په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٥\٢٠١٠

شکاندنى پێنووسه‌کان بەردەوامن و دەستە لەرزیووەکانیش ناوەستێنرێن.


گەرمیانى حەى پوور


شکاندنى قەڵەمەکان بەردەوامن و دەستە لەرزیوەکانیش ناوەستێنرێن، سەیرە! لە هەرێمێکدا سەرۆک خەڵاتى بەرقەرار کردنى ئازادى ڕۆژنامەنووسى و ڕاگەیاندنى پێ دەبەخشرێت، هەمان ڕۆژ دەمى لاوێکى بوێر و چاو نەترس لە سەر ووتنى ڕاستى و ڕادەربڕین پڕ گوللە دەکرێت؟!


"ئێمە چاوەڕوانى بەسزا گەیاندنى بکوژانى سۆرانى مامەحەمەو و عەبدولستار تاهیر شەریفمان لە دەسەڵات دەکرد خوێنى سەردەشتیشی لە پایتەختى هەرێم هاتەسەر".


مرۆڤ نازانێت لە کوێیوە نوکى قەڵەمەکەى بخاتە سەر کاغەز و لە کوێوە دەست پێ بکات؟و بەرەو کوێى ئاراستە بکات و چی بنوسێت و ڕووى نوسینەکانى لە کێ بکات؟


تیرۆرکردنى ڕۆژنامەنووس و خوێندکار سەردەشت عوسمان هەموومانى بەجۆرێک توشى شۆک کردووە کە بۆ خۆشمان نازانین، چۆن ئەو وشانە ڕیز بکەین کە بەو بۆنەوەى دەر ببڕین؟


ئاخر لە وڵاتێک کە لافى بەرقەرار بوونى ئازادى و ڕادەبڕین لێدەدات، هەرێمێک خۆى بەنمونەى هەرێمەکان و فەراهەم کەرى ئازادى ڕادەربڕین و ئازادى ڕاگەیاندن پێناسە بکات، وڵاتێک خاوەنى جووتێک ئاسایش و جووتێک دەزگاى هەواڵگرى و جووتێک دام و دەزگاى پۆلیس بێت، وڵاتێک بەشانازییەوە خۆى بەئاگادار خشەخشى مێش و مێشوولە بزانێت، هەر لەبەر ئەم هۆیانەش سەرۆکى هەرێمەکەت خەڵاتى درعى ڕۆژنامەوانى وەربگرێت!


ئاخر سەیر نییە لە وڵاتێکى وادا بە وەحشیگەرانەترین شێوە دەستێکى لەرزۆکى ترساو لە ئازادى و نغرۆ لەگەندەڵى و تەعەداو تاوان و کارى نائەخلاقیی، قەڵەمێکى ئازاو ئازاد و بوێر لە کار بخات!؟؟


ئەى باشە ئاخر کێ لە پشت ئەم کارانەوەیە؟


کێ سۆرانى مامەحەمەى کوشت؟ باندێکى تیرۆریستى بوون و وەکو ئاو بەزەویدا چوون و کەس نەیزانى چییان بەسەرا هات؟ یان بەدەست خۆشییەوە لەناو دڵى دەسەڵاتدارانى لەمەڕ خۆماندا هەڵگیران و پارێزران؟


ڕفاندنى سەردەشت لە بەردەم کۆلێژەکەى خۆیدا و بە ڕۆژى نیوەڕۆو بەبەرچاوى هەموو خوێندکاران و پاسەوانەوە چیمان پێ ئیژێت ؟!


تێپەڕاندنى گەنجێک لە حەوت بازگە کە کەروێشکى بێ پشکنین لێ دەرباز نابێت چیمان پێ ئیژێت؟!


بۆچى پۆلیسی هەولێر لە برى بەدەمەوە چوونى سکاڵەکەى سەردەشت پێی ڕابوارد و گرنگى پێ نەدا و هەر بڕواى پێ نەکرد تا ئەو کاتەى تەرمەکەیمان بۆ هێنرایەوە؟


ئەمە چیترمان پێ ئێژێت جگە لە ڕێخۆشکەرى دەسەڵات بۆ شکاندنى قەڵەمى ڕۆژنامەنوویان و خنکاندنى ئازادییەکان؟


ئایا ئەمە چی ترمان پێ ئێژێت جگەلەوەى کە دەسەڵات ڕاستەوخۆ لە پشت ئەو کارە تیرۆریستانەوەیە؟


کارەساتەکە هێندە شەرم هێنەرو ناخ هەژێنە نازانین خۆشمان چۆن و باسى چی دەکەین؟!


ئەوەندە هەیە کە ئە بێ ڕاستییەک بزانین، ئەویش ئەوەیە کەە ئیتر ئەبێ لە غیابى توانى هێزەکانى پۆلیس و ئاسایشداو لە غییابى نەتوانینیاندا بۆ ڕێگرتن تەنانەت ڕێخۆشکردن بۆ کارى تیرۆرو تۆقاندن و کوشتنى بەبەرنامە لە برى قەڵەم دەمانچە هەڵبگرین، چونکە هەر یەکە لە ئێمە لە ئێستاوە بۆ خۆمان ئەبێ چاوەڕێی مەرگ بین و یان ئەبێ سۆران و سەردەشت و عەبدولستار بین، یان ئەوەیە وەکو دەستەمۆکانى خۆیان دەستەمۆو زوڕنا ژەن و دەهۆڵ لێدەریان بین، یان دەبێ بڕۆین و وڵاتیان پێشکەش بکەین چۆن بەکارى دێنن و دزى دەکەن و گەندەڵ دەبن و چۆن دەستیان بە هەموو لایەنەکانى ژیان لەم وڵاتەدا دەگات.


کاکە سەردەشت... ئەو ئازادى و دیموکارسییەى کە دەسەڵاتدارانى وڵاتەکەت شانازییان پێوە دەکر بە شەهید کردنى تۆ و لە کارخستنى قەڵەمەکەت چۆن ڕووى ڕەش بووە، خۆت لە نامەکەتدا شتێکى جوانت وتووە، تۆ خاڵێک دادەنێیت بەڵام ئەو کاروانەى تۆ خاڵى کۆتایی نییە، هەروەک چۆن دواى سۆران و عەبدولستار تۆ درێژەت پێداو لە ئاشکراکردنى کارى گەندەڵى و نائەخلاقى و تاوانى میلیشیاکانى ئەم وڵاتە سڵت نەکردەوە کە مەرگى خۆت چاو لێ بوو، ئەوە دڵنیابە ئێمەش هەر درێژە پێدەرى هەمان ڕێگاین. ئەمڕۆ تۆ بوویت، باکمان نییە لەوەى کە سبەى کێمان هەمان چارەنووسمان دەبێت.

 

 

ماڵپه‌ڕی گه‌رمیانی حه‌مه‌ی پوور