٢٢\٣\٢٠١٣
سڕبوونى گومان و
گومان لە شتەکان.
-(حیکایەتى
رەشپۆشەکان)ى (دانا فایەق) لەو مەملەکەتى گومانەدا
-

بڵند رۆستەم
من لاسایکەرەوەى ئەو
بە گومانانە نیم کە تەنها لە پێناوى گوماندا گومان دەکەن.
(دیکارت).
کۆمەڵە چیرۆکى (حیکایەتى رەشپۆشەکان)ى (دانا فایەق)، هەوڵێکە بۆ
گومانکردن لە هێزى کەشفکردنى مرۆڤ و دەوروبەر لەلایەن مرۆڤ خۆیەوە ،
گومانکردن وەکو پڕۆسەیەک کە بەرهەمى بیرکردنەوە و تێگەیشتنە و ناکرێ
مرۆڤ بەبێ تێگەیشتن و بیرکردنەوە لە هەندێ لە شتەکان ، گومان بکا لە
هەموو شتەکان و بە (شتە گوماناوییەکان) ناویان ببا ، مرۆڤیش سەنتەرى
شتە گوماناوییەکانە.
واتە : مرۆ لە یەک کاتدا رۆڵى (ئاشکراکراو) و (ئاشکراکەر) دەبینێت لە
بازنەى پەنهانى گوماندا کە پەیوەندى بە بازنەى تریشەوە هەیە.
(خوێندنەوە)، (بیرکردنەوە) و (تێگەیشتن) و (رووبەڕووبوونەوە)، لە
گرینگترین ئەو بازنانەن کە بەبێ بوونى ئەوان ، بازنەى گومان دەکەوێتە
ژێر رۆشنایى گومانەوە.
ئەو دیدەى (دانا) بۆ گومان ، تووشى بەیەکداکەوتن دەبێت لەگەڵ ژمارەیەک
لەو رێبازە ئەپسمۆلۆژییانەى هەن کە دەتوانین لە رەوتى (دۆگماتیانە و
گومانکارى)دا چڕیان بکەینەوە. ئەو رێبازانە لە دەرەنجامى قسەکردن لەسەر
مەعریفە و سنوورى مەعریفیدا سەریان هەڵداوە ، ئەوکاتەى قسەکردن بووە
پێویستییەک کە فەرامۆشکردنى مانەوە بوو لە سەرزەمینە کۆنەکەدا.
پرسیارێک لە فەزا گەورەکەى ئەو کۆمەڵە چیرۆکەدا خۆى مانیفێست دەکا:
- ئایا ژیرى مرۆڤ قابیلى راکێشان نییە بۆ نێو خانووى گومان؟
ئەو پرسیارە دابڕ نییە لەو پەیوەندییەى لەنێوان چیرۆکنووس و
چیرۆکەکانیدا هەیە . ئەوەى چیرۆکنووس بە چیرۆکەوە گرێ دەدا ،خودى
چیرۆکە ، واتە چیرۆک لە نێوان دوو جەمسەرى (گرێدراو) و (گرێدەر)دایە و
ئەسڵەن هەر خۆشى دوو جەمسەرەکەیە ، چیرۆک خۆى جەمسەرى خۆى و ناسنامەى
چیرۆکنووسیشە.
(حیکایەتى رەشپۆشەکان) ترازانە لە رەوتى دۆگماتییەکان کە باوەڕیان
وابوو مرۆ تواناى ئاشکرا کردنى هەموو شت و حەقیقەتێکى هەیە و ئەو
ئامرازەشى لە وەرگرتندا پشتى پێدەبەسترێ ، قابیلى گومان نییە.
((چاوەڕوان بە .. هەر کاتێک تەلە دڕکاوییەکان پیرۆزییان لەدەست دا،
ئەوسا بە ئاسانى دەتوانى تەرمى براکەت لەگەڵ خۆتدا ببەیتەوە)).
فەیلەسوفى ئەڵمانى (کانت)، وشەى (دۆگماتى ) وەکو مینبەرێک و لکێنەرێک
بەکاردەهێنا بۆ هەموو سوچێکى فەلسەفى (یان میللى) کە بە دڵنیاییەوە
زانین رادەکێشێ لە حەقیقەتى بانگەشەکەى ، بەبێ تاقیکردنەوەى رەخنەیى بۆ
ئەو پرەنسیپانەى پشتگیرییان دەکا.
(پلاتۆ) لە فەلسەفەى کلاسیک و (دیکارت) و (سپیونزا) لە فەلسەفەى نوێدا
، سەر بەو رەوتى دۆگماتییەن و عەقڵ بە سەنتەرى هەموو مەعریفەتێکى
راستەقینە دادەنێن و لە دەرەوەى عەقڵ حەقیقەتى شتەکان جێگاى گومانن و
عەقڵ موژدەدەر و موژدەهێنەرە و چاوەڕوانى هەموو شتێکى لێدەکرێ و
سنوورەکان سنووردارى ناکەن و عەقڵ کۆتایى بۆ نییە.
بە گشتى ئەوانەى لەگەڵ رەوتى دۆگماتیدان، سەر بە عەقڵگەراکانن. چیرۆکى
( تەرمێک لەو بەر تەلە دڕکاوییەکانەوە)، خستنە رووى ئەو عەقڵە
دۆگماتییە و هاوکات رەتکردنەوەیەتى ، جەختکردنەوەشە لەسەر ئەو خاڵەى کە
دۆگماتیى دەمارگیرییە لە بۆچووندا و سەپاندنى بۆچوونێکە بە شێوازێکى
دیاریکراو و بەستنەوەى عەقڵە بە سنوورى گومانێکى پڕ لە گومانەوە.
کارەکتەرى قسەکەرى نێو ( تەرمێک لەو بەر تەلە دڕکاوییەکانەوە ) کە ناوى
نەهاتووە ، بە مەبەستى هێنانەوەى تەرمى براکەى دەکەوێتە رێ ، بەڵام لە
نزیک تەلە دڕکاوییەکان کە گوزارشتن لە بوونى کۆمەڵێک عەقڵى دۆگما ، رێى
لێدەگیرێ لە لایەن خاوەنى عەقڵە دۆگماکانەوە ، عەقڵگەلێک قابیلى ئەوەن
لە رێگەیانەوە کۆى عەقڵى مرۆڤایەتى لە ئاست ئاشکراکردنى نهێنییەکاندا
بخەینە ژێر تیشکى گومانەوە.
ئەو عەقڵە دۆگمایانە سنوورى رۆح دەبەزێنن و درێژ دەبنەوە تا ئاستى
بەزاندنى سنوورى جەستە.
کارەکتەرى قسەکەر بە دیار هێسک و پڕوسکى براکەیەوە دانیشتووە و چاوەڕێى
کۆتایهاتنى ئەو عەقڵە دۆگمایە دەکا کە لە کۆتایى تەلە دڕکاوییەکاندا چڕ
دەبێتەوە.
سەگگەلێک لەو نێوەندە دا هەن کە جەستەى بێ رۆح دەخۆن، سەگەکان گوزارشتن
لە مرۆڤە عەقڵ دۆگماکان، واتە ئەو کاتەى سەگەکان جەستەى مرۆڤێک دەخۆن ،
ئەوەى تێر دەبێت مرۆڤگەلە.
ئەوەى وای لەو مرۆڤانە کردووە راستەوخۆ هەڵنەستن بە خواردنى جەستەى
مرۆڤ ، پێکهاتە و سروشتى جەستەى مرۆڤە کە وەکو خۆراک بۆ مرۆڤ
بەکارنایەتەوە ، ئەگینا دەکرا لە شوێنى ئەو سەگانە، کۆمەڵێک مرۆڤ
هەبوونایە و رۆڵى سەگەکانیان بگێڕایە:
مرۆڤەکان = سەگەکان.
ئەوەى چیرۆکى (دانا) جیادەکاتەوە و هێڵێکى ئەدەبى رادەکێشێ لە نێوان
چیرۆکى (دانا) و چیرۆکى چیرۆکنووسانى تردا ، نەبوونى ناوى
کارەکتەرەکانە، لە کۆى چیرۆکەکانیدا ناوى لە هیچ کارەکتەرێک نەناوە ،
بە کارەکتەرى قسەکەریشەوە.
ئەوەى هەیە هەندێ وشەى وەکو (هاوڕێکەم و براکەم و باوکم و..هتد)ییە،
نووسەر هەڵنەهاتووە لەو سیاقە و بەشێوەیەکى خۆویستانە نەیویستووە ناوى
کارەکتەرەکانى ئاشکرا بکا ، وەلێ ئەمە ماناى وانییە کارەکتەرەکان لە
جەوهەردا بێ ناوبن ، دەکرێ ناوى کارەکتەرەکان لەسەر تەختەڕەشى خەیاڵ و
ناخ و ئەندێشەی نووسەردا بە تەباشیرى گومان نووسرابن.
ئەوکاتەى ناوى کارەکتەرەکان دەشاردرێنەوە، کۆمەڵێک شاراوە ئاشکرا دەبن
، لەنێو ئەو شاراوانەشدا: (گومانە شاراوەکان).
نووسەر لە رێگەى شاردنەوەى ناوى کارەکتەرەکانیەوە ، کۆمەڵێک گومانى
شاراوە دەگوازێتەوە دۆخێکى تر ، بەوەى گومانەکان ئاشکرا دەکا.
ئاشکراکردنى گومانەکان لە لایەن نووسەرەوە بە واتاى نەمانى گومان نایەت
، هاوکات واتاى سڕینەوەى گومان و جێگرتنەوەى حەقیقەت بە شێوەیەکى
راستەوخۆ ناگەیەنێت.
لە زۆر سوچى چیرۆکەکاندا، حەقیقەت شوێنى گومان بە ناوى خۆى تاپۆ دەکا ،
ئەوانەشى کردەى تاپۆکردنەکە جێبەجێ دەکەن، (گومانە گەورەکان)ن.
واتە : نووسەر راستەخۆ کار بۆ کوشتنى گومان ناکا ، بەڵکو تا دووا ئاستى
گومان ، گومان لە دروستى شتەکان دەکا ، بەعەقڵیشەوە.
کەڵەکەبوونى گومانەکان بەسەر یەکەوە و زۆربوونى بێ ئەندازەى گومانەکان
، ئاراستەى گومان دەگۆڕێ و گومان بەرەو شەقامى حەقیقەت مل دەنێ.
بەڵام مەرج نییە ئەو حەقیقەتەى دێتە پێشەوە حەقیقەتێکى خاڵى بێت لە
گومان . ( گومان) و (حەقیقەت) لەو کۆمەڵە چیرۆکەدا دەستەخوشکن.
(حیکایەتى رەشپۆشەکان) نزیکدەبێتەوە لە رەوتى دووەم کە لە سەرەوە بە
رەوتى گومانکارى ناومان برد ، ئێستا ئەگەر ئەو رەوتە پۆلێن بکەین ئاواى
لێدێت:
١- گومانکردنى رەها.
٢- گومانى میتۆدى.
خاڵى هاوبەشى نێوان ئەو دوو بەشە ، هەمان ئەو خاڵەیە کە رەوتى
گومانکارى لە رەوتى دۆگماتیانە جیادەکاتەوە ، ئەویش بریتییە لە
گومانبردن بە عەقڵى مرۆڤ لە ئاست تێگەیشتنى لە شتەکان و سنوورى
مەعریفەکەى ، وەلێ (حیکایەتى رەشپۆشەکان) راستەخۆ ناکەوێتە نێو کیڵگەى
هیچ کامێک لەو دوو بەشەوە ، ئەو گوڵى خۆى لە هیچ کام لەو بەشانە
ناچێنێت ، بەڵکو لە ناوەڕاستى هەردوو بەشەکە وەستاوە و چاوەڕێى
فریادڕەسێک دەکا تا گوڵەکەى پێشکەش بکا ، واتە چیرۆکەکان ئەوەندەى
ئامانجیان بەخشینى گوڵە ، ئامانجیان بریتى نییە لە چاندنى گوڵەکە و
دواتر گەورەبوون و گەشەکردنى ، گوڵێک کە واتاى (جوانى) دەگەیەنێ ،
ئەگەر لە دەرگاى چیرۆک و پەنجەرەوەى ئەدەبەوە تەماشاى بکەین.
دەکرێ لە باڵکۆنەى شیعرەوە لەو کۆچیرۆکە رامێنین ، ئەو رامانەش دووبارە
نیشاندانەوەى پەیوەندى نێوان (چیرۆکى نووسراوى دانا) و (شیعرى
نەنووسراوى دانا)یە.
وەک گوتمان، چیرۆکەکان بەستراو نین بەو دوو بەشەى رەوتى گومانکارى
سەرەڕاى پەیوەندییان بە هەردوو بەشەکەوە ، چونکە پێمان ناڵێن مەحاڵە
مرۆڤ بگاتە راستییەکى یەقینى و گشت ئاستەکانى حەقیقەت ، تا
بیانبەستینەوە بە رەوتى گومانکردنى رەها وەک ئەوەى هەندێ لە
فەیلەسوفانى یۆنان و لەناویشیان (گۆرگیاس) سەر بەو بۆچوونە بوون.
لەو نموونەیەى خوارەوە کە لە چیرۆکى (بەرەو ماڵێک لە ئاو)دا وەرگیراوە
، بۆمان دەردەکەوێ (دانا ) و چیرۆکەکانى نەیانویستووە ئەو گومانکردنە
رەهایەمان بۆ پێناسە بکەن:
(( ئەوجا زانیم کە سەرجەم ئەو قسانەى و هەموو هەوڵێکى بۆ ئەوە بووە کە
بۆچوونى من بگۆڕێ بەرامبەر بە ئاو ، بەڵام هەموو هەوڵەکانى بێ سوود
بوون. ئەو هێشتا نەیتوانیبوو بچووکترین کار لە من بکا کە لە ئاو دوور
نەکەومەوە))
(دانا) گومانى نێو چیرۆکەکانى لەسەر ئەو پاساوە بنیات نەناوە کە
کەرستەیەک بۆ مەعریفە بوونى نییە لە رێگەیەوە لە بوونى هەستەکان
دڵنیابین.
(حیکایەتى رەشپۆشکان ) گەرەکى نییە بڵێ : عەقڵ لە رێگەى هەستەکانەوە
یاساکان لە جیهانى دەرەوە وەردەگرێ و هەربۆیە شایانى هەڵەکردنە ،
بڕیارەکانى عەقڵ پەیوەستن بە میزاجەوە ، دەکرێ ئەوەى ئەمڕۆ جوانە ،
بەیانى دزێو بێت ، بەڵام دواجار جۆرێک لە پشتیوانى لە رێژەیى بوونى
بۆچوونەکان دەکا و هەوڵى هێنانەوەى بەڵگە دەدات بۆ سەلماندنى
گومانەکانى، ئەمە لە کاتێکدا بەڵگە لەسەر شتێک دەهێنێتەوە کە خۆى
پێویستى بە بەڵگە هێنانەوەیە.
لێرەوەیە (دانا) لە چیرۆکەکانیدا حوکم بەسەر شتەکان نادات بە گوێرەى
حەقیقەتیان ، دەگەڕێتەوە بۆ دۆخێکى خوازراو و لە رێگەى سوودى شتەکان بۆ
ژیانەوەیە بڕیار لەسەر شتەکان دەدا.
ئەو گەمە گوماناوییە سەر تاپاى چیرۆکى (گەڕانەوە بۆ خەونەکان)ى
داگیرکردووە ، دواى خوێندنەوەى چیرۆکەکە ، هەست بە جیاوازى و
لێکچونەکانى دیدى چیرۆکنووس و ئەوانەى سەر بە بۆچوونى (گومانکردنى
رەها)ن ، دەکەین.
لە چیرۆکى (شەوى نەنووسینەوەى حیکایەتەکان)دا ، پەیوەندییەکى تۆکمە
هەیە لە نێوان (گومانى میتۆدى) و (گومانى دانایى)دا . بە گۆڕانى
چیرۆکەکان، جۆرى گومان و رێژەکەى دەگۆڕێ.
ئەگەر قەراربێت لە چیرۆکى (بۆگەنى سەیرانگەکەى شار)دا دیاریکردنى جۆرى
گومان و رێژەکەى زەحمەت بکەوێتەوە ، ئەوا لە چیرۆکى (شەوى نەنووسینەوەى
حیکایەتەکان) دا هاوکێشەکە جۆرێکى ترە و مامەڵەکردن لەگەڵ گومان
ئاسانتر دەکەوێتەوە ، چونکە گومانەکە (گومانى بەرجەستەیە) و (گومانی
وەهمى) نییە.
گومانى بەرجەستە ئەو گومانەیە کە دەشێ دەستى وشەى بەربکەوێ نەک دەستى
نووسەر ، ئەگینا گومان بە هەموو جۆرەکانیەوە لە ئاست نووسەردا وەهمییە
و نووسەرى بەرجەستە ناتوانێت دەست بۆ گومانى وەهمى بەرێ.
لە چیرۆکى (شەوى نەنووسینەوەى حیکایەتەکان)دا، گومانى میتۆدى بەیان
دەبێت ، چونکە باوەڕبوون بە توانستى مرۆڤ زیاترە ، بەو مەرجەى رێگا و
گریمانەى شیاو بخەینە روو کە رێگاى گەیشتن بە حەقیقەتمان بۆ روون
بکەنەوە.
گومانى میتۆدیش ئەو گومانەیە کە وەکو ئامرازێک دەردەکەوێ بۆ
دوورکەوتنەوە لە هەڵە و گەیشتن بەراستى ، گومانێکى دروستکراو و
مەبەستدارە.
(دیکارت)ى فەرەنسى دیارترین نوێنەرى گومانى میتۆدییە و پێیوابوو بۆ
دامەزراندنى فەلسەفەیەکى تۆکمە ، پێویستیمان بە گومانبردن هەیە بە کۆى
شتەکان.
(دیکارت) پاساوەکانى گومانکردنى دامەزراند، گومانى لە هەست و خەیاڵ و
عەقڵ کرد، دوورتریش رۆیشت و بۆ گریمانەکردنى (رۆحى پیس) کە هەمیشە ئیش
بۆ فریودان دەکا لە میانەى زانیارى چەوتەوە.
(دیکارت) گومانى لە بوونى خۆشى دەکرد و دەشیزانى مومارەسەى فۆڕمێک لە
بیرکردنەوە دەکا ، دواجار کۆى بارودۆخەکە لە رستەیەکدا کورت دەکاتەوە:
(من بیردەکەمەوە کەواتە هەم)'
(دیکارت) دوواى سەلماندنى (حەقیقەتى یەکەم) کە حەقیقەتى بوونى خۆیەتى ،
حەقیقەتى بوونى خودا و جیهان دەسەلمێنێت.
کەواتە گومان فاکتەرى باوەڕهێنان بوو بە عەقڵێکى بێ خەوش. (دیکارت ) لە
(تێرامان لە فەلسەفەى یەکەم)دا، باسى خۆ رزگارکردن دەکا لە بۆچوونە
کۆنەکان و بانگەشە بۆ بنەماگەلى تازە دەکا بۆ دەستپێکردنەوەیەکى تازە.
لە (شەوى نەنووسینەوەى حیکایەتەکان)دا ، دواى ئەوەى کارەکتەر ئاگاداریى
لیژنەى باڵاى ڤیستیڤاڵ دەخوێنێتەوە ، بڕیار دەدا بەشدارى ڤیستیڤاڵ بکا
و چیرۆک بنووسێ بەبێ ئەوەى هیچ بیرۆکەیەک لە خەیاڵیدا هەبێت.
ئەو باوەڕ بەخۆبوونەى کەسى بڕیاردەر ، زادەى باوەڕبوونە بە عەقڵ ، واتە
عەقڵ رۆڵى بڕیاردەر و بڕیاردەر رۆڵى عەقڵ دەبینێ ، بەڵام کەسى بڕیاردەر
هەر لە شەوى یەکەمى نووسینیەوە تووشى جۆرێک لە (گومانى دیکارت)ى دەبێت.
پرسیارێک کە لە کۆتایى زۆربەى چیرۆکەکاندا (بۆ نموونە لە چیرۆکى یاساى
قەفەزە بچکۆلەکان)، هەستى پێدەکەین ئەمەیە : مەعریفە چییە؟
تا ئێستا باسى رێژەى مەعریفەى مرۆڤمان دەکرد ، ناچارین لە کۆتاییە
دوورەکەدا پرسیار بکەین ، مەعریفە چییە ؟ ، ئەو پرسیارە لە بوارى فکردا
دەستپێشخەرى دەکرێ لە باسکردنیدا ، بەڵام (دانا) گەمەیەکى ئەدەبى
پێکردووە و لە کۆتایى تێکستەکاندا حەشاریداوە ، ئەوە ئیشى خوێنەرە
پرسیارەکە بقۆزێتەوە.
ئێستا ئەگەر وەڵامى پرسیارى یەکەم (مەعریفە چییە)ى فەیلەسوفان بدەینەوە
، ناچارین تۆزێک بگەڕێینەوە دوواوە.
ئەو پرسیارە لە رەوتى گرینگیدانى فەیلەسوفەکان بە بابەتە
ئەپستمۆلۆژییەکان هاتە کایەوە . جیاوازى جۆرى وەڵامەکان، چەندین رێبازى
ئەپستمۆلۆژى جیاوازى بە دوواى خۆیدا هێنا ، بە تایبەتى هەردوو رێبازى:
- واقیعگەراکان.
- ئایدیالییەکان.
بەڵام بۆ وەڵامدانەوەى پرسیارى (مەعریفە چییە؟)ى (دانا فایەق)، تووشى
دووڕیانێک دەبین کە رێگاى یەکەم هەڵگرى وەڵامێکى ساددەیە و رێگاى دووەم
کە رێگاى فکر و بابەتە فکرییەکانە ، هەڵگرى وەڵامە راستەقینەکەیە کە
وەڵامێکە ئەوەى دەیداتەوە خودى چیرۆکەکانن و نووسینەوەى وەڵامەکان
لەسەر کاغەز ، کوشتنى پرسیارەکەیە کە دواجار بە مردنى کەسى پرسیارکەر
تەواو دەبێت (مردنى پرسیارکەر لە فەزاى وەڵامەکاندا)...
دواجار دەکرێ پەیوەندیى (حیکایەتى رەشپۆشەکان) بە گومانەوە لەو خاڵانەى
خوارەوەدا کورت بکەمەوە ، لە کاتێکدا دۆزینەوەى گومان لە چیرۆکەکاندا
پەیوەستە بە ئاستى گومانبردنى خوێنەر و دیدى خوێنەر ، واتە سەرچاوە و
جۆر و پێگە و رێژەى گومان لە دەقەکاندا ، قابیلى گۆڕانە لە خوێنەرێکەوە
بۆ خوێنەرێکى تر:
١- گومان لەو کۆدەقەدا جۆرێکى دیاریکراوى نییە و نووسەر جۆرە
جیاوازەکانى گومانى تاقیکردونەتەوە، ئەوکاتەشى گومانى دۆگمایى
تاقیدەکاتەوە، ئامانجى تێپەڕاندن و ناشیرینکردنیەتى.
٢- رێژەى گومان لە هەندێ لە چیرۆکەکان زۆرترە بە بەراورد لەگەڵ هەندێکى
تریان ، بۆ نموونە لە دەقەکانى:
- تەرمێک لەوبەر تەلە دڕکاوییەکانەوە.
- یاساى قەفەزە بچکۆلەکان.
- فرمێسکەکانى پاش مەرگى باوکم.... هتد، گومان زۆر تۆخ و زەقە.
٣- قسەکردن لەسەر فەزایەکى گوماناوى، قسەکردنە لەسەر ئەو فەزایەى
نووسەر تیایدا دەژى، تەنانەت ئەگەر گوماناویش نەبێت.
٤- قسەکردن لەسەر کارەکتەرى بە گومان، قسەکردن نییە لەسەر نووسەرێکى بە
گومان.
___________________________________________________
سەرچاوەکان:
١- حیکایەتى رەشپۆشەکان ، کۆمەڵە چیرۆک،
دانا فایەق، لە بڵاوکراوەکانى (پاشکۆى رەخنەى چاودێر)، چاپى دووەم.
٢- رێنێ دیکارت، فەلسەفى، کاوە جەلال، لە بڵاوکراوەکانى دەزگاى چاپ و
پەخشى سەردەم ، چاپى یەکەم، 2008.
٣- ادبیات و اندیشە، مصطفی رحیمى، نشر: کتاب بە زمان .
٤- بعد زیبایى شناسى، ه.مارکووزە، داریوش مهرجویى .
٥- ماهیة الفلسفة، جیل دولوز، فلیکس غیتارى، ترجمة: مطع صفدی و فریق
مرکز الانما القومى.
٦- Mi mostra lo sporetello dei telegrammi ،rachele
formica، Italia،1994.
٧- voglio vedere il distributore della posta
،Marko di maio، Italia ،1975.
ئەم کتێبە ئیتاڵییە زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتنى زیاتر لە گومان و گەمە
گوماناوییەکان:
La ringrazio di tutto il cuore ،Mirea corto،Italia
،2000
ماڵپهڕی بڵند رۆستەم
|