په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

سیاسەت چی لە عارەبانچییەکی وەکو من دەوێت؟!


ستار محەمەد قادر   

ئەقڵ رێ نیشاندەرو راستیش تەرازووە!
پەندێکی سویدی


ئێمەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، ساڵانێکی زۆرە لە پێناو ئامانجێکی پیرۆزدا بە گیان و ماڵی خۆمان قوربانی دەدەین ، لێ کاتێک ئەو ئامانجە دەکرێت بە ئامراز و لە پێناو بەرژەوەندی شەخسی یان حیزبی و یان و یان...هتد بەکار دەهێنرێت، ئەو کاتە نامۆ بوون لەسەر ئەرزی واقیع خۆی نمایش دەکات، نامۆ بوونێک رەنگبێت تەرازووی هێز پارسەنگ بکات!


ئەمڕۆ لە نووسینەکانی زۆرێک لە رۆشنبیران و کەسە پسپۆڕەکانی بواری زانستە سیاسیی و پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەکانەوە، ئەوە دەخوێنینەوە کە: "پێویستە دەسەڵاتی کوردی ماڵی خۆی رێک بخات"، چونکە کاتێک هەموو شتێک دەبێت بە گیرفان و پەتای گەندەڵی تەشەنە دەکات، نیگاکان دەیانبینن و دڵەکان عاجز دەبن و مرۆڤەکان هەست بە نامۆ بوون دەکەن!


سیاسەت چییە؟ یەکێکە لە بەرنامەکانی کەناڵی کوردستان تیڤی، کە توانی بە شێوەیەک لە شێوەکان تەوەرێکی گرنگ بهێنێتە زوبان؛ ئەویش پەیوەندی نێوان دەسەڵات و میللەتە، کە تیایدا کۆمەڵێک پرسیاری ورووژاند، من دەمەوێت لێرەدا لە فۆرمێکی دیدا ئەو پرسیارە بورووژێنم: سیاسەت دەخورێت، یان دەمانخوات؟ ئەمە کرۆکی ئەو پرسیارانەیە لە ئێوارەی رۆژی دووشەممەی بەرواری4/2/2008 دا لە رووپەری ئەو شاشەوە پەخش کرا، کە ئاراستەی کۆمەڵێک لە هاوڵاتیانی شاری قەڵاو منارەی دەکردەوە، پرسیارەکان بریتی بوون لە:"سیاسەت چییە، سیاسەت تۆ دەبینێت، کاریگەری سیاسەت چییە لە سەرت"؟ لێرەدا پێم باش بوو پانۆرامەیەکی نێو کۆی وەڵامەکان لە شێوەی راپرسییەک بخەمە پێش چاوی خوێنەرانی خۆشەویست.


وەڵامەکان:"وازم لێ بێنە کاکە توخنی سیاسەت هەر ناکەوم، "مارانگازم و لە خشەی ماران دەترسێم"! لە وەڵامی ئەوەی ئەی ئەوە سیاسەت نییە لێرە ئیش دەکەیت؟ " نایەڵن ئیش بکەین"!...سیاسەت فرت و فێرە، فێر لە یەکتری دەکەین، حکومەت بەهۆی ئێمەوە هەموو شتێکی کرد، هیچ لە سیاسەت ناگەم...ئێمە لێمان بگەرێن بیەڵن دوو عانە لۆ مندارەکانمان پەیدا بکەین ئەوە باشە، ئەمن لە ژیانمدا رووم لە سیاسەت نەکردیە، هەموو کاتێ رووم لە قاپی خودایە...سیاسەت چۆن چۆنییە، دە پازدە ساڵ پێشمەرگایەتیم کردییە تا هەنووکە معاشم نییە...... سیاسەت یانی حکومەت، ئەگەر سیاسەت نەبێت یانی ژیانیش نابێت...سیاسەت حیزبە، دەبێ عالەم بەڕێوە ببات و بەخێوی بکات، من ئاگام لەو نییە، بەس ئەو ئاگای لە مەیە... سیاسەت راست نییە، ئەگەر راست بێت میللەت دەژێنن،...هیچ لە سیاسەت ناگەم، لە وڵاتی مەدا نییە، ئەوان خەریکی یاسای جگەرە کێشانن، ئێمە لە رقی ئەواندا جگەرە دەخۆین، ئەو هەر ئاگای لە من نییە!...سیاسەت هەمووی خواردنەو کەس لۆ کەس نییە... سیاسەت فرت و فێرە، یانی ئەو فێر لەو دەکات و فێری لێ دەکات، ئەوەی تەسحییە دەدات هەر فەقیرە...هیچ تێ ناگەم لە سیاسەت، ئەزانی لۆ لێی تێ ناگەم، یانی ئەوەی دیتم بە رێی خەرابیدا رۆی، خۆی تووشی ماڵ کاولی بوو!... سیاسەت یانی کاروباری دەوڵەت و چارەسەرکردنی کێشەی هاوڵاتیان، کە بتوانێت میللەتەکەی دووربخاتەوە لە موشکیلە...سیاسەت یانی فێرکردن لە میللەت...سیاسەت راکردنە بە دوای بژێوی ژیان، ئەوەی پارەی هەبێت سیاسەتمەدارە، هەموو ئاگامان لە سیاسەت هەیە بەس ئەو ئاگای لەمە نییە... سیاسەت بەحرە، بۆ هەموو وەکو یەکە، ئەگەر بژێوی ژیان باش بێت ئەوا باشە، سیاسەت چی لە "عارەبانچییەکی وەکو من دەوێت"!... سیاسەت یانی گۆڕانکارییە، برێم چی من ئیهتیمام بە سیاسەت نادەم، کاسبی مەربووت نییە بە سیاسەتەوە... سیاسەت نیوەی درۆیە...سفرم لە سیاسەت، هەرکەس لۆ خۆی رایدەکێشێت، سیاسەت ئەوەیە خزمەتی ئەو موجتەمەعە بکەیت، لێیان بکۆڵیتەوە و دەستی یارمەتی بۆ فەقیر درێژ بکەن... سیاسەت یانی خۆشی و ناخۆشی... من تاجرم سیاسیی نیم، ئەمن سیاسەتی تیجارەت دەکەم، کڕین و فرۆشتن، ئەویش بریتیە لە "سیدق و ئەمینی و تەوازوعی" ، ئەمن ئاگام لەسیاسەتە، ئەو ئاگای لەمن نییە... سیاسەت خۆی بەڕێوە دەبات ئاگای لە کەس نییە، ئەوی ئێوارێ گوێم لێی دەبێت، سوبەینێ وا نییە، چ بکەم چمان پێ دەکرێت... سیاسەت حیزبە، دەبێ عالەم بەڕێوە بباو عالەم بە خێو بکات حەسەبەول ئیمکان... هیچی لێ نازانم، باسی چیت لۆ بکەم، بەحسی نەوتێت لۆ بکەم، ئەوەتا مار هەیە بە ترێلە نەفتی رەپێش دەرگا راگردییە، باسی چیت لۆ بکەم، نەوت کارەباو دەرامەت، ئەوە مانگی دوازدەیە 300 بریکار نەفتی وەرنەگرتییە، بەم سەرمایە خەڵکی نێفتیان نییە لە زۆپای بهاون، سیاسەت چییە ، برنج نییە رۆن نییە هات و نەهات...سیاسەت زۆر زەریفە، مەمنوونی سیاسەتم، ئەوەی بڵێ سیاسەتی ئێمە خەرابە، خەراب تێ گەیشتووە، خاوەنی هەموو شتێکین، خاوەنی وراتی خۆمانین، هەرزانییە ئێمە نان نەبوو بیخۆین، ئێستا ئەوە جووتێ پێڵاوە بە 10000هەزار دینارە و لە ئەسواقەکان بە 30000 هەزارە، هەرچی بڵێی لە بازاڕدا... هەیە، ئیتر چیمان دەوێت؟!


ئەمە کۆی ئەو وەڵامانەیە کە لەو بەرنامەیەدا درا بە گوێی بیسەر و بینەراندا، جگە لەو دوو بەڕێزەی کە وەکو کەسایەتی رۆشنبیر بەشدارییان تێیدا دەکرد، لە ناویاندا تاکە نەفەرێک بە شێوەیەکی شێلگیرانە ئاماژە بە باشی بارو گوزەرانی ژیان دەکاو دەڵێت: "هەر کەسێک بڵێت سیاسەتی ئێمە خەرابە، ئەوە خەراب تێ گەیشتووە"؟! لێرەدا من دەمەوێت بە نموونەیەک تێکەڵ بە بابەتەکەم ببم، دەگێڕنەوە دەڵێن:" باوکی مەجنون، داوا لە مەجنون دەکات کە واز لە لەیلا بهێنێت و پێی دەڵێ:( کوڕم تۆ لە بەلاش و حەلاش وا لەخۆت دەکەیت، ئەوە بنەماڵەکەی خۆمان چەنەها کچی تێدایە کە لا بکەنەوە دە هێندەی لەیلا جوان دەبن، ئاخر بۆ خاتری خودا لەیلایەک هەر ئەڵێی شیشی تەنوورە، رەش و رەق و تەق، لە کەللەی شەیتان وەرە خوارەوە بە قسەی باوکت بکە، بە زاتی خودا کوڕم من دڵم بۆت ژان دەکاو حەزم لێیە شۆخیترین کچ ببێت بە نسیبت)، مەجنون لە وەڵامدا بە باوکی دەڵێت:" بابە گیان تۆ لە چاوی خۆتەوە لە لەیلا دەڕوانیت، وەرە لە چاوی منەوە بیبینە، بزانە لەسەر گۆی ئەم زەمینە جوان هەیە خۆی لە قەرای بدات"! ئەمە مەخڵەس کەلامی کورت کراوەی منە بۆ تێڕوانینی هەر کەسێک کە بە باش و بە خەراب لە "سیاسەت" ی سیاسەتمەدارانی کورد بڕوانێت!


بەڵام ئەوەی جێگای ئاماژە پێ کردنە، ئەگەر دەسەڵاتی کوردی گوێ بە داخوازییەکانی هاوڵاتیانی خۆی دەدات، دەبێت بە خۆیدا بچێتەوە و پرسیاری ئەوە لە خۆی بکات: "ئایا ئەو خەڵکە بۆ بەو شێوەیە لە وشەی سیاسەت قەڵسن و لێی دەسڵەمێنەوە"؟! خۆ ئەو بەڕێزەی کە ئەو بەرنامەی هەڵدەسووڕاند، رەنگبێت بە مەبەستەوە ئەو پرسیارەی کردبێتە تەوەری بەرنامەکەی، رەنگیشە بێ مەبەست بووبێت؟ ئەگەر بە مەبەستەوە بووبێت؟ ئەوا توانیویەتی نیشان بپێکێت، ئەگەریش بێ مەبەست بووبێت؟ ئەوا وەڵامی ئەو هاوڵاتییانە جێگای هەڵوەستە کردنن! چونکە ئەو پرسیارەی ئەو بەڕێزە لە هاوڵاتیانی دەکرد، پرسیاریەلێک بوون، زۆر ئاسایی. لێ دەکرێت لێرەدا پرسیاری ئەوە بکەین: " ئایا ئەگەر هەولێر پایتەختی کوردستان بێت؟ دەبێت بە پایتەخت بوونی ئەو شارە، رەنگدانەوەی هەبێت لە سەر بیرکردنەوەی هاوشارییەکانی! لەبەر ئەوەی لە هەموو دونیادا ئەوانەی وا نیشتەجێی پایتەختەکانن، زۆر لە شارەکانی دی چاو کراوەو وریا تردەبن، ئایا ماقووڵە میللەتێک سیاسەت تێکەڵ بە خوێنی بووبێ و ساڵانێکە کوشتەی دەستی ئەو بن، تا ئێستا وا بۆ هەڤدە ساڵ دەچێت لە ژێر سایەی دەسەڵاتی خۆماڵیدا دەژێن، لە چییەتی پرسیارێک" سیاسەت چییە" نەگەن؟ من نامەوێت رەخنەی ئەو خەڵکە هەژارە بکەم، چونکە رەنگبێت ئەوانیش بە مەبەستەوە ئەو وەڵامانەیان هەڵبژاردبێت، یان ئەوە روئیای ئەوانیشە بۆ سیاسییەکان و بەو شێوەیە وێنای سیاسەتیان لە لا بەرجەستە بووبێت؟! ئەوان تەنها ئەو دەمەی سیاسەت دەبینن کە دەیانبڕێتەوە، ئەوەیش وا لە ژێر سێبەری سیاسەتدا دەستەکانیان چەورن، بە دیوەکەی تردا دەیبینن! دەتوانین لێرەوە بگەین بە دەرئەنجامی ئەوەی لە هەر شوێنێک یاسا باڵا دەست بێت، هیچ کەسێک لە وشەی سیاسەت ناسڵەمێتەوە، چونکە کەس لە کەس زیاتر نابێت! لەو شوێنەیش کە یاسا باڵا دەست نەبێت، بە شێوەیەک لە شێوەکان، داد پەروەری لە گۆڕ دەنرێ و ستەمکاری خۆی قوت دەکاتەوە، ، ، جێگای خۆیەتی پرسیاری ئەوە بکەین: "ئایا لە بوونی یاساو دادپەروەریەوە بوو ئەو خەڵکە بەو شێوەیە گوزارشتیان لە سیاسەت دەکرد، یان لە نەبوونی"؟ هەروەکو ئەو هاوڵاتییەی لە بەرنامەکەدا وتی: "هەر کاتێک هەواڵەکانی بە دڵ نەبووبێت، تەلەفزیۆنەکە دەکوژێنێتەوە"، وابزانم منیش ناخۆشم کرد، با لێرەدا کۆتایی بە بابەتەکەم بهێنم، "والسلام على من اتبع الهدى"!

 

Star_qadr@yahoo.com