په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١\٢٠١٥

شیعر و نوێگەریی، رامانێک لە شیعرەکانى بێکەس.


سەدیق سەعید     


یەکێک لەو کتێبە بە بەهایانەى لە کتێبخانە بچووکو پەرشو بڵاوەکەمدا،بەبەردەوامى وەک خوێنەرێک دەگەڕێمەوە سەریو دەیخوێنمەوەو پەیوەندییەکى هەمیشەییم لە گەڵیدا هەیە،دیوانى (فایەق بێکەس)ی شاعیرە. پەیوەندى من وەک خوێنەرێک لە گەڵ شیعرەکانى بێکەسدا،پەیوەندى خوێنەرێک نییە کە کتێبێک دەخوێنێتەوەو کۆتایی دێت.ئاسایی وەک هەر خوێنەرێکى دیکە.کە کتێبێک دەخوێنێتەوە. بە پێچەوانەوە، من لەهەر خوێنەوەیەکى شیعرەکانى بێکەسدا،بەماناى تازەو دیدگاى تازە دەگەم، کە بەشێک لە دنیابینى شاراوەى شیعرەکانى بێکەس پێکدەهێنێت.کە بۆ من وەک خوێنەرێک جیاواز دەکەوێتەوە لەگەڵ هەر کتێبێکى دیکە.هەر ئەمەشە فاکتەری مانەوەو بەردەوامى پەیوەندى من لەگەڵ شیعرەکانى بێکەسدا.چونکە هەرکاتێک خوێنەر لە خوێنەوەى کتێبێکدا، بە ماناى تەواو گەیشت، ئیدى چێژى خوێنەوە لەو کتێبەدا، لەلای خوێنەر کۆتایی دێت.بەپێچەوانەوەش، هەر کاتێک خوێنەر لە خوێنەوەى کتێبێکدا،بەماناى تازەو دیدگاى تازە گەیشت بەبەردەوامى ئیدى چێژو ماناکانى ئەو کتێبە کۆتاییان نایەت. دەکرێ بڵێم بۆ من وەک خوێنەرێک دیوانى بێکەس، لەو شێوە کتێبانەیە.هەر ئەمەشە وام لێدەکات،بەردەوام بگەڕێمەوە سەریوشوێنێکى تایبەتى لە کتێبخانەکەمو هزرو تێڕوانینى من هەبێت.

 

لێرەدا دەکرێ بابەتێک باس بکەم، کە هیچ پەیوەندى بە شیعرو خوێنەوەو دیوانى بێکەسەوە نەبێت لە ئێستادا. بەڵام ئەو دیاردەیە بەشێوەیەک لە شێوەکان لە واقیعى ئەمڕۆماندا،بوونى هەیەو شەست ساڵ زیاتر لەمەوبەر بێکەس وەک شاعیرێک گوزارشتى لێکردوە لە شیعرەکانیدا.واتە پەیوەندییەک لە نێوان شیعری بێکەسو دیاردەکانى سەردەم هەیە،کە لە میانەى خوێنەوەى شیعرەکانیەوە، بشێ ئەو دیاردانە ببینین.لێرەدا دەمەوێ ڕووداوێک باس بکەم. ماوەیەک لەمەوبەر گوێبیستى ئەوەبووم،کەچەند بازرگانێکى کورد، نەوتیان لە داعش کڕیوەو لە بەرامبەردا، سەدان ئوتومبێلیان بۆ ئەو ڕێکخراوە کریوە. ئەمە لە کاتێکدا، داعش لە ئێستادا دوژمنێکی سەرەکیو خوێنڕێژودڕندەى ئێمەیە، کە ناکرێ بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیمان لە گەڵیان هەبێت.من کاتێ ئەو هەواڵەم بیست،یەکڕاست شیعرەکەى بێکەسم بیرکەوتەوەکە دەڵێ(کورد ئەبەد ناگا بەمەقسەدنۆکەری بێگانەیە). بێکەس، نیو سەدە زیاتر لەمەو بەر ئەو شیعرەى نووسیوە. بێگومان شیعرەکەش ڕەنگدانەوەى ئەو هەڵومەرجە ئابووریو کۆمەڵایەتیە بوە کەلەو سەردەمەدا شاعیر تیایدا ژیاوە. بەڵام پرسیاری من وەک خوێنەرێک ئەوەیە،ئایا ئەو شیعرەى بێکەس، بۆ ئەوە سەردەمەى ئێستاشمان، هەمان ماناو هەمان ڕەهەندو ناوەڕۆکی نییە؟ لێرەوەش دەکرێ بڵێین پەیوەندییەکى بەردەوام لە نێوان شیعری بێکەسو واقیعەکانى سەردەم هەیە. هەر ئەم ڕایەڵەشە، خوێنەر دەبەستێتەوە بە شیعرەکانى بێکەسو ناتوانێ بەتەنها خوێنەوەیەک،کۆتایی بە شیعرەکانى بێنێ.بۆیەشە بە بۆچوونى من دەکرێ شیعرەکانى بێکەس ببەستینەوەبەزەمەنى جیاوازو لە چوارچێوەى زەمەنى مێژووى نووسینى شیعرەکانو بیۆگرافیاى ژیانى تایبەتى شاعیر دەریان بهێنین.بەومانایەى لەهەر کاتو ساتێک بگەڕێینەوە سەر شیعرەکانى، بەماناى تازەو دیدگاى تازە دەگەین، کە بەشێکە لەو تێڕوانینە نوێگەریانەى بێکەس وەک شاعیرێک بۆ ژیانو دەورو بەر هەیەتى. یەکێک لەو لایەنانەى ئەزموونى بێکەس وەک شاعیرێک، لە ڕووى ئەزموونى شیعریەوە جیا دەکەنەوە لە شاعیرە هاوسەردەمو هاوتەمەنەکانى خۆی، ئەو دیدگا ڕەخنەیە یە، کە بێکەس بۆ ژیانو بیرکردنەوەو زانستو فێربوونو چەندین چەمکى دیکەى ژیان هەیبوە. دیدگایەک کە بنەماکانى لە سەر ڕەخنەکردنى ژیانو بیرکردنەوەو هەوڵدان بۆ گۆڕێنى واقیعى ژیانو پێشکەوتن بونیاد نراوە.لێرەوەش ئەوەندەى چەمکەکانى فیکر، ئامادەیان هەیە لە شیعری بێکەس، ئەوەندە ڕۆمانسیەتو سروشتگەرایی لە شیعری بێکەس نابینین.

 

بێکەس ئەوەندەى باس لە زانست، خوێندەواری، پێشکەوتن،ئابوری، جیاوازى ڕەگەزى، کرانەوەو یە کسانى نێوان ژنو پیاو دەکات، ئەوەندە گوتاری ڕۆمانسیەتوجوانگەرایی، لە شیعرەکانیدا نابینین، کە بە شێکى سەرەکى ناوەڕۆکى شیعری کوردییە لە سەردەمی بێکەسدا.بەومانایەى بێکەس لە بڕی ئەوەى وەسفی سروشت بکات، وەسفی جوانىو ئافرەت بکات، بە پێچەوانەوە، باس (لە فڕێدانى پە چەى شەرم لای ژنان)و( ئەقوامى غەربو دروستکردنى کەشتی)و(خوێندەواریو زانستوزانیاری)و(فیکری پیس)و(پاشەکەوتکردنى ئابوری) دەکات. تاڕادەى هاتنەوە بە گژ هزری لاهوتیانە.هەموو ئەو دیاردانەى بێکەس لە دووتوێی شیعرەکانیدا بەرجەستەى کردون، هەڵگری بنەمایەکى نوێگەرانەن بە ئامانجى پێشکەوتنى کۆمەڵگەو رزگاربوونى لە دواکەوتووییو نەخوێندەواریو نۆڕم خوازى. بەتایبەتیش کاتێ خودى ئەو سۆبژێکتانە، بەراورد دەکەین لە گەڵ هزری دواکەوتوویی مرۆڤى کورد لەو قۆناغەی بێکەس تیایدا ژیاوە. بێگومان ئەگەر نوێگەریو تازەگەری،روئیایەکى نوێ بێت بۆ ژیانو بیرکردنەوەو هەوڵێک بێت بۆ جێهێشتنى واقیعێکى دۆگماو کرانەوە بە ڕووى واقیعێکى تر، کە هەڵگری ئەقڵیەتێکى نوێ بێت بۆ ژیانو دەوروبەر،ئەوا دەکرێ بڵێین ئەو دنیابینیە، لە شیعری بێکەس وەک شاعیرێک هەستى پێدەکرێت.

 

بەو مانایەى ئەو شاعیرە لە چەندین شیعری خۆیدا،بابەتى فیکر دەکاتە گوتاری شیعریو لەوێوەش، هەوڵی بونیادنانى واقیعێکى تازەو نوێ ئەدات، کە بە هەموو پێوەرێک جیا بێت، لە واقیعى پێشوو. لێرەوەش هەموو تێڕوانینو بیرکردنەوەیەکى نوێ، کە جیاواز بکەوێتەوە لەگەڵ بیرکردنەوەى باو،بە ئاراستەى نوێگەریو جێهێشتنى بیری دۆگمایی، بە جۆرێک لە نوێگەری هزری لە کۆمەلگا وێنا دەکرێت. سەرەتاییترین دەرکەوتەى هەر هزرێکى نوێگەرانەش، لە ڕەخنە گرتنەوە دەست پێدەکات. بەومانایەى ڕەخنەى هەموو ئەو دیاردەو توخمو خاسیەتانە بکرێت، کە بەربەستن لە بەردەم پێشکەوتن و کرانەوەو ناکۆک دەکەونەوە، لە گەڵ هەموو ئەو بنەمایانەى تازەگەری لە خۆیان دەگرێت. بە دەربڕینێکى تر، هیچ تازەگەریەک لە هیچ ڕووێکەوە دەرناکەوێت،ئەگەر سنووری کۆت و بەندى ڕابردوو نەبەزێنێت.نوێگەریەتى دروست نابێت، ئەگەر سەرەتا هەموو ئەو کۆنخوازیە تێک نەشکێنین، کە بەربەستى بەردەم نوێگەریەتین. بەتایبەتیش بونیادنانى ئەقڵیەتێکى تازە، کە ژیان و بوون بە شێوەیەکى تازەو نوێ ببینێت.ئەقڵیەتێک کە کۆن جێدەهێڵێت و دەچێتە ناو نوێوە.ئەقڵیەتێک کە بارگاوى کراوە بە تێڕوانینى تازەو بنەماکانى لە سەر هزرگەرایی وەستاون. لەو سۆنگەیەوەش بە شێکى زۆر لە شیعرەکانى بێکەس هەڵگری ئەو هزرگەراییەن بە ئامانجى ڕیفۆرم کردن و ڕەخنە گرتنى کۆمەڵگاو دواجاریش بونیادنانى ژیانێکى تازەى جیاواز لەو ژیانەى تیایدا دەژین. بۆیە بەبەردەوامى لە بە شێکى زۆری شیعرەکانیدا، هانى مرۆڤى کورد دەدات بۆ خوێندەواری و زانست و دورکەوتنەوە لە تەمبەڵیو یەکسانى نێوان نێرو مێودورکەوتنەوە لە ئەقڵی لاهوتیانە، کە هەمیشە فیکری مرۆڤەکان بە دۆگمایی دەهێڵێتەوە.

 

لەو ڕوانگەیەوەش لە شیعرەکانیدا، ئەو گوتارو پەیامە دەکاتە ڕێنوێنى مرۆڤەکانو لە ڕێگەى شیعرەکانیەوە هەوڵی هوشیارکردنەوەى تاکو پێشخستنى کۆمەلگە دەدات. ئێمە کاتێ وەک خوێنەرێک بەوردى سەرنج لەو چەمکو دەڕبرینو دەستەواژانە دەدەین، کە بێکەس لە شیعرەکانیدا بەرجەستەى کردوون، ناکرێت بە دیدگایەکى نوێگەرانەى ئەو شاعیرەی نەزانین، بەتایبەتیش بەبەراورد لە گەڵ ئەو قۆناغەدا. بەدەربرینێکى تر، کاتێ مرۆڤەکان پەیڕەو لە نۆڕمێکى دیاریکراو دەکەن، بێکەس بە پێچەوانەى ئەوان بیر دەکاتەوەو جۆرێک لە نوێگەریەتى لە بیرکردنەوە تێڕوانینى ئەو دەبینین، کە بە پێچەوانەى ئاراستەى کۆمەڵگەیە. بۆ نموونە: بێکەس نیو سەدەى زیاتر لەمەو بەر باس لە فرێدانى پە چەى شەرمو فەرقی نییە نێرو مێ دەکات. لە کاتێکدا لەو سەردەمەى بێکەس ئەو شیعرەى تیادا نووسیوە، یەکسانى نێوان نێرو مێ نەک هەر بوونى نەبوە، بگرە ڕەگەزى مێ لە زۆربەى مافەکانى خۆشی بێبەش کرابوو. ئایا تێڕوانینێکى جیاوازى لەو شێوەیەو دژە باو،جۆرێک لە هزری نوێخوازانەو نوێگەریەتى نییە،بەئاراستەى بیرکردنەوە کانى کۆمەلگەو سەردەم؟ بێکەس ئەگەر لە فۆرمێکى سادەش، بنەما فیکریەکانی لە شیعرەکانیدا بەرجەستە کردبێت،بەڵام بۆ ئەو کاتى کۆمەڵگەى کوردى لە ڕووى کۆمەڵایەتیو هزریەوە،تێڕوانینیەکانى ئەو شاعیرە، بە شێکن لە پڕۆژەى هەڵگری نوێگەریەتیانەى ژیان، بە ئامانجی بەرەو پێشچوونو کرانەوەى زیاتری ژیانى مرۆڤەکان. بۆیە بەردەوام لە شیعرەکانیدا، ئەو پەیامە بڵاو دەکاتەوە، کە تەنها، هزرە، کۆمەلگا پێش دەخات.بۆیە دەبێ مرۆڤەکان هوشیاربکەینەوە، بە ئاراستەى گرنیگدان بە هزرو بنەما هزریەکان. هەروەک خۆشی لە شیعرێکى دیکەیدا دەڵێ:


ئەوروپا پاپای تەمێ کرد..دەستی دایە عیلمو فەن
بێ تەلو کەشتی دروستکرد..دائیمى هەر هەوڵئەدەن


بێگومان،بانگەشە کردن بۆ تەمێکردنى پاپا، وەک ڕەمزێکى ئایینى کاریگەر، بە سەر هزری مرۆڤەکان لە کۆمەلگاوهاوکات دەست دانە عیلمو فەنو هەوڵدان بۆ دروستکردنى بێ تەلو کەشتى، وەک دوو ئامرازى زانستىو پیشەسازى، کە بە رهەمى کۆمەلگەیەکى ڕاسیۆناڵینوبە شێکن لە بەرهەمى پیشەسازییو پێشکەوتوویی ئەقڵی،ناکرێ بە دیدگایەکى هزریانەى نەناسێنین.بەتایبەتیش لە هەڵومەرجو قۆناغێکدا، کە کۆمەڵگەى کوردى، لە ڕووى کۆمەڵایەتىو هزریو ڕۆشنبیریەوە،لە بارێکى دواکەوتوو دابوە.بەدەربڕینێکى تر، ئەو دونیابینیەى بێکەس وەک شاعیرێک، لە شیعرەکانیدا بەرجەستەى کردوە، بە شێکە لە تێڕوانینى هزریانەى ئەو شاعیرە بۆ ژیان. تەمێکردنى پاپو هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەى کاریگەریەکانى ئەو ڕەمزە ئایینیە، لە نێو کۆمەلگادا،بە شێکن لە کرانەوەى کۆمەلگە و پشتکردنە ئەقڵی لاهوتیانەى مرۆڤەکان کە لەو سەردەمە باوبوە.

 

بێکەس کاتێ هانى مرۆڤەکانى ئێمەش دەدات، کە چاو لە ئەوروپا بکەین، کە چۆن پاپایان تەمێکردو دەستیان دایە عیلمو فەن، تا بێتەلو کەشتى دروست بکەن، مەبەستى بوە ئەو پەیامە بگەیەنێت، کە ئێمەش چاو لە پێشکەوتنەکانى ئەوان بکەینو گرنگی بە پێشکەوتنوزانستو زانیاری بدەین.واتە ناڕاستەوخۆ،هەوڵی نەهێشتنى کاریگەریەتى ئایین بە سەر هزرو تێگەیشتنى مرۆڤەکانەوە دەدات. ئاگاداربوون لە ڕووداوێکى مێژووییو گرنگى وەک تەمێکردنى پاپا لە جیهاندا،دەریدەخات کە فایەق بێکەس شاعیرێکى هوشیاربوەو ئاگاداری وەرچەرخانە مێژوویەکانى سەردەم بوە. دواجاریش هەوڵی گواستنەوەى ئەو گۆڕانکاریانەى داوە،بۆ نێو کۆمەلگەى کوردی.چونکە ئامانجى بێکەس لە دەرخستنى ئەو گۆڕانکاریە مێژووییو ژیاریانەى خۆر ئاوا، هەرتەنها ئاماژە دانێکی مێژوویی نییە.بەڵکو هەوڵێکیشە بە ئاراستەى هوشیار کردنەوەى تاکی کورد،لە پێناو بەرەو پێشچوونو کرانەوەى زیاتری کۆمەلگو دەرچوون لە ژیانى دواکەوتوو دۆگماییانەى مرۆڤەکان.

 

بێکەس لە بەشێکى زۆری شیعرەکانیدا، هزر دەکاتە بنەماى پەیامى شیعریو لەوێوەش ئاراستەى تاکەکانو کۆمەلگاى دەکات. شاعیر دەزانێت، بێ هوشیاربوونەوەى تاکەکان، کۆمەلگە هوشیار نابێتەوە. بۆیە هەموو پەیامو گوتارێکى ڕوەو تاکەکانە، بە ئامانجى ئەوەى چاو لە خۆر ئاوا بکەنو سوود لە زانستو داهێنانەکانى ئەوان وەربگرن.شیعرەکانى بێکەس،ڕەنگدانەوەی ئەوقۆناغەیە، کە شاعیر تیایدا ژیاوە.بەڵام ڕەنگدانەوەیەک،کە دیدگایەکى ڕەخنەیی لە پشتەو بێکەس هەوڵی ئەوەی داوە،ڕەخنەى هەموو ئەو دیاردە دواکەوتوە سیاسیو کۆمەڵایەتىو ئایینیانە بکات، کەلەو هەڵومەرجدا،بوونەتە بەربەست لە بەردەم پێشکەوتنەکانى کۆمەلگاى کوردیدا.ئەودیاردانەى کە بەداخەوە، تاکو ئێستاش بە شێکیان لە نێو کۆمەلگەى کوردی ماوە.ئێمە کاتێ بیرو هزری بێکەس وەک شاعیرێک بەراورد دەکەین، لە گەل زۆرێک لە مرۆڤەکانى ئەو سەردەمە مۆدێرنو پێشکەوتوو تەکنەلۆژیایە، دەگەینە ئەو باوەڕەى بێکەس لە بەشێکى زۆری مرۆڤەکانى ئەو سەردەمەی ئێستامان پێشکەوتوتر بوە. ئاخر ئەو هەفتا ساڵ لەمەوبەر،باسی فڕێدانى پەچەمى شەرمو یەکسانى نێوان نێرومێ دەکات. لە کاتێکدا بەهەزاران کەس لەو سەردەمە نەک هەر بڕوایان بە یەکسانى نێوان ژنو پیاو نییە، بگرە ژن وەک هاووڵاتى پلە دوو دەبینن. ئایا بێکەس لەوانە پێشکەوتوتر نەبوە؟ بێکەس بەرلەوەى شاعیرێک بێت، ڕووناکبیرێکى سەردەمى خۆی بوە. شاعیرێک بوە، دیدێکى ڕەخنەیی، لە جیهانبینی شیعریانەو، گوتاری شیعرەکانى دەبینرێت. گوتارێک کە هەوڵی ڕاستکردنەوەى کێماسیەکان، بە ئامانجى پێشکەوتنو گەشەکردنی زیاتری تاکو کۆمەڵگە، هاوکات ڕەخنە گرتنى دیاردە دواکەوتووەکان، کە دەبنە بەربەست لە بەردەم پێشکەوتنى کۆمەڵگادا دەدات. تێڕوانینى بێکەس وەک شاعیرێک، بۆ دیاردەکانى ژیانو بوون لە زەمەنو شوێنى خۆیدا، تێڕوانینى هزریو ڕەخنەیین. تێڕوانینێکن، هانى کۆمەڵگە دەدات، ڕوەو پێشکەوتنو دوورکەوتنە لە هزری چەقبەستووییو دواکەوتووی کۆمەڵگە، کە سەرچاوەى نە خۆشیە کۆمەڵایەتىو پەروەردەییەکان بوە،لەو سەردەمى کە بێکەس وەک مرۆڤێکوشاعیرێک تیایدا ژیاوە...


sadiqrwandze@yahoo.com
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک