١١\٥\٢٠١٢
سیناریۆکانی
دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان
ئارامیی و
ئاسایشی ژیانی خەڵکی کوردستان دەشێوێنێ!
ئەوەی لە ھەولێر ڕوویدا، جێبەجێکردنی نەخشەی سیناریۆیەکی سیاسیی و
یارییەکی لەپێشدا داڕێژراوی دەسەڵاتداران بوو ھاوشێوەی ڕوداوەکانی
بادینان. دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان لە جیاتی وەڵامدانەوە بە ویست
و داخوازیەکانی خەڵک، دەیانەوێ بە سیناریۆ و پشێوی و تۆقاندن، مەسەلە
سەرەکیەکان لە بیری خەڵک ببەنەوە. حکوومەت لە جیاتی ئەنجامدانی پرۆژەی
خزمەتگوزاری ڕۆڵی “ھۆلیۆد” دەبینێ.
ئەم ڕووداوە پەیوەندی بە بابەتێکەوە نییە کە لە گۆڤاری “چرپە”دا
بڵاوکراوەتەوە. ئەوەی لە گۆڤاری چرپەدا کاری لەسەر کراوە. سیناریۆیەکە
بۆ لەبیربردنەوە و شاردنەوەی ئەو ھاتنە مەیدان و بەدەنگ ھاتنەی خەڵکی
ئازادیخوازی کوردستان بۆ ئازادی دەربرین و بەرزڕاگرتنی دۆسیەی تیرۆری
ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمانە. بۆیە ڕووداوەکانی ئەمڕۆ نمایشی
سیناریۆکەی گۆڤاری چرپە بوو، ئامانجەکەش لەبیربردنەوەی دۆسیەی سەردەشت
و دروستکردنی بیانوویەک بوو بۆ ھێرشی ڕاستەوخۆ و سیاسەتی سەرکوتکردنی
ئازادیە. ھەروەھا حیزبە دەسەڵاتدارەکان و حکوومەتی ھەرێم بەم
سیناریۆیانە دەیانەوێ بیانوو دروست بکەن بۆئەوەی یاسای کاری
رۆژنامەگەری بە ویستی خۆیان ھەموار بکەن.
بەدوای سازدانی سیناریۆی گۆڤاری “چرپە”ی سەر بە حکوومەت. ئەو سیناریۆیە
بەکردەوە لەلایەن چەند ھێزی تایبەت و ڕێکخراوی دواکەوتووی ئیسلامی
جێبەجێکرا. لە ژێر بیانوی سوکایەتی کردن بە ئاینی ئیسلامدا نمایشکرا.
ئازادیخوازان دەبێ بەگرنگییەوە لەم مەسەلەیە بڕوانن و ھەڵوێستی
لەبەرامبەر بگرن.
دوێنێ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بە ئاشکرا
رایگەیاند کە دەبێ “ھێڵی سوور دابنرێ” گوتیشی: “ئەوەی لە کوردستان
کێشەیە یاسای رۆژنامەگەری ئازادییەکی بەرفراوانی داوە و ھیچ ڕیگرییەک
نییە بۆ ئەوەی بتەوێت لەم وڵاتە بیکەیت”. گوایە ئازادی دەربڕین لە
کوردستان زۆرە و دەبێ بەرتەسک بکرێتەوە.
ئەمە سیاسەتی کابینەی تازەی حکومەتی ھەرێمە بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی
دەربرین و رۆژنامەگەری لە کوردستان. ھەڵمەتێکیتری دەسەڵاتدارانە بۆ
بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕەخنە گرتن لە ژێر بیانووی موقەدەساتی خەڵک.
بێجگە لە مرۆڤ ھیچ شتێکی دی موقەدەس نییە، تەنیا مرۆڤ و ئازادی مرۆڤ
دەبێ بەپیرۆزی ڕێزی لێبگیرێت.
لایەنەکانی بەشدار لە سوتاندنی یانەکانی مەی خوارنەوەی “پژگار، ڤان
رۆیاڵ، ئاوێزە”. ھێزێکی سەرکوتگەر و دژی ئازادی دەربرین و ھەموو بەھا
مرۆڤایەتیەکانن. پێویستە ئازادیخوازانی کوردستان یەکدەنگ، ئەو کردەوە
دژی ئازادیە بە توندی ئیدانە بکەن. پەردە لەسەر ئامانج و پیلانگێری ئەو
سیناریۆیە ھەڵماڵن و ڕیسوای بکەن. داواکاری دادگایی ئەنجامدەرانی
سوتاندن و ھێرشبردنە سەر یانەکانی مەی خواردنەوە و شوێنەکانی سەرگەرمی
و کاتبەسەربردنەکانی خەڵک بن.
ھەروەھا بەپێی ھەواڵەکان زیاتر لە ٢٠ رۆژنامەنووس لە کاتی ڕوماڵکردنی
ھەواڵەکان ھێرشیان کراوەتە سەر. ئامانجی سەرەکی دروستکردنی ئەو
بارودۆخە، تۆقاندنی خەڵک و پەلاماردانی ئازادی و ئازادیخوازانی
کوردستانە.
رێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی
http://www.serdasht-osman.org
serdasht.osman@gmail.com
|