په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\١١\٢٠١٢

    شەوێک لە چاخی سەهۆڵدا.

عیرفان ئەحمەد

نەمئەویست کەنارییەکان بە قەفەسەکان موعتاد بن
من بە شیعر
ئەو شیعرانەی لە دەرگای عەشقەوە دێن و
لە پەنجەرەی دوو دڵیمەوە بەسەر دەچن
نەمئەویست خەونی بەستووی ئەو ماسییانە ببینم
لە دەرەوی فراوانیی دەریاکانەوە دەیبینن
لەحزەیەک دێت و دەمکوژێ
باڵندەکان سەرهەڵدەگرن
هەورەکان ئینتیحار دەکەن
چەمەکان دەبن بە شەختە و
ماسییەکان بە مشتێ تەرزە
چاخەکان بە سەر مێژووی گۆڕستانەکانا ئەڕۆن
منیش بە سەر تولەڕێگای عومرا.
   *   *   *
پاڵتۆیەکم لە بەردایە و جگەرەیەک بە لێومەوە
چاخەکان لە سەردەمی شمشێری خەلیفەکانەوە هاتن و
لە سەردەمی موشەکە دوورهاوێژەکانا بە من گەیین
دەستی قەسیدەیەکم گرت
ئیتر ئەو بوو بە دە پەنجە و
منیش وەکو درەختێکی کەنار چەمی بەسەرچوونم
تەنها بە فویەک هەڵوەریم.
   *   *   *
پاڵتۆیەکم لە بەردایە و جگەرەیەک بە لێومەوە
ئەڕۆم و زۆر شتی سەیر دێنە ڕێگام
ئەو ئەمبولانسە سپییانەی
لاشەی ڕەشی کوژراوەکانیان هەڵگرتووە
ئەو پیاوە موقەددەسانەی
خاچ و ئەڵڵا و تەسەوفیان لە ملدایە
خۆم و ئەو مۆمە سپییانەی
لە سەر بەردەنوێژی دڵم داگیرساون
بە تەنیشتی ئەو مناڵە وردیلانەی
وەکو مشتێ زەنگیانە، بەو شەقامەدا ڕژاون.
   *   *   *

پاڵتۆیەکم لە بەردایە و جگەرەیەک بە لێومەوە
دەبێ هەتا قاچەکانم دەتوێنەوە
لەم سەفەری موحیببەتە نەبمەوە
بە ژێر هەموو زێرابەکانی ناو شارا ‌بێم و بچم
تا مناڵیم ئەدۆزمەوە
ئای مناڵی...
بە سەر گۆی میزەڵانێکەوە نەخشەی خەونەکانتم دەکێشا و
هەتا تەقین فووم ‌تێدەکرد
لە ناو هێلانەی عومردا .. خۆم هەروەک زەڕنەقوتەیەک
دەنک دەنک، دەنکە گەنمە پیرۆزەکانم
دەنایە دەمی عەشقەوە و گەورەمئەکرد.
   *   *   *
من وا نەبووم
ئەو چیایە فێری کردم، بچمە باوەشی خۆرنشین
ئەو جۆگەلە فێری کردم
لە گەڵ شیعرا یەک بگرین و
بەرەو شەهامەتی دەریا سەرهەڵگرین
قەت ئەوەندە شەڕخواز نەبووم
بینینم بۆ ئەو دڕکانەی، لە پێش ئەوینی گوڵەوە
لە ئینجانەی ئەم چەرخەدا دانراون
بۆ ئەو چاویلکە ڕەشانەی
کە جەنگەکان کردیانە چاوی جارەنوسم
بە سەر شوێن پێی ئەو فرمێسکە زەردانەی
بەسەر گۆنای خوێنتێزاوی ئایندەمانا هەڵتزان
ئای لە ئێمەی عاشق بە نسکۆی دەروون و
دژ بە قودسییەتی پەیام
هەموو دنیامان بردەوە و خۆمان دۆڕان.
   *   *   *
چوومە حزووری باخچەوە
داوای یاداشتەکانی پاشەکشەی سەوزی و
ئیستیتانی سپی بەفرم لێ کرد
چیرۆکی هاتوچوونی وەرزەکان و
نیگەرانیی زەمینی بۆ گێڕامەوە
برادەر گیان ..
وەختێ ئەوین وەک سەوزەگیا
لە پاڵ گۆمی چاوەکانی من ڕوا
وشە شەونمی سوبحێ بوو
قەترە قەترە، لە قەڵەمەکەم دەتکا
ئەی شیعر
لە ئێوارەیەکی مناڵیما تۆم ناسی
لە ناو لەپما مشتێ ئاو بووی
کە بازمدا بۆ گەنجێتی
بووی بە تۆپەڵە بەفرێک، هێندەی دڵم
کە نووچدانم ئەمدا بەڕووی پیرێتیا
ئەبی بە دەنگی نووساوی حوزنە بەساڵاچوەکان
یەکەم گوناهم ئەوە بوو، دڵی خۆم خوارد.
   *   *   *
چاخی سەرسامبوونە ئەزیزم
ئەو شەقامە درێژانە
لە ژێر پیاسە کورتەکانما، کورتتر دەبن
ئەو ئاسمانە بێ سنوورە
هەر ئەوەندەی بەرگی دیوانەکەم دەبێ
پاڵتۆیەکم لە بەردایە و جگەرەیەک بە لێومەوە
ئەڕۆم و ئیتر لەسەرخۆ، ئێوارانم لێ دەڕژێ
ئێوارانی نیشتیمانم
ئەو نیشتیمانە ڕۆشنەی، ئاوێنەی پرچی شیعرێ بوو
لە کەنارێکی زەویدا..
تاریکی بەریدایەوە و ورد و خاش بوو
ئەو نیشتیمانەی کە دەبێ
لە پای گوناهی گەورەدا
بە برژانگی
چاوەکانمان کۆیکەینەوە و
پارچە پارچە، بیدەینەوە دەم یەکتری و
ئابڕووی بۆ دروستکەینەوە
بورکانەکان کە ئەپژێن
بەردی گەورە و ئاگراوی فڕێئەدەن
بورکانی ئەم چەرخە سستەم کە ئەپژێ
پیاوی بچوک بچوکی لێ ئەبێتەوە.
   *   *   *
دە دەی ئەی عەشقی دێرین
لەم ئازارە قوتارمکە
بە ئەفیونی خۆشەویستی، لەو خەیاڵەم بسەنەوە
بەسەر شەمعەدانی لەشتا هەڵمبکە و
بە قەراغی ژوانێکدا بمتوێنەوە
هەست بە گەورەیی خۆم ناکەم
تەنها ئەو لەحزەیە نەبێ
تۆ پێکێ شەرابم پێ دەبەخشی و
منیش قەسیدەیەکی مەست
تۆ لە سپێنەی چاوانما
وشە سورەکانی عەشق دەنوسیت و
منیش خەمە ڕەشەکانی گلێنەت بۆ ئەهۆنمەوە
تۆ چەتری ئەو هاودەمییەم بۆ هەڵئەکەی
تا بە ژێر تاوەبارانی چاخی سەهۆڵی فیراقا
بۆ تەنیاییم دەڕۆمەوە
دەڕۆمەوە..
من بێ تۆ .. تۆ بە عەشق
عەشقیش بێ شیعر.
   *   *   *
دە دەی ئەی عەشقی دێرین
لەم تەنیاییە قوتارمکە.

 

ماڵپەڕی عیرفان ئەحمەد

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک