په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٩\٢٠١٦

شتێک لە مێژووی ئاوابوون.

سەباح رەنجدەر     

تێبینی:
ئەم نووسینە بیست و پێنج ساڵ پێش ئێستا، لەبارەی شیعری: شتێک لە مێژووی ئاوابوون - ی: (نەژاد عەزیز سورمێ) نووسراوە، لە ژمارە ( ٢)ی ڕۆژنامەی (ڕاپەڕین)دا، تشرینی یەکەمی ١٩٩١ بڵاوکراوەتەوە. لەبەر ئەوەی ڕۆژنامەکە زۆر ناوخۆیی بوو، لە شەقڵاوە دەردەچوو، بەشێوەیەکی دیاریکراویش دابەش دەکرا. دووبارە بڵاوکردنەوەی، بە لێزیادکردن و دەستکاری و جۆرێک سەرلەنوێ داڕشتنەوەی، بە پێویستییەک دەزانم بۆ پیشاندانەوەی تێڕوانینی سەرەتایی خۆم بۆ شیعر و شیعرییەت. ئەم خۆبوونییە فراوانترە لەوەی من لە بارەیەوەی دواوم. لە بنەڕەتدا یەک خۆبوونییە. بریتییە لە پەنجا پارچە، یان تابلۆ، بەڵام لە کاتی جیا جیادا نووسراون و کێشراون. لە ژێر سێ ناونیشاندا پێشکێش کراون. ھێزی شیعر و دەربڕین و شیعرییەت لە ھەر پەنجا پارچەکەدا لە یەک ئاستدان، بەڵام ھێزی ھارمۆنی و دەقئاوێزانی شێوەکاری لە بیست و پێنج پارچەی: (ئەزموون)دا بە ھێز و بەرجەستەترە لە دوو بەشەکەی تر.


١- ئەزموون: بریتییە لە بیست و پێنج پارچە. ساڵی ١٩٨٥ - ١٩٨٧ نووسراوە، لە گۆڤاری (ڕۆژی کوردستان)، ژمارە (٧٢)ی ساڵی ١٩٨٦ بڵاوکراوەتەوە.
٢- شتێک لە مێژووی ئاوابوون: بریتییە لە یازدە پارچە. ساڵی ١٩٨٩ نووسراوە، لە گۆڤاری (بەیان)، ژمارە (١٦٦)ی ساڵی ١٩٩٠ بڵاوکراوەتەوە.
٣- پەراوێز: دوو بەشە، بەشی یەکەم بریتییە لە پێنج پارچە. ساڵی ١٩٨٦ نووسراوە. بەشی دووەم بریتییە لە چواردە پارچە ساڵی ١٩٨٨- ١٩٨٩ نووسراوە، لە گۆڤاری (بەیان)، ژمارە (١٥٧)ی ساڵی ١٩٨٩ بڵاوکراوەتەوە.


کۆی ھەر سێ بەشەکە، ھەوڵێکن بۆ چوونە ناو جۆرە تاقیکردنەوەیەک لە شیعری نوێی کوردیدا، کە بە تێڕوانینێکی شێوەکاری نووسراوە: (عەبدوڵڵا سەڕاج) لە ژمارە (٦٨) ی حوزەیران و تەممووزی ١٩٧٨ی گۆڤاری (ڕۆشنبیری نوێ) بەناونیشانی: (میھرەجانی ڕەنگ و ھێڵ لە پێشەنگای نالی دا) ئەمەی وەک دیاردە و ڕووداوێک لە شیعری کلاسیکی کوردیدا ھێناوەتە بەر ھەست و بینین و لەمەی کۆڵیوەتەوە، کە (نالی) سوودی لە ھونەری شێوەکاری وەرگرتووە. ئەم ئەزموونەی نەژاد جیاوازە لە سوود وەرگرتن، بەڵکو بە جیھانبینیی شێوەکاری نووسراوە. گونجانی ئەم دوو چەشنەی پێشکێش کردووە، تاکو ئێستاش شەش پێشەنگای کۆلاژیشی کردووەتەوە. وەک ھاوگونجاندنی چەشن لە ماڵ و کتێبخانەکاندا ھەڵدەگیرێت و دەمێنێتەوە، ھەموو دیاردە و ڕووداوێکیش ڕووبەرێکی چالاکی تایبەتی خۆی ھەیە و تێیدا مەشق دەکات، بەڵام لە پاش بیست و پێنج پارچەی یەکەمدا ئەزموونەکەی تاڕادەیەک دەوەستێنێت و پەرەی پێنادات، تا وەک دیاردە و ڕووداوێک بناسرێت و تەماشابکرێت.


١\٩\٢٠١٦ - ھەولێر

 

*  *  *

(وەکو پەمۆ:
لە قۆزاخە و
لە مەکینە و
لە دار ھەنەیشدا دەژی
تا ئەوەی لە پەرداخێکیش نقوم دەبێ
دەریا ھەستێ ناگاتە گوێزینگانی.)

لە پەیوەندییەکی ڕاسەوخۆ و زۆر تایبەتدا، بەفریشم بە لووتکەی سەرفرازی و چاوی سپی و ھەمەڕەنگی دنیای تیشکداری نیشتیمان و نەتەوەم وەک لافاوی ژیلەمۆ و چپەی ناخ و لەرزەی گیان و کۆی ژیان دیوە و بۆیان دێمە خوارێ، بەتاسەیانەوە دەنووم بە نیازی خەونێکی دەستگیر. نیشتیمان و نەتەوەم، کەی لە واقیعێکی ھەمەڕەنگدا دەتانبینم، لێوتان باوەشێ خەندە و چێژی ماچ و زمانتان مژدەی پەیام بگەیەنێت.


تا ئەم کەسە تخلیتانەی ئەمڕۆ کەمێ بیر لە ڵێڵی ئێستایان بکەنەوە،‌ کە دوێنێ لە لاپەڕەکانی کتێبی کۆی ژیان و زەمینەی مێژوویییەوە خزان و لە زۆر بڵێیی قەڵەمدا نەشازی ھارمۆنی دەسمایەیانە. ئەوەی ھەڵە بکات دەبێ بڕوای بە سزاش ھەبێت. کەچی ئەم ڕووە ھەڵبزڕکاوانەی، کە یاخەی کراسی دەسەڵات بوون، ئێستا قەڵەمیان لە قەڵەمتراشی کاروانسەرا و کاروانەڕێ تیژ دەکەن، لاریش لەوەدا نییە قەڵەمە ساردەکان لە گەرمایی ھەقیقەت و کرۆکیجوانی ئەدەبدا دەتاوێنەوە، بەردەوامییان لە بوونی بێزراویان نەزۆکترە.

(ئاوێنەکان بە دیوارەوە شکاون..
ھەتاو ڕووتە، سایە بۆشە
پێینگانی کچی ئاسمان
داری حەسرەتی لێ ڕوواوە.)

ناخ پەرتکردن، کارە سەرەکییەکەت ڕووەو کزی و ئاوارەیی دەبات. ڕوونتر مەبەست دیار بکەین، لەبارترە ئەدیب لە کارە سەرەکییەکەی خۆیدا جێگۆڕکێ نەکات، چونکە ڕامان ناردن بەملاوبەولادا لە گرینگییەتیی کارە سەرەکییەکەت دادەشکێنێ و ناخت گران دەکات. بۆ وێنە، تۆ جووڵانەوەی شیعرێکی نوێبەخشت لە ڕامانتدا دەستەمۆ کردووە و ئەندازەی دوورییەکانت پێواوە و جەمسەرەکانت کۆکردووەتەوە، لە ھەمان تەوەری کات و شوێنی چرکەی نووسینی ئەم شیعرەی تێدا بەڕێوەی بۆ ماڵی نووسین. خەریکی وەرگێڕانی شیعرێکی، ئەم وەرگێڕانە، بەشێک لە بنەڕەتیی شیعرە نوێبەخشەکەی خۆت لەناو شیعرە وەرگێڕدراوەکەدا دەتوێنێتەوە. وەرگێڕیش ئەم دەقە ئەدەبییە وەردەگێڕێت، لەگەڵ ناخی خۆیدا لە چەند خاڵێکدا یەکگرتنەوەیەکی گیانییان نێوانە و بەشێک لە کارە زیندووە ھەستییەکانی قاڵبووی بەرزاییەکانی ڕامانییەتی.


بە ڕوویەکی تر، ئەو ئەدیبەی فرمێسکی چرای تێڕوانینی لە چەند کارێکی ئەدەبیدا دەڕژێنێ، بای ڕۆشنبیرییەکی کاریگەر بەروبوومی ڕەز و بێستانی ھەوڵەکانی دەخاتە لار و لەنجەی بەردەوامی، دەنا کارەکانی دەچنە خانەی ئەدەبی ڕۆژانە و ھەناسەی ئایندە لەدەست دەدەن و سەرەنجام، لە مێژووی داھێناندا ھەوڵ بەتاڵ دەمێنێتەوە و ڕوخسارێکی تایبەت بە خۆیان پەیدا ناکەن.


ئەم چەند ئاماژەیەم بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستمە، دەمەوێ و ویستوومە پەنجە ڕووناکی ئەم چەند ھێما جێگیرییانە بکەم ھەر لە سەرەتای خوێندنەوەم لا دروست بووە. شاعیری: (شتێک لە مێژووی ئاوابوون) لە چەند لکێکی تریش کار دەکات و ناخی بەم لایەنانەدا پەرت کردووە، بەڵام داھێنانی دیارە و تارمایی، گیانی زەرد نەکردووە و نیانیی داھێنانی ڕووەو ڕەنگڕێژتر سەردەخا بەرەو بڵندبوونەوەی خودی بابەتە کاریگەرەکان و تێکڕای جیاوازییەکانی ڕەگەزە پێکھێنەرەکانی گەردوون، کەواتە: حاڵ و باری خۆی بە دەستھێناوە و ناسیویەتی.


ئەمەش کۆکردنەوەیەکە، کەم پەنجەی نووسین دەتوانێت و توانیویەتی لە سێبەری فیکر و دەسەڵاتی داھێناندا ئەمانە کۆبکاتەوە و وەک داھێنانیش وەربگیرێت و لێکدانەوەی بۆ بکرێت:


١ــ شیعر
٢- کۆلاژ
٣ــ ڕۆژنامەگەری
٤ــ وەرگێڕان
٥ــ سەرنج و بۆچوونی ئەدەبی
٦ــ لێکۆڵینەوەی ڕۆژنامەگەری و ئارکیۆلۆژی.


*  *  *


ئەم خەسڵەت و خاسییەتانەی لە: (نەژاد عەزیز سورمێ)ی ئێمەدا دیار کەوتوون، بە ھەمان شێوە لە: (پۆل شاوڵ)ی عەرەبیشدا دیارن. ھەردووکیان ڕۆحی کۆمەڵگا و کولتووری خۆیان ناسیوە و مایەی دڵخۆشین و دەقەکانیان ئارەزووشکێنن. کەسی دووەم، کە خوێنەرە. دووچاری ڕامان و وردبوونەوەی گیانی و سەرسووڕمان دەکەن.


کە شیعرێکی جوان و نوێبەخش دەخوێنمەوە، لە خۆشییاندا چاوم زەوی نابینێ، ئەگەرچی شیعری جوانە و نوێبەخش لای من تەواوی زەوییە. ئەوکاتەی لە سینگی کۆشیعری: (تاڤگەی مەند - ١٩٨٧) دا ھەناسەی ئۆخەم خواردەوە، باری سەرنج و تێڕوانینم لە چەند لاپەڕێکدا گرد کردەوە، لەژێر ناونیشانی: (وێنەی مەند لە تاڤگەی مەند)دا، فلچە و پەڕەمووچی تواناداری ئێستێتیکیم لە شیعرەکاندا جووڵاندبوو، لە ھێڵی ئەم ڕاوە وردانە گەڕابووم، تیشکدانەوەی ئاوێنە و سێبەری فیکر و نموونەی ھونەری باڵای شاعیر بوون، بەڵام ئەفسووس دەف و دایەرەی ڕۆژنامەی: (ھاوکاری) و ھەفتەنامەی: (پاشکۆی عێراق)، چەرخی داپڵۆسیینیان خستەگەڕ و نەیانھێشت جووکە و نووکە بکات.

کێ تاڵاوی خوارد؟
کێ تاڵاوی خو؟؟
کێ تاڵاو..؟؟؟
کێ تاڵ..؟؟؟؟
کێ ت..؟؟؟؟؟
ک..؟؟؟؟؟؟؟


ئەم شیعرە ڕستەیەکی ئەماژەیییە. خۆی، خۆی دەخواتەوە. ئێجگار ئەندازەیی و شێوازییە. بە وریایی و ئاگاییەوە دۆخی ڕۆحی کۆمەڵگای کوردی و کوردستانمان وەک تەلارێکی نیشتەجێبوون لەناو شەڕی ناوەخۆدا پیشان دەدات، وردەکاری بیناسازی تێدا بەکارھاتووە، وردبوونەوەیە لە دیاردە و ڕووداوێک. دیارە و رووداوەکەش شەڕی ناوەخۆی شاخە، لە دەستپێکدا پرسیارە، پرسیار لە ناوێک، ( کێ تاڵاوی خوارد). لە پێکھاتەی شیعرەکەدا وشە وشە دەخواتەوە، لە کۆتاییشدا تەنیا وشەی (ک) دەمێنێتەوە، ھێمایە بۆ ناوی (کوردستان)، بە زمانی نھێنی وەڵامێکی ھێمنە بۆ پرسیاری دەستپێک.

(ئەوان تینی کوورەی دەفیو
ئێمە شەختە..
ئەوان گیا
ئێمەش بەرخی دوو باقەگیا...)

ئەمە ئاماژەیە بۆ برایەتی: (کورد و عەرەب)، لە دوو نیشتیمانی بەزۆر سەپێندراو و بەیەکەوە لکێندراودا. ھەم لە ئاستی مامەڵەی فیکری، ھەمیش لە ئاراستەی نیانی زمان و شیعرییەتدا، جیاوازە لەو برایەتییەی: (گۆران و لەتیف ھەڵمەت) لە دەقەکانی خۆیاندا وەک تەبایی و ھاوئاھەنگ و ھاوگونجاندنی ژیان باسیان کردووە.


دەقی: چیرۆکێکی برایەتی، دیوانی گۆران، محەمەدی مەلا کەریم، بەرگی یەکەم، چاپخانەی کۆڕی زانیاری عێراق، بەغدا، ١٩٨٠، ل:٣٢٠.
دەقی: داستانی برایەتی دوو ڕووبار، دیوانی لەتیف ھەڵمەت، چاپی یەکەم، چاپخانەی تاران، تاران، ٢٠١٤ ل: ٤٩٥.

(ئەوە ھەناسەدان نەبوو
ئەوە ڕمانی چیا بوو..
چەخماخەی ھەورەتریشقە و
فڕینی ھەموو چۆلەکە و کۆترەکانی دنیا بوو..
ئەوە ھەناسەدان نەبوو.)

ئەمەش خاڵی وشیارکردنەوە و ڕاگەیاندنی کارەساتی ھەڵەبجەیە، بەھایەکە بۆ یاخیبوون. شیعری کوردی بەری کارەساتی ھەمەجۆری نیشتیمان و نەتەوایەتیمان بووە. شیعریش لە ھەموو بار و سەردەمەکاندا وەک بوونێکی فیکری لە ئاست ڕووداوە دیار و نادیار و مەییوەکانی نیشتیمان و نەتەوەدا بوونی خۆی لە چوارچێوەی ئێستێتیکیدا نمایش کردووە.


بەشێک لە شاعیران، دەستەوەستان نەبوون لە ئاست ئەم بەگژداچوونە فیکرییەدا، بەھەمان شێوە شیعریش بەردی شوورەی سەنگەر بووە، ھەموو کات گوللەی دیکتاتۆر لەم بەردەدا سارد بووەتەوە و ملکەچ بووە. لەناو ئەدەبی ئێمەشدا چەند شاعیرێک ئەو بەردە بوونە، وەک: جەمیل ڕەنجبەر، دڵشاد مەریوانی، جەلالی میرزا کەریم، فەرھاد شاکەلی، شێرکۆ بێکەس، سامی شۆڕش، ڕەفیق سابیر، مارف عومەر گوڵ، ھەندرێن.....تاد، بەڵام بۆچوونی ڕەھای من ئەوەیە: فیکری داھێنەر لە ڕەوت و چوارچێوەی ناوەرۆکدا خۆی دەخەمڵێنێ، نەک لە بریق و باقی دروشمدا. شاعیری داھێنەر پابەندە بەکرۆکی داھێنان، پابەند نییە، نە بە کۆمەڵگا و نە بەسیاسەتی وڵاتەکەی. لە شێوە تایبەتییەکەی داھێناندا، داھێنان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە خزمەتی کۆمەڵگا و وڵات دایە.


(شتێک لە مێژووی ئاوابوون) ئەو مووچڕکەی دامێ، کە من لە شیعردا دەمەوێ و چاویشی پێ ڕوونکردمەوە، لە ناوەوەم ڕابمێنم و لە سنووری جووڵانەوەی پاڵەواندا، یەکانگیربوونی ئێستێتیکا و مانا و بنیاد و زمان ڕوونی ببینم.


١ــ وشەی ئاسایی و نیمچە باو، بەڵام ڕۆڵێکی تر بە وشە دەدا و ئەفسوونی پیت گوێ ئارام دەکات و شەپۆلی ئاوازیش پشوو بەچاو دەدات، زمان لەزەیندا پەروەردە دەبێ، شیعری بێگەردیش بە وشەی ناو ژیان دەنووسرێت و پەیوەندی و گونجاندنی نێوان وشە دەدۆزێتەوە و ھێز دەداتە وشە، ئەمە گرینگترین خاڵی بینینە بۆ داھێنان، ئەوەی بە وشەی ناو فەرھەنگان بنووسێت، ئەگەر تەمەنی نووحیشی ھەبێت و ژوورێک کتێب کەڵەکە بکات. تەنیا نووسین و خۆ بەفیڕۆدانە، داھێنان نییە.
٢ــ وێنەی ڕوون و تا ڕادەیەک ئاشکرا، بنیاد و کەش و ھەوای وێنەکان نادەستەمۆ و خورپەدار دەکات و شوێنی سەرەتای دەستپێکردن و سەرنجڕاکێشانی تێدا بە کراوەیی جێدەھێڵێت.
٣ــ شێوازی لە فۆرمێکی بێ گرێ و پێوانەیی، لە بەشەکانی وێنەدا چالاک و پڕ ھەست کردووە، سۆزێکی خۆشکراو بە بیریش خاسیەت و ڕژانی یەکەمیەتی.
٤ــ یەک گیانیی بابەت لە سەرەتای شیعردا تا کۆتایی سەرەداوی بابەت بەرنادا، تا بە خوێنەری دەگەیەنێ، ئەم کات سەرەداوەکە بۆ خوێنەری نموونەیی جێی دەھێڵێ.
٥- ھەندێک جار لە بەشێکی شیعرەکانیدا، نەرمی مۆسیقا جێگای وشە دەگرێتەوە، لە ھەندێک شوێنی تریشدا ئەفسوونی ڕەنگ ھەمان ڕۆڵ وەردەگرێت.
٦- درێژدادڕی و درێژکردنەوەی بابەت ھونەر نییە. شیعر لە پێویستی فیکر و شێوەدا کۆتایی پێدەھێنێ، درێژدادڕی دەق لەبار دەبات، لەخۆ پاراستن لە درێژبوونەوەی بابەتدا بەھرە و کارامەیی نیشان داوە، بەڵام لە ڕەوتی دەقدا ئاواز دووبارە دەکاتەوە. ئەم دووبارەکردنەوەی ئاوازەش یارمەتی ھەستی خوێنەر دەدات بۆ چێژ وەرگرتن.


ئەم چەند جووڵانەوە شیعرییە ھێمائامێزە ڕووی دیار و نادیاری کێشە سەرەکییەکانی داھێنان و پێویستییە نیشتیمانی و نەتەوایەتییەکانمانە:


ئا ــ ھێڵی داھێنان، شیعر و کۆلاژ.
ب ــ ھێڵی پێویستییە مێژوویی و ڕۆژانەیییەکان و ھێزی خۆڕسکی داھێنەر لە چرکە زۆر تایبەتییەکانی نووسین و بەرجەستەکردندا.


(شتێک لە مێژووی ئاوابوون)، ھەردوو ھێڵەکەی ھاوشان کێشاوە بۆ نادیارییەکی ئێستێتیکی و خۆی لەم خاڵ و ھەستە ئێستێتیکییەدا دووپاتکردووەتەوە، ئەوەی لە دووپاتکردنەوەکەدا گرینگ و دەرکەوتەیە پێداگرییە بۆ ئازادی سروشتیی ئەدەب.
 

٢٨\٨\١٩٩١ - شەقڵاوە
ماڵپه‌ڕی سەباح رەنجدەر
 


 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک