٢٥\١١\٢٠١٥
شیکارییەک لەسەر
ئازادکردنەوەی شنگاڵ.

جیهاد محەمەد
شنگاڵ، ئەگەر شوێنگەو شاری ژیانی ئێزیدیەکان نەبوایە، کە بە کولتووری
ئیسلامیی پێیان دەوترێت(غەیرە دین)، ئێستا دەبوو بە شارێکی گەورەی جوانو
رازاوەی کوردستان. بە درێژایی مێژووی شەڕی ئیسلامو پەلاماردانو
داگیرکردنی عێراقو کوردستان لە لایەن داگیرکەرانی ئیسلامییەوە، ٧٤ جار
ئێزیدیەکان پەلامار دراونو ھەوڵی پاکتاوکردنییان دراوەو کۆمەڵکوژ
کراون. بە پێی ناساندنو سەلماندنی پێوەری رێکەوتننامەی ١٩٤٨ی نەتەوە
یەکگرتووەکان ھەموو پەلامارو ھێرشەکان بۆ سەر ئێزیدیەکان دەچێتە خانەی
جینۆسایدەوە. یەکەم پەلاماردانو ھەوڵدان بۆ پاکاتاوکردنی ئێزیدیەکان
لە ١٧ حەڤدەی کۆچی سەردەمی خەلیفەی دووەمی ئیسلامی عومەری کوڕی
خەتابەوە دەستپێکردووە.
ئێزیدیەکان بەم پەلاماردانو ھێرشکردنەکان بۆ سەریان دەڵێن "فەرمان"،
کاتێک ھێرش دەکرێتە سەریان دەڵێن "فەرمان"درا.
جوانترینو بە مۆراڵترین خەسڵەتی ئێزیدیەکان لە گێڕانەوەو باسکردنی یەک
بە یەکی"فەرمانەکان"، واتە ئەو ھێرشو پەلاماردانانەی کراوەتە سەریان
وتنی راستیو قسەکردنیانە بە دۆکۆمێنتو سەلماندنی ئەو ھێرشانە بە
توێژینەوەو لێکۆلێنەوەی ورد. ئێزیدیەکان خۆیان تا ئێستاش لەبەر ئەوەی
ناتوانن ھێرشەکانی ژمارە ١ تا ژمارە ٦ بە دۆکۆمێنت بسەلمێنن، بۆیە لە
ھێرشی ژمارە ٦ەوە دەستپێدەکەن.
یەکێکی تر لە خەسڵەتی ئێزیدیەکان، ئازایەتییانە. کەمینەیەکی کەم لە ناو
زۆرینەیەکی زۆری ئیسلامییدا، کە بەردەوام لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەم
زۆرینەیەوە ھێرشکراوەتە سەریانو ویستوویانە بە زۆر بیانکەن بە موسڵمان
یان بیانتوێنەوە. بەڵام گەورەترین بەرخۆدانیان کردوە. ھەر بەم بەرخۆدان
و ئازیەتیەشە، کە تا ئێستا توانیویانە بمێننەوەو پارێزگاری لە
بیروباوەر دینییەکەی خۆیان بکەن.
ئێزیدیەکان بەوە بە ناوبانگن، کە بە ھیچ جۆرە پلەو پایەیەکی دەسەڵاتو
دەوڵەمەندیو قازانجی ماددی لە دینەکەیان وەرنەگەڕاوانو بەردەوام بوون
لە سەر بیرو باوەڕە دینییەکەی خۆیان. نە ھەڕەشەوگوڕەشە نە قازانجی
ماددیی کاریگەریی نەبووە لە سەریانو پەشیمانی نەکردوونەتەوە لە
بیروباوەڕە دینییەکەیان بۆ قبوڵکردنی دینێکی تر.
ئێزیدیەکان لە نێو ئەم زۆرینە ئیسلامییەداو لە ژێر ئەم ھەموو
تووندوتیژیی و زەبەروزەنگەی بەرامبەریان
کراوە دەیان کەسی بە تواناو توێژەر و لێکۆڵەرو ئەکادیمییو زانستیان
تیا ھەڵکەوتووە. ھەموو توێژنەوەو لێکۆلێنەوەکانی لەسەر ئێزیدیەکان
کراون زیاتر ئەو توێژینەوەو لێکۆڵینەوەانە بووە کە کەسە ئەکادیمییو
زاناکانیان کردوویانە. بەڵام ھەروەک بەشێک لە گەلی کوردو کۆمەڵگا
رۆژھەڵاتییەکان ئێزیدیەکانیش تا ئێستا کولتووری خێڵو داخراوی لە رووی
کۆمەڵەیەتییەوە بەسەریاندا زاڵە، رەنگە بە
ھۆکاری ئەو چەوساندنەوەو ستەمە دینییەی کە لێیان دەکرێت زۆر جار ئەم
کولتوورە داخراوە کۆمەڵایەتییە زیاتر زەقتر بێت بە بەراورد بە کۆمەڵگا
ئیسلامییەکانی دەوروبەریان. بێ گومان بەشێکی ئەم کولتوورە زەقەش
دەگەڕێتەوە بۆ ترساندنیان لە توانەوە، بۆیە ھەمیشە لە ھەوڵی ئەوەدان کە
لە ھەموو روویەکەوە بەرخۆدان بکەنو پارێزگاری لە خۆیانو بیروباوەڕە
دینیەکەیان بکەن. ھەر ئەمەش وایان لێ دەکات کە ژنو ژنخوازی لەگەڵ
دەوروبەریاندا نەکەن، لەگەڵ ئەوەی پێوەندی کۆمەڵایەتیو بازرگانێتیان
لەگەڵ دەکەن. بەڵام بە حوکمی کەمینەیی ئەمانو دانانیان بە (غەیرە دین)
وەک عەیبەو دواکەوتووی لە لای موسڵمانەکانەوە، ژنو ژنخوازی و
خۆشەویستیو عەشقکردن لەگەڵ موسڵمانەکاندا لە لایان عەیبەیەکی گەورەیە.
ھەروەک چۆن لایان شەرمە کچەکانیان خۆشەویستیو عەشق بکەن لەگەڵ کوڕە
موسڵماندا بە ھەمان شێوە خۆشەویستیو عەشقکردن بۆ کوڕەکانیشیان لە گەڵ
کچە موسڵماندا لایان عەیبەو شەرمە. بەڵام لای موسڵمانەکان، چونکە دینی
زۆرینەنو دەسەڵاتداران، بۆیە لایان ئاساییە ئەگەر کوڕە موسڵمانەکان
عەشقو خۆشەویستیو ھاوسەرگیرێتی لەگەڵ کچە ئێزیدیەکان بکەن، بەڵام
موسڵمان بوونی کچەکە دەکەن بە مەرج. بەڵام بە ھیچ جۆرێک ئیسلام قبوڵی
نییە کچە موسڵمانێک ھاوسەرگیرێتی لەگەڵ کوڕە ئێزیدییەک یان ھەرچ غەیرە
دینیەکی ترد بکات، تەنھا لە حاڵەتێکدا کە کوڕە نا موسڵمانەکە قبوڵی
بکات ببێت بە موسڵمان.
ئەگەر کچێکی موسڵمان خۆشەویستی لەگەڵ کورێکی ئێزیدیدا بکات، دەبێت بە
عەیبەو عار بۆ خۆیو بۆ کەسوکاری، ئەم عەیبو عارە، ئەم رازینەبوونە
کە زۆر جار دەبێت بە ھۆکاری کوشتنی کوڕە موسڵمانەکە، یان بە تەکفیکردنی
و لە دین وەرگەڕانی. ئەم حاڵەتی کوشتنو تەکفیرکردنە لە ناو
موسڵمانەکانداو لای دینی ئیسلام بە ئازایتیو جوامێرێتی وەردەگیرێت.
بەڵام ئەگەر خێزانی ئێزیدییەک دژی ئەوە بێت کە کچەکەیان ھاوسەرگیرێتی
یان خۆشەویستی لەگەڵ کورێکی موسڵماندا بکات، لە لای موسڵمانەکان ئەمە
بە دواکەوتوویی دەخوێنرێتەوە. ئەمەش بەو واتایە دێت کە موسڵمانەکان
خۆیان بە پێشکەوتووترو دینەکەیان بە دینێکی دادپەروەرترو ئینسانیتر
ئەژمار دەکەن بە بەراورد بە ئێزیدیەکان. لەگەڵ ئەوەی بە پێی
پرینسیپەکانی مافی مرۆڤو ئازادییەکان، ئێزیدیەکانیش وەک کۆمەڵگەیەکی
دینیی تایبەت بە خۆیان، مافی خۆیانە، کە خۆیان بپارێزنو ھەر بەم
پێوەرش کەس لە کەس زیاتر نییە، ھیچ دینێکیش لە ھیچ دینێکی تر
پێشکەوتووتر نییە، بەڵکو پێشکەوتووییو سەردەمیی بوون کۆمەڵە پرنسیپێکی
مرۆییە، کە بەھا مرۆییەکان پێوەرە بۆیان، نەک بەھای دینیی، بۆیە
جیاوازە لە پرنسیپو بیروباوەڕی دینیی.
بە پێی ئەو کۆنفرانسو کۆنگرەو توێژینەوەو لێکۆڵینەوانەی کراوە لە سەر
جینۆسایدی ئێزیدیەکان، ھیچ دەسەڵاتو حکومڕانییەکی ئیسلامی لە ھەرچ
بارودۆخو مێژوویەکدا بووبێت، یان ئەگەر حوکمڕانییەکە بە دەست
سەفەوەیەکانو عەجەمو فارسەوە بووبێت یان بە دەست سونیەکانو
عوسمانیەکانەوە بووبێت، جیاوازییان نەبووە لە تێروانینیان بۆ
ئێزیدیەکان، ھەموویان بەردەوام ویستوویانە بە زۆر بیانکەن بە موسڵمان
یان پاکتاویان بکەن. لە ھەموو سەردەمەکاندا لە لایەن حکومڕانە
ئیسلامییەکانەوە ھێرشکراوەتە سەریان. بە نموونە لە لایەن ئەم کارەکتەرە
فەرماندەییە جیاوازانەوە تاوانی جینۆساید دژی ئێزیدییەکان کراوە:
"عومەری کوڕی خەتاب، سوڵتان عوسمانی سلێمان خان، فەرمانی عەلی پاشا جا
نیولاد، ئەمیر ئەردەڵان خان ئەحمەد خانی سەفەوی، قارجی قای خان سەفەوی،
ئەحمەد پاشا والی دیاربکر، والی وان شەمسی پاشا، والی دیاربکر بەکر
مستەفا پاشا فیراری بە بریاری پاشای عوسمانیەکان، کابلان پاشای
عوسمانیەکان، حەسەن پاشا والی بەغداد، حسەن پاشا والی دووەمی بەغداد،
ئەحمەد پاشا والی بەغداد، حەسەن پاشا جەلیلی والی موسڵ، نادر شا پاشای
سەفەوییەکان، سلێمان پاشا ئەبی لیلی والی بەغداد، مەحمەد ئەمین پاشا
جەلیلی والی موسڵ دووجار لە ماوەی حکومڕانیدا، والی موسڵ پارساڵ عەساکر
لەگەڵ کوڕەکەی سلێمان پاش، سلیمان پاشا جەلیلی والی موسڵ، سلێمان پاشا
جەلیلی بۆجاری دووەم، والی موسڵ عبدلباقی پاشا جەلیلی، والی موسڵ
مەحمەد پاشا جەلیلی، بۆ جاری دووەم مەحمەد پاشا جەلیلی، بۆ جاری سێیەم
والی موسڵ مەحمەد پاشا جەلیلی، والی بەغدا سلێمان پاشای گەورە، بۆ جاری
دووەم سلێمانی پاشای گەورە، عەبدولعەزیز ال شاری یەکێک لە پیاوەکانی
والی بەغداد سلێمان پاشای گەورە، ئەمیری بادینان قوباد بەگ، بۆجاری
چەندەمین مەحمەد پاشا ئەل جەلیلی، والی بەغداد عەلی پاشا، عەلی پاشا بۆ
جاری دووەم، ئەمیری بادینان بۆ جاری دووەم، والی نەعمان پاشا جەلیلی،
بۆ جاری دووەم والی موسڵ نەعمان پاشا جەلیلی کوڕی پاشا سلێمان، والی
بەغداد سلێمان پاشای بچوک، ئەحمەد پاشای جەلیلی، والی بەغداد والی
بەغداد، مەحمەد پاشا ئینجە والی موسڵ، والی دووەمی موسڵ مەحمەد پاشا
ئینجە پیر قەردار، بۆ جاری چەندەمین والی موسڵ مەحمەد پاشا ئینجە
پیرقەردار، والی موسڵ عومەر شا، حافز شا، مەحمەد رەشید شا وەک
کاراکتەری فەرمانەکانی " ٥٠، ٥١، ٥٢، ٥٣، ٥٤"، فەریق عومەر وەھبی پاشا،
بەکر پاشا، والی موسڵ ئەسعەد پاشا دەرزی، قایمقامی شنگال "حاجی
ئیبراھیم بگ ناسراو بە "حاجی ئیبراھیم پاشا"، کە سەرپەرشتی و بەشداری
ھەبوە لەم فەرمانانە "٥٩، ٦٠، ٦١، ٦٢، ٦٣، ٦٤، ٦٥، ٦٦، ٦٧، ٦٨، ٦٩، ٧٠،
٧١، ٧٢"، لە فەرمانی "٧٣"دا فتوای ئافرەتانی بەناو لادەرو حەڵاڵ کردنی
خوێنی ئێزدییەکان لە سەر دەستی توندڕەوە ئیسلامیەکان لە ساڵی ٢٠٠٧،
دوایەمین فەرمانیش وەک لە سەرەوەش ئاماژەمان بۆ کردووە، ٣-٨-٢٠١٤ لە
سەردەستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام "داعش" بە سەرکردایەتی "ئەبوبەکر
بەغدادی"، کە چیرۆکە دیکۆمێنتارییەکانی لێرەوە دەست پێدەکەن، بەشێک لە
تاوانەکانی دوو توێی ئەم فەرمانە یان بڕیارە، لە کوشتنی بە کۆمەڵ و
رفاندنی کچ و ژنانی ئێزدی و تاڵانکردنی سەرەوەت و سامانەکانیان،
داگیرکردن وبەتاڵانبردنی ماڵەکانیان، فرۆشتنی کچ و ژنەکانیان و ھتد".
لە کتێبی جینۆسایدی ئێزیدیەکان، نووسەرو توێژەر داود موراد خەتاری، و.
تاھا سڵێمان، وەرگیراوە.
لە دوای روخانی سەدام حسەینو رژێمە فاشستەکەیەوە چەندین جار
ئێزیدیەکان پەلامار دراونو کۆمەڵکوژ کراون، کە دوا کۆمەڵکوژییان بە
فەرمانی خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی/عێراق شام(داعش) بوو. گەورەترین ھیرشو
پەلاماری دڕندانە کرایە سەریان کە بە ھەزاران کچو ژنیان لێ کردن بە
کەنیزەو بە پێی شەرعی ئیسلام حەڵاڵیانکردنو کرینو فرۆشتنیان بە
ئاشکراو بە گرتەی ڤیدیۆیی بۆ سوکایەتیکردن بەم نا موسڵمانانەوە کرد.
لە ڕاستیدا ھیچ کام لە دۆکۆمێنتو تویژنەوەو لێکۆڵینەوەکان، ھیچ کام لە
شاھید حاڵەکان چ ئێزیدییەکان یان کەسانی تری غەیرە ئێزیدی، ئەوەی نە
سەلماندووە کە ئەم ھیرشو پەلاماردانانە بۆ سەر ئێزدییەکان بە ھۆکاری
کوردبوونیانەوە بێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە ھۆکاری سەرەکی
قبووڵنەکردنییان بووە بۆ دینی ئیسلام. لەگەڵ ئەوەی کورد بوونو نەتەوەو
گەلی کورد لە ھەر چوار پارچەکەی کوردستاندا موسڵماننو دینی ئیسلامیان
کردووە بە دینی فەرمی خۆیان، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ھەموو حوکمڕانەکانی
عێراقو ئێرانو تورکیاو سوریا دژایەتی کوردیان کردووە لە روانگەی
نەتەوە پەرستییەوە نەک لە روانگەی دینییەوە چونەک زۆرینەی کوردیش
ئیسلام دینی فەرمییان بووە. بەڵام ھێرشکردنە سەر ئێزیدیەکانو
پاکاتاوکردنیانو کۆمەڵکوژ کردنییان ھەر لە سەرەتاوە تا داگیرکردنی
ناوچەکەیانو شنگال کە شارێکی گەورەی ئێزیدی نشینە لە ٣/٨/٢٠١٤ ە بە
دواوە بە فەرمانی خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق/شام(داعش)، کە بە
ھەزاران پیاویان لێ کوشتن، بە سەدان ژنو کچیان لێ داگیرکردن، ھەموو
ماڵو موڵکو سەرەوەتو سامانو کێڵگەکانیان داگیرکردن. ئەم تاوانە
گەورەیە لەبەر کوردبوونی ئێزیدیەکان نەبوو، بەڵکو لەبەر ئەوە بوو کە بە
(غەیرە دین) لە ناوچەکدا دادنەرانو ویستیان بە زۆر بیانکەن بە موسڵمان.
لە رقو کینەی دینییەوە بوو. ئەگەر ئێزیدیەکان خۆیان بە کوردیش
دانەنایەو بەشێک نەبوونایە لە نەتەوەو گەلی کورد ھەر ھەمان تاوان دەکرا
بەرامبەریان. ھەروەک چۆن بەرامبەر بە مسیحییە عەرەبەکانو سائیبییەکان
دەکرێت. ھەروەھا ئەگەر دەسەڵاتێکی ئیسلامیی کوردیی لە سەر حوکم بێت لە
کوردستاندا، ئەوە ھەمان ھێرشو پەلاماردان بەرامبەر بە ئێزیدییەکانو
کەمینە دینییەکانی تر دەکرێت. مەسەلەی جینۆسایدی ئێزیدییەکان لە
عەقڵێتێکی سیکتاریزمیی دینییەوە ھاتووە.
ئێزیدییو کاکەییەکان، لەگەڵ ئەوەی کوردن، لەگەڵ ئەوەی بەشدارییەکی
بەرچاویان کردووە بە گوێرەی کەمینەیی خۆیان لە شۆرشی رزگاریخوازی گەلی
کوردا، کەچی ئەگەر کوردێکی ئێزیدیی یان کاکەیی بەرپرسیارێتییەکی دیار
وەک پارێزگار یان قایمقامو سەرۆکی ئەنجومەنی شارێک یان سەرۆکی
پەرلەمان وەربگرێت لە کوردستاندا، مەلاکانی کوردستانو تووندرەوە
ئیسلامییەکان دەکەونە دژایەتیکردنیان. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ھۆکارەی
کە دینی ئیسلام دیموکراتییەت قبوڵ ناکات.
کەچی بۆ ئازادکردنی شنگاڵ، لە لایەن ھێزەکانی پێشمەرگەو یەکێتیو پارتیو
گەریلاو پەیەدەو ئێزیدییەکان خۆیانەوە، ئەم ئازادکردنە بەرگێکی
نەتەوەیی دەکرێت بەبەردا. ئەم ھێزە کوردییانە لە پێناوی بازرگانێتی بە
"کوردایەتییەوە" ھەوڵ ئەدەن کە ئازادکردنەوەی شنگال بکەن بە کەڕنەڤاڵی
ئاڵای کوردستان. لە پێناوی ئەم "کوردایەتییەشدا" خۆیان لە نێوان
خۆیاندا دەکەونە شەرێکی نەگریسو نەخوازراوەوە. لە راگەیاندنەکانیاندا
ئازادکردنەوەی شنگال بە "کۆنترۆڵکردن" ناو دەبەن. ئەم کێبڕکێیە لە سەر
ئازادکردنەوەی شنگاڵو ناوچەی ئێزیدیەکان بە ناوی "کوردایەتییەوە"
جارێکی تر پێشێلکردنی مافی ئێزیدیەکانە بە زەقکردنەوەی مەسەلەی
نەتەوەییو کوردایەتییەوە. بە واتایەکی تر گروپە گەورەکە، کە نەتەوەیە
گروپە بچکۆلەکە قوتدەدا. خۆ ئەگەر ئێزیدیەکان کورد نەبونایە، ئەوە ھیچ
ھەوڵێک نەدەدرا بۆ ئازادکردنەوەیان، کەواتە مەسەلەکە کوردبوونیانە نەک
ئازادکردنیان لە ژێر زوڵمو زۆرو تاوانی سیکتاریزمیی دینیی. بەھا دینییو
کۆمەڵایەتییەکەی ئێزیدیەکان پێشێل دەکرێتو ئەو تاوانانەی بەرامبەریان
کراوە پشتگوێ دەخرێتو ناو دەنرێت بە تاوانی نەتەوەیی. ئێزیدیەکانو
ئازادییان لە ناوچەکەی خۆیاندا بۆ ھەڵبژاردنی دینەکەی خۆیان ون دەکرێت
لە نێو گیانی کوردبوونو نەتەوەییدا. ئەم ون بوونەی مافی ئێزیدیەکان بۆ
ئازادکردنەوەیان، و ئەو دەنگە دەنگو ھەراو ھوریا حیزبایەتییەی بە ناوی
"کوردایەتیەوە" دەکرێت، ئەوە دەگەیەنێت کە ئێزیدیەکان ھەمان ترسی
جینۆسایدیان لەسەر دەمێنێت. دەبوو بەو واتایە شنگاڵ ئازاد بکرایەتەوە
نەک کۆنترۆڵ! کە پێکەوە ژیان لە نێوان موسڵمانو ئێزیدییو دینەکانی
تردا لە سەر بنەمای ئازادی بیروڕا پێکبھاتایە. ھەڵبەت پێکەوە ژیانی
راستەقینە دەبێت ھەموو گۆشەیەک بگرێتەوە، واتە لە سەر بنەمای ئازادی
دینییو ئازادیی نەتەوەییو ئازادی تاکە کەسییو مافی مرۆڤ دروست بێت.
بەڵام کاتێک تەنھا مەسەلە نەتەوەییەکان زەقدەکرێنەوە ئیتر شتێک نامێنێت
بۆ باسکردنی ئازادیو مافی ئێزیدییەکانو سەربەخۆییان لە ھەڵبژاردنی
دینەکەی خۆیاندا. بە پێی پێوەری دیموکراتیی، دەبوو ھەموو ھێزەکان
پێشوەخت رێکەوتنێکی سیاسییان بکردایە لە سەر ئەوەی، کە ئێزیدییەکان
شایستەی ئەوەن وەک دینو بیروباوەری تایبەتی خۆیان لە چنگی دەوڵەتی
ئیسلامیی عێراق/شان(داعش)ی درندە ئازادو رزگار بکرێن. ئەم رێکەوتنە
سیاسییە دەبوو بە بەڵگەیەکی زیندوو بۆ گەلی کورد، کە دیموکراتخوازەو
سیکتاریزمیی دینیی قبوڵ ناکات. کەچی ئەمە گۆڕدرا بۆ کێبڕکێی نێوان
حیزبەکان کە کامیان زیاتر کوردایەتیی دەکەن. شنگال و ئەو تاوانەی
بەرامبەر بە شنگال کرا بوو بە بازرگانێتی بە کوردبوونەوە. کە بێگومان
دیویکی تریشی سیاسەتو دەسەڵاتدارێتی سیاسییو کۆکردنەوەی دەنگو
قورخکردنی شنگالو خەڵکی ناوچەکەیە.
١٥\١١\٢٠١٥
ماڵپهڕی جیهاد محهمهد کهریم
_________________________________
هەموو بابەتەکان دەربارەی
''داعش'' لێرە ببینە:
www.emrro.com/dosyeydahish.htm
|