ئەمشەو بێ تۆم لەتەنیایى تەنیا ترم دەنگێک نیە گوێ لەرازەکانم بگرێ سەردەمانێک بەدەم شنەی ئازارەوە تۆ گۆرانیت بۆدەووتم ئەمشەو تەنهاو بێ هاورێم دەستە لەملانی شەپۆلە زیوینەکانم مانگیش بەتەوقی سەرمەوە چاوشارکێ لەگەڵ ئەستێرە دوورەکان دەکات ئەمشەو بێ تۆم مردنە ئەم بێ تۆییە نیوەشەوەو کەس بەنهێنی دڵی بەژانم نازانێ هەربەتەنها کاتژمێرەکەی سەررەفەی دڵم نەبێ ئەویش واخەریکە دەنوێ و بێزار دەبێ یادەکانت تەزوویەکن لەخەیاڵما دێن و دەچن گرێی هەگبە دەکەمەوە ئەو هەگبەیەی بیرەوەری و یادگاری تۆم تیا هەڵگرتوون ووشەی پەمەیی رووحت و خونچەی کراوەی دەمت و ئاوێنەی روونی رووخسارو دووتاڵ لەقژی تۆێ تیایە ووشەکانم نایە سەر ئاسمانی سەرم خونچە کەوا بەدەممەوە ئاوێنەکە بە رووحمەوە تاڵە قژەکانیشم سێبەری برژانگەکانمی شارەدەوە دەرگای بەهەشتی خەیاڵە بەرینەکەت دەکەمەوە ،هەنگاوەکانت کاروانی بەهارێکی وەنەوشەییەو بەکۆچی شەوە سامناکەکان دەرەوێتەوە چاوەکانت دەبینم لەبەردەم دەواری شڕی هەموو ماڵە هەژارێکدا سەرخەو دەشکێنن ووشەکانت دەنگێکن لەبەردەم ئەو گوڵانەی هەوری خامۆش و لورەی رەشەبا دەیانوویست بەناکامی هەڵیان وەرێنن دەتبینم هێدی هێدی سەردەردێنێ باڵی سپیم نیشان دەدەی هەگبەکەم گرێی دەکەمەوە کۆمەڵێ خەمی کەی تیایە نەتۆ بیان بیستەو نەمن باسیان دەکەم .
|