندان و ئەشکەنجەدان و هەتاوەکو پاکتاوکردن دیارییەتی، ئەگەر سیاسەتێک بەڕێوەبچێت و بەرژەوەندی ئەوانی تێدا نەبێت ئەوا لەرێ دەرکەوتووە و دەبێت سانسۆری بخرێتەسەر، گەر دەنگێکی جیاواز هەڵبڕرا، پێویستە ئەو دەنگە سەرنوقم بکرێت، گەر ناڕەزایت دەربڕی و خۆپیشاندانت کرد، یان دەبێت وەکو سەردمی بەعس بێت خەڵک بەزۆر لەدەوامە فەرمییەکان دەربهێندرێت و بیانهێننە سەر جادە، یانیش ئەگەر جیاوازتر بێت و مەسڵەحەتی ئەوانی تێدا نەبێت ئەوا بەلوولەى تفەنگ و هێزە دابڵۆسێنەرەکان رووبەڕووت دەبنه‌وه‌ لەوڵاتێکداین هەموو شتێک بووتە بەسە و بڤە و رەخنە مەگرەو هەموو رێگاکانت لێدەگێردرێت و ناتوانی هەناسەیەک چییە بەئیسراحەتی هەڵیمژی، گەر بەپێچەوانەى ئەوانەشەوە بوویت ئەوا پێویستیت بەبەرخۆدانێکی گەورەیە، تا بەرەنگاری ئەو رەوشە ناهەموارە بگریت، چونکە گەر وابیت ئەوان ئەمە بەکۆتایهێنانی خۆیانی دەزانن بۆ ئەمەش هەموو درەگاکانت لێ دادەخەن بۆ ئەوەى دەرگات لەپێش نەمێنێت و ساردتبکەنەوە، بۆیە ئەوانیش دەزانن کە خەڵکانێک هەن کار بۆ کوردستانێک بکەن کە سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی وەکو سیستەم بکرێتە ژیانی و ئازادییەکانی رەگەزی و دیموکراتی راستەقینەو ژیانێکی تەندروست و ژینگە پارێزی بەرجەستە بکرێت دژ بەو سیستەمەى ئەوان رادەوەستێ، چونکە سیستەمێک کە ئەمڕۆکە لەکوردستاندا بوونی هەیە، سیستەمی کامپیتالیزمە ئەو سیستەمەیە کە مرۆڤایەتی بەرەو قەیران و هەڵدێرێکی نادیار دەبات. ئەو سیستەمەیە کە پێوانەکان و ئەخلاقی سەرمایەداری بەبەهەند وەردەگرێت ئەو سیستەمەیە کە ژیانێکی ئاژەڵیانە و مردن و نەمان و پاکتاوکردن و دیموکرادی و ئازادی و یەکسانی و...هتد ژێر پێدەکات، سیستەمێکە کە تا دواڕادە بەرژەوەندیپەرستە و حەز بە خوشگوزەرانی خەڵک ناکات، سیستەمێکە کە ژن و منداڵ و پیاو پیرو پەککەوتە و گەنج لەرێگای راستەقینەى ژیانی وەکهەڤی دەردەخات، سیستەمێکە کە حەز لەخوێنڕەشتن و بڵاوبوونەوەى نەخۆشی جۆراوجۆر و فسادی بەرجەستەدەکات  بۆیە ئەمڕۆکەش هەر لەپێناو بەرژەوەندی حزبی و شەخسی جارێکی تر دەیانەوێ دەنگی ئازادیخوازان کپ بکرێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش کارتی سوور نیشاندراوە و هەنگاوی جددیانەیان ناوە و هەر لەداخستنی بارەگاکانی (پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان) و گەمارۆدانی هەرێمی پاراستنی میدیاو چەندین هەنگاوی دیکەی کە دڵخۆشەکرانەبوو بۆ دەوڵەتی تورکیا. هەر بۆ ئەمەش بوو کە سەرۆک کۆماری تورکیا (عەبدوڵڵا گول) لەلێدانێکی رۆژنامەوانیدا وتبووی (حکومەتی هەرێم خەریکە ئاقڵ دەبێ) ئەمەش بەڵگەى ئەو راستییەیە کە حکومەتی هەرێم داخوازییەکانی تورکیای جێبەجێکردووە، بەڵام داخوازی تری سەرەکی ئەوەیە کە جارێکی تر شەڕ دژی پەکەکە بکەنەوە، گەر واش بکات و بەقسەی ئاغاکانی تورکیا بکەن ئەوا دەرەوەى ئەو (500) کۆمپانیایانەیان کە هەم بۆ کاری بازرگانی و جاسوسی هاتوون پێشیبخەن و گوایە ئابووری حکومەتی هەرێم باش بکەن، بۆ ئەمەش وەک دەزانرێت دەسەڵاتدارانی هەرێم لەهەرێمی پاراستنی میدیا دەستیان کردۆتە کۆکردنەوەى زانیاری لەو ناوچانە و هەروەها هێزێکی زۆریشیان بەو قەندیل بردووە، ئەمەش بەواتای شەڕ دێت و زەمینە خۆشکردنە بۆ شەڕی برا کوژی، بۆیە لەبەرامبەر ئەم هەڵوێستانەى حکومەتی هەرێم دەبێت رێگا لەو هەڵوێستانە بگرێت و چونکە لەبەرژەوەندی یەکێتی و یەکڕیزی کوردان نییە و بۆ ئەمەش دەبێ گەلەکەمان لەبەشە جیاجیاکانی کوردستان و سیاستمەداران و نووسەران و رۆشنبیران دژی کردەوەیەکی لەوجۆرە رابوەستن و نەهێڵن جارێکی تر شەڕی (کورد --- کورد) سەرهەڵبداتەوە، چونکە ساڵانی پێشوومان لەپێش چاوە دەرەوەى ماڵوێرانی و جەرگ سوتانی دایکان هیچی ترمان دەستنەکەوت و پەکەکەش بەشەڕێکی وا نە پاکتاو دەبێت و نەش لەناو دەبرێت، چونکە پەکەکە ئەو هێزەیە کە بەرامبەری سوپای تورکیا بگرێت و بەهێزی خۆیی خۆی هەموو  پیلانەکان بۆ سەر تەڤگەری ئازادیخوازی گەلەکەمان بەرابەرایەتی پەکەکە پوچەڵ بکاتەوە، لەبەرامبەر ئەو سیاسەتەى دوژمنانیش پێویستە سیاسەتێکی راست بەڕێوەبچێت و بەرژەوەندی گەلەکەمان لەبەرچاو بگیردرێت، بۆ ئەوەی چیدی کارێکی لەوجۆرە دووبارە نەبێتەوە، شەڕکردنیش لەدژی پەکەکە شەڕکردنە لەدژی سیستەمی کۆنفیدرالیزمى دیموکراتی و شەڕکردنە لەدژ کوردانی رۆژهەڵات و رۆژئاواو باشوور و باکوور، چونکە تاقە هێز لەگۆڕەپانەکەدا کە بەڕاستی نوێنەرایەتی کورد بکات پەکەکەیە، دەبێت ئەم راستییەش باش بزانرێت.                                                                                            

 

abdulagermiki@yahoo.com